حکوومەتی ئەیووبیی حەڵەب (٥٧٩- ٦٨٥ هـ)

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 5 خولەک  555 بینین

سوڵتان سەلاحەددین ئەووەڵ جار ئەم وڵاتەی حەڵەبەی دا بە مەلیک زاهیر غازیی کوڕی، کە هێشتا یانزە ساڵە بوو. لە دوای چەند مانگێک ئیدارەی ئەم وڵاتەی دا بە مەلیک عادڵی برای. لە ٥٨٢ هـ.دا سوڵتان سەرلەنوێ تەقسیماتی موڵکی کرد و مەلیک عادڵی کرد بە ئەتابەکی مەلیک عەزیزی کوڕی لە میسر و وڵاتی حەڵەبی دیسانەوە دا بە مەلیک زاهیر غازی و «سەفیە خاتوون»ی کچی مەلیک عادڵی لێ مارە کرد. مەلیک زاهیر لە حاڵی حەیاتی باوکیا وەکوو تابیعێکی سادق، لە هەموو شەڕی ئەهلی سەلیبدا کۆمەکی باوکی کرد و لە دوای وەفاتی باوکی، تابیعی مەلیک عادڵی مامی بوو.

غایەی ئەم ئەمیرە ئەوە بوو کە بە ئیتیفاق، موازەنەی قووەتی حکووماتی ئەیووبی موحافەزە بکرێ و بۆ خاتری ئەمەی کە بتوانێ بەرامبەر بە هەموو تەعەڕوزێک مودافەعە بکا، قەڵای حەڵەبی زۆر مەحکەم، تەعمیر و تەقویە کرد. مەلیک زاهیر لە ٦١٣ هـ.دا وەفاتی کرد، مەڕحووم لە پێش وەفاتیدا مەلیک عەزیز مەحموودی کوڕە بچووکی کە کچەزای مەلیک عادڵ بوو، کردبووی بە خەلەفی خۆی و مەقسەدیشی لەمە، ئیستیفادەکردن لە نفووز و موعاوەنەتی مەلیک عادڵ بوو.

مەلیک ئەشرەف مووسای کوڕی مەلیک عادڵ، ئەمر و قوماندای لەشکری حەڵەبی گرتە دەس خۆی و بەرامبەر بە تەعەڕوزی سوڵتان کەیکاوسی سەلجووقی، مودافەعەیەکی باشی کرد. ئومووری ئیدارەی موڵکییەی وڵاتەکە بە دەس ئەتابەک توغرولی نائیبی مەلیک زاهیر و مەشهوور قازی بەهائەددین ئیبنی شەددادەوە بوو.

مەلیک عادڵ و مەلیک کامیلی خەلەفی و کوڕی، تەسدیقی حکوومەتی مەلیک عەزیزیان کرد و مەلیک عەزیز لە ساڵی ٦٢٨ هـ.دا ئیدارەی گرتە دەس خۆی و بۆ تەئمینی ئیدارەی خۆی، لە ئومەرای مەنسووبینی، مەئموورینی تازەی تەعیین کرد و قوماندای قەڵای حەڵەبیشی دایە دەس ئەمیرێکی خۆی. بە یارمەتیی مەلیک کامیلی خاڵی، قەڵای شیرازی گرت. «ئەلبیرە» کە قەسەبەیەکی سەر فورات بوو، لە ناو میراتی ئەلزاهیر داودی مامیا، کەوتە دەسی. چ باوکی و چ خۆی زۆر تەرەقییان بە شاری حەڵەب کرد، عومران و تیجارەت زۆر پێش کەوت. لە تەڕەف جەزیرە و سووریەوە حدوودی تەوەسوعی کرد.

مەلیک عەزیز لە ساڵی ٦٣٤دا بە جوانەمەرگی مرد و مەقامی حکوومەتی بۆ مەلیک ناسر یۆسفی دووەمی کوڕی بەجێ هێشت کە هێشتا حەوت ساڵە بوو. نەنکی یۆسف، سەفیە خاتوون، لە دەوری بوحرانێکی سیاسیدا، بوو بە نائیبەی مەلیک ناسر یۆسف و لە دوای عاجزییەکی لەگەڵ مەلیک کامیلدا، لەگەڵ مەلیک ئەشرەفی حاکمی شام ئیتیفاقی کرد. لە وەقتێکدا کە لەشکری میسر هاتە سەری و وڵاتەکەی ئیستیلا کرد، زۆر باش توانی خۆی مودافەعە بکا و ئۆردووەکەی کە لە قوماندای ئەلموعەززەمی کوڕی سوڵتان سەلاحەددیندا بوو، لەشکری دوشمنی تووشی زایعاتێکی زۆر کرد و گێڕایەوە دواوە.

