مەلیک ئەلساڵح نەجمەددین ئەیووب

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 11 خولەک  820 بینین

کوڕە گەورەی مەلیک کامیلە، لە ٦٢٣ هـ.دا لە میسر هاتۆتە دنیاوە. لە ٦٢٥دا باوکی کردی بە وەلیعەهدی خۆی. بەڵام بە تەئسیر و بوختانی دایکی مەلیک عادڵی دووەم، لە دوای بەینێک لە بەر چاو کەوت و لە میسر دوور خراوە. وەکوو لە سەرەوە گوتمان، زۆر تووشی ئەزیەت و کوێرەوەری بوو، بەڵام نیهایەت بێکارەیی مەلیک عادڵ ئەبووبەکر، بە فریادا گەیشت و لە دوای خەلع و حەپسی مەلیک نەجمەددین، بانگ کرایە میسر و لەوێ ئیعلانی سوڵتانی کرا (٦٣٧ هـ، ١٢٤٠ م). زۆری پێ نەچوو سەڵتەنەتی مەلیک ساڵح لە تەرەف خەلیفەی بەغداشەوە تەسدیق کرا.

مەملەکەتی میسر، بەم تەرحە، بێ شەڕ و هەرا، بۆ مەلیک ساڵح ساغ بووەوە. وڵاتانی شەرقیش بە واسیتەی توورانشاهی کوڕیەوە لە ژێر ئیدارەیەکی باش و مەزبووتدا بوو. تەنیا سووریە لە بەینی شەڕ و شۆڕ و نیفاقی ئومەرای ئەیووبی ناڕەحەت بوو و ئەگەر ئەم وڵاتەشی بۆ ساغ بکرایەوە، بە تەواوی دەوری شەوکەتی زەمانی سوڵتان سەلاحەددین بە دەرەجەیەک ئیعادە ئەکرایەوە.

ئەوەی مەلیک نەجمەددین ئەیووبی سەغڵەت ئەکرد، موعاهەدەی قودس بوو. واقیعەن بۆی دەست نەئەدا کە سووریە دەس ئەمیر داوود بکەوێ. زاتەن چونکە موعاهەدەی قودسیش لە ژێر جەبر و تەسدیقدا ئیمزا کرابوو، ئەوەندە قیمەتی حقووقییە و ئەخلاقییەی نەبوو. مەلیک ساڵح بەم فیکر و قەناعەتە، بەتاڵیی ئەو موعاهەدەیەی ئیعلان کرد و بە زاهیری، ئەمیر داودیشی بە وەعدی حاکمییەتی شام دامرکاند.

مەلیک ساڵح، ساڵی دوایی لەگەڵ ڕێکخستنی ئیش و کاری میسردا ڕابوارد. بەدەویی میسری عولیای تەئدیب کرد، ڕوئەسا و مەشایخی ئیختیلالی گرت و موڵک و ئەرزەکانی بە سەر مەملووکەکاندا دابەش کرد. لە عەینی ساڵدا لە جەزیرەی «ڕەوزە»دا کە لە ناو نیلدا بوو، سەرایەکی بۆ خۆی و قشڵەیەکی بۆ مەملووکەکانی دروست کرد.

لە عەینی ساڵدا مەلیک نەجمەددین لەگەڵ دوژمنانی خۆماڵیدا تێکچوو، ئەمیر داود لە دوای بەتاڵکردنەوەی موعاهەدەی قودس، باش تێگەیشت کە سوڵتان نەجمەدین مەیدانی ناداتێ تا نفووزێکی زۆر پەیا کا. ئەمیر نەجمەدین ئیسماعیلی مامی سوڵتانیش، لە بەر کردەوەی خائینانەی پێشووی لە ترس و لەرزدا بوو و ئەیزانی کە سوڵتان، شامی بە دەسەوە ناهێڵێ. لە شەرقیشدا لە جەزیرەش بەدرەددین لوءلوئی حاکمی مووسڵ، نفووزێکی زۆری پەیا کردبوو. شاری ئامەدی لە توورانشاهی کوڕی سوڵتان زەوت کردبوو و بە غەیری حەسەنکێف و «قەلعەتەالهاسم» جێگەیەکی بە دەسەوە نەهێشتبوو.

