یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە کوردستانی ئێراندا
کەم مێژوونووسی ئێرانی هەیە ددانی خێری پێدا هێنابین، شتێکی وێچووی لەبارەماندا نووسیبێ، کەم یا زۆر سەروسەکوتی نەکوتابین، سەیرە، بەڕاستی سەیرە، لەوەتی مێژوو نووسراوەتەوە ئێمە وەکەس نەڕزاوین، هەڵمان نەکوتاوەتە سەر مڵک و ماشی کەس، دەستمان بە کڵاوی خۆمانەوە گرتووە با نەیبا. هەر دوژمن گەمارۆی ئێمەی داوە، هەر نەتەوەی تر پەلاماری بۆ ئێمە هێناوە، هەر بێگانە بە گژ ئێمەدا هاتووە، هەر زۆردار ویستوویەتی بمانگرێ، بمانکوژێ، بمانکوتێ، تاڵانمان بکا، خاو و خێزانمان وەدەشتێ بخا و ماڵ و حاڵمان لێ تێکوپێک بدا و ژیانمان بشێوێنێ. هەمیشە هەر داگیرکەران هێرشیان هێناوەتە سەر نیشتمان و زێدەکەمان و ویستوویانە وڵاتی باب و باپیرمان لێ داگیر بکەن. ئێمە ئەگەر دەستەوەکەریمان کردووە، ئەگەر بۆ بەربەرەکانی ڕاپەڕیوین، ئەگەر داومانەتە چیا، ئەگەر ڕۆبووینە چەک، پێشی زۆردارمان گرتووە، بە گژ داگیرکەردا هاتووینەوە، تەنیا و تەنیا بۆ پاراستنی گیان و ماڵ و نامووسی خۆمان بووە.
جا جاری وا بووە قوربانیی زۆرمان داوە، خوێنمان بە لێشاو ڕژاوە، لەشمان بە کەڵەکە لە مەیدانێ بەجێ ماوە و منارە لە سەری شەهیدانمان دروست کراوە. جاری واش بووە بەدەستمانەوە هاتووە بەرسینگەمان لە دوژمن بڕیوەتەوە، دامان پەڵۆسیوە، دابڕ دابڕمان تێ خستووە، تەنانەت جوقەوارمان لێ بڕیوە، بەڵام لە هەموو حاڵێکدا هەق هەر بەلای ئێمەوە بووە. چونکە بەرگریمان کردووە، لە بناری چیا سەخت و هەزار بە هەزارەکانی خۆماندا وەدەست هاتووین. بەرگریش مافی ڕەوای هەموو زیندەوارێکی سەر ئەم جیهانەیە و بە تاوان ناژمێررێ. کەچی مێژووی زۆرداران بخوێننەوە، تەماشا بکەن، هەر ئێمە تاوانبار و گوناهکارین، هەر ئێمە پیاوخراپ و بەدناوین. بۆ؟ چونکە بێهێز و بێدەستەڵاتین. چونکە قەڵەم بەدەس دوژمنانەوە بووە. مێژوونووسەکانی بێگانە کە زۆربەیان بە نانی زۆرداران چاویان پشکوتووە و بە ورکەی داگیرکەران بەخێو کراون پێیان لە ڕاستی خستووە و واقیعیان شاردۆتەوە. هەزاران جنێوی سەر بەکوڵکەیان پێداوین و قسەی سارد و سووکیان لە پارسەنگ ناوین و تووک و لەعنەتیان لێ کردووین، کە بۆچی دەستمان لەسەر دەست دانەناوە تا خاوەن شکۆیان بەهاسانی بمانکوژن؟ بۆچی چاومان دانەیەشتووە تا بە کەیفی خۆیانی دەستدرێژی بۆ ماڵ و گیان و نامووسمان بکەن؟ بۆ وەدەست هاتووین؟ بۆ بەرگریمان کردووە و بۆ بە جارێکی نەتواوینەوە؟ سەرانسەری کتێبی ئەو مێژوونووسانە پڕن لە هێرشی ناڕەوا بۆ سەر نەتەوەی زۆرلێکراو و بەشخوراوی کورد. بەڵام لە لابەلای لاپەڕەکانی ئەم کتێبە پڕ لە تەوس و پلار و لاتاوانەشدا جاروبار دەتوانین ترووسکاییی ڕاستی بدۆزینەوە.
