ئیمارەتی کەڵهوڕ

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 2 خولەک  984 بینین

شەرەفنامە ئەڵێ کەڵهوڕ نەتەوەی گیوی گوودەرزە و خانەدانی ئەم عەشیرەتە {fn|مێجەر ڕاولینسۆن لە ١٨٣٦ م.دا چۆتە زەهاب، دەرحەق بە عەشیرەتی کەڵهوڕ ئەڵێ: «کەڵهوڕی ئەڵێن ئێمە زۆر قەدیمین و لە نەسلی «ڕەهام»ین. ڕەهام بەختەنەسری مەشهوورە، کە فەلەستینی داگیر کردووە و بە ڕیوایەتێک چل پەنجا هەزار ماڵێکی هێناوەتە شاخانی زاغرۆس. ڕەنگە ئەم عەشیرەتە نەتەوەی ئەو مەنفییانە [شاربەدەر کراوانە] بێ، چونکە زۆر ناویان هەیە کە لە ناوی جوولەکە ئەکا و حەزرەتی داود بە پێغەمبەری خۆیان ئەزانن. لەگەڵ ئەمەشدا ئیسلامن و بەشێکی عەلییوڵڵاهییە.»

لام وایە ئەم فیکرە ڕاست نییە، ئەگەر وەکوو بەعزێ ئاسار و دەلائیل بۆ نەفیکرانی جوولەکە بۆ دەوری زەهاب بێ، ڕەنگە بە سەبەبی ئیختیلاتی ئەجدادی ئەم عەشیرەتە لەگەڵیانا بەعزێ عادەت و عەنعەنە وەرگیرابێ، بەڵام تاریخ ئەڵێ کە سیرۆس (کەیخەسرەو) لە دوای فەتحی بابل ئەم جوولەکە نەفیکراوانەی ناردۆتەوە فەلەستین.

بەدوور نییە کە نەتەوەی ڕەهامی کوڕی گوودەرزی شاهنامە، وەیا گوودەرزی حوکمداری ئەشکانی بن کە لەگەڵ مێهردادی قەڕاڵی ئەرمەنستاندا شەڕی کردووە و مەشهوورە.} سێ بەشە:

١. بەگزادەی پاڵنگان

٢. بەگزادەی دەرەتەنگ

٣. بەگزادەی ماهیدەشت

ئەمیری ناسراوی پاڵنگان، غەیبوڵڵا ناوێک بووە و بەعزێ قەڵای شارەزوور و نزیکی ئەم وڵاتەی بە دەسەوە بووە. لە دوای خۆی، لە تەڕەف شاهـ تەهماسبەوە محەمەد بەگی کوڕی کراوە بە ئەمیر و ئەم بەگە زۆر خدمەتی عیلم و مەعاریفی وڵاتەکەی کردووە و لە دواییدا شاهـ تەهماسب کچێکی لێ خواستووە. ئەمەش ئیمارەتی محەمەد بەگی گەورەتر و بەقووەتتر کردووە. لە حەیاتی خۆیدا موڵکەکەی لە بەینی چوار کوڕیدا بەش کردووە. لە دوای وەفاتی، میر ئەسکەندەری کوڕی هاتۆتە جێگەی و بیست ساڵێک حکوومەتی کردووە. لە دوای میر ئەسکەندەر، قەڵای پاڵنگان، کەوتۆتە دەس ئەمیرێکی دینەوەر و لە پاشدا بۆتە موڵکی عوسمانی.