نیهایەت ئەمیر داود و ئەمیر ئیسماعیلی حاکمی شام، لە عەلەیهی سوڵتان، لەگەڵ فەرەنگی میسردا ئیتیفاقیان کرد. لە موڵکی فەتحکراوی سوڵتان سەلاحەددین، تەبەرییە، شەقیف، ئارنون و سەفەدیشیان دانێ، موساعەدەیان کردن کە لە شام سیلاح بکڕن. خولاسە لە بەینی ئەم ئومەرای حەسوود و تەمەعکاری ئەیووبی و فەرەنگەدا بۆ مەحوی مەلیک نەجمەددین ئەیووب ئیتیفاق کرا و دەسیان کرد بە خۆ حازر کردن. ئەساس و مودەبیری ئەم فەسادە، ئەمیر نەجمەددین ئیسماعیلی مامی سوڵتان بوو. لە وەقتی خۆیدا دیسان هەر بە حیلە و فەساد، شامی لە مەلیک جەواد یۆنس سەندبوو و ئەم ئەمیرە لە ترسی ئەو لە خوا نەترسە ڕایکردبووە لای فەرەنگ. ئەمیر ئیسماعیل لەم ئیتیفاق و تێکەڵییە لەگەڵ فەرەنگدا ئیستیفادەی کرد و میقدارێ پارەی نارد بۆ فەرەنگ و مەلیک جەوادی لێ وەرگرتن و زاڵمانە کوشتی.

خولاسە بۆ ڕووخاندنی بناغەی سەڵتەنەتی ئەیووبی، داود و ئیسماعیل دەنائەتیان گەیاندە دەرەجەی نیهایەت و لە ژێرەوە خەبەریان نارد بۆ فەرەنگ کە ئوسەرای ئیسلام کە لە شەقیف و ئەرنوندان، ئەیانەوێ عوسیان بکەن. فەرەنگی موتەعەسیب کە ئەم خەبەرەی بیست، هەموو ئەسیرەکانی هەڵگرت و بردنیە عەککا و لەوێ هەمووی کوشتن.

لە دوای بەینێ، لەشکری فەرەنگ و داود و ئیسماعیل، بە یەکەوە ڕوویان کردە لەشکری سوڵتان نەجمەددین و لە بەینی غەزە و عەسقەلاندا تووشیان بوون و شەڕێکی قورس لە بەینیاندا قەوما. لەشکری موسوڵمانی ئەمیر ئیسماعیل لە وەقتی شەڕدا خۆیان جوێ کردەوە و چوونە لای مەلیک نەجمەددین ئەیووب و لە نەتیجەدا موتتەفیقین زۆر خراپ شکان و لە فەرەنگ زۆر بە دیل گیرا و مەجبوور بوون لەگەڵ سوڵتانی میسردا سوڵحیان کرد و لەشکری میسر گەڕایەوە.

بە سەبەبی دوورکەوتنەوەی مەلیک نەجمەدین لە سووریە، ساڵی دوایی، فەرەنگ و ئەمیر داوود بەعزێ حەرەکاتی بچووک بچووک بەڵام زۆر زاڵمانەیان کرد. لە ٦٤١ هـ.دا لە بەینی مەلیک نەجمەدین و ئیسماعیلدا موزاکەراتی سوڵحییە دەسی پێکرد و ئەساسی ئەم موزاکەرەیەش ئەمە بوو کە مەلیک غیاسەددین کوڕی مەلیک نەجمەددین کە لای ئەمیر ئیسماعیل ئەسیر بوو، بەر بدرێ و مەلیک بە مەتبووع بناسرێ و لە خوتبەدا ناوی بخوێنرێتەوە. بەڵام ئەمیر ئیسماعیل خەبەری وەرگرتبوو کە مەلیک نەجمەددین بە دزییەوە خوارەزمییەکانی لێ هان ئەدا، بە سەبەبی ئەمەوە قەتعی موزاکەرات کرا و لە ئەواخیری ئەو ساڵەدا ئیسماعیل و داود ئیتیفاقێکی قەتعییان لەگەڵ فەرەنگدا ئیمزا کرد و بەشی زۆر فەلەستینیان لەگەڵ قودسی شەریف و بەعزێ مەواقیعی موقەدەسەی ئیسلامییان کە لەو ناوەدا بوو، بۆ تەرک کردن (٦٤١ هـ). ئەمیر داود کە دوشمنێکی زۆر بەشیددەتی فەرەنگ بوو، مەجبوور بوو کە مێزەکەی ناو سەخرە و زەنگەکەی مەسجیدول ئەقساشیان بداتێ.