بۆ نموونە لە نیوەی دووهەمی چەرخی بیستەمدا لە ساڵی ١٣٥٠ی هەتاوی (١٩٧١ی زایینی)دا کتێبێک بەناوی «اوضاع ایران در جنگ اول یا تاریخ رضائیهفارسی» نووسراوی «محمد تمدنفارسی» بڵاو بۆتەوە کە بەڕاستی پەڵەی شەرمە بە داوێنی زانستەوە. ئەم کتێبە کە کابرایەکی ئازەری بە فارسییەکی ناڕێک و نالەبار و پڕ لە غەڵەت و پەڵەت نووسیویەتی، پڕە لە جنێو و قسەی سووک و گاڵتە کردن بە گەلی کورد لە کوردستانی ئێرانی کردووە و وەک گوتوویانە «کارێکی پێ کردووین با بە دەواری شڕی ناکا». بەتایبەتی هێرشی وای بردۆتە سەر شەهیدی ڕێگای ڕزگاریی گەلی کورد، قارەمانی کۆڵنەدەر سمایل ئاغای سمکۆ کە قەت ئەسکەندەر بەگی تورکمان خاوەنی «عالم آرای عباسی» نەیبردۆتە سەر ئەمیر خانی برادۆست، خانی لەپزێڕین. بەڵام دەکرێ مێژوونووسێکی ورد و وریای کورد زۆر ڕاستی وا کە نووسەر بەراوەژووی نیشان داون لە لابەلای ئەم کتێبەدا بدۆزینەوە. بۆ نموونە ئەم نووسەرە باسی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی دەکا کە پەنجا و چوار ساڵ لەوەی پێش (١٣٤٠ی کۆچی) لە کوردستانی ئێران بڵاوبۆتەوە و ئێمە زۆرمان لەسەر نەدەزانی، کلێشەی ڕۆژنامەکەشی چاپ کردووە. من لێرەدا دەمەوێ ئەوی ئەم کابرایە لەسەر دەرچوونی ئەم ڕۆژنامە نووسیویەتی بکەمە کوردی. لە لاپەڕەی ٣٦٩ لەژێر عینوانی «سمیتقۆ و روزنامە کردی»دا نووسیویەتی:
(ڕۆژێک شێخ عەبدوڵڵا (لە پیاوە تێگەیشتووەکانی سمیتقۆ لە خزمانی سەید تەها» هاتە لای من و لەنێو قساندا گوتی: ئاغا «یانی سمیتقۆ» دەیەوێ لە ورمێ ڕۆژنامەیەک بڵاو بکرێتەوە، ئایا بەڕای تۆ بەچ ئەندازە و تیراژێک دەتوانین ڕۆژنامەیەک لەو شارەدا بڵاو بکەینەوە؟ کە هەم سەنگین بێ و هەم جوان و سەرنجڕاکێش؟ نووسەر لە جوابی شێخ عەبدوڵڵادا وای گوت:
«بەداخەوە پیتەکانی چاپخانەی ئێمە زۆر کەمن، بەشی چاپی ڕۆژنامە ناکەن. شێخ عەبدوڵڵا کە ئەم وەڵامەی بیست، بە توندی گۆڕا و حاڵی شێوا. منیش ترسام و لە هەڵەی خۆم گەیشتم و گوتم:
«ئەگەر وێڕای کرێکارانی دەزگاکەی خۆمان تێبکۆشین لەوانەیە کەموکوڕییەکانی نەهێڵین و بتوانین ڕۆژنامەکە بڵاو بکەینەوە. بەڵام دەبێ زۆر زەحمەت بکێشین تا ئامرازی پێویست ئامادە بکەین».
