دەوری سەڵتەنەتی توورانشاهـ

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 7 خولەک  492 بینین

کوڕی مەلیک ساڵح نەجمەددین ئەیووبە، لە وەقتی وەفاتی باوکیا، حاکمی جەزیرە و کوردستان بوو. هێشتا لە زەمانی باوکیا و لە شەڕ و شۆری بەدرەددین لوءلوئی ئەتابەکی مووسڵ و سوڵتانی سەلجووقی ڕۆمدا لە ئیش و کاری سەرداری و ئیدارەدا پێگەیشتبوو. لە سەنعەتی حەربدا شۆرەتێکی گەورەی هەبوو.

کە خەبەری وەفاتی باوکی بیست، دەسبەجێ هەڵسا و ڕووی کردە میسر. «شجرة الدرّ»ی باوەژنی، ئافرەتێکی تێگەیشتوو و عاقڵ بوو. تا توورانشاهـ گەیشتە میسر، مردنی مەلیک نەجمەددینی شاردەوە. توورانشاهـ کە گەیشتە میسر، دەسبەجێ لە تەڕەف ئومەراوە بەیعەتی پێ کرا و بە سوڵتان ئیعلان کرا.

تا ئەو وەقتە لەشکری سەلیبی «سەن لوء»، دەمیاتی کردبوو بە ئوسسی حەرەکە و لە دوای گەیشتنی ئیمداد، کە عیبارەت بوو لە ئینگلیز و فرانسز، ڕووی کردبووە پایتەختی میسر. ئەووەڵ هەدەفی ئۆردووی سەلیب، مەنسوورە بوو. توورانشاهـ لە دوای گەیشتنی بە میسر، لەگەڵ کۆکردنەوەی لەشکر و تەئمینی مودافەعە خەریک بوو. ئەهلی سەلیب بە سستییەکی عەجائیب ئینجا لە زەرفی مانگێکدا لە دەمیاتەوە گەیشتە مەنسوورە. توورانشاهـ لە سستی و تەمەڵی ئەهلی سەلیب ئیستیفادەی کرد و لەشکرێکی باشی کۆ کردەوە و لە لایەکی تریشەوە قەسەبەی مەنسوورەشی باش تەحکیم کرد.

تا ئەو وەقتە لەشکرێکی ئاڵمانیش هاتبوو بە ئیمدادی ئەهلی سەلیبەوە و ئەم لەشکرە بێ‌حیسابە، گەیشتبووە مەنسوورە و موحاسەرەی کردبوو. فەیەزانی شەتی نیل، پلانی سەن لوئی تێکدا و بە ئەمری توورانشاهـ پردەکانی بەینی مەنسوورە و قاهیرە تێکدرا و سەدەکان شکێنرا و لافاوی ئاو لە هەموو لایەکەوە دەوری ئۆردووگای سەلیبی دا و خەتی ڕەجعەتی بڕین و لە لایەکی تریشەوە لەشکری توورانشاهـ لە هەموو لاوە، تەنگیان بە ئەهلی سەلیب هەڵچنی و هاتوچۆیانی لەگەڵ دەمیات [بڕی و ] تووشی نەخۆشییەکی خراپی کردن.

لە لایەکی ترەوە توورانشاهـ تەشەبوسێکی خارقولعادەی بۆ زەوتی دەمیات و بڕینی ڕێگەی دەرچوونی ئەهلی سەلیب کرد، بەعزێ سەفائینی بەحری پارچە پارچە و بە پشتی حوشتر ناردە قەراغ بەحری سپی و لەوێ تێکی چەسپاندن و دوننامەیەکی موناسیبی پێکەوە نا و لە پڕێکا ناردیە سەر دەمیات و ئیرتیباتی بەحریی سەلیبی لەگەڵ ئەورووپادا بڕی.

خولاسە لە لایەکەوە تەزییقی لەشکری میسر و لە لایەکەوە هجوومی دائیمی شەتی نیل و لە لایەکی تریشەوە برسیەتی و نەخۆشی، سەرداری لەشکری سەلیبی لەگەڵ ئۆردووەکەیدا مەجبووری گەڕانەوە کرد و لەم ڕەجعەتەدا لەشکری میسر زۆریان لێ کوشتن و تەنگیان پێ هەڵچنین و نیهایەت ئەسیریان کردن (٦٤٧ هـ).

سەن لوء بەو بەیاخەوە کە لە مناستری «سن دەنیس» وەریگرتبوو، کەوتە دەس توورانشاهـ و لە دوای دانی سەرانەیەکی ٨٠٠٠٠٠ ئاڵتوونی و تەسلیمکردنی دەمیات، ئینجا خۆی و ڕوئەسای ڕزگار کرد و موعاهەدەیەکیشی لەگەڵ توورانشاهدا ئیمزا کرد کە بە گوێرەی ئەوە، ئەبوو دەسبەجێ لە خاکی میسر بچێتە دەرەوە و ئەم شەرتەشی بەجێ هێنا و چووە سووریە و سێ ساڵێک لەودا ما. زایعاتی ئۆردووی سەلیب لەم حەرەکەتە بێ‌فائیدەیەدا نزیک ٣٠٠٠٠ کەسێک بوو (معالم تاریخ العصور الوسطی).

