ئیمارەتانی خۆراسان

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 3 خولەک  897 بینین

لە جڵدی ئەووەڵدا و لە باسی جوغرافیای کوردستاندا گوتبوومان کە لە وڵاتی خۆراسانیشدا عەشایری کورد هەیە. هۆن جۆرج کڕۆزۆن لە سیاحەتنامەکەیدا (تاریخی ئێران؛ دوو جڵدە) دەرحەق بەم کوردی خۆراسانە بەعزێ ئیزاحات ئەدا و ئەڵێ: شاهـ عەباسی گەورە بۆ موحافەزەکردنی حدوودی شیمالی شەرقی ئێران، بەرامبەر بە عەشایری تورکمان، بەعزێ عەشایری کوردی لە حدوودی غەربی شیمالی ئێرانەوە نەقڵ کردە خۆراسان. ئەم عەشایری کوردە شاهدلوو، زافرانلوو، کەیوانلوو و ئامانلوو بوون. بەشی زۆری لە مەنتیقەی قووچاندا دامەزرا و فیرقەی شادانلووش لە بۆجنوورد و ئەتڕافیدا جێگیر بوو. عەشایری قووچان ئیمارەتێکی نیوە موستەقیل یەعنی لە ئیدارەی داخڵییەیدا سەربەخۆ بوو، قانوون و مەحاکمی مەخسووسی خۆی هەبوو. مەڕبووتییەتی بە حکوومەتی ئێران تەنیا عیبارەت بوو لە ڕەسمێکی ساڵانە کە ئەیدا بە حکوومەت.

نادر شاهـ ویستی بیهێنێتە ژێر ئیتاعەت و کچی «ئیلخان»یشی بۆ خۆی هێنا، بەڵام فائیدەی نەبوو، نیهایەت لە ئەواخیری سەڵتەنەتیدا بە ئۆردوویەکی گەورەوە چووە سەریان، بەڵام لە بەر قەڵای قووچاندا شەوێک لە خێوەتی خۆیدا سەر بڕرا (١٧٤٧ م).

لە دەوری حکوومەتی قاجاریشدا فەتحعەلی شاهـ چووە سەریان، بەڵام هیچی بۆ نەکرا و بە ناعیلاجی لەگەڵیاندا ڕێک کەوت.

لە ١٨٣٢ م.دا عەباس میرزا بە ئۆردوویەکەوە چووە سەر قووچان و زەوتی کرد. قووەتی تۆپچی لە ژێر ئیدارەی زابتانی ئینگلیزدا بوو. عەباس میرزا، «ئیلخان»ی ئەو وەقتەی کە ڕەزا قولی خان بوو، بردە تەهران و لەوێوە نێررایە تەورێز و لە ناو چوو. لە جێگەی ڕەزا قولی خان، سام خانی کوڕی کرا بە ئیلخان.

لە وەقتی سیاحەتی کڕۆزۆندا (١٨٨٦ م)، ئیلخان، ئەمیرول‌ئومەرا شوجاعەددەولە ئەمیر حسێن خان بوو. بەینێک لەگەڵ حکوومەتی ئێران تێکچوو و عەزل کرا. بەڵام لە پاشدا ڕێک کەوتەوە. ئەمیرێکی بەقووەت و ساحێب نفووز بووە.

ئیمارەتی قووچان دەوڵەمەند و بەهێز بوو، بەڵام ئیمارەتی بۆجنوورد فەقیرتر و کەم‌هێز بوو و بەعزێ عەشایری تورکمانیشی لە ژێر ئیدارەدا بوو. عینوانی ئەمیرەکان، ئیلخان بووە. ئینسقلۆپێدیای بەریتانیک لەو تاریخەدا نفووسی کوردی ئەم دوو ئیمارەتەی بە ٢٥٠ هەزار کەس قەید کردووە.