ئیمارەتی حەسەنکێف

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 2 خولەک  721 بینین

ملووکی ئەم ئیمارەتە، بە ڕیوایەتی شەرەفنامە، نەتەوەی خانەدانی ئەیووبییە. ئەووەڵ ئەمیری، مەلیک سلێمان بووە و تەسادوفی دەوری جەنگیزی کردووە. کە وا بوو، ئەبێ ئەم ئیمارەتە لە ٧٣٦ هـ.دا دامەزرابێ. مەلیک محەمەدی کوڕی مەلیک سلێمان لەگەڵ موغول و حکوومەتی ئێراندا باشی ڕابواردووە. مەلیک ئەشرەفی کوڕەزای مەلیک محەمەد، تەسادوفی دەوری تەیمووری لەنگی کردووە و لە ماردین چۆتە [لای] تەیموور و حیمایەی ئەوی قەبووڵ کردووە. مەلیک خەلیلی کوڕی، لەگەڵ شاهڕوخی کوڕی تەیمووردا مودارای کردووە. مەلیک خەلەف (= ئەبو ئەلسەیفەین)ی کوڕی مەلیک خەلیل زۆر بەجەرگ و ئازا بووە و بەرامبەر بە ئیستیلای ئاق قۆیۆنلووی حەسەنکێف، مەردانە مودافەعەی کردووە، بەڵام بە خیانەتی یەکێ لە ئومەرای، قەڵاکە کەوتۆتە دەس دوژمن و ئەم ئیمارەتە بە مووەقەتی لە ناو چووە.

مەلیک خەلیل ناو ئەمیرێکی ئەم خانەدانە، لە دوای ئیستیلای ئاق قۆیۆنلوو ڕایکردبووە حەمما، لە وەقتێکدا کە ئومەرای ئاق قۆیۆنلوو بۆ تەختی سەڵتەنەت لە بەینی خۆیانا کەوتبوونە شەڕەوە، ئەم مەلیک خەلیلە هاتەوە کوردستان و بە موعاوەنەتی عەشایرەوە، سعردی زەوت کرد. لە دواییدا حەسەنکێفیشی سەندەوە و ئیمارەتەکەی سەرلەنوێ دامەزراندەوە.

مەلیک خەلیل هەرچەند لەگەڵ خانەدانی سەفەویدا موناسەبەت و خزمایەتیشی پەیا کرد، بەڵام لە شەڕی شاهـ ئیسماعیل ڕزگاری نەبوو و سێ ساڵ لە تەورێز حەپس کرا و لە دوای شەڕی چاڵدێران، خۆی نەجات دا و هاتەوە سەر ئیمارەتەکەی و تابیعی عوسمانی بوو و موددەتێک ئیمارەتەکەی بە دەس نەتەوەیەوە دەوامی کرد و لە دواییدا لە تەڕەف حکوومەتی عوسمانییەوە لە ناو برا.