لێرەدا ڕەنگ و ڕووی شێخ عەبدوڵڵا کرایەوە و هیچ جوابی نەداوە. ئەگەرچی ئەو بەڵێنی دا کە هەقدەستی کاربەدەست و کرێکارانی چاپخانەکە بدا، نەدەکرا لەو ڕۆژیدا پشت بە بەڵێنی کوردەکان ببەسترێ. چونکە سەرپێچی لە فەرمانی سمیتقۆ لەو هەلومەرجیدا گاڵتە بە گیانی خۆ کردن بوو. پاش ئەوەی چەند ڕۆژێک لەوبارەدا بیرم کردەوە، عەقڵم بە هیچ کوێ ڕانەگەیشت. ناچار کتێبخانە و چاپخانەکەی خۆم داخست، شەوێ دەگەڵ نۆکەرێکم و چەند بەڵەدی دیکە لە شاری وەدەر کەوتم). لێرەدا نووسەر باسی ڕاکردنی خۆی دەکا و پێوەندی بە ئێمەوە نییە و لە ئاخری لاپەڕەی ٧٣٠دا دەست پێ دەکاتەوە:
(بەڵێ پاش ڕاکردن و ئاوارەبوونی بەناچاری من، سمیتقۆ دەستووری دابوو کە کتێبخانە و چاپخانەکەم داگیر بکەن. مەلا موحەممەدی تورجانی ناوێکیشی مەئموور کردبوو ڕۆژنامەی کوردی چاپ و بڵاو بکاتەوە و ئاغای مەلا موحەممەدی تورجانیش نەیکردبووە ناپیاوی بەشێکی لە کتێبە بەنرخەکانی کتێبخانەی من هەڵگرتبوو و بردبوویەوە ماڵە خۆی. هەر بەوەندەوە ڕانەوەستابوو، ناوی چاپخانەکەشمی گۆڕیبوو. تابلۆی چاپخانەی «تمدن»ی فڕێ دابوو و تابلۆی چاپخانەی «غیرەت»ی هەڵاوەسیبوو. ڕۆژنامەیەکیان بە زمانی فارسی و کوردی بڵاوکردبۆوە کە حەوتووی جارێک دەردەچوو. ناوی «ڕۆژی کورد - شەوی عەجەم» بووە کە دوایە بۆتە «ڕۆژی کورد» و ئاخری بۆتە «کورد».
نووسەر چەند لاپەڕەی دیکەی بە باسی شەڕ و کێشە و کارەساتەکانی نێوخۆی ئەو سەردەمی ئێران ڕەش کردۆتەوە و دیسان بای داوەتەوە سەر باسی سمکۆ و نووسیویەتی: «خەڵک کە بەهیوا بوون هێزی دەوڵەتی سمیتقۆ ڕام و بەردەست بکا، کە خەبەری ڕاپەڕینی «لاهووتی» و کوژرانی «خاڵۆ قوربان» و ڕاکردن و بڵاوبوونی چریکەکانی ئەو و هاتنی سەید تەهایان بیست بەجارێکی ناهومێد بوون. لەو لاشەوە کوردەکان بەو زاڵ بوونانە ئازاتر و باو خۆشتر و لەخۆباییتر بوون.
ئەمجار سمیتقۆ بێجگە لە بڵاو کردنەوەی ڕۆژنامەی کوردی «کورد» لە ورمێ ڕێکخراوێکی بۆ وەرگرتنی گومرگیش دروست کردبوو، لە هەر شتێکی کە خەڵک لە ورمێڕا دەیانبردە شارەکانی تر (مەراغە، خۆ، تەورێز) گومرگی دەستاند و پەتەی چاپی بە کوردی دەدانێ. کوژرانی خاڵۆ قوربان لە ڕۆژنامەی کوردەکان، کە بە ناوی کورد چاپ کراوە و بڵاو بۆتەوە، بەڵگەی بەنرخی تێدا هەن، ئێمەش لێرەدا بڵاوی دەکەینەوە.
