ئیمارەتی بن عەنان لە حەلواندا

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 5 خولەک  762 بینین

ئەووەڵ ئەمیر و موئەسیسی ئەم خانەدانە، ئەمیری شازنجان، ئەبولفەتح محەمەد کوڕی عەنانە و لە ٣٨١ی هـ.دا دامەزرا. ئەم ئەمیرە لە دوای حکوومەتێکی بیست ساڵی، وەفاتی کرد و ئەبو ئەلشۆک (ئەبو ئەلشەوق)ی کوڕی هاتە جێگەی.

ناوی ئەبو ئەلشۆک، «فارس» و لەقەبیشی «حیسامەددین» بوو. لەگەڵ مەلیکی حەسنەوییە، تاهیر کوڕی هیلال دوشمنایەتییەکی کۆنەی بوو؛ کە مەلیک تاهیر لە حەپس نەجاتی بوو، لەشکری کردە سەر ئەبو ئەلشۆک و لە شەڕدا ئەبو ئەلشۆک شکا و براکەشی لە ناو چوو و بەشێ لە موڵکی بن عەنان کەوتە دەس لەشکری حەسنەوییە. هەرچەندە لە دوای ئەم شەڕە ڕێک کەوتن و موناسەبەتی سەهرییەتیشیان خستەوە بەینەوە، بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو، ئەبو ئەلشۆک لە پڕێکدا هەڵیکوتایە سەر وڵاتانی حەسنەوییە و زەوتی کرد.

لە ٤١٤ هـ.دا عەلائەددەولە بن کاکۆیە ڕووی کردە دینەوەر و زەوتی کرد. بەڵام بە ناوبژیی موشریفەددەولە لە بەغدا، عەلائەددەولە دەسی لە دینەوەر هەڵگرت و گەڕایەوە هەمەدان.

لە ٤٢٠دا تائیفە غەز ڕووی کردە دینەوەر؛ بەڵام ئەبولفەتحی کوڕی ئەبو ئەلشۆک لێیان کەوتە خۆ و زۆری لێ کوشتن و بە دیلی گرتن و لە ٤٣٠ دا قرمەسین و وڵاتی جیبالی، بە تەواوی داگیر کرد.

ئەبولفەتح بە ناوی باوکیەوە وڵاتی دینەوەری ئیدارە ئەکرد. بەینێک تەمەعی کردە قەڵای «بکورا» کە بە دەس موهەلهەلی مامیەوە بوو. بەڵام لەگەڵیا کەوتە شەڕەوە و بە دیل گیرا. لە سەر ئەمە ئەبو ئەلشۆک لەشکری کۆ کردەوە و چووە سەر موهەلهەل، بەڵام لەو بەینەدا بە تەشویقی موهەلهەل عەلائەددەولەی کوڕی کاکۆیە ڕووی کردە دینەوەر و ئەتڕافی و گرتی و لە لایەکی ترەوە سورخابی برای ئەبو ئەلشۆکیش داقووقای داگیر کرد و چەک و سیلاحیشی لە کوردی ئەو ناوە سەندبوو. لە سەر ئەمە، ئەبو ئەلشۆک چووە بەغدا و لە جەلالەددەولە یارمەتیی داوا کرد و لەگەڵ عەسکەری بەغدادا ڕووی کردە حەلوان. موهەلهەلیش پەنای بردە لای عەلائەددەولە و لە سەر نەسیحەتی ئەو، چووە بەغدا لای جەلالەددەولە. خولاسە، بە تەوەسوتی بەغدا، دوو برا ڕێک کەوتن، بەڵام دینەوەریان لە دەست چوو.

ئەبو ئەلشۆک لە دوای ئەم سوڵحە، ڕووی کردە شارەزوور و قەڵای بیرار شاهی موحاسەرە کرد. ساحێبی ئەم قەڵایە ئەبولقاسم بن عەیاز، بە شەرتی ئەمە کە ئەبولفەتح لە حەپس نەجات بدا، لەگەڵ ئەبو ئەلشۆکدا ڕێک کەوت و ئەبو ئەلشۆک گەڕایەوە. بەڵام موهەلهەل، ئەبولفەتحی بەرنەدا. لە سەر ئەمە، ئەبو ئەلشۆک ڕووی کردە سامغان و هەموو موڵکی موهەلهەلی داگیر کرد. بەڵام دیسانەوە ناوبژیکەر کەوتە بەینەوە و دوو برا ئاشت بوونەوە.

