ئیمارەتی مەحموودی

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 2 خولەک  751 بینین

دەرحەق بە ئەسڵی ئەمیرانی مەحموودیش زۆر ڕیوایەت هەیە. بەڵام دوقتۆر فریچ ئەڵێ موئەسیسی ئەم حکوومەتە بەهلوول بەگی سلێمانییە و لە نەتەوەی ئاخیر خەلیفەی ئەمەوی، مەروانە.

بەڵام شەرەفنامە ئەڵێ موئەسیسی ئەم خانەدانە، شێخ مەحموود ناو زاتێکە، کە بە ڕیوایەتێک لە شامەوە و بە ڕیوایەتێکی تر لە جەزیرەی ئیبنی عومەرەوە لەگەڵ عەشیرەتەکەی هاتۆتە لای حوکمداری قەرەقۆیۆنلوو، قەرە یۆسف و لە تەڕەف ئەم حوکمدارەوە قەڵای «ئەشوت» دراوە بە عەشیرەتەکەی و خۆشی کردووە بە مەعییەتی خاسی خۆی. لە دوای بەینێک کە جورئەت و مەردایەتیی شێخ مەحموود لە شەڕدا بینراوە، کراوە بە ئەمیری ئەشوت و خۆشاب و عەشیرەتەکەش بە ناوی ئەم ئەمیرەوە، «مەحموودی»ی ناو نراوە.

میر حەسەنی کوڕی شێخ مەحموود ئیمارەتەکەی گەورە کردووە. عیززەددین شیری حەکاریی شکاندووە و ناحیەی «تینو»ی لێ زەوت کردووە. لە دواییدا ئەمیری بتلیس یارییەی عیززەددین شیری داوە و لە شەڕی «چۆمی میر ئەحمەد»دا میر حەسەن کوژراوە. لە پاشدا ئەم ئیمارەتە بووە بە دوو قۆڵ: مەحموودی [و] ئاقجەقەلعە و لە ئەواخیری عەسری دەهەمی هیجریدا قۆڵێکی تریشی لێ بۆتەوە. خولاسە تا ئەواسیتی دەوری عوسمانی دەوامی کردووە. ئەولیا چەلەبی باسی قووەت و گەورەیی ئەم ئیمارەتە ئەکا و ئەڵێ: ئەم حکوومەتە لای ڕۆژهەڵاتی وان کەوتبوو و نزیک سەد عێلێکی هەبوو، لەشکری دایمی، شەش هەزار سوارێک بوو.