شێرەژن

بەبۆنەی ٢٥ ساڵەی کوشتارەکەی سەقز ئەم داستانە لە کۆڕی یەکێتیی نووسەرانی کورد لە بەغدا خوێنرراوەتەوە و لە ژمارەی ٢ی گۆڤاری «نووسەری کورد»دا چاپ کراوە.
لە کتێبی:
هەواری خاڵی
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 14 خولەک  3538 بینین

شارەکەمان، شارە بچووک و تووک لێکراوەکەمان (سەقز) یەکێکە لەو شارە کاولانەی کوردستان کە لە مێژووی تاریک و پڕ کارەساتی خوێناویی خۆیدا گەلێک جار تووشی پەلاماری دڕندانەی دوژمن و تاڵان و بڕۆ و کوشت و کوشتار و هەڵات هەڵات و سووتمان و خاپوور کران و چۆڵ بوون بووە. ڕووی خۆشی کەمتر بەخۆیەوە دیوە دەتوانم بڵێم هەر نەیدیوە. بەڵێ سەقز شارێکی تووک لێ کراوە تەنانەت پاش تێکچوونی حکوومەتی ڕەزاخان پاش فەوتانی ئەو قازاخە چەکمە ڕەقە و ئەو دیکتاتۆرە خوێنمژە کە خەڵکی ئێران پشوویەکی هاتەوە بەر و ئاهێکی خۆشی لە دڵی گەڕا دیسان سەقز شوومترین و ڕەشترین ڕۆژانی تاریخی ڕابوارد.

ئەرتەشی شاهەنشاهی پەهلەوی کە دەیانگوت ئاسمانی بەسەر نێزەوە ڕادەگرێ و زەوی لەبەر پێیدا دەلەرزی لە ڕاست سوپای هاوپەیماناندا بەری فوویەکی نەگرت. دەستی بۆ چەک نەچوو، تاوێکی بەربەرەکانی نەکرد، وەک تۆی هەرزن بڵاو بوو، وەک بڵقی سەر ئاو پووچاوە. چەک فڕێدان، بە جلی ژنانەوە ڕاکردن و خۆ لە تەویلەی ئاغا و دەرەبەگان ئاویتن، تاکتیکی ئەو فەرماندە لووتبەرزانە بوو کە خەڵکیان بە دیل و کۆیلەی خۆیان دەزانی و لە سەردەمی دەسەڵاتی بیست ساڵەی ڕەزاخاندا کاریان زگ دڕین و گیرفان بڕین و هەژار چەوساندنەوە و دارا ڕووتاندنەوە بوو. بەڵام ئەو قارەمانانەی کە لە لێقەومانەکەی شەهریوەردا دەمانچە و شمشیرەکانیان بە چارشێوێکی ژنان دەدا و چەکمە بریقەدارەکانیان بە کەڵاشێکی کەچ و کۆن دەگۆڕییەوە و باقیشیان دەداوە و خۆیان دەشاردەوە و لەبەر دەستی خەڵک، خەڵکی تووڕە و داخ لەدڵ هەڵدەهاتن. نازانم چۆن بوو؟ پاش ماوەیەکی کەم سەروسەکوتیان لە سەقز پەیدا بۆوە؟ نە حەیا و نە شەرم، وەک نە بایان پێدا هاتبێ نە بۆران، بە بەرگی زەرقی و بەرقییەوە، بە سەردۆشی مەنگوڵەدارەوە، بە چەکمەی ڕەش و خرینگە خرینگی مامزانەوە وەک (ڕۆمیل) لە خەیابانەکانی سەقزدا دەستیان کرد بە گەڕان و خۆ بادان و قەمچی هەڵسووڕاندن و پۆز لێدان.

بێجگە لە ڕۆمیلەکانی خۆوڵاتی و خۆماڵی قیافەی نامۆ و سەیر سەیریش وەبەرچاو دەهاتن. ئەفسەری سوورە زرتە و قەڵەو و درێژ و زەلام، سەربازی ڕەشی، لاوازی مردەلۆخە، وا دیار بوو بێگانەن، هێندێکیان لەوبەری دەریاوە بۆ پاراستنی خۆیان هاتوونە ئێرە ئەوانی دیکەش لە ئاسیای دوورەوە ڕست کراون و بە زۆری زۆردار هێنراونە ئەم وڵاتە کە لەپێناوی سوودی «ساحیب»دا ببنە قۆچی قوربان.

