مەلیک عادڵی دووەم

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 4 خولەک  562 بینین

لە دوای وەفاتی مەلیک کامیل، ئومەرای ئەیووبی، مەلیک عادڵی دووەمیان کە کوڕە بچووکی مەلیک کامیل بوو، بە سوڵتان ئیعلان کرد. وەلحاڵ ئەم شازادەیە چ لە بەر بچووکی و چ لە بەر بێکارەیی، قابلیەتی حوکمداری نەبوو و لەم خسووسەوە حەق لە تەڕەف مەلیک نەجمەددینی برا گەورەیەوە بوو کە لەو بەینەدا حاکمی جەزیرە بوو. لە وەقتێکدا کە لەگەڵ موحاسەرەی ڕەها خەریک بوو، خەبەری وەفاتی باوکی زانی و وازی لە موحاسەرە هێنا و لەوەدا بوو کە بێ بۆ سوورییە، بەڵام لە پڕێکا تووشی عوسیانی خوارەزمییەکانی مەعییەتی بوو و ویستیان بیگرن، هەرچۆنێ بوو نەجاتی خۆی دا و خۆی گەیاندە سنجار.

بەدرەدین لوءلوئی حاکمی مووسڵ، کە یەکێ لە دوژمنانی ئەمیر نەجمەدین بوو، لەم فرسەتەدا ویستی مەحوی بکاتەوە و لە سنجاردا موحاسەرەی کرد. بەڵام قازییە عاقڵەکەی شازادە، بە حوسنی تەدبیری، خوارەزمییەکانی لەگەڵ ئاشت کردەوە و بە یارمەتیی ئەو، لەشکری بەدرەددین لوءلوئی زۆر خراپ شکاند و لەوێوە ڕووی کردە دیاربەکر و سوڵتانی ڕۆمیشی لە دەوری ئەم قەڵایەدا شکاند و وڵاتانی جەزیرەی دیسانەوە هێنایە ژیر ئیتاعەتی.

لە ساڵی ٦٣٦ هـ.دا حاکمی شام، مەلیک جەواد یوونس، تەکلیفی گۆڕینەوەی سنجار و ڕەقە و عانەی لەگەڵ شام لە ئەمیر نەجمەددین کرد. ئەمیر نەجمەددین ئەم فرسەتەی لە دەس نەدا و قەبووڵی کرد. توورانشاهی کوڕی بە سەر جەزیرەوە بەجێ هێشت، حەڕان و ڕەها و بەعزێ جێگەی تریشی دا بە ئومەرای خوارەزمی و بە لەشکرێکەوە ڕووی کردە سوورییە و شامی گرت.

مەلیک عادڵ و ئەمیر داودی ئامۆزای کە حاکمی کەرگ بوو، لە بەینی خۆیانا وایان قەرار دانابوو کە بچنە سەر مەلیک نەجمەددین ئەیووب. لەو وەقتەدا بەعزێ ئومەرای بەناوبانگ لە موعامەلەی مەلیک عادڵ عاجز بووبوون و هاتبوونە لای مەلیک نەجمەددین. حەتا ئەمیر داودیش بە شەرتی ئەمەی کە شامی بدرێتێ، ویستی لەگەڵ مەلیک نەجمەددیندا ئیتیفاق بکا، بەڵام ئەم تەکلیفەی قەبووڵ نەکرا و لە دوای ئەمە، دیسان بایدایەوە سەر مەلیک عادڵ.

لە ساڵی ٦٣٧ هـ.دا مەلیک نەجمەددین بۆ زەوتکردنی میسر، خۆی