مەلیک نەجمەددین بەرامبەر بەم دوژمنە موتتەفیقانەی، خوارەزمییەکانی بە ئیمدادەوە هێنا. واقیعەن لەشکری خوارەزمی، ساڵی دوایی (٦٤٢ هـ) لە سەر ڕێگەیانا قودسی شەریفیان زەوت کرد و تەخریباتێکی مودهیشیان لەو ناوەدا کرد. مەلیک نەجمەددینیش لە میسرەوە ئۆردوویەکی بە یارمەتیی خوارەزمییەکانەوە نارد. ئیسماعیلیش لەشکرێکی بە ئیمدادی فەرەنگەکانەوە نارد. دوو لەشکر لە غەزەدا شەڕێکی زۆر مودهیشیان کرد و زەفەری قەتعی، کەوتە دەس خوارەزمی و لەشکری میسر. لەشکری خوارەزمی تاڵانێکی بێ حەد و حیسابی کرد. لە دوای ئەم غەلەبەیە، لەشکری میسر قودسی شەریف و فەلەستینیان داگیر کردەوە (٦٤٢ هـ)، کە ئەم وڵاتە لە ئیعتیباری ئەم تاریخەوە تا ١٩١٨م بە دەس ئیسلامەوە مایەوە. ئەمیر داود، تەنیا «کرت» و «سەلت» و «عەجلوون»ی پێ موحافەزە کرا. لەشکری میسر، شامیشی موحاسەرە کرد و موحاسەرە زۆر توولی کێشا.

ئینجا ساڵی دوایی (٦٤٣ هـ) ئیسماعیل تەسلیم بوو و موقابیل بە شام، بەعلەبەک و بەسری و مولحەقاتی درایە. لە دوای ئەم موەفەقییەتە، خوارەزمییەکان بە تەمای موکافاتێکی زۆر بوون، بەڵام چونکە بەوەی کە دەسیان کەوتبوو ڕازی نەبوون، داخڵی خزمەتی ئیسماعیل و داود بوون و بە ئەمری ئەوان شامیان موحاسەرە کرد، کە لە تەڕەف قوماندانێکی ئەیووبییەوە تا ئەوائیلی ٦٤٤ هـ مودافەعە کرا. ئەمیری حەڵەب و حەمما کە تا ئەو وەقتە تەڕەفداری مەلیک نەجمەددینیان نەکردبوو، بۆ خاتری بڕینەوەی شەڕ و موسیبەتی خوارەزمی، لەشکری خۆیان ناردە سەریان و خوارەزمییەکان لە سەر ئەمە وازیان لە موحاسەرەی شام هێنا و چوون بە پیر لەشکری حەڵەبەوە و لە «قەسەب»دا تووشیان بوون و خوارەزمی زۆر خراپ شکا و یەکێ لە ڕوئەساشی کوژرا و یەکێکی تریشیان مەجبووری فەرار کرا.

ئیسماعیل ئیلتیجای کردە حەڵەب و ئەمیری حەڵەب (یۆسفی دووەم)، حیمایەی کرد؛ بەڵام بەعلەبەک لە دەس چوو و کەوتەوە دەس مەلیک ئەیووب. کوڕ و ژنەکانی ئەسیر کران و برانە قاهیرە. ئەمیر داودیش بە غەیری کەرگ هەموو موڵکەکانی لە دەس چوو و ئەویش ڕایکردە حەڵەب و کوڕێکی زۆر منداڵی بە سەر کەرگەوە بەجێ هێشت. ئەمیری حەڵەب، زۆر ڕقی لە مەلیک نەجمەدین ئەیووب بوو و بۆ مودافەعەی موڵکی خۆی بەرامبەر بە مەلیک ئەیووب، ویستی «حومس»ی لێ زەوت بکا و لەشکرێکی ناردە ئەو شارە و لە دوای دوو مانگ موحاسەرە، لە ئەمیر ئەشرەفی داگیر کرد (٦٤٦ هـ).

مەلیک نەجمەددین لەم تەجاوزە زۆر عاجز بوو و بۆ شەڕی ناسر یۆسفی دووەم، هاتە شام. یەکێ لە سەردارانی خۆی بە لەشکرێکەوە ناردە سەر حومس. مەلیک نەجمەددین لە دوای گەیشتنی بە شام، خەبەری هاتنی ئەهلی سەلیبی حەوتەمی زانی، کە لە قوماندای قەڕاڵی فرانسس، لووئی حەوتەمدا ڕوویان کردبووە دەمیات. ئەم حادیسەیە مەجبووری کرد کە بە تەوەسوتی خەلیفەی بەغدا لەگەڵ یوسف ناسری دووەمدا سوڵحێکی بە عەجەلە بکا. لە دوای ئەم سوڵحە بە ڕەغمی نەخۆشییەکی گرانی، بە سدیە نەقڵ کرایە ئاشمونەن ، بەڵام نەیتوانی مانعی ئیخراجی ئەهلی سەلیب و گرتنی دەمیات بێ، چونکە لە دوای نەخۆشکەوتنی، ئینزیبات و ئیتاعەتی ناو لەشکری سست بووبوو. عەشیرەتی بەدەوی کەنانە کە موحافەزەی ئەو مەوقیعەی گرتبووە ئەستۆی خۆی، وای زانیبوو کە لە تەڕەف لەشکری سوڵتانەوە بەجێ هێڵراوە و بەم ترسە، نامەردانە و بڵحانە ڕایانکردبوو.