من ئەودەمی نا کە مێرمنداڵێکی چاو نەکراوە بووم، بەکەڵکە ئێستاش کە هەزار پەند و گوڵمەزم بەسەر هاتووە و زۆرم چەرمەسەری و کوێرەوەری و دەربەدەری دیوە هیچ سەرم لە زاراوەی لەشکری دەرناچێ. بەڵام لەبیرمە ئەو کەسانەی لەو سەردەمەدا سەریان لە سیاسەت دەخورا و دەمیان لە شتی وا وەردەدا دەیانگوت:

وەزعی ستراتیژیکی سەقز ئەوە هەڵدەگرێ. دەیانگوت هۆی گرنگی چارەڕەشی ئێمە هەڵکەوتنی جوغرافیایی ئەم شارەیە. دەیانگوت سەقز دەروازەی کرماشان و قەسری شیرین و تەنانەت ئەودیوی سنووری ئێرانە کە کانگا نەوتەکانی دەربەست لە دەستی ساحیبدان. دەیانگوت شەپۆلی تووڕەیی و بیری دژی ئیمپریالیستی خەڵکی ئێران و جووڵانەوەی ئازادیخوازانەی گەلانی ئەم وڵاتە نەترەی ئیمپریالیسمی بردووە و مەترسیی گەورەی بۆ ئیستیعمار پەیدا کردووە. زۆر شتی دیکەیان دەگوت کە من سەرم لێ دەرنەدەچوو و تێی نەدەگەیشتم. دەیانگوت هەر بۆیەش ئیستیعمار ناچار بووە ئەم ئەرتەشەی بە دەستی خۆی تەفروتوونای کردبوو سەرلەنوێ زیندوو بکاتەوە و گەورەکانی بکاتە نۆکەری خۆی و لە سەقز مۆڵیان بداتەوە. چونکە مردووی خۆیەتی و بە دەستی خۆی ناشتوویەتی و دەزانی چییە و تێی ڕانابینێ دەس بکاتەوە، ئەم سوورفلانەی هێناوە نەخشەی بۆ بکێشن و ئەم دیلانەی هێناوە پشتی بگرن و خەریکە بە هەموو هێزی خۆی ئەم دەروانە، بپارێزێ.

لەو سەروبەندانەدا کە ئێمەی خەڵکی لێقەوماوی هەژاری سەقز لەژێر جەزرەبە و ئەشکەنجەی ئەرتەشی شاهەنشاهی و ئاغاکانیدا لە ئاویلکەی گیان کێشاندا بووین. جووڵانەوەی ئازادیخوازی لە سەرانسەری ئێراندا برەوی ئەستاندبوو بەتایبەتی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان ڕۆژبەڕۆژ زنجیری کۆیلەتی لە دەس و پێی گەلەکەی دەپساند و بەن کەڵەوەی نێری دیلی هەڵدەبڕی و حیزبی دێموکراتی کوردستان ئاڵاهەڵگری خەباتی گەلەکەمان، بە ڕابەری ڕۆڵەی بلیمەت و هەڵکەوتووی کورد پێشەوای خۆشەویست قازی محەممەدی نەمر، تەنگی بە ئیستیعمار هەڵچنیبوو و ڕەگ و ڕیشەی لە هەموولایەک داکوتابوو و لک و پۆپی بۆ هەموو مەڵبەندێکی کوردستان هاوێشتبوو.

ڕێکخراوی حیزبی شارەکەی ئێمەش سەرەڕای ئەو هەموو کەند و کۆسپەی لە پێشدا بوو، لەژێر چاوەدێری توندی شا و ئیستیعماردا ئازایانە خەباتی دەکرد و ژیرانە چالاکیی دەنواند و پەیوەندیی نهێنی و بەردەوامی دەگەڵ مەرکەزی حیزب لە مەهاباد نەدەپچڕا و پەیکەکانی حیزب بە شەو و نیوەشەو هەر لە هاتوچۆدا بوون، بەیاننامە و ڕۆژنامەکانی حیزب بەنێو خەڵکدا بڵاو دەکرانەوە.