لە دوای بڕانەوەی هەرای ئەهلی سەلیب، توورانشاهـ خەریکی تەئسیسی زەبت و ڕەبتێکی عەسکەری لە ناو لەشکری مەملووکدا بوو. بەشی بەحری کە مەملووکی باوکی بوون، زۆر خودسەر بوون؛ توورانشاهـ بە لەشکری جەزیرەی پشت‌ئەستوور بوو و ویستی مەملووکی بەحری بهێنێتە ژێر زەبت و ڕەبتەوە. ئەم فیکرەی سوڵتان بۆ لەشکری عەبدانی لە ئیتاعەت دەرچوو، دەسی نەدا و سووئی قەسدێکیان دەرحەقی تەرتیب کرد و بە غافڵی کوشتیان (٦٤٨ هـ).

بەعزێ لە موئەریخین ئەڵێن لەم جینایەتەدا دەسی «شجرة الدرّ»ی باوەژنی تیا بووە و ڕەنگە قسەی ئەمانە ڕاست بێ، چونکە ئەم ئافرەتە چاوی لە سەڵتەنەت بوو. بەحسی باوەژنی، بە تەبیعەت توورانشاهی خۆش نەئەویست، لە لایەکی تریشەوە لەگەڵ مورتەکیبی ئەم جینایەتە کە مەملووکی بەحری بوو، زۆر ڕێک بوو و حەتتا بەینێک لە دوای سەڵتەنەتیش شووی کرد بە قوماندانی مەملووکی بەحری کە «ئیبیک» بوو. جا بە گوێرەی ئەمە، هیچ دوور نییە کە تەرتیباتی ئەم جینایەتە بە مەعلووماتی «شجرة الدّرّ» کرابێ.

خولاسە هەر چۆنێ بێ، مەملەکەتی بەدتالعی ئەیووبی، لە حوکمدارێکی بەهەیبەت و لە سەردارێکی بەشۆرەت مەحرووم بوو. توورانشاه، ئاخیر سوڵتانی بەشەوکەتی ئەیووبی بوو. عەزم و سەباتی، جورئەت و جەسارەتی، زۆر ڕەنگە کە ڕەونەقێکی باشی بە سەڵتەنەتی ئەیووبی بدایە، بەڵام قەزا و قەدەر و خیانەتی داخڵی، مەیدانی نەدا. تاریخ نەقڵکردنی دوننمای بە پشتی حوشتر هەر لەم سەردارە دیوە و ئینجا لە دوای دوو عەسر و چوار ساڵ، سوڵتان محەمەدی فاتیح، شتێکی وای لە بەر ئەستامووڵدا کرد و هیچ شوبهە نییە کە دەرسی ئەم خاریقەیەی لە مەناقیبی جەلادەتی توورانشاهـ وەرگرتبێت، چونکە [زیاد] لەمەش مەحوکردنەوەی ئۆردووی سەلیب و ئەسیرکردنی قەڕاڵی فرانسەش خاتیرەیەکی ئەبەدی شان و شەرەفی ئەم حوکمدارەیە.

دوایی حکوومەتی ئەیووبیی میسر:

مەملووکی بەحریی عاسی لە دوای شەهیدکردنی توورانشاهـ، «شجرة الدّرّ»ی باوەژنیان کرد بە مەلیکەی میسر، خوتبەیان بە ناویەوە خوێندەوە و سککەشیان بە ناویەوە لێدا، عینوانی سککەی «المستعصمة الصالحة الملکة المسلمین، امّ الملک المنصور خلیل» بوو. لە دوای ئیعلانی مەلیکە، موعیزەددین ئیبیکی ڕەئیسی مەملووکی بەحری، کرا بە قوماندانی ئۆردووی میسر.

سەڵتەنەتی «شجرة الدرّ» زۆر دەوامی نەکرد، چونکە ئومەرای میسر لە سەر تەعیینکردنی حوکمدارێک لە خانەدانی ئەیووبی، ئیسراریان کرد و نیهایەت مەلیک ئەلئەشرەف مووسای کچەزای مەلیک کامیل و کوڕەزای ئاخیر ئەمیری ئەیووبیی یەمەن، لە جێگەی شجرة الدرّ کرا بە مەلیکی میسر (٦٤٨ هـ، ٥ ئۆغستۆسی ١٢٥٠ م)، بەڵام حوکم و نفووز بە دەس ئەمیر «ئیبیک»ەوە بوو.

ساڵی دوایی، میسر لەگەڵ مەلیک ناسری یۆسفی حوکمداری حەڵەبدا تێکچوو. ئەم شەڕ و ئیختیلافە سێ ساڵێک دەوامی کرد و نیهایەت خەلیفەی بەغدا کەوتە بەینەوە و سوڵحی بە مەلیک ناسر یۆسف و ئیبیک کرد (٦٥٢ هـ).

ئەمیری مەملووکی بەحری و قوماندانی لەشکری میسر، ئیبیک، لە ٦٥٣ هـ.دا حوکمداریی سەربەخۆی خۆی بە سەر میسردا ئیعلان کرد و مەلیک ئەشرەفی مەخلووعیشی ناردەوە یەمەن لای خزمەکانی. بەم تەرحە سەڵتەنەتی بەشەوکەتی ئەیووبیی میسر، نیهایەت کەوتە دەس عەبدەکانیان و ئەو غەڵەتی سیاسی و عەسکەرییە کە بووە سەبەبی لەناوچوونی حکوومەتی عەباسی، بووە سەبەبی مەحوی سەڵتەنەتی ئەیووبیی میسریش. وەلحاڵ لازم بوو کە مەلیک عادڵ لە پێش دانانی بناغەی لەشکری مەملووک، تەماشایەکی تاریخی خەلافەتی عەباسییەی بکردایە و عیبرەتی لێ وەربگرتایە.