ئیمارەتی کلیس

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 2 خولەک  906 بینین

ئینسقلۆپێدیای ئیسلام ئەڵێ، خانەدانی ئیمارەتی کلیس، بێ شوبهە مەنسووبی خانەدانی ئیمارەتی حەکاری و عیمادییەیە. شەرەفنامە ئەڵێ ئەسڵی ئەمانە عەباسییە و ئەمانە سێ برا بوون: شەمسەددین، جەددی خانەدانی ئیمارەتی حەکارییە؛ بەهائەددین، باوکەگەورەی میرانی بادینانە؛ مونتەشا موئەسیسی خانەدانی ئیمارەتی کلیسە. ناوی ئەم سێ زاتە لە تەڕەف کوردانی ئەو ناوەوە بە نەزەری لەهجەیانەوە کراوە بە: شەموون، بەهدین، مەند.

لەمانە «مونتەشا = مەند» قووەتێکی موناسیبی کوردی کۆ کردۆتەوە و چۆتە میسر و شام و خدمەتی حکوومەتی ئەیووبیی کردووە و لە تەڕەف سوڵتانی ئەیووبییەوە نزیک لە ئەنتاکییە ناحیەی قەسیری دراوەتێ؛ مەند، بەرەبەرە یەزیدیی ئەو ناوە و خێڵانی کوردی «سوم» و «کلس»ی لە دەوری خۆی کۆ کردۆتەوە و لە خدمەت و سەداقەتی ئەیووبیشدا دەوامی کردووە. لە موکافەئاتی ئەمەدا، سوڵتانی ئەیووبی، ئیمارەتی کوردانی شام و حەڵەبی پێ بەخشیوە.

لە دەوری مەملووکی میسر و ئەخلافیدا نەتەوەی مەند لەگەڵ یەزیدییەکانا زۆر خەریک بوون. ئەمیر قاسم بەگ لە زەمانی عوسمانیدا لەگەڵ شێخ عیززەددینی ڕەئیسی یەزیدی، کەوتۆتە شەڕەوە و نیهایەت بە حیمایە و ئیلتیماسی قەرەجە پاشای بەگلەربەگی حەڵەب، قاس بەگ گیرا و کوژرا و جان‌پۆڵا بەگی کوڕیشی برایە ئەستامۆڵ و خرایە ئەندەروونەوە و شێخ عیززەددین بووە ئەمیری کوردانی ئەو ناوە.

لە زەمانی سوڵتان سلێماندا ئینجا ئیمارەت کەوتەوە دەس جان‌پۆڵا و تا زەمانی سوڵتان ئەحمەد تا دەرەجەیەک حوکم و نفووزی نەتەوەی جاری بوو و نیهایەت میر عەلی عوسیانی کرد و سەربەخۆیی لە حەڵەبدا ئیعلان کرد، بەڵام زۆری پێنەچوو قویوجی موراد پاشا شکاندی و لە ناو چوو (١٠١٦ هـ).