پاش ئەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە یەکجاری سەرکەوت و کاربەدەستانی تارانی لە موکریان و ئەولاتریش دەرپەڕاند و جمهوری کوردستان دامەزرا. هێزی گەل و پێشمەرگە گەمارۆی سەقزی دا ئیتر حکوومەتی تاران بە جارێکی زراوی تۆقی و حەزیای برینداری ئیستیعمار بەتەواوی ئاوڕووژا و گەزارەی دەرکێشا و ژەهری پیسی خۆی بەسەر ئێمەدا ڕژاند. ڕۆژ نەبوو پۆلێک لاو نەگیرێن، نەخرێنە بەندیخانەوە یا بە ڕێ نەکرێن بۆ پشتی جەبهە، شەو نەبوو دەستەیەکی دیکە خۆ ڕزگار نەکەن و پەنا نەبەن بۆ کوردستانی ڕزگارکراو کە ئامێزی بۆ هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر و هەموو ئازادیخوازێکی جیهان ئاواڵا بوو، لەو لاشەوە ئەو دەرەبەگ و خاین و خۆفرۆشانەی کە حیزب دەرەتانی خەیانەت و خراپەی لێ گرتبوون و ماوەی نەدەدان خوێنی مسکین و هەژاران چیدی بمژن و ئێسکیان بکڕووسنەوە بە پەلەپڕووزە خۆیان لە ئامێزی شاهەنشا دەهاویشت. ئەم حەمە ڕەزایەی ئەمڕۆ بێشەرمانە دەڵێ من شای پێخواسانم و بەردی دڵسۆزی بۆ جووتیار و کرێکار لە سنگ دەدا، ئێستاش ئەو دەرەبەگانەی ئەو سەردەمی خەیانەتیان بە گەل و نیشتمانی خۆیان کرد بە زەبری نووکی نیزە دەکاتە نوێنەر و سەناتۆر.

بەکورتی سەقز بوو بە کەشتیی نوح و لە هەموو تۆ و تەرەمەیەکی تێ خزا. چونکە تەویلەش نەمابوو جاشی تێ بکرێ. ئاغاواتەکانیان وەک گاو و گۆل بەسەر خەڵکدا بڕی و بە زۆری لە ماڵان دایانمەزراندن. خاوەن ماڵ ناچار بوو لەو قاتوقڕ و گرانییە بەسامەی کە لە کاتی شەڕ لە هەموو جێگایەک بەتایبەتی لە سەقزدا هەبوو لە زاری ژن و منداڵی خۆی بگرێتەوە و گاو و گۆلی شا دابەستێ. ئەگەر ئاغا بەرچایی ڕۆنی کەرە و هێلکە و هەنگوین و مرەبا و نیوەڕۆژی چڵاوکەباب و شێوی شەوانەی گۆشت و فڕووج و قەلەموون نەبووایە و شەو چەلەشی لێ بڕابا. خاوەن ماڵ پێشمەرگە یا بە قەولی ئەوان «موتەجاسیر» بوو. دەسبەجێ ڕاپۆرتی لێ دەدرا و دەیانبردە دیژبان و تێروتەسەل دەیانکوتا و سەر و گوێلاکیان دەشکاند و زۆر جاریش بێ سەروشوێن دەچوو.

