سەدەی بیستەمە

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 2 خولەک  2084 بینین
سەدەی بیستەمە، کوردە غیرەتێ
لە خەو ڕاپەڕە، هەوڵێ هیممەتێ
بەسیە نەزانی، عیلم و سەنعەتێ
سووکی هەتا کەی؟ ناوێ، حورمەتێ
هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ
لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟
نەما ئەو ڕۆژەی تۆ بەئاسانی
بتوانی بژی بەشادمانی
تۆ کە قەومێکی بێ پشتیوانی
گەر تێ نەکۆشی زۆر پەرێشانی
هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ
لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟
ڕۆژی کارەبا و ڕادیۆ و بوخارە
هەر قووەت و فەن ئەمڕۆ بەکارە
گەلی دواکەوتوو بەشی جەخارە
قوڕ بەسەر ئەوەی پەست و هەژارە
هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ
لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟
لە ڕووی زەمینا نییە وەکو تۆ
قەومێکی دوو دڵ، وێڵ و ڕەنجەڕۆ
کەڵکی چی ئەگرێ گریان و ڕۆڕۆ
درەنگە هەستە بوو بە نیوەڕۆ
هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ
لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟
سەیری عالەم کە بۆ بەرزی ژیان
خۆی هەڵکردووە هاتۆتە مەیدان
لە ڕێی نیشتمان ئەبێتە قوربان
بۆ سەرکەوتن و بۆ ناو و نیشان
هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ...
لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟
سبەینێ کە جەنگ دامرکایەوە
ئاگری هەرا و شەڕ کوژایەوە
هەر کەس حەقی خۆی پێ درایەوە
تۆ بە چ ڕوویەک دێیتە کایەوە؟
هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ...
لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟
پێم بڵێ کوانێ وەتەن پەروەرت؟
کوا لاوی دانا و، کوا مونەووەرت؟
کوانێ دڵسۆز و، کوانێ ڕەهبەرت؟
ناوی خۆت نەبەی ئەی خاک بەسەرت؟
هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ...
لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟
دەرمانی دەردی ئێمە خوێندنە
ڕەوشتی پاک و خزمەت کردنە
تۆوی ناکۆکی زوو لابردنە
ئەگینا بەشمان شەق و مردنە
هۆش و بیرت بێ... پیاوی ژیرت بێ...
لە جێی سەربەستی بۆچ زنجیرت بێ؟