مەلیک نەجمەددین موددەتێکی کەم لە پێش وەفاتیدا وەزعییەتی کوڕانی داودی بە مەمنوونی چاو پێکەوت، واقیعەن کوڕە گەورەکەی کە دیتی باوکی، برا چکۆلەکەی لە جێگەی خۆی داناوە بە حاکمی کەرگ، چووبووە سەری و ئەسیری کردبوو و بە ڕجای گۆڕینەوەی کەرگ لەگەڵ مەوقیعێکی تر بۆی، ئەم قەڵایەی تەقدیمی مەلیک نەجمەددین کرد و مەلیک یەکێ لە ئومەرای بە میقدارێ لەشکرەوە نارد و ئیشغاڵی کرد.

مەلیک ساڵح نەجمەددین ئەیووب، لە ١٥ی شەعبانی ٦٤٧ هـ (٢٣ی تشرینی سانی ١٢٤٩ م)دا وەفاتی کرد.

ئەفکار و ئاساری:

غایەی موبارەکی ئەم حوکمدارە، تەئسیسی حکوومەتێکی بەشەوکەتی وەکوو حکوومەتی سوڵتان سەلاحەددین و مەلیک کامیلی باوکی بوو، کە عیبارەت بوو لە میسر و فەلەستین و سووریە و جەزیرە، بە فەرقێکی زۆر کەم؛ ئەم مەقسەدەی لە ئەواخیری دەوری سەڵتەنەتیدا هاتە جێ. تەنیا ئیمارەتی سەربەخۆی حەڵەب و مووسڵ لە دائیرەی نفووزی بەدەر بوو. مەلیک نەجمەددین بۆ زیادکردنی قووەت و تەئسیری خۆی، لەشکرێکی مەملووکی {fn|ئەم مەملووکانە عەساکیری سوڵتان نەجمەددین ئەیووب بوون و «مەملووکی بەحری»یان پێ ئەگوتن. هەموویان عەبدی بە پارە کڕدراوی چەرکەس بوون. لە ناو نیلدا و لە جەزیرەی ڕەوزەدا قشڵەیەکی مەخسووسیان بوو.

لە زەمانی سوڵتانی مەملووک «قلاون»دا سنفێکی تر لەمانە ئیجاد کرا و ناویان نرا «برجی»، چونکە لە برجەکانی ئیچ قەڵای قاهیرەدا بوون.

بەشی ئەووەڵی حکوومەتی ئەیووبی، لە ٦٤٨ هـ تا ٧٩٢ هـ سەڵتەنەتی لە میسر و سووریەدا کرد. سنفی دووەمیش سەڵتەنەتی «مەملووکی بەحری»ی لە ناو برد، تا دەوری یاوز دەوامی کرد (لە ٧٨٤ هـ تا ٩٢٢ هـ).} ئیجاد کرد و ئەم قووەتە لە زەمانی خۆیدا بەڕاستی زۆر بە عەمەل هات و فائیدەی بوو، بەڵام ئەم قووەتە غەریبەیە، وەکوو ئەمسالی تاریخی، لە دواییدا بووە سەبەبی لەناوچوونی حکوومەتی ئەیووبییە.

مەلیک نەجمەددین بە سەر مەئموورین و ئومەرای خۆیدا نفووز و نەزارەتێکی بەقووەتی بوو، هیچیان لە حوزووریدا تا لێیان نەپرسرایە، نەیانئەتوانی قسە بکەن. ئەم مەلیکە گەورەیە، بۆ ئیعمار و ئینشائات زۆر هیممەتی کردووە. قەسرەکانی ڕەوزە و کبشی و مەدرەسەکانی، نموونەیەکی زۆر بڵندی هیممەتیە. بێجگە لەمانەش شاری «ساڵحییە»یشی دروست کرد و مەقسەدیشی ئەوە بوو کە بیکا بە قەڵایەکی سەرحەد.