لەو سەردەمیدا کە لە سایەی خەباتی حیزبێکی شۆڕشگێڕ و ئازادیخواز و زانایی و دڵسۆزیی پێشەوا و ڕابەرێکی بلیمەت بەشێکی کوردستان هەر لە بەستێنی ئاراسەوە تا نیزیکترین گوندی سەقز ئازاد ببوو و گەلەکەمان لەوپەڕی خۆشی و ئازادی و سەربەرزیدا دەژیا و وەک دەڵێن «گورگ و مەڕ پێکەوە ئاویان دەخواردەوە» حاڵی خەڵکی شارەکەی ئێمە لە حاڵی کۆیلەکان گەلێک ناخۆشتر بوو. بۆیە من سەقزم نێو ناوە شاری تووک لێکراو. ڕۆژ نەبوو دیژبان، کاسب لە دوکان نەهێنێتە خوارێ، وەبەر شەپانی نەدا یا گزیری ئاغا کەشیدە لە ئەستۆی چەند حاجی نەکا و ئاتەگی چەند مەلا نەبڕێ. خۆ ئەوەی ڕاوێژکاران و کارناسانی بێگانە دەیانکرد ئەگەر لە ڕووم هاتبا بیگێڕمەوە مچوڕک بە لەش هەموو ئینسانێکی خاوەن شەرەف و بەنامووسدا دەهات.

ئیستیعمار هەمیشە لە شارەکەی ئێمەوە نەخشەی ڕووخاندنی جمهوری دێموکراتیکی کوردستانی دەکێشا. چەند جار ئەرتەشی شاهەنشاهی شنگڵی لە خۆی دا و هێرشی بردە سەر سەنگەری ئازادی و بەرەنگاری پێشمەرگەی کورد بوو. بەڵام دیتمان چۆن بە شڕ و وڕوی گەڕایەوە و ڕقی خۆی بە ئێمەی بێ چەک و بێ دەرەتان ڕشت.

داخی بە جەرگم گەندەڵ فێڵی ئیمپریالیزم کاری خۆی کرد و شای خاین کوتوپڕ هێرشی هێنا سەر حکوومەتی ئازەربایجان و پاش ساڵێک تەورێزی قارەمان داگیر کراوە و سێڵاوی خوێنی تێدا جاری بوو. مەهاباد قیبلەی ئاواتی نەتەوەی کورد، لە هەر چوار لاوە ئابڵۆقە درا و بێ پشتیوان ماوە. جا ئەمجار ئەرتەشی شاهەنشاهی لە سەقزەوە بەرەو مەهاباد کەوتە ڕێ. ئەوەی نەدەبوو ببێ، بوو. کۆمارە خۆشەویستەکەمان ڕووخا، پێشەوا مەزنەکەمان بە خۆی و هاوڕێیەکانیەوە گیران. پێتان سەیر نەبێ ئەو دەمیش یەکەم زەربەتی جەرگبڕ وە شارەکەمان کەوت و هەوەڵ ڕیزی سێدارە لە سەقزی بێفەڕ چەقی.

بەیانییەکی ساردی زستانی سەقز بوو، کاتێ خەڵک لە ماڵ وەدەرکەوتن چ ببینن؟! کافر نەبینێ، دە سێدارە چەقیبوو، دە ڕۆڵەی نەبەز، دە قارەمانی کۆڵنەدەر، دە پیاوی تێکۆشەری کوردیان پێوە هەڵاوەسرا بوون، بەشی زۆری ئەم شەهیدانە لە عەشیرەتی پێشکەوتوو و نیشتمانپەروەری بەگزادەی فەیزوڵڵابەگی بوون کە مێژوو شاهیدە ئەم عەشیرەتە لە پێکهێنانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا چ نەخشێکی گەورە و بەرچاوی هەبووە. لەنێو ئەم شەهیدانەدا «ئەحمەد خانی فاروقی» مەزنی بەگزادان و دوو برا نۆجوانەکەی دەبینران کە هێندە لەمێژ نەبوو بە فێڵ گیرابوون و بە تاوانی کوردایەتی بێ موحاکەمە و لێپرسینەوە حوکمی ئیعدامیان درابوو.

