حکوومەتی پاشا کۆرە

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 6 خولەک  2264 بینین

محەمەد بەگ لە دوای وەفاتی باوکی، هەر دوو مامەکەی گرت و هەڵیواسین و بەرەبەرە دەسی کرد بە گەورەکردنی ئیمارەتەکەی. عەشایری سلیوان (شیروان) و برادۆستی لەگەڵ سوورچی هێنایە ژێر ئیتاعەت، حکوومەتی بەبەی لە حەریر دەرپەڕاند، شاری هەولێری زەوت کرد و عەشیرەتی دزەیی دامرکاند، ئاڵتوون‌کۆپری، کۆیە و ڕانیەشی داگیر کرد و زێی کۆیەی لە بەینی خۆی و باباندا کرد بە سەرحەد.

والیی بەغدا، عەلی ڕەزا پاشا، بەرامبەر بە قووەت و شیددەتی میرە کۆرە، هیچی پێ نەکرا و بە ناعیلاجی ئیشەکەی بە شیرینی بڕیەوە. حکوومەتەکەی تەسدیق کرد و ڕوتبەی میری میرانیشی بۆ سەند.

لە ١٢٤٩ هـ (١٨٣٣ م)دا لەشکرێکی باش و مونتەزەمی پێکەوە نا و بە تەشویقی مووسا پاشای بادینانی، ڕووی کردە بادینان و لە دوای چەند شەڕێک لەگەڵ ئیسماعیل پاشای بادینانیدا عەقرەی گرت و لەوێوە چووە سەر عیمادییە و سەعید پاشای حاکمی ئەوێی ئەسیر کرد و شارەکەشی زەوت کرد. لە پاشدا ڕووی کردە یەزیدیی تەڕەفی بەعشیقە و کوشتارێکی زۆری لێ کردن. عەلی بەگی ڕەئیسیانی گرت و ناردیە ڕەواندز و دوو ساڵ حەپسی کرد و لە پاشدا کوشتی. بە ڕیوایەتێک لێرەوە ڕووی کردە کردۆتە جەزیرەی ئیبنی عومەر و ماردین و نەسیبینیشی لە بەردخان بەگ زەوت کردووە.

خولاسە، محەمەد پاشا (پاشا کۆرە)، لە موددەتێکی کەمدا گەلێ وڵاتانی داگیر کرد. لە ڕانیە و دەشتی پشدەرەوە تا نەسیبین و ماردین و لە کەلەشینەوە تا مەخموور حوکمی جاری بوو.

بەم تەڕحە غەلەبە سەندنی نفووز و شەوکەتی محەمەد پاشا حکوومەتی عوسمانی تەنگەتاو کرد. سوڵتان مەحموود، سەدری ئەعزەم مستەفا ڕەشید پاشای بە لەشکرێکی زۆرەوە ناردە سەری و عەلی ڕەزا پاشای بەغدا و مەحموود پاشای مووسڵیش بۆ موعاوەنەت مەئموور بوون.

میر محەمەد پاشا کە وای زانی، خۆی کێشایەوە ڕەواندز و لەوێ بۆ مودافەعە خۆی حازر کرد. لەشکری سەدری ئەعزەم لە دوای زەوتکردنی بادینان ڕووی کردە ڕەواندز. عەلی ڕەزا پاشا و لەشکری مووسڵیش بە سەر هەولێردا ڕوویان تێکرد. بەشێکی زۆری لەشکری سەدری ئەعزەم و عەلی ڕەزا پاشا عەشایری کورد بوو. ئەم دوو ئۆردووە، لە دەشتی دیانا و حەریردا هەڵیاندا. میر محەمەد پاشاش، گەڵی عەلی بەگی گرتبوو. سەدری ئەعزەم موخابەرەی لەگەڵ کرد و لە خوێن‌ڕشتنی موسوڵمانان و موخالەفەتی خەلیفە تەحزیری کرد و تەئمیناتی دایە و لە سەر ئەمە، میر محەمەد پاشا تەسلیمی مستەفا ڕەشید پاشا بوو و برایە ئەستامۆڵ و عەفو کرا و گەڕایەوە. بەڵام لە سەر نووسینی عەلی ڕەزا پاشای بەغدا، لە ١٢٥٣ هـ.دا لە توبزون گرتیان و کوشتیان {fn|مێجەر میلینغ وەقتێک کە چۆتە وان، ڕەسووڵ پاشا لەوێ والی بووە (تەقریبەن ١٨٧٠ م). ماجەرای محەمەد پاشای برای، بەم تەرحە بۆ گێڕاوەتەوە:

«لە دەوری ١٨٣٤ م.دا بوو کە محەمەد پاشا ویستی وڵاتەکەی لە دەس حکوومەتی عوسمانی نەجات بدا و بیخاتە ژێر حوکمی خانەدانی خۆیەوە. محەمەد پاشا ئەوسافی فاتحی و ئیداریی لە خۆیدا جەمع کردبووەوە و توانی بە ئۆردووی کورد ئەیالاتی دراوسێی وەکوو کەرکووک و مووسڵ بێنێتە ژێر نفووزی خۆیەوە. ڕەسووڵ پاشا قوماندانی لەشکری بوو و وەلیعەهدبوو. بابی عالی، لەشکرێکی لە ئیدارەی ڕەشید پاشای سەرعەسکەردا کە دۆستی محەمەد پاشا بوو، ناردە سەر ڕەواندز؛ بەڵام حکوومەت ئەیویست ئەم هەرایە بێ شەڕ ببڕێتەوە. لە بەر ئەوە، لە ژێر پەردەی دۆستیدا خیانەت کرا و محەمەد پاشا کەوتە داوی خیانەتەوە و بۆ موزاکەرە چووە قەرارگاهی ڕەشید پاشا. بەڵام گیرا و نێررا بۆ ئەستامۆڵ. سوڵتان، محەمەد پاشای زۆر باش قەبووڵ کرد. بابی عالی قەراری دا کە لە هەموو کوردستاندا محەمەد پاشا والیی عموومی بێ و سەلاحییەتێکی تەواوی ببێ. بەم قەول و قەرارە، سواری سەفینەیەکی حەربییەی تورک کرا و نێررایەوە بۆ مەملەکەتی خۆی. ئێستا ئەمە سی و پێنج ساڵە محەمەد پاشا لە ئەستامۆڵ دەرچووە بەڵام نەگەیشتۆتە وڵاتی خۆی. لە هیچ جێگەیەک کەس نەیدیوە. خوا ئەیزانێ خۆی و پێنج پیاوەکەی چییان لێ هات. لە دوای محەمەد پاشا، ڕەسووڵ پاشاش بە خۆی و لەشکریەوە تەسلیم بوو. بەینێک لە بەغدا دانیشت و لە شەڕی قەدیمدا لەشکرێکی سوارەی کوردی پێکەوە نا و خدمەتێکی زۆری کرد. لە دواییدا حکوومەت کردی بە موتەسەڕیفی قارس و لە پاشدا تەحویل کرا بۆ وان. (حەیاتێکی وەحشی لە کوردستاندا، ل ٥٠، ١٨٥- ١٨٧).} .

لە دوای میر محەمەد پاشا، ئەحمەد بەگی برای بوو بە حاکمی سۆران. ڕەسووڵ پاشای براشی، حاکمی عیمادییە بوو. ئەحمەد بەگ، لە دوای دوو ساڵ لە تەڕەف ئامۆزاکانیەوە کوژرا و سلێمان بەگی برای کرا بە ئەمیر. بەڵام بە سەبەبی بێکارەیی، شەش مانگێک ئیمارەتی پێ کرا، لە پاش بەینێک و لە سەر تکای ئەهالی، بە موساعەدەی حکوومەت، ڕەسووڵ پاشا لە عیمادییەوە هاتەوە و ئیمارەتەکەی گرتە دەس خۆی لە دوای حەوت ساڵێک، لە سەر نەدانی ویرکو ، حکوومەت لەشکری کردە سەری و لە دوای دوو شەڕ، لە دیرە و خەلیفاندا خۆی کێشایەوە ڕەواندز و لەوێوە لە سەر تەزییقی حکوومەت، ناعیلاج ما، چووە ئۆشنۆ و پێنج ساڵێک لەوێ ما.

ئیمارەتی سۆرانیش لە شکڵی قەزایەکدا ڕاستەو ڕاست کەوتە ژێر حوکمی تورکەوە. ڕەسووڵ پاشا لە دواییدا بە تکای وەلیعەهدی ئێران عەفو کرا و هاتە بەغدا و لە تەڕەف حکوومەتەوە مەعاش و تەخسیساتێکی ٧٥٠٠ قورووشی بۆ بڕایەوە و دانیشت. لە شەڕی «قریم»دا چوو بۆ جیهاد و لە ئەرزڕۆم بووە قوماندانی عەشایر و قوای موعاوەنە و لە ١٢٧٥ هـ.دا هاتەوە بەغدا. لە دوای سەفەری حیجاز و ئەستامۆڵی، کرا بە موتەسەڕیفی وان و لە دوای سێ ساڵ چووە ئەرزڕۆم دانیشت و لە ١٣٠١ هـ.دا لەوێ وەفاتی کرد.