ئیمارەتی بەبەی دوایی

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 8 خولەک  933 بینین

ئەڵێن بناغەی ئەم ئیمارەتە، لە تەڕەف فەقێ ئەحمەدەوە دانراوە و ئەم ئەمیرە لە خانەدانی سۆران و لە عەشیرەتی نوورەددینی پژدەر (پشدەر) بووە. دەرحەق بە سەرگوزەشتەی ئەم زاتە، بەعزێ ڕیوایاتی ناو پشدەر هەیە. خولاسە فەقێ ئەحمەد، گەلێ کەسی لە خۆی کۆ کردۆتەوە و عینوانی بەبەی داوە بە خۆی و بەرەبەرە قووەتی پەیا کردووە. لە دوای ئەو، سلێمان بەبەی کوڕی جێگەی گرتۆتەوە و بە ئەسڵی موئەسیسی ئەم ئیمارەتە دانراوە و زۆر ئازا و مەزبووت بووە. لە سستی و بێکارەیی حکوومەتی ئەردەڵان ئیستیفادەی کردووە و لە ١١٠٦ هـ (١٦٩٤ م)دا بەعزێ جێگەی لە ئەردەڵان داگیر کردووە. بەڵام ساڵی دوایی لەشکرێکی زۆری ئێران و ئەردەڵانی هاتۆتە سەر و شکاندوویە و لە دوای ئەمە، سلێمان بەگ چوو بۆ ئەستامۆڵ و لە پاش بەینێک بۆتە موتەسەڕیفی ئەدرنە و لەوێ وەفاتی کردووە (١١١٥ هـ).

لە دوای سلێمان بەگ، بەشێکی خاکی بەبە کەوتۆتە دەس عەشیرەتی زەنگەنە و بەشێکیشی بە دەس کوڕانی سلێمان بەگەوە ماوە. لەمانە بەکر بەگ غەلەبەی سەندووە و بەرەبەرە وڵاتی بەبەی گەورە کردووە و حدوودەکەی لە سیروانەوە گەیاندۆتە زێی کۆیە.

زاهیر وایە کە بەکر بەگ چاوی بڕیبووە کەرکووکیش و لە سەر ئەوە لەگەڵ حکوومەتی عوسمانی تێکچووە و بەغدای هاتۆتە سەر و کوژراوە (١١٢٩ هـ) و پێنج ساڵێک خاکی بەبە لە ژێر ئیدارەی حکوومەتی عوسمانیدا ماوە و لەم بەینەدا «خانە پاشا»ی برازای بەکر بەگ وردەوردە لەگەڵ حکوومەت ڕێک کەوتووە و لە ١١٣٤هـ.دا بە دەرەجەیەک وڵاتی بەبەی هێناوەتەوە ژێر خوکمی خۆی.

خانە پاشا لەگەڵ حەسەن پاشای والیی بەغدا چووە بۆ سەفەری ئێران و ئیدارەی ئەردەڵانیشی دراوەتێ. لە شەڕی ئەشرەف خانی ئەفغانی و لەشکری عوسمانیدا (١١٣٩ هـ) لای ئەشرەف خانی گرت و بووە سەبەبی شکانی لەشکری تورک و تا مەبادیی دەوری نادر شاهـ، ئەردەڵانی بە دەسەوە ما و وڵاتی بەبەش بە دەس خالید پاشای برایەوە بوو. لە زەمانی خالید پاشادایە کە ئیمارەتی بەبە و سۆران کەوتوونە شەڕەوە و بەشی کۆیە کەوتۆتە دەس بەبە. نادر شاهـ لە ساڵی ١١٤٣ هـ ئەردەڵانی لە دەس حاکمی بەبە سەند و لە ١١٥٦ هـ.دا وڵاتی بەبەی دا بە سەلیم پاشای کوڕی بەکر بەگ. حکوومەتی بەغدا ئەیویست سلێمان پاشای خالید پاشا بکا بە حاکمی بەبە و ئەم دەعوایە بووە سەبەبی شەڕ و شۆرێکی زۆر.

سلێمان پاشای والیی بەغدا لە ١١٦٤ هـ.دا چوار قۆناغ لە ژوور بەغداوە لەگەڵ سەلیم پاشای بەبە شەڕی کرد و شکاندی و سلێمان پاشای کرد بە حاکمی بەبە و ئەم ئەمیرە چواردە ساڵێک حکوومەتی کرد و موددەتێک لە تەڕەف محەمەد پاشای کوڕی خانە پاشا و سەلیم بەگی بەکر بەگەوە ناڕاحەت کرا و بەعزێ جار، وڵاتەکەشی لە دەس چووە. نیهایەت والیی بەغدا لە ١١٧٤ هـ.دا لەشکری محەمەد پاشای لە سەر چەمی نارین شکاند و محەمەد پاشا لە ناو چوو و سەلیم بەگیش چەند جارێک هاتە سەر وڵاتی بەبە، بەم [تەڕحە] هیچی بۆ نەکرا.

