ئیمارەتی سۆران

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 9 خولەک  1441 بینین

شەرەفنامە، کەڵۆس ناو موهاجرێکی بەغدایی بە جەددی ئومەرای سۆران ئەنوێنێ و ئەڵێ ئەم زاتە کوڕی یەکێ لە پیاوماقووڵانی بەغدا بووە؛ هەرچۆنێ بووە، هاتۆتە ناحیەی ئاوان [= ئەوان] و لە گوندی هەودیان بە شوانی ڕایبواردووە.

دوقتۆر فریچ ئەڵێ ئەم ناوی کەڵۆسە لە ناوێکی عەرەب ناکا و ئەبێ کوردی بێ، چونکە بە کوردی ناوە کە کەسێک دانی پێشەوەی کەوتبێ و پاشان بێ، کەڵۆس (= کەل)ی پێ ئەڵێن.

واقیعەن موتالەعەی دوقتۆر فریچ لە عەقڵ نزیکترە.

ئەم کەڵۆسە سێ کوڕی بووە: عیسا، ئیبراهیم و شێخ ئیدریس. عیسا کوڕە گەورەی بووە و زۆر ئازا و مەزبووت و خۆشسۆحبەت و سەخی بووە. لە بەر ئەوە، زۆر خۆشەویست بووە. بەینێک بەعزێ غەیرە، ئەو ناوە ناڕاحەت ئەکەن. خەڵکی ناحیەکە بۆ دەفعی دوژمن، عیسا ئەکەن بە گەورەی خۆیان و عیسا لە موددەتێکی کەمدا زۆر کەسی لە دەوری خۆی کۆ کردۆتەوە و قەڵای «ئەوان»ی موحاسەرە کردووە و لەگەڵ ڕەفیقەکانیا لە سەر بەعزێ تاشەبەردی سووری بەرامبەری قەڵاکەوە، دەسی کردووە بە شەڕ و مودافعینی قەڵاکەی چاوترسێن کردووە و خەڵکی قەڵاکە ناویان نا «سوورەبەردی» و لە دواییدا نەتەوەی ئەمیر عیسا بە «سۆران» شۆرەتی سەند .

ئەمیر عیسا نیهایەت قەڵاکە زەوت ئەکا و ئیمارەتێک دائەمەزرێنێ و بە سەربەخۆییەکی تەواو، موددەتێکی زۆر حکوومەت ئەکا. لە دوای وەفاتی، شاهـ عەلی بەگی کوڕی هاتۆتە جێگەی. بەینێک ئیمارەتی کردووە، لە پاشدا موڵکەکەی لە بەینی میر عیسا و میر حسێن و میر عەلیی کوڕیدا بەش ئەکا و خۆشی دێتە قەڵای حەریر کە بەشی میر عیسا بووە.

میر عیسا لە پاشدا تووشی تەعەڕوزی پیر بوداق بەگ بووە و لە ناو چووە و میر بوداقی برای هاتۆتە جێگەی و سوماقلقی لە ئێران زەوت کردووە.

شاهـ عەلی بەگی برای میر عیسا حاکمی «شق ئاباد = شفائاباد» بووە. ئەمیرێکی ئازا و ڕەشید بوو. بۆ ئەوەی کە حەقی کاکی لە پیر بوداق بەگی برای بەبە بستێنێتەوە، لەگەڵی کەوتە شەڕەوە و نیهایەت پیر بوداق بەگی کوشت و بەرەبەرە هەولێر و مووسڵ و کەرکووکیشی لە قزڵباش زەوت کرد و ئیمارەتێکی گەورە و بەشۆرەتی دامەزراند و بە سەربەخۆیی ئیدارەی کرد. کە ئەمری خوای بەجێ هێنا، سێ کوڕی مابوو: ئەمیر سەیفەددین، ئەمیر عیززەددین شێر، سلێمان بەگ.

میر سەیفەددین گلا و وەفاتی کرد. لە بەر ئەمە، ئیمارەت کەوتە دەس میر عیززەددین شێر و ئەم ئەمیرە هەولێری کرد بە مەرکەز و موددەتێک ئیدارەی ئیمارەتەکەی کرد. لەو بەینەدا سوڵتان سلێمانی قانوونی ئەچوو بۆ فەتحی بەغدا؛ کە گەیشتە ئەو ناوە، بوختانێکی گەورە بە میر عیززەددین کرا و بە ئەمری قانوونی گیرا و کوژرا (٩٤١ هـ/ ١٥٣٤ م).

