ئیمارەتی سلێمانی

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 2 خولەک  724 بینین

شەرەفنامە، خانەدانی ئەم ئیمارەتە ئەباتەوە سەر سێ کوڕی ئاخیر خەلیفەی ئەمەوی (مەروانی محەمەد) و ئەڵێ ئەم کوڕانە لە دوای لەناوچوونی حکوومەتی ئەمەوییە هاتوونە مەنتیقەی قولب و بە یارمەتیی عەشیرەتی بانووکی (= بانەکی)ی کوردەوە وردەوردە ئەو ناوەیان تا دیجلە داگیر کرد و بەعزێ قەڵا و نەواحیشیان لە ئەرمەنی و گورجی سەند و لەو ناوەدا حکوومەتێکی باشیان پێکەوە نا.

لە هەشت عەشیرەتی گەورەی ئەم ئیمارەتە، بەعزێکی سوننی بوون و بەعزێکیشی بوون بە یەزیدی. بەشی زۆری، گەڕۆک بوو و عەشیرەتی «سلێمانی»ش لەمانە بوو.

دیسان هەر بە قسەی شەرەفنامە، ئەبێ موئەسیسی ئەم ئیمارەتە، مەروان ناوێک بێ. لە زەمانی پێنجەم پشتی ئەم ئەمیرەدا کە «میر دیادین»یان پێ ئەگوت، شاهـ ئیسماعیلی سەفەوی پەیا بووە و ئەمیر دیادین لەگەڵ والیی دیاربەکری سەفەویدا باش ڕایبواردووە و حەتتا بۆتە زاواشی. لە پاش وەفاتی ئەم ئەمیرە، ئیدارەی حکوومەتەکەی کەوتۆتە دەس برازاکانی و دوو قۆڵی لێ پەیا بووە: خانەدانی گلاب و باتمان، خانەدانی میافارقین.

ئەم دوو خانەدانە تا مەبادیی عەسری بیستەمی میلادی، حوکم و نفووزیان بە دەرەجەیەک مابوو (ئینسقلۆپێدیای ئیسلام، جڵدی ٣، ل ١٦١)