هەروەکوو شامی غەریبانە نەهار و شامم

بۆ حەمەد ئاغای عەبباسی، مالیکی گوندی "سەرا" نووسراوە
لە کتێبی:
دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
بەرهەمی:
مەلا مارف کۆکەیی (1875-1945)
 1 خولەک  1221 بینین
هەروەکوو شامی غەریبانە نەهار و شامم
دەم‌بە‌دەم مونتەزیری پەیکی فەنا و ئیعدامم
موددەتێکە کە لە «سەرچاوە»یی لوتف و کەرەمت
خاڵی و ویشکە لەبی جام و مەرام و کامم
حاڵەتم بۆیە پەرێشانە دڵم غەمگینە
خواردنم خوێنە وەکوو زەیغەمی خوێن‌ئاشامم
موددەعیش پاکی لەسەر کلکە وەکوو عەقرەب و مار
لێدەدەن نێشی مەلامەت لە تەن و ئەندامم
وا دەزانن کە ئیتر من لە «سەرای» مەرحەمەتت
بێ‌نەسیب و نمەک و مونقەتیعولئیکرامم
مەوقیعی هیممەتە ئەی فەخری بەنی عەبباسی
موستەحەققی کەرەم و جایزە و ئینعامم