لە دوای وەفاتی سلێمان پاشای والیی بەغدا، ئەبو لەیلە، سلێمان پاشای حاکمی بەبە، لە سەر مەسەلەی ویرکو، لەگەڵ والیی بەغدا تێکچوو و لە ١١٧٥ هـ.دا بە لەشکرەوە ڕووی کردە بەغدا و لە نزیک کفری لەگەڵ لەشکری بەغدا کەوتە شەڕەوە. بەڵام شکا و چوو بۆ ئێران و لەوێ کرا بە والیی ئەردەڵان. بەڵام لە دوای دوو ساڵ، لە تەڕەف عومەر پاشای والیی بەغداوە دیسان کرایەوە بە حاکمی بەبە و موددەتێک ئیدارەیەکی باشی کرد؛ حدوودی بەبەی گەیاندە زەهاو و ڕانیە و کۆیە. خالید بەگ (وەیا عەلی بەگ)ی کوڕیشی، حاکمی ئەردەڵان بوو. نیهایەت لە ١١٧٨ هـ.دا لە قەڵاچوالان بە کوشت چوو.

لە دوای سلێمان پاشا، محەمەد بەگی برای کرا بە حاکمی بەبە. لە پاش بەینێک لەگەڵ ئەحمەد پاشای برای تێکچوو و ئەمنییەتی بە حکوومەتی بەغدا نەما و عوسیانی کرد. نیهایەت والیی بەغدا لەشکری کردە سەری و وڵاتی بەبەی لێ سەند و ئەحمەد پاشای برای بوو بە حاکم. بەڵام زۆری پێنەچوو محەمەد پاشا بە لەشکرێکی ئێرانەوە هاتەوە و قەڵاچوالانی زەوت کردەوە. لە ١١٩٢ هـ.دا بە یارمەتیی لەشکری ئێران، وڵاتی بەبە کەوتەوە دەس ئەحمەد پاشا و چەند ساڵێک بە دەسیەوە ما و لە ساڵی ١١٩٣ هـ.دا و لە وەقتێکدا کە بە لەشکرەوە ئەچوو بۆ بەغدا، وەفاتی کرد و حاکمیەتی وڵاتی بەبە کەوتە دەس مەحموود پاشای برای. دەوری ئەم ئەمیرە پڕ لە شەڕ و شۆرە. چەند دەفعەیەک ڕووی لە حکوومەتی عوسمانی وەرگێڕا و نیهایەت لە ئێراندا لە ناو چوو.

حکوومەتی بەبە کەوتە دەس ئیبراهیم پاشای کوڕی ئەحمەد پاشا. ئەم ئەمیرە ڕەشید و عاقڵە، شاری سلێمانی دروس کرد و مەرکەزی ئیمارەتی، لە قەڵاچوالانەوە بردە ئەوێ (١١٩٩هـ / ١٧٨٤ م).

لە ١٢٠٢ هـ.دا عوسمان بەگی کوڕی مەحموود پاشا کرا بە حاکمی بەبە و بە لەشکریەوە ئیشتراکی حەرەکاتی مونتەفەکی کرد، بەڵام حکوومەتی بەغدا لە دواییدا لە فیکری خراپی دەرحەق بە حکوومەت کەوتە شوبهەوە و حەپسی کرد و دیسانەوە ئیبراهیم پاشای تەعیین کرد. بەڵام حکوومەتی دووەم جاری ئەم ئەمیرە، لە ساڵێ زیاتر توولی نەکێشا و حکوومەتی بەبە درا بە عەبدولڕەحمان پاشای مەحموود پاشا. ئەم زاتە زۆر ئازا و بەکار و حەریسی حوکمداری بوو. تەقریبەن بە فاسیلەیەکی کەم و زۆر، بیست و چوار ساڵێک حاکمیەتی کرد. دوو جار لە دەربەندی بازیاندا و دەفعەیەک لە نزیک کفری، شەڕی لەگەڵ لەشکری بەغدا کرد و لە دواییدا لەگەڵ حالەت ئەفەندی و لەشکری مووسڵ، بۆ تەمێکردنی سلێمان پاشای والیی بەغدا چوو و لە سەعاتە ڕێیەکی ئەم شارە، سلێمان پاشای شکاند و بەغدای گرت و زۆر هەوڵی بۆ والییەتی بەغدا دا، بەڵام حکوومەتی عوسمانی نەیدایە.

دەوری ئیمارەتی عەبدولڕەحمان پاشا زۆر بە شەڕ و شۆر ڕابورد. ڕقەبەری و دوژمنایەتی لەگەڵ خالید پاشای ئامۆزای، زۆری خەریک کرد و بۆ وڵاتەکە شەڕ و زەرەرێکی زۆری بوو.