ئەفسەرێک کە ئەو حوکمەی پێ ڕاگەیاندوون لە زۆر جێیان و بۆ زۆر کەسی گێڕاوەتەوە:

(نیوەشەو کوتوپڕ بە خۆم و چەند گرۆبان لەو ژوورەی ئەو سێ برایانەیان تێدا بەند کردبوو وەژوور کەوتم، چرایان دایسا تەماشام کرد ئەحمەد خان ئانیشکی داوەتەوە و سیغار دەکێشێ و براکانی لە خوارەوە بە ئەدەب لەسەر چۆک دانیشتوون. سام گرتمی، بە مینگە مینگ حوکمەکەم پێ ڕاگەیاندن. پێم سەیر بوو هیچیان نەبزڕکان، هیچیان ڕەنگیان نەگۆڕا و ڕانەچەنین. ئەحمەد خان بە شێنەیی سیغارەکەی کوژاندەوە و گوتی:

«من بیرم لەوە کردبووەوە، ئەمڕۆژەم لەپێش چاو بوو و دەمزانی لەسەر ئەم بیروبڕوایەی هەمە تووشی شتی وا دێم. بەڵێ، من کوردم، دێموکراتم، ئازادیخوازم، من دژی ڕێژیمی بۆگەنی پاتشایەتیم و دژی دەسەڵاتی شوومی بێگانەم و چارەنووسی پیاوێکی وەک من لە ئێرانی ئێستادا هەر ئەوەیە. هیچ چاوەنۆڕی بەزەییم لەو ڕێژیمە نەکردووە و ناکەم. بەڵام شایەکەی ئێوە کە لافی کۆمەڵناسی لێ دەدا، دەبوو ئەوەندەی زانیبایە، ئێمە عەشیرەتین و لەنێو عەشیرەتاندا تاوان هەر ئی مەزن و براگەورەیە. چونکە برای بچووک بەپێی ڕێوشوێنی عەشیرەتی ناچارە وەدوای براگەورە بکەوێ و لە قسەی نەچێتە دەر، لەبەر ئەوە نەدەبوو حوکمی وا زۆردارانە و بێڕەحمانە و ناپیاوانە لەسەر براکانم بدا.»

هێشتا ئەحمەد خان قسەی مابوو بیکا کە عەوڵڵا خان وەجواب هات و گوتی:

«کاکە گیان! کاکی بەڕێز و بەرزم! مایەی سەربەرزیی بنەماڵەکەمان! زۆر جێی داخە کە لە ئاخری ژیانمدا قسە لە قسەی براگەورەی خۆمدا بکەم و ئەم ڕاستییە بدرکێنم کە ئێمە زۆر لەپێش جەنابتدا ئەم بیروبڕوایەمان پەسند کردبوو و چووبووینە نێو ڕیزی حیزبەوە، ئەگەر خودای نەکردە تۆش نەچووبایە نێو ڕیزی حیزبەوە و ئەم بیروبڕوایەت قبووڵ نەکردبایە و ڕێبازی شەڕەف و کوردایەتی و ئازادیخوازیت نەگرتبایە و بۆ پاراستنی موڵک و ماڵ و شتی وا پشتت لە نەتەوەکەت کردبایە ئێمە لە ڕەسمی عەشیرەتیمان هەڵدەدا و قەت شوێنت نەدەکەوتین. بەڵکوو پێم وایە یەکەم لوولەی تفەنگ، تفەنگی پێشمەرگەی کوردستان کە بەرەو سنگی تو ڕادێربایە لوولەی تفەنگی براکانت دەبوو.»

حەمەخان کە تا ئێستا بێدەنگ بوو گوتی:

«ئەرێ ئەم کەند و کۆژەی بۆ چییە؟ هەستن هەرسێکمان بڕۆین، بەرەو شەڕەف، بەرەو شانازی، بەرەو مەرگی پیاوانە، یا باشتر بڵێم بەرەو ژیانی ئەبەدی».

ئەحمەد خان هەستا لاچاوی براکانی ڕامووسی و ئەوانیش دەستی ئەویان ماچ کرد و کەوتنە ڕێ). تا ئێرە لە زمانی ئەو ئەفسەرە بیسرراوە کە خۆشی کورد بووە. بەڵام لە بنداردا زۆر کەس ئاگای لە ئازایەتی و پیاوەتی و نەترسیی ئەوان بووە و شیعاری کوردانە و ئازادیخوازانەی ئەم سێ برا قارەمانانەی بیستووە.