نووسەر ئەسڵی پاشکۆی فارسیی ڕۆژنامەکەی لە لاپەڕەی ٣٨٠دا چاپ کردووە. ئەوەتا منیش دەیکەمە کوردی:
کارەساتی کوژرانی خاڵۆ قوربان
لە پاشکۆی ژمارە دووی ڕۆژنامەی «کورد» چاپی ورمێ «هەواڵنووسی ئێمە دەنووسێ: کوژرانی خاڵۆ قوربان و شکانی لەشکرەکەی بۆ ئاگاداری خوێنەرانی خۆشەویست ڕوون دەکەمەوە. ڕۆژی ٢٨ی ڕەمەزانی ١٣٤٠ لە کاتێکدا کە لەشکری کورد لەژێر فەرماندەیی «سەید تەها ئەفەندی» لە دەوروپشتی گوندی «قوزلو»ی خاکی هەوشار خۆی بۆ پەلامار بردنە سەر «ساین قەڵا» ساز دەکرد، خەبەری دەستدرێژیی «خاڵۆ قوربان» لە «میاندواو»ەوە بۆ «شاروێران» و «سابڵاغ» بەهۆی دوو سواری سەرداری موکری گەیشت. هەر دەسبەجێ ڕوو لە سابڵاغ کراوە. شەوی ٢٩ی ڕەمەزان لە «بۆکان» مانەوە، بەیانیی زوو ڕۆیشتن. دوو سەعاتی ڕۆژ مابوو مەزنی عەشیرەتەکان لە دەوروبەری گوندی «دەرمان» دەگەڵ سەید تەها ئەفەندی کۆڕی ڕاوێژ و وتووێژیان گرت، نەخشەی پەلامار بردنە سەر خاڵۆ قوربانیان کێشا، ئاوایان دانا:
«جانگیر بەگ» لە عێلی هەرکی، «ئەسکەندەر خان» لە خەڵکی برادۆست «هەمزاغا» لە عێلی مامەش «ئەمیرئەسعەد»ی دێبۆکری و «سالار سەعید» لە خەتی «لاچین»ەوە بچن. بڕیاریان دا لە جەنگەی بوولێڵی بانگی شێواندا، لە سەعاتی دیاریکراودا، لە سێ لاوە پەلامار بەرن و تەقە دەست پێ بکرێ. «ئەمیرولعەشایر» و «ئەمیرئەسعەد» و «سالار سەعید» بەپێی بڕیاری گشتی لە تاریک و ڕوونی بەیانی ٢٩ی ڕەمەزاندا لەسەر کێوی «زاوا و بووک»ڕا لەشکری خاڵۆ قوربانیان کە لەسەر تەپکی «داشا مەجید» لەنێو سەنگەراندا دامەزرابوون، دایە بەر دەستڕێژ. لە هەردووک لاوە شەڕ دەست پێ کرا.
سوارانی کورد نەیانهێشت شەڕەکە درێژەی بکێشێ، لەسەر جڵەوان ڕکێف کوت هەڵیان کوتا سەر لەشکری عەجەمان، خۆیان دەپاڵ هاوێشتن، بە لوولەی تفەنگان وەدەریان نان. هێندێک بەدیل گیران. هێندێک کوژران و سوارەکانی ئەمیرئەسعەد «مترالیوز»ێکیان وەدەست کەوت. ئەسپ و یەستر و تفەنگێکی زۆریش گیرا. ئەمیرولعەشایر، ئەمیرئەسعەد، سالار سەعید لەپاش ئەوەی لە کوشتن و بەدیلگرتنی سەربازەکانی «داشا مەجید» بوونەوە، چەند سوارێکیان بەدووی سەربازە ڕاکردووەکاندا نارد. بۆ خۆشیان پەلاماریان دا قۆڵێکی دیکەی لەشکری خاڵۆ قوربان کە لەسەر کێوی «خەزایی» بوون. ئەوانیش پاش تەقەیەکی کەم سەنگەریان بەتاڵ کرد و هەڵاتن.
هێندێکیان وەبەرهاتن کوژران و هێندێکیش بەدیل گیران. لەوێش ئەسپ و تفەنگێکی زۆر وەدەست کەوت. سوارەکانی سالار سەعید مترالیوزێکیان گرت. دەگەڵ کوو شکەستەی لەشکری ئەو دوو شوێنە وا بە شپڕزەیی گەینەوە ئیندرقاش ترس لەنێو لەشکری خاڵۆ قوربان کەوت و پاک هەڵاتن. ئاغایانی مەنگوڕ و هەرکی و زەرزا جڵدانە لێیان وەخۆکەوتن و ئازایانە دایان گژانێ. لەو شەڕەدا خاڵۆ قوربان و چەند ئەفسەر و سەرباز کوژران. زۆریش بەدیل گیران. پیاوەکانی سەید تەها ئەفەندی ٣ تۆپ، سوارەی مەنگوڕی تۆپێک و سوارەکانی هەرکی ٢ تۆپی گەورە و مترالیوزێک و ئەسباب و تفەنگێکی زۆریان بەتاڵان گرت. هێندێک دەڵێن سوارەی ئەحمەدی گوڵاوی ئاغای مەنگوڕ و هێندێک دەڵێن ئەحمەد خانی هەرکی خاڵۆ قوربانی کوشتوە.