قانوونی، لە دوای میر عیززەددین، هەولێری دا بە حسێن بەگی داسنی و ئەم ئەمیرە لە دوای بەینێک ـ کە ئەمیر سلێمانی شاهـ عەلی بەگ وەفاتی کرد ـ هەموو ئیمارەتی سۆرانی گرتە دەس خۆی. بەم [تەڕحە] لە پاش بەینێک میر سەیفەددین کوڕی میر حسێن کوڕی میر بوداقی شاهـ عەلی بەگی لێ ڕاست بووەوە و لە دوای شەڕ و دەعوایەکی زۆر، ئیمارەتەکەی سەندەوە.

حکوومەتی عوسمانی لە میر سەیفەددین عاجز بوو و سوڵتان حسێن بەگی ئەمیری عیمادییە و بەعزێ ئومەرای کوردی تری ناردە سەری، بەڵام لە عۆدەی نەهاتن. نیهایەت بە قسەی غازی قڕان یۆسف بەگی ئەمیری برادۆست، چووە ئەستامۆڵ و دەخالەتی کرد. بەڵام سوڵتان سلێمان لێی قەبووڵ نەکرد و کوشتی.

لە دوای وەفاتی میر سلێمانی کوڕی شاهـ عەلی بەگ، قولی بەگی کوڕی کە دی حسێن بەگی داسنی ئیمارەتی سۆرانی زەوت کرد، چوو بۆ لای شاهـ تەهماسب، بەڵام پاش بەینێک لە تەڕەف سوڵتان سلێمانەوە کرا بە حاکمی «سەماوە». لە دوای ئیعدامی میر سەیفەددین، خەڵکی سۆران ئیسترحامیان لە ئەستامۆڵ کرد کە قولی بەگیان بە ئەمیر بۆ تەعین کا و واقیعەن فەرمانی ئیمارەتی بۆ نێررا و نەواحیی حەریریشی درایە و نزیک بیست ساڵێک ئیدارەیەکی باشی کرد.

لە دوای قولی بەگ، بوداق بەگی کوڕی بۆتە ئەمیر و دوو ساڵێک بێ شەڕ و هەرا ئیدارەی کردووە، لە پاشدا سلێمان بەگی برای لێی ڕاست بۆتەوە و بوداق بەگ خۆی ڕانەگرتووە و چۆتە لای سوڵتان حسێن بەگی بادینان و لەوێ بەعزێ ئیمدادی دراوەتێ و لە گەڕانەوەدا لە عەقرە وەفاتی کردووە.

سلێمان بەگی برای، بەبێ ڕەقیب، ئیمارەتەکەی بۆ ساغ بۆتەوە. ئەمیرێکی عادڵ [و] ڕەعیەت‌پەروەر بوو؛ لە تاریخێکدا بە لەشکرێکی سیانزە هەزار سوارییەوە چۆتە سەر عەشیرەتی زازا و شکاندوویەتی و تاڵانی کردووە. ئەم عەشیرەتە لە ئەستامۆڵ شکاتی لێ کردووە و سوڵتان موراد ویستوویەتی لەشکری بکاتە سەر، بەڵام سلێمان بەگ لەو وەقتەدا چۆتە سەر ئێران و تاڵانێکی زۆری هێناوە و بەعزێ دیاریی باشی ناردووە بۆ ئەستامۆڵ؛ لە سەر ئەمە، وازی لێ هێنراوە (٩٩٤ هـ) و سلێمان بەگ بە هەموو لایەکا ناوبانگی بڵاو بۆتەوە.

لە دوای وەفاتی سلێمان بەگ، عەلی بەگی کوڕی بۆتە ئەمیر و لەگەڵ ساحێبی شەرەفنامەدا هاوعەسرە. شەرەفخان تا زەمانی ئەم ئەمیرە باسی سۆران ئەکا و دوایی ئەحواڵی ئیمارەتەکە تا ئێستا باش تەدقیق نەکراوە.

«تاریخ نعیما» ئەڵێ لە ١٠٣٩ هـ.دا کە سەردار خەسرەو پاشا هاتە مووسڵ، میرەبەگی سۆران و سەید خانی عیمادییە بە لەشکریانەوە هاتنە لای. لەمە وا حاڵی ئەبین کە لە دوای عەلی بەگ، میرەبەگ بۆتە ئەمیر، بەڵام ئەحواڵ و موددەتی ئیمارەتی، مەعلووم نییە.

