عەینەکی عەینم عەزیزم من بە تۆ تەقدیم دەکەم

بۆ مامۆستا مەلا حەسەنی جەوهەری نووسراوە
لە کتێبی:
دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
بەرهەمی:
مەلا مارف کۆکەیی (1875-1945)
 1 خولەک  709 بینین
عەینەکی عەینم عەزیزم من بە تۆ تەقدیم دەکەم
مەخزن و میفتاحی قەلبی خۆم بە تۆ تەسلیم دەکەم
بۆ بەشارەت نەقدی جان و قیسم و ئەنواعی غەزەل
کامەیان چاکن بەوە بۆ تۆ ئەمن تەعزیم دەکەم
بۆ تەشەککور بۆ ڕەواجی عومر و حوسنی عاقیبەت
بۆ عەزیزێکی وەکوو تۆ وەختی خۆم تەقدیم دەکەم
ئەووەڵی شەو شێعری شوکر و نیوەشەو شێعری وەفا
ئاخری شەو شێعری حوسنی عاقیبەت تەنزیم دەکەم
تووتیی تەبعم بە یادی قەندی لوتف و سۆحبەتت
شەککەرئەفشانە منیش هەر شوکری تۆی تەعلیم دەکەم