ناڵەی کوڵی دڵ کوانێ تەئسیرت؟

لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
 1 خولەک  661 بینین
ناڵەی کوڵی دڵ کوانێ تەئسیرت؟
بەخەتا ڕۆیی بۆ هەدەف تیرت؟
ئەی فرمێسکی چاو هەڵڕژێ بەتاو
کوا جۆشی هەڵچوون وەک دیزەی شیرت؟
دامین گوڵگون کە بە خوێنی جگەر
پڕژێنە سەر خاک قەترەی ئەکسیرت
هاودەردی دەردم ئەی بلبلی زار
لە گوڵزار ئەبویم ناڵەی شەیگیرت
منیش هەروەک تۆ بە شەو دەناڵم
وەک نەغمەی بە سۆز وا عالەم گیرت
من بۆ گوڵ ڕەنگی تۆ بۆ ڕەنگی گوڵ
شەرتی دوو بە دوو نەچێ لە بیرت
ئەی دڵی مەحزوون چەبوو تاوانت
کێ بە زوڵفی خۆی کردی زنجیرت؟
وەک پەروانە بە، بێ پەروا لەخۆت
بە شەمعە سووتان چارە و تەدبیرت
کەوتووم و خادیمناسناوی ئەدەبی لەبەر ئەم دەرگە
یەکێک هەر ئەبێ ببێ دەستگیرت