حکوومەتی ئەیووبیی شام

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 3 خولەک  724 بینین

سوڵتان سەلاحەددین لە حاڵی حەیاتیدا شام و سووریەی دابوو بە مەلیک ئەلئەفزەلی کوڕە گەورەی. لە دوای وەفاتی خۆی، زۆری پێ نەچوو بەینی مەلیک ئەفزەل و مەلیک عەزیزی حوکمداری میسر تێکچوو و لە دواییدا مەلیک عادڵیش خۆی تێکەڵی ئەم هەرایە کرد و موددەتێکی زۆر ئەم دەعوایە توولی کێشا و لەم بەینەدا مەرکەزی حکوومەتی مەلیک ئەفزەل، کە شام بوو، چەند جارێک کەوتە ژێر موحاسەرەوە.

ئینجا لە دوای وەفاتی مەلیک عەزیز و شکانی مەلیک ئەفزەل، شام و سووریە لە ژێر ئیدارەی مەلیک عادڵدا حەسایەوە. لە دوای وەفاتی مەلیک عادڵ، حکوومەتی سووریە کەوتە دەس ئەلموعەززەم عیسای کوڕی و لە زەمانی ئەمدا تەهلوکەی فەرەنگ ئەو وڵاتەی ناڕاحەت کرد. لە دوای وەفاتی ئەلموعەززەم، مەلیک ناسری کوڕی بوو بە حاکمی شام. بەڵام مەلیک کامیل وازی لێ نەهێنا و بە لەشکرەوە چووە سەری. مەلیک ئەشرەف مووسای برای مەلیک کامیل، ئەووەڵەن لای مەلیک ناسری گرت، بەڵام لە دواییدا لەگەڵ مەلیک کامیل ڕێک کەوت و شامیان گرت و ئیدارەی ئەم شارە کەوتە دەس مەلیک ئەشرەف (٦٢٦ هـ).

ئەوەندەی پێ نەچوو مەلیک ئەشرەف بۆ دەفعی تەهلوکەی جەلالەددین خوارەزمشاهـ، لەگەڵ سوڵتانی ڕۆم، کەیقوباددا ئیتیفاقی کرد و لەشکرێکی لە قوماندای ئەمیر عیززەددین عومەری حەکاریدا نارد و ئەم دوو موتتەفیقە جەلالەددینیان لە نزیک ئەرزەنجان شکاند (٢٨ی ڕەمەزانی ٦٢٧ هـ). لە دوای بەینێ، مەلیک ئەشرەف لەگەڵ مەلیک کامیلی برایدا لەگەڵ عەلائەددین کەیقوباد تێک چوو. تەعەڕوزی کەیقوباد بۆ سەر جەزیرە، ئینجا لە دوای دوو ساڵ لە ٦٣٣ هـ.دا دەفع کرا. مەلیک ئەشرەف لە ئەواخیری حەیاتیدا لەگەڵ مەلیک کامیلیش تێک چوو و لەشکری میسر هاتە سەر شام و لەو بەینەدا مەلیک ئەشرەف وەفاتی کرد.

لە زەمانی مەلیک عادڵی دووەمدا شەڕ و دەعوای بەینی ئومەرای ئەیووبی دەسی پێکرد و مەلیک ساڵح ئیسماعیلی حاکمی شام، بەرامبەر بە مەلیک ساڵح ئەیووبی حاکمی میسر، لەگەڵ فەرەنگدا ئیتیفاقی کرد. مەلیک ساڵح ئەیووب، بە یارمەتیی لەشکری خوارەزمی، موتتەفیقینی غەززەی شکاند (٦٣٤ هـ/ ١٢٤٤ م) و سەرلەنوێ سووریە و میسری تەوحید کرد.

لە دوای وەفاتی موعەززەم توورانشاهی کوڕی مەلیک ساڵح ئەیووب، حاکمی حەڵەب، مەلیک ناسر یۆسف شامی زەوت کرد. ئەم زاتە ئاخیر ئەمیری ئەیووبیی شام بوو.

شاران و وڵاتانی سووریە لە زەمانی ئەیووبیدا زۆر تەعمیرات و ئیسلاحاتی دی. ئومەرا و ئەمیراتی خانەدانی ئەیووبی و ڕوئەسای ئەم دەورە، لە بیناکردنی سەرا و قەسری جوان جوان عادەتەن لەگەڵ یەک دەسپێشکەرییان ئەکرد. باخسووس شام زۆر پێش کەوت و بووە مەرکەزی عیلم و مەجمەعی مەدارس. ئیبنی جەبیر کە لە زەمانی سوڵتان سەلاحەددیندا ئەم شارەی دیوە، ئەڵێ لە شامدا بیست مەدرەسەیەک هەبوو و ئەوەندەی پێ نەچوو دوو میسلی ئەم عەدەدە مەدرەسە کرا.