ئیمارەتی زراکی

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 1 خولەک  700 بینین

شەرەفخانی بتلیس ئەڵێ ئەم عینوانی «زراکی»یە لە «ئەزرەقی»یەوە پەیا بووە و موئەسیسی ئەم ئیمارەتە، شێخ حەسەن لە سووریەوە هاتۆتە ماردین و بە کەشف و کەرامات، شۆرەتی پەیا کردووە و چونکە جلی شینی لە بەر کردووە، پێیان گوتووە «ئەزرەقی».

زۆری پێنەچووە ئەم شێخە لە تەڕەف حاکمی ماردینەوە، کە موحتەمەلە ئاق قۆیۆنلوو بووبێ، حەپس کراوە، بەڵام لە دواییدا بە سەبەبی بەعزێ کەرامەتیەوە بەر دراوە و حاکمەکەش کردوویەتی بە زاوای خۆی و ئەم شێخ حەسەنە لە دوای خەزووری، حکوومەتی ماردینی گرتۆتە دەس خۆی، لە پاشدا لە نەتەوەی ئەم زاتە، چوار خانەدانی تر پەیا بووە: درزینی، کردکان، عتاق، ترجیل.

قۆڵی ئەووەڵ لە تەڕەف «هابل»ی کوڕی شێخ حەسەنەوە لە قەڵای «دیرزیر»دا.

قۆڵی دووەم لە تەڕەف کوڕەزای هابلەوە لە کردکاندا (بەینی دیاربەکر و میافارقین).

قۆڵی سێیەم لە تەڕەف ئەمیر بەگی زراکییەوە لە قەڵای عتاقدا.

قۆڵی چوارەم لە قەڵای ترجیلی نزیک دیاربەکردا دامەزراوە.

هەر چوار قۆڵەکە لە دەوری عوسمانیشدا موددەتێکی زۆر دەوامی کردووە.