سەفیە خاتوون بۆ زیادکردنی نفووز و قووەتی خۆی، بە ئاشکرا لەگەڵ سوڵتان کەیخەسرەوی سەلجووقی ڕۆمدا ئیتیفاقی کرد و ئەوی بە مەتبووعی خۆی قەبووڵ کرد، لە سککە و خوتبەدا ناوی ئەوی دانا و خوشکی سوڵتان کەیخەسرەوی بۆ مەلیک ناسری کوڕەزای خواست. لەم بەینەدا تەهلوکەیەکی گەورە ڕووی کردبووە سووریە و هەموو ئەهالیی شەڕکەری خوارەزمی، لە تەڕەف جەنگیزخانەوە لە خاکی خۆی دەرکرابوو و لە جەنووبی بەحری خەزەرەوە ڕووی کردبووە جەزیرە و مەملەکەتی مەلیک ساڵح ئەیووبی کوڕی مەلیک کامیلی ئیستیلا کردبوو.

جێگەی ئەسەفە کە ئەو حیسسی حەسادەتە کە لە بەینی ئومەرای ئەیووبییەدا هەبوو، نەیهێشت بەرامبەر بەم تەهلوکەیە ئیتیحاد بکەن وەیا بە گوێرەی مەنفەعەتی خۆیان لەگەڵ خوارەزمی یەک بگرن. نیهایەت لە ساڵی ٦٣٨ هـ.دا لەشکری حەڵەب بەرامبەر بە قووەتی زۆر غالبی خوارەزمی شکا و ئەلموعەززەمی قوماندانی، ئەسیر بوو. هەموو بارگرانیان کەوتە دەس دوژمن و تا حەمما هەموو وڵاتەکە کەوتە ژێر ئیستیلای خوارەزمییەوە.

لە پاشدا لەشکری حەڵەب لە تەڕەف مەلیکی حومس و عەشایری بەدەوی، کە لە لەشکری خوارەزمی ڕایکردبوو، تەقویە کرا و قودرەتێکی وای پەیا کرد کە بتوانێ سەرلەنوێ لەگەڵ لەشکری خوارەزمی شەڕ بکا و لە ئەووەڵ موسادەمەدا شکاندی و شوێنی خوارەزمی کەوت و تا ڕەحبە ڕادووی نا و لەوە زیاتر تەعقیبی نەکرد. خوارەزمی شکا و بە سەر حەڕاندا تا عانە خۆی نەگرت و لەوێ داخڵی وڵاتی خەلیفەی عەباسی بوو. شارانی جەزیرە کە لە تەڕەف خوارەزمییەوە زەوت کرابوو، هەمووی سێنرایەوە. ئەو ئەسیرانەی کە لە تەڕەف خوارەزمییەوە لە حەڕاندا حەبس کرابوون، هەمووی بەرەڵا بوون.

لە ٦٤٠دا لەشکری حەڵەب جارێکی تریش لەشکری خوارەزمی شکاند و لە دوای ئەم غەلەبەیە بە چەند مانگێک سەفیە خاتوون وەفاتی کرد. مەلیک ناسر یۆسف ئەم جارە ئومووری حکوومەتی گرتە دەس خۆی و بە سەر بەشی زۆری سووریەدا لە ئەلعەریشەوە تا فورات حاکمیەتی خۆی جاری کرد. لە تەڕەف خەلیفەی بەغدادەوە عینوانی سوڵتانی درایە، زۆر حەیف کە تالعی ناساز موسیبەتی تاتاری هێنایە پێش، واقیعەن هۆلاکۆ لە ٦٥٨ هـ.دا ڕووی کردە حەڵەب. سوڵتان ناسر بێ‌فائیدە ئینتیزاری معاوەنەتی لە میسر کرد و نیهایەت ناعیلاج ما حەڵەبی بەجێ هێشت و چووە شام، بەڵام دیسان نەجاتی نەبوو و کەوتە دەس هۆلاکۆ و لە ناو چوو و حکوومەتی حەڵەبی ئەیووبی بەم تەرحە دوایی هات.