ئیمڕۆ لە سایەی عەشق خۆم کامەران ئەبینم

لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
 2 خولەک  776 بینین
ئیمڕۆ لە سایەی عەشق خۆم کامەران ئەبینم
مەستی ئەبەد لە فەیزی پیری موغان ئەبینم
مەستانی حەزرەتی یار بۆ وەسڵی جیلوەی ڕووی
یەکسەر لە هەردوو عالەم دا من فشان ئەبینم
یەکدەم حیجابی هەستی لادەی لەسەر دوو چاوت
میعراجی تۆ بە پەرواز بۆ لامەکان ئەبینم
یەک شەو لە بەزمی خاسی مەستان بە سەر بەری تۆ
دیداری عالەمی جان بۆ تۆ عەیان ئەبینم
سەحرای عەشقە هەردەم سەد قافڵە لە ڕێگا
تا وەسڵی کوی دولبەر چەند کارەوان ئەبینم
ڕشتەی محەببەتی یار وایان ئەکێشێ هەردەم
سەد کارەوان لە دوای یەک بێ سارەبان ئەبینم
سەد قەیسی بێ سەر و پا دەوران بە کوویی لەیلا
یار و ڕەفیقی ڕێگەی ڕێکی ڕەوان ئەبینم
ئەم گوڵشەنی سەفایە بەرگی گوڵ ودرەختی
مەحفووز لە جەور و زوڵفی بادی خەزان ئەبینم
بلبل لەسەر چڵی گوڵ دایم بە نەغمە خوانی
بێ خان و مان و گریان بێ ئاشیان ئەبینم
ڕێوی زەعیفی سەحرا لەم بادییەی محەببەت
جەولان و هەڵمەتی وەک شێری ژیان ئەبینم
شاهی جیهانە هەر کەس لەم دەرگەیە گەدا بێ
پێی هیمەتی لە باڵای تۆ ئاسمان ئەبینم
نەقشی خەیاڵی ڕووی یار کاتێ کە دێتە بەرچاو
لەم جیلوەیە هەزاران جامی جیهان ئەبینم
ئیقلیمی مەعشووقە بوو خادیمناسناوی ئەدەبی مەلیامی عوشرەت
لەم بێ نیشانەیەی تۆ ناو و نیشان ئەبینم