لە دوای عەبدولڕەحمان پاشا، حکوومەتی بەبە کەوتە دەس مەحموود پاشای کوڕی (١٢٢٨ هـ). لە دوای چوار ساڵ، بێ سەبەب عەزل کرا. بەڵام بە یارمەتیی قووەتی ئێرانەوە، عەبدوڵڵا پاشای خەلەفی شکاند و ئیمارەتەکەی نەدا بە دەسەوە. لە زەمانی ئەم ئەمیرەدایە کە دەفتەردار داود ئەفەندی (مەشهوور کولەمەن داود پاشا)، لە ڕقی والیی بەغدا هاتۆتە لای ئەمیری بەبە و بە مەعاوەنەتی لەشکری بەبەوە بەغدای لە سەعید پاشا زەوت کردووە و بۆتە والی. تا موددەتێک بەینی والیی بەغدا و مەحموود پاشا زۆر ڕێک بوو. بەڵام لە دواییدا تێکچوو و مەحموود پاشا بە یارمەتیی ئێران زۆر باش خۆی ڕاگرت. لە پاش ئیلتیجای عەبدوڵڵا پاشا، لەشکرێکی نارد بە فریای مەحموود پاشاوە، بەڵام ئەم لەشکرە خراپ شکا و سلێمانی کەوتە دەست عەبدوڵڵا پاشا.

لە دوای گەڕانەوەی لەشکری ئێران و وەفاتی شازادە محەمەد عەلی میرزا، مەحموود پاشا قووەتێکی پێکەوە نا و عەبدوڵڵا پاشای لە خاکی بەبە دەرپەڕاند.

لە دوای موددەتێکی کەم بەغدا لەشکری کردە سەری و مەحموود پاشا دیسانەوە سلێمانیی بەجێ هێشت. بەڵام لە دواییدا حکوومەتی بەغدا و ئێران، ڕێک کەوتن و مەحموود پاشا کرایەوە بە حاکمی بەبە و عەبدوڵڵا پاشا بوو بە حاکمی کۆیە (١٢٣٩ هـ).

لە دوای مەحموود پاشا سلێمان پاشای برای بوو بە حاکمی بەبە و هەشت ساڵێک دەوامی کرد؛ بەڵام زۆر جار مەحموود پاشا ناڕاحەتی ئەکرد.

لە دوای وەفاتی سلێمان پاشا، حکوومەتی بەبە درا بە ئەحمەد پاشای کوڕی. ئەحمەد پاشا ئەمیرێکی ئازا و شارەزا بوو. بۆ تەقویە و تەوسیعی ئیمارەتەکەی، زۆر فیکری باش بوو. لە پێش هەموو شتێکدا بناغەی لەشکرێکی مونتەزەمی دانا. هەرچەندە مەحموود پاشای مامی، لە کۆڵی نەئەبووەوە و زوو زوو لەشکری ئەهێنایە سەری، دیسانەوە لە فیکری خۆی لاینەدا و لە ١٢٥٨ هـ.دا بە تەواوی خۆی دامەزراند.

بەشی دوایی دەوری ئەحمەد پاشا، ئەوەندە مەعلووم نییە. ئەڵێن ئەم ئەمیرە، بەرامبەر بەغدا سەربەخۆ بوو و لە وەقتێکدا کە کۆیەی موحاسەرە کردبوو، مەشهوور کوزلکلی نەجیب پاشای والیی بەغدا، لەگەڵ عەبدوڵڵا پاشای برای ئەحمەد پاشا بە لەشکرێکەوە هاتوونە سەری. بەڵام زۆر سڵیان لێ کردووە. لە پاشدا شەوێک تەقوتۆق لە ناو لەشکری ئەحمەد پاشا پەیا ئەبێ و لەشکرەکەی بڵاوەی ئەکا. ئەحمەد پاشا بە ناعیلاجی گەڕاوەتەوە سلێمانی و بۆ لەشکر کۆکردنەوە چۆتە شارەزوور. تا گەڕاوتەوە، نەجیب پاشا سلێمانیی داگیر کردووە. لە دوای ئەوە، ئەحمەد پاشا چۆتە ئێران و بە واسیتەی سەفیری عوسمانییەوە عەفو کراوە و چۆتە ئەستامۆڵ (بۆ تەفسیلی ئەحواڵی، لازمە تەماشای کتێبی «کوردانی بەناوبانگ = مشاهیر الاکراد» بکرێ).

لە دوای ئەحمەد پاشا، بە عینوانی قائیم‌مەقامی، عەبدوڵڵا پاشای برای چوار ساڵ لە سلێمانیدا ما و لە دواییدا میر لیوا ئیسماعیل پاشا کرا بە قائیم‌مەقام. لەو ڕۆژەوە ئیدارەی ئیمارەتی بەبە، بە تەواوی دوایی هات (١٢٦٧ هـ/ ١٨٥١ م).