کاتێک ئەم هەواڵە دڵتەزێن و جەرگبڕە بۆ «زێڕوەشان» خانمی دایکی شەهیدەکان کە لەسەر بەرماڵ خەریکی نوێژ و دوعا بوو دەبەن. لەپێشدا عاتیفەی دایکەتی تینی دەدا و بە نینۆک هەردوو لا ڕوومەتە قەڵەوەکانی وا دەڕنێ کە خوێن لووزەوێ دەبەستێ. بەڵام زوو دێتەوە سەرخۆ و کوڵی دەنیشێتەوە و زۆر بەویقار و ئارامی بەرەو مەیدانی ئیعدام دەکەوێتە ڕێ. لەو ئاپۆڕە نیزیک دەبێتەوە کە بە خەم و پەژارە و گریانەوە کۆبوونەوە. خەڵکەکە بە دیتنی ئەم خانمە بەڕێزە و ئەم دایکە دڵسووتاوە کە بە دەستی شا قەت کەسی نەماوە و وەجاغی کوێربۆتەوە تێکڕا لە گابۆڕ دەدەن. بەڵام ئەو ناگری، نێوچاوانی گرژ دەکا و لێوی دەکرۆژێ و سەربەرزانە دەچێتە پێش. ڕێی بۆ دەکەنەوە تا دەگاتە ئەو ئەفسەر و سەربازانەی کە لەدەورەی سێدارەکان کێشک دەکێشن. ئەوانیش بێ ئیختیار دڕ دەدەن. دەگاتە بن داری کوڕەکانی کەمێک لەژێللا تێیان دەفکرێ و دەڵێ:

«دەک ڕۆڵە ڕووتان سپی بێ وەک ڕووی دایکی خۆتان سپی کردەوە. من بۆتان ناگریم، قوڕتان بۆ ناپێوم، شینتان بۆ ناگێڕم. چونکە ئێوە پیاوانە ژیان و پیاوانە چوونە سەر سێدارە. ئێوە لەسەر دزی و پیاوکوژی و خەیانەت و جاشەتی نەکوژراون. ئێوە لە ڕێگای ئازادیی مەدا، لەسەر کوردایەتی، لەسەر ئابڕوو و شەڕەف و لەپێناوی ڕزگاری ئەم گەلە زۆرلێکراوەدا شەهید کراون و هەرگیز بە مردووتان نازانم.

لەو حاڵەدا فەرماندە مچ و مۆڕەکەی سەقزیش تەریق دەبێتەوە و لێی دەچێتە پێش و سەرەخۆشیی لێ دەکا، شێرە ژن بێ ئەوەی سوپاسی بکا پێدەکەنێ و دەڵێ: «داخوا ئەم شۆڕەسوارانە دانابەزن؟»

گۆیا ئەمری شاهەنشا وا بوو سێ ڕۆژ تەرمی شەهیدەکان بەهەڵاوەسراوی بمێنێتەوە بەڵام فەرماندە وا لە بەرامبەر ئەم غیرەتەی شێرەژندا شەرمەزار دەبێتەوە دەستوور دەدا تەرمەکان داگرن. «زێڕوەشان خانم» کوڕەکانی ماچ دەکا و لەو خوێنەی بە ڕوومەتیدا دێتەخوار لە کوڵمەیان هەڵدەسوێ، مەلایەک لەوێندەرێ دەبێ و دەڵێ: «خانم بۆ وا دەکەی؟» جوابی دەداتەوە «مامۆستا! کوڕێکی لە من بووبێ و شیری منی خواردبێ و لە کۆشی مندا پەروەردە بووبێ دەزانم لە مردن ناترسێ... بەڵام خۆت دەزانی پیاوی بێ گیان ڕەنگی دەپەڕێ. بۆیە کوڵمەیان سوور دەکەم، تا دوژمنان بیرنەکەنەوە کوڕی زێڕوەشان لە مردن ترساون!».

 

تێبینی: خەلیل خانی باوکی ئەم شەهیدانە سۆفیێکی بەناوبانگ بوو، ڕەنگە داستانی حوسێنی حەللاجی بۆ خێزانەکەی گێڕابێتەوە. خوێن تێ هەڵسوونی ڕوومەتی شەهیدەکان لە داستانی حوسێن دەچێ.