ئیمارەتی بابان

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 2 خولەک  1067 بینین

شەرەفنامە بەبەی زۆر قەدیم لە ئێراندا ئەنوێنێ و ئەڵێ موئەسیسەکەی، پیر بوداق بەگ بووە. ئەیالەتی لارجانی لە عەشیرەتی زەرزا، وڵاتی سۆرانی لە عەشایری «شبوی» و «مشیاکرد» و سوڵدووزیشی لە قزڵباش زەوت کردووە و حکوومەتێکی گەورە و بەشەوکەتی دامەزراندووە. ئەم ئەمیرە، لەقەبی بەبەی بووە. لە پاش بەینێک لە ڕاودا لە تەڕەف ئەمیر سەیدی (ئەبی ئەمیر عەلی) حاکمی سۆرانەوە کوژراوە. پیر بوداق بەگ، وەجاخکوێر بووە. لە بەر ئەوە، بوداق بەگی برازای هاتۆتە جێگەی و نیهایەت دوو ساڵێک حوکمی کردووە و لە دواییدا یەکێ لە پیاوەکانی کە پیر نەزەریان پێ ئەگوت، ئیمارەتەکەی لێ زەوت کردووە.

لە دوای وەفاتی پیر نەزەر، ئەسڵی وڵاتی بەبە کەوتۆتە دەس میر سلێمان و باقیش کەوتۆتە دەس میر ئیبراهیم. ئەم دوو ئەمیرە بەینێک بە ئاشتی هەر کەسە لە موڵکی خۆیدا ئیدارەی کردووە، بەڵام لە دواییدا تێکچوون و میر سلێمان، میر ئیبراهیمی کوشتووە و بەشە وڵاتەکەی ئەویشی داگیر کردووە و پانزە ساڵێک حاکمی هەر دوو لا بووە. میر سلێمان، چوار و میر ئیبراهیم سێ کوڕی لە دوا بەجێ ماوە و ئەم ئیمارەتە لە بەینی ئەم دوو خانەدانەدا دایمە بۆتە سەبەبی شەڕ و دەعوا. نیهایەت لە ئەواخیری دەوری سوڵتان سلێمانی قانوونیدا (٩٢٦- ٩٧٤ هـ)، سنجاغی «مەرگە» بە دەس خزر بەگ ناو منداڵێکی کوڕی میر حسێن کوڕی میر سلێمان بەگەوە ماوەتەوە و لە دوای وەفاتی ئەم خزر بەگە، خانەدانی میر سلێمان لە ناو چووە .