بە گوێرەی ڕاپۆری ئیدارەی ڕەواندز ، مەرکەزی ئیمارەت گاهـ لە «دوین» و گاهـ لە «حەریر» و «کالیفانی» و ڕەواندز بووە.

زاهیر وایە کە ئومەرای سۆران لە عەسری دەهەمدا مەرکەزیان لە «دوین قەڵا» بووە و تا تاریخی ١١٤٣ هـ (١٧٣٠ م) لەوێ ماون. لە دواییدا حکوومەتی بەبەی سلێمانی، تەنگی پێ هەڵچنیون و «شکەلی بەگ»ی ئەمیری سۆران، مەرکەزی حکوومەتەکەی بردۆتە حەریر. سلێمان بەگی کوڕی، لە سەر شاخی حەریر (گڵەسوو)، قەڵایەکی مەحکەمی دروست کردووە و بەعزێ ئاساری تریشی داناوە و خدمەتی عیلمی کردووە. ڕەئیس عولەمای، شێخ حەیدەری مالوورانی بوو. ئەم زاتە لە حەریریش لە دەس بەبە نەجاتی نەبووە و ناڕاحەت کراوە و لە عومرێکی حەفتا ساڵیدا ئەمری خوای بەجێ هێناوە و لە حەریر نێژراوە.

بە گوێرەی ڕیوایەتی محەللی، ئەم بەگە بەینێک لەگەڵ حکوومەتی بەغدا تێکچووە و گیراوە و لە بەغدا حەپس کراوە و لەوێ وەفاتی کردووە و لەم دەورەدا «خانزاد»ی خوشکی، موددەتێک ئیمارەتەکەی ئیدارە کردووە و زۆر ئاساری خەیرییەی بەجێ هێشتووە.

عەلی بەگی سلێمان بەگ، بەربەستی تەعەڕوزی بەبەی پێ نەکراوە و ئیمارەتەکەی بردۆتە گوندی کالیفان کە لە دۆڵی «ئالانا»دا و لە مەدخەلی دەربەندی ڕەواندزدا بووە (١١٩٢ هـ/ ١٧٧٨ م). دەربەندی ڕەواندزی کە لە پاشدا بە ناوی خۆیەوە بە گەڵی عەلی بەگ شۆرەتی سەندووە، زۆر باش و لە هەر دوو سەرەوە بە قەڵای سەر دەریا و سەرەشمە قایم کردووە و لە دوو ئاوی ڕەواندز و بالەکیانیشدا قەڵایەکی بینا کردووە.

لە دوای عەلی بەگ، «ئوغوز بەگی گەورە»ی کوڕی بۆتە ئەمیر و مەرکەزی ئیمارەتی بردۆتە ڕەواندز (١٢٠١ هـ/ ١٧٧٨ م) و بەرەبەرە حوکمی خۆی گەیاندۆتە سیدەکان، هاودیان و دەشتی دیانا و عەشایری گاوری ئەو ناوەی هێناوەتە ژێر دەسی خۆی.

ئەحمەد بەگی کوڕیشی، ئیمارەتەکەی تەوسیع کرد و «ئوغوز بەگی بچووک»ی کوڕیشی لە سەر شوێنی باوکی ڕۆیشت.

لە زەمانی ئیمارەتی مستەفا بەگی کوڕی ئوغوز بەگدا سەرلەنوێ شەڕی بەبە دەستی پێکرد و حەتتا بەینێک مەرکەزی ئیمارەتیش موحاسەرە و تەهدید کرا. بەڵام مستەفا بەگ لە نەتیجەدا لەشکری بەبەی شکاند و شوێنیان کەوت و کوشتارێکی زۆری لێ کردن.

لە دوای بەینێک مستەفا بەگ بۆ بڕینەوەی ئەم شەڕە، فاتمە خانمی کچی دا بە حسێن بەگی کوڕی مەحموود پاشای بەبە و لە دوای ئەم ئاشتییە، دەسی کرد بە ئیسلاحی ئیمارەتەکە و تەیمووری برای کرد بە حاکمی هەفدیان و یەحیا بەگیشی کرد بە حاکمی مەنتیقەی سیدەکان و برادۆست. محەمەد بەگی کوڕی و خۆشی لە ١٢٤٢ هـ.دا وەفاتی کرد.