ئیمارەتی بانە

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 3 خولەک  811 بینین

بە گوێرەی شەرەفنامە، ئەم ئیمارەتە لە پێش دەوری ئیسلامیشدا بووە و بە کەیف و ئیختیاری خۆی، دینی ئیسلامی قەبووڵ کردووە. لە بەر ئەمە، خانەدانی ئیمارەتەکە، بە «ئیختیارەددین» شۆرەتی سەندووە. ئەحواڵی پێشووی ئەم ئیمارەتە لە ئیعتیباری زەمانی میرزا بەگی کوڕی میر محەمەد بەگەوە مەعلوومە. ئەم ئەمیرە، حاکمی قەڵای «پیرویی» و «شوبوە» بوو و کچی پیکە بەگی حوکمداری ئەردەڵانی مارە کردبوو و لە سەر ئەم کچە لەگەڵ سوڵتان عەلی، ڕەئیسی عەشیرەتی «تتلج»ی کورد کەوتبووە دوژمنایەتییەوە. لە دواییدا سوڵتان عەلی، تەنگی پێ هەڵچنیوە و دەریپەڕاندووە و «قاتنمش»ی برای بۆتە ئەمیر. میرزا بەگ بە یارمەتیی خەزووری، وڵاتی بانەی سەندۆتەوە و بەینێک حوکمی کردووە.

لە دوای وەفاتی، بوداق بەگی کوڕی هاتۆتە جێگەی. ئەم ئەمیرە لە دایکێکی تر، محەمەد و ئوغورلوو ناو دوو برای بووە و لەگەڵی کەوتوونەتە شەڕەوە و دەریانپەڕاندووە. بوداق بەگ چۆتە لای شاهـ تەهماسب و بە یارمەتیی شاهـ، ئیمارەتەکەی سەندەوە. بەڵام لە دوای بەینێک لە قەزوێن ئەمری خوای بەجێ هێنا.

شاهـ تەهماسب، سلێمان بەگی برای بوداق بەگی کرد بە ئەمیر، بەڵام بە تەشویقی میر محەمەد و ئوغورلووی برای، عەشایرەکەی لێ ڕاست بووەوە. لە سەر ئەمە، لەشکرێکی ئێران هات بە فریای سلێمان بەگەوە و قیام تەسکین کرا و میر سلێمان، بیست ساڵێک حکوومەتی کرد. ئەمیرێکی زۆر عادڵ و عاقڵ و لەخواترس بوو. لە ئەواخیری حکوومەتیدا کچەکەی خۆی لە بەدر بەگی برازای مارە کرد و ئیمارەتەکەشی دایە و خۆشی هەڵسا چوو بۆ مەدینەی مونەووەرە و تا وەفاتی، لەوێ بە عیبادەت و تاعەت مەشغووڵ بوو. ئەم سلێمان بەگە، هاوعەسری ساحێبی شەرەفنامەیە.

ئەم ئیمارەتی بانەیە، لە زەمانی میر بەدردا بووە تابیعی ئەردەڵان. موستەشریق ڕیچ کە لە ساڵی ١٢٣٦ هـ.دا بە سەر بانەدا ڕۆیوە، لەگەڵ نووروڵڵا خانی حاکمی بانە مولاقاتی بووە. ئاخیر نەتەوەی خانەدانی ئیختیارەددین کە کەریم خان بوو، لە تەڕەف یۆنس خان ناو خدمەتکارێکیانەوە کوژرا و بانە کەوتە دەس ئەو یۆنس خانە. لە دوای بەینێک، یۆنس خانیش بە دەس فەتاح بەگی برازایەوە کوژرا و بانە کەوتە دەس حەمە خانی کوڕی یۆنس خان. ئەم حەمە خانەش لە ئەووەڵی شەڕی گەورەدا و لە ساڵی ١٣٣٣ هـ.دا لە تەڕەف قوەی سەفەرییەی عوسمانی، ئیبراهیم بدلیسییەوە کوژرا و خانەدانی یۆنس خانیش دوایی هات و بانە بووە قەزایەکی سابڵاخ.