ئیمارەتی حەکاری

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 2 خولەک  891 بینین

دەرحەق بە ئەسڵی خانەدانی ئەم ئیمارەتە، مەعلووماتێکی دروست نییە. شەرەفنامە ئەڵێ جەددی ئەمانە، شەمسەددین ناو زاتێکە (تەماشای باسی کلیس بکە). لە لایەکی ترەوە ئەڵێ دووەم جار، ئیمارەتەکە لە تەڕەف ئەسەدەددین کلابییەوە ئیحیا کراوەتەوە و ئەم ئەسەدەددینەش کە بە «زەڕین چنگ» شۆرەتی بووە، لە میسرەوە و لە سەر ئیلتیماسی ئاسوورییەکان کراوە بە ئەمیر.

دوقتۆر فریچ بە گوێرەی ئەم مەعلووماتە و ئیسمی «شموون = شەمبو»وە ئەڵێ چونکە بە ئاسووری ئیسمی «شەنبە» ناوی ڕۆژێکە، ئەبێ ئەم ئەمیرە لە ئاسووری بێ؛ وەلحاڵ ئەم فیکرە زۆر غەڵەتە، چونکە شەمۆ کوردییە و ئەگەر بە گوێرەی موشابەهەتی لەفزەوە حوکم بدەین، ئەبێ بڵێین «شەمبۆ» کورد بووە. خولاسە وەکوو شەرەفنامە لە باسی ئیمارەتی کلیسدا ئەڵێ، ئەبێ شەمسەددین باپیرە گەورەی ئەم خانەدانە بێ و ئیمارەتەکەش شەمبۆی پێ گوتراوە.

لە دوای ئەسەدەددین، مەلیک عیززەددین شیر (یەزدان شیر) بووە بە ئەمیر و شەست ساڵێک حوکمی کردووە. لە دواییدا زاهید بەگی کوڕی، ئیمارەتەکەی خستۆتە ژێر حیمایەی شاهـ ئیسماعیلی سەفەوییەوە. لە دوای زاهید بەگ وا دەرئەکەوێ کە مەلیک بەگ و سەیید محەمەد بەگی کوڕی، هەر یەکە لە بەشێکی حەکاری و شەمدیناندا حوکمیان کردووە و نەتەوەی ئەم خانەدانە تا عەسری نۆزدەمینی میلادیش ماوە و حوکمیان جاری بووە و لە ئیمارەتە گەورەکانی کوردستانی مەرکەزی بوون.

زەکەریا بەگ و ئیبراهیم بەگ لە جووڵەمێرگ و ئەلپاقدا حاکم بوون و تەسادوفی دەوری شەرەفخانی بتلیسیان کردووە (١٠٠٥ هـ). ئەولیا چەلەبی، زۆر مەدحی ئەم ئیمارەتە ئەکا و ئەڵێ، دائیمی دە هەزار تفەنگچییەکی بوو و لە وەقتی تەنگانەدا چل پەنجا هەزار شەڕکەری کۆ ئەکردەوە.

ئاخیر ئەمیری ئەم خانەدانە، نوورەڵڵا بەگی حاکمی بۆتان بوو کە لە دوای حادیسەی بەدر خان بەگ، ئیمارەتەکەی لە دەس چوو، لە ١٨٤٥م.دا حەلیمە خانم، باش قەلعەی تەسلیمی تورک کرد.