لەم بەینەدا بوو کە ئیبراهیم یەناڵ برای سوڵتان توغرولی سەلجووقی، بە لەشکرێکی زۆرەوە ڕووی کردە دینەوەر و ئەم شارەی لەگەڵ قرمەسین داگیر کرد. ئەبو ئەلشۆک خۆی کوتایە حەلوان، بەڵام ئەوێشی پێ موحافەزە نەکرا و لە دەسی چوو. ناچار بە خۆی و ماڵ و دەستە و دائیرەیەوە چووە قەڵای سیروان.

ئەبو ئەلشۆک لەگەڵ موهەلهەل کەوتە موخابەرەوە و بۆ دەفعی دوشمنی موشتەرەک، تەشویقی کرد و لەو بەینەدا هەرچەند ئەبولفەتح لە حەپسخانەدا مرد، بەڵام دیسانەوە دوو برا ڕێک کەوتن و بۆ دەفعی ئیبراهیم یەناڵ کەوتنە تەدارەکەوە. لەم وەقتەدا سورخابی برای، هەڵیکوتایە سەر «بەندنچبن» و تاڵانی کرد.

ئەبو ئەلشۆک لە ٤٣٧ هـ.دا لە قەڵای سیرواندا ئەمری خوای بەجێ هێنا و لە دوای ئەو، موهەلهەل بوو بە ئەمیر. سەعد کوڕی ئەبو ئەلشۆک خۆی کوتایە لای ئیبراهیم یەناڵ و تەڵەبی موڵکی باوکی کرد. ئیبراهیم یەناڵ، قرمەسینی دابوو بە بەدری حەسنەوی. موهەلهەل لە ٤٣٨ هـ.دا هەڵیکوتایە سەر بەدر و قرمەسینی زەوت کرد و لەشکری ئیبراهیم یەناڵیشی شکاند. لە دوای بەینێک ئیبراهیم یەناڵ سەعد کوڕی ئەبو ئەلشۆکی لەگەڵ قووەتێکی غەزدا ناردە سەر حەلوان و زەوتی کرد. بەڵام ئەوەندەی پێ نەچوو موهەلهەل ئەم شارەی سەندەوە.

سەعد بەینێک لەگەڵ هەردوو مامیدا شەڕ و هەرای دەس پێکرد. لە نەتیجەدا کەوتە دەس سورخاب. کوڕی سورخاب، ئەبولعەسکەر، لە باوکی هەڵات و بە موعاوەنەتی کوردی ئەو ناوە باوکی ئەسیر کرد و ناردی بۆ ئیبراهیم یەناڵ و ئەم ئەمیری سەلجووقییە چاوی سورخابی هەڵکۆڵی و سەعدی بەرەڵا کرد و سەعدیش حەلوانی زەوت کرد.

موهەلهەل لە دوای شەڕێکی زۆر لەگەڵ غەزدا لە ٤٣٣دا چووە بەغدا لای سوڵتان توغرول. ئەم سوڵتانە داقووقا و شارەزوور و سامغانی دایە و قەڵای «ماهەکی»یشی دا بە سورخاب و «ڕادنبین» بە سەعد.

لە دوای ئەمەش، شەڕ و شۆر لە بەینی سەعد و موهەلهەلدا هەر دەوامی کرد و نیهایەت موهەلهەل کەوتە دەس سەعد و سەعد تەوەسوتی سوڵتان توغرولی ڕەد کردەوە و لە سەر ئەمە، بەدری موهەلهەلی بە لەشکرێکەوە هاتە سەر (٤٤٦) و مەملەکەتەکەی لە دەس چوو، ئیمارەتی بەنی عەنانیشی نەقڵی مەقبەرەی تاریخ کرد (مرآت العبر، جڵدی ٧، ل ٣٧٤- ٣٨٠).