شکستەی لەشکری خاڵۆ قوربان زۆربەیان گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان و دووسەد کەسێکیش چوونە تەورێز. کۆلۆنێل «نصراللە خان» فەرماندەی ژاندارمریش لە «صاین قلعە»وە بەرەو موکری وەڕێ کەوت، بەتەواوی لەو ڕووداوە بێخەبەر بوو. بۆ ئەوەی دەگەڵ خاڵۆ قوربان یەک بگرنەوە زۆر بە فیزەوە بۆ لای بۆکان هات. ئەمیرئەسعەد کە ئەو خەبەرەی بیست زۆر بەپەلە خۆی گەیاندە «ئەمیرئاباد»ی تەنیشت بۆکان. کۆلۆنێل کە دەگاتە بۆکانێ و خەبەری کوژرانی خاڵۆ قوربان و شکان و بڵاوبوونی لەشکرەکەی دەزانی، فیزماڵکی دەداتێ، بۆکان بەجێ دێڵێ، بۆ «ساین قەڵا» دەگەڕێتەوە. سوارەکانی بەگزادە و سەرداری موکری وەدوویان دەکەون، ئەمیرئەسعەد و ئاغاکانی دیکەی دێبۆکری بە ڕکێفکوت خۆ دەگەیەننە یارمەتیی سوارانی موکری و بەگزادە. ئۆردووی ژاندارمری لە کێوی پشت گوندی «ئاڵبلاغ» گەمارۆ دەدەن. زۆران دەکوژن و بەدیل دەگرن دەسکەوتیش گەلێکە. لەو پەلامارەدا «سوڵتان عبدالحمید خان» ئەفسەری ژاندارمری کوژراوە. کۆلۆنێل دەگەڵ پاشماوەی لەشکرەکەی شەوانە لە کێو دێتە خوارێ و بەلاڕێدا هەڵدێ. ئاغایانی بەگزادەی فەیزوڵڵابەگی تۆپێکی گەورەیان گرت و ناردیان بۆ «چهریق». بەڕاستی ئازایەتی و لەخۆبوردنی گشت ئاغایانی موکری بۆ جێبەجێ کردنی ئەرکی نیشتمانی و نەتەوایەتی جێگای سوپاسە. هیوادارم لەڕێگای هەقناسییەوە ئەوەی لەو ڕۆژنامە تاقەکەماندا چاپی بفەرموون. ع. ش».
دیارە ئاغای «تمدن» ئەم باسەی بۆیە نەهێناوەتە گۆڕێ گۆشەیەک لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران ڕووناک بکاتەوە، بەڵکوو مەبەستی شتێکی دیکەیە و ویستوویەتی ڕق و قینی تایبەتی خۆی بەرامبەر بە سەرکردایەتیی ڕاپەڕینی ئەو سەردەمی گەلی کورد دەرببڕێ و بۆمان بگێڕێتەوە کە چۆن چاپخانەکەی لێ موسادەرە کراوە. جا بۆیە هیچ نەینووسیوە ئەو ڕۆژنامەیە چەند لاپەڕە بووە، ئەندازەی چەند بووە، کەی دەرچووە، کەنگێ پەکی کەوتووە و لەسەریەک چەند ژمارەی بڵاوبۆتەوە. بەداخەوە ئەم کڵێشەش کە چاپکراوە، دەگەڵ ئەوەشدا کە ساڵ و مانگ و ڕۆژی دیارە، ژمارەی بە سەرەوە نییە. ئێمەش جارێ هیچ بەڵگەیەکی ترمان بە دەستەوە نییە. مەگەر لەبەر خۆمانەوە بێ بەڵگە لێکی دەینەوە و کەمێک لە ڕاستی نیزیک بینەوە.
ئەگەر قسەی ئەم نووسەرە بەڕێزە ڕاست بێ و ئەو ڕۆژنامە سێ جاری ناو گۆڕی کردبێ. ئەوە دەردەکەوێ کە ئەو ڕۆژنامە لانی کەم دەبێ سێ ژمارەی لێ دەرچووبێ. ئەم ژمارەش کە کڵێشەکەیمان لەبەرچاوە لە ڕۆژی ١٢ی شەوالی ١٣٤٠دا بڵاو کراوەتەوە. ئەگەر دڵنیا بین هەموو جارێ لە ڕۆژێکی دیاریکراو لە حەوتوودا چاپ کرابێ، ئەوە دەبێ ژمارەی یەکەمی لە ڕۆژی ٢٧-٢٨ی ڕەمەزان و ژمارەی دووهەمی لە ڕۆژی ٥ی شەوال و ژمارەی سێهەمی لە ١٢ی ئەم مانگەدا بڵاو بووبێتەوە. بەڵام من بۆ خۆم بە چەند دەلیل لەو حیساب و لێکدانەوەیە دڕدۆنگم:
١- هەرچەند من بۆ خۆم نەمدیوە، بەڵام لە گەورە پیاوانی ئەودیو و ئەمدیوم بیستووە کە مامۆستا مەلا موحەممەدی تورجانی یا قزڵجی زانایەکی گەورە و ئەدیبێکی شارەزای کورد بووە. هیچ وێ ناچێ ناوێکی وا نالەبار «ڕۆژی کورد - شەوی عەجەم»ی بۆ ڕۆژنامەکەی هەڵبژاردبێ، با زۆریشی ڕق لە عەجەم بووبێ. لێرەدا دەمەوێ ئەو نوکتە ڕووناک بکەمەوە کە کوردی ئێران بەتایبەتی خەڵکی موکریان، کە گوتیان «عەجەم» مەبەستیان کاربەدەستانی دەوڵەتە نەک ڕەشوڕووتی میللەت. دوور نییە یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەکە «ڕۆژی کورد» بووبێ، دوایە ناوی گۆڕیبێ و بووبێ بە «کورد».
٢- نووسەر بە ڕاشکاوی دەقی ڕیپۆرتاژی کوژرانی خاڵۆ قوربانی لە پاشکۆی فارسی ژمارە دووی ڕۆژنامەی «کورد» ڕاستەوخۆ نەقل کردووە. لە ڕیپۆرتاژەکەدا نووسراوە شەڕی دەوری شاری سابڵاخ لە ڕۆژی ٢٩ی ڕەمەزاندا کراوە و خاڵۆ قوربان لەو ڕۆژەدا کوژراوە. هەروەها هەر لەو ڕیپۆرتاژەدا هاتووە کە یەکێک لە سەرکردەکانی شەڕی دەوری سابڵاخ «ئەمیر ئەسعەد» خۆی گەیاندۆتە شەڕی کێوی ئاڵبڵاغ. ڕێگای نێوان سابڵاخ و ئاڵبڵاغ بۆ لەشکری هیچ نەبێ دوو ڕۆژی دەوێ، کە وا بوو دیارە شەڕی کێوی ئاڵبڵاغ لە ڕۆژەکانی هەوەڵی مانگی شەوالدا ڕووی داوە. بەینی ئاڵبڵاغ و ورمێش بۆ پەیکی سوار چوار ڕۆژ دەبێ. بۆیە وام لێک داوەتەوە کە ئەم ڕیپۆرتاژە بۆ ڕۆژی ٥ی شەوال نەگەیوەتە ورمێ و لە ژمارەی دووهەمدا کە بە حیسابی سەرەوەمان دەبێ لە ٥ی شەوالدا بڵاو بووبێتەوە، چاپ نەکراوە. مەگەر وای دانێین کە لەنێوان سابڵاخ و ورمێدا خەتی تەلگراف بووبێ و ئەم ڕیپۆرتاژە بە تەلەگراف ناردرابێ، کە ئەویش جێی گومانە، یان پاشکۆیەکە لە پاشان چاپ کرابێ.
٣- نەک هەر ئەو سەردەمی بەڵکوو بەداخەوە ئێستاش ئەم شوێنە ماوە کە کورد سەروبەندی جێژنان دەست لە ڕەش و سپی نادا و لێی ڕادەوەستێ بۆ پاش جێژن. مەگەر پێمان وا بێ مەلا محەممەدی تورجانیزادە ئەم ڕۆژنامەی وەک جێژنانەیەکی بەنرخ پێشکەشی نەتەوەکەی کردبێ.
بەهەر حاڵ پاش ئەم لێکدانانەوە دەگەینە ئەم ڕاستییە کە ڕۆژنامەی کوردی چاپی ورمێ لە ئاخر و ئۆخری ڕەمەزان یان لە هەووەڵ ڕۆژەکانی شەواڵی ١٣٤٠ی کۆچیدا بڵاو بۆتەوە. بەڵام جێی داخە کە نازانین چەند ژمارەی لێ دەرچووە و چۆن و بۆچی و کەنگێ پەکی کەوتووە.