ئیمارەتی شوانکارە

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 6 خولەک  1166 بینین

ئەمیر «فەزلەوییە» لە فیرقەی «ڕامانی»ی شوانکارە و کوڕی عەلی ئیبنی حسێن ئیبنی ئەیووبی ڕەئیسی عەشیرەتی خۆی بوو. لە مەعییەتی ساحێب عادڵی وەزیری بوەیهی فارسدا، بوو بە سپەهسالار. لە پێش ئەمەدا، بوەیهی لە تەڕەف عەشایری شوانکارەوە زۆر ناڕاحەت کرابوو. «تاریخ گزیدە» باسی عوسیانی ئیسماعیل ناو ڕەئیسێکی شوانکارە لە زەمانی حوکمداری فارس، عیمادەددین ئەڵڵا (ئەبو کالینجار) (٤١٦- ٤٤٠ هـ) ئەکا. لە دوای ئەم ئەمیرە، ئەبو ناسری کوڕە گەورەی، هاتە جێگەی و ئەمیش لە ٤٤٧ هـ.دا مرد و جێگەکەی بۆ برا بچکۆلەکەی کە ناوی ئەبو مەنسوور بوو بەجێ هێشت و ساحێب عادڵ، وەزیری ئەم زاتە بوو. ئەم حوکمدارە لە دوای عوسیانی فەزلەوییە نیهایەت غەلەبەی بە سەر ئەم مەلیکەدا کرد و خۆی و دایکی کە «سەیدە خەراسوەیهـ» بوو، گرت. ئەبو مەنسوور لە قەڵایەکی نزیک شیرازدا حەپس کرا و لە ٤٤٨ هـ.دا کوژرا و بە ئەمری فەزلەوییە، سەیدەش لە حەمامێکدا خنکاندیان. بەم نەوعە ئەمیری شوانکارە بووە ساحێبی وڵاتی فارس و زۆری پێنەچوو لەگەڵ سەلجووقییەکاندا کەوتە شەڕ و دەعواوە. لە دوای شەڕێکی بێ‌سوود لەگەڵ قاورت برای ئالب ئەرسەلاندا، بووە تابیعی ئالب ئەرسەلان و لە تەڕەف [ئەوەوە] بە حاکمی فارس ناسرا. بەڵام دیسان زۆری پێنەچوو فەزلەوی عوسیانی کرد و خۆی کێشایە قەڵای خوورشاهـ و لەوێ موحاسەرە کرا و لە تەڕەف مەشهوور نیزامول‌مولکەوە زەوت کرا و فەزلەوییەش لە دوای موقاوەمەتێکی زۆر، ئەسیر و ئیعدام کرا (٤٦٤ هـ). ئەمە ڕیوایەتی ئیبنی بەلخییە کە خۆی لەو زەمانەدا بووە.

عەشیرەتی شوانکارە موددەتێکی زۆر ئەساسی شەڕ و هەرا و ناڕاحەتیی وڵاتی کرمان و فارس بوو. «ئیران شاهـ»ی کوڕی قاورت لە تاریخی ٤٩٢ هـ (١٠٩٩ م)دا بە یارمەتیی ئەمیری کرمان، والیی فارس «ئونار»یان کە لە تەڕەف سوڵتان بەرکیاڕوقەوە تەعیین کرابوو، مەغلووب کرد و موددەتێکی کەم لە دوای ئەمە، شەڕی «جاولی» و شوانکارە دەستی پێکرد. ئەم ئەمیر فەخرەددین جاولییە کە لە ٥١٠ هـ.دا مردووە، بە ناوی سوڵتان محەمەدی کوڕی مەلیک شاهی حوکمداری عێراقەوە وڵاتی «فارس»ی ئیدارە ئەکرد. ئەمیری شوانکارە، حەسەن کوڕی موبارز خەسرەو، ئیعتیرافی بە والییەتی جاولی نەکرد. ئەمیری جاولی، کوتوپڕ هەڵیکوتایە سەری. خەسرەو بە مەعاوەنەتی فەزلەوی برای دەرچوو. لە دوای بەینێک قەڵاکەی خەسرەوی موحاسەرە کرد، بەڵام زانی کە ئەم موحاسەرەیە هەم زەحمەتە و هەم بەتوول ئەبێ، لەگەڵ ئەتابەک «جاولی»دا چوو بۆ سەفەری کرمان. سەبەبی ئەمەش ئەوە بوو کە مەلیکی کرمان، ئەمیری دارابجێرد، ئیسماعیلی قەبووڵ کردبوو کە یەکێ لە ڕوئەسای شوانکارە بوو. ئەتابەک جاولی، تەڵەبی ئیعادەی ئەکرد.

لە دوای ئەم حادیساتە وا دەرئەکەوێ کە عەشیرەتی شوانکارە لە دەوری سەڵتەنەتی سوڵتان محەمەدی کوڕی مەلیک شاهدا ڕاحەت دانیشتوون، بەڵام لە زەمانی سوڵتان مەحموودی کوڕی سوڵتان محەمەددا بە سەبەبی سووئی موعامەلەی وەزیرەکەی، ناسرەددین عەلی دەرگەزێنەوە، عەشیرەتی شوانکارە دیسانەوە قیامی کرد و موددەتێک ئەو ناوەی ناڕاحەت و وێران کرد. لەم دەورەدا و لە وەقتی حادیساتی کرماندا مەسئەلەیەکی تر ڕووی دا کە لایەقی زیکرە: کوڕی محەمەد ئەبو تاهیر کە لە مەعییەتی ئەتابەک سولغوری سونگوردا بوو و لە دواییدا بوو بە حوکمداری سەربەخۆی لوڕی گەورە، بە واسیتەی غەلەبەیەکی قەتعی بە سەر شوانکارەدا، کەسبی شۆرەتی کرد. سەبەبی ئەمەش، ئیلتیجای «زەنگی کوڕی تیکلا» بەو عەشیرەتە بوو.

ئینجا بێینەوە سەر تاریخی هەرە بەشەرەفی شوانکارە، کە ئەوەندە دەوامی نەکردووە.

ڕەئیسی شوانکارە، قوتبەددین موبارز و قوتبەددین محەمەدی برای، کە ئەمیری «ئیغ» بوو، لە وەقتی لەناوچوونی حکوومەتی سەلجووقی کرمان و زهووری پاشاگەردانی و بێ‌حکوومەتیی ئەو ناوە، زۆر باش ئیستیفادەیان کرد. وەزیر ناسحەددین بەرامبەر بە قەومی غەز کۆمەکی لێ ویستن و ئەوانیش چوون بە فریایەوە. خیلافی ئارەزووی ئەم وەزیرە و لە سەر موافەقەتی ئەهالی، لە پێش شەڕی غەزدا مەرکەزی «بەردەسیر»یان ئیشغاڵ کرد و بەم تەڕحە کەمییەتی وڵاتی کرمانیان تەئمین کرد (٥٩٧ هـ/ ١٢٠٠ م). لە دواییدا ئەم دوو ئەمیرە لەگەڵ غەز کەوتنە شەڕەوە، بەڵام لەم وەقتەدا موناسەبەتی بەینی ئەم دوو ئەمیرە و ئەتابەکی فارس تێکچوو. لە بەر ئەوە، یەکێ لە خانەدانی کرمانیان کرد بە وەکیل بە سەر کرماندا و خۆیان گەڕانەوە. بەڵام غەزەکان دیسانەوە کەوتنە تاڵان و تەخریب. یەکێ لە ئومەرای کرمان، کە «هورمز تاجەددین شەهەنشاهـ»یان پێ ئەگوت، لەگەڵ غەزەکان ڕێک کەوت. نیزامەددین لە ئیغەوە هات و ڕووی کردە هورمز و لە شەڕدا هورمزی لە ناو برد و تورکەکانیش بە پەرێشانی بڵاوەیان کرد. ئەوەندەی پێنەچوو نیزامەددین دیسانەوە داخڵی بەردەسیر بوو، بەڵام زۆر مەغروور و کەمتەرخەم بوو. داوێکیان بۆ نایەوە و شەوێک خۆی و کوڕەکەیان گرت (٦٠٠ هـ). لە دواییدا هەوڵیان بۆ گرتنی ئومەرای لەشکری موبارزیش دا و موحاسەرەیان کردن.

لەم بەینەدا پیاوێکی تر لە مەیدانی سیاسەتدا خۆی نواند. ئەم زاتە «عەجەم شاهـ»ی کوڕی مەلیک دینار بوو و لە تەڕەف خوارەزم شاهەوە حیمایە ئەکرا. عەجەم شاهـ لەگەڵ غەزدا ئیتیفاقی کرد و ڕووی کردە کرمان. لە دوای ئەمە، ئەحواڵ وا دەوامی کرد: نیزامەددینی مەحبووس نێررا بۆ ئەتابەکی فارس و عەجەم شاهـ ئومێدی وا بوو کە ئیتر بە ڕاحەتی وڵاتی کرمانی دەس ئەکەوێ. وەلحاڵ ئەتابەکی فارس، سەعد ئیبنی زەنگی خەبەری بۆ نارد کە بۆ تەسلیمبوونی موحافزی شاری کرمان، واعیزەددین فەزلوونی سەرداری خۆی، بە لەشکرێکەوە نارد. موبارزی برای قوتبەددین بۆ سەندنەوەی ئەم حەقە، بە لەشکرێکەوە هات، بەڵام بە غەیری تاڵان و تەخریبات هیچی پێ نەکرا.

لە ٦٥٨ هـ.دا هۆلاکۆ گەیشتە ئەو ناوە. ئیغی گرت و ئەمیری شەبانکارەشی کوشت و لە ئیعتیباری ئەم تاریخەوە موددەتێک عەشایری شوانکارە لە ژێر نفووزی ئیلخانیدا ما. لە پاشدا کەوتە ژێر حوکمی مزەفەری فارس.