گوڵی عومرم جووانیم بوو بە پیری بای خەزانم چوو
لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
1 خولەک
876 بینین
گوڵی عومرم جووانیم بوو بە پیری بای خەزانم چوو
لەبەر زوعفی بەدەن هەڵگرتنی باری گرانم چوو
لە دوولاوە غەم و پیری هجوومی هاتە سەر ئیقلیم
لە شاخی عومری من مورغی شەباب و هەم جوانیم چوو
گولستانی شەبابم بۆ خەزانی زوعف تێکی دا
گوڵی ڕەنگ زەعفەرانم من گوڵی ڕەنگ ئەرغەوانم چوو
چڵی گوڵ بوو لە گوڵشەن ئاشیانم هەر وەکوو بلبل
کەچی ئیمڕۆ گوڵ و باغ و چڵ و هەم ئاشیانم چوو
لە بەزمی مەحفەل ئارایی حەریفان دا نیشانم بوو
کەچی ئێستا لە بەختی بەد هەموو ناوونیشانم چوو
لە سینەم ڕێگەی ناڵەم هەبوو هەر شەو وەکوو بلبل
لە ئەنبوهی غەمی دووری ئەوا ڕێگەی فوغانم چوو
گوڵی پەژموردەیە باغی ئەمەل ئەمڕۆکە ئەی خادیمناسناوی ئەدەبی
بەمەش هەر ڕانەوەستا تا گوڵ و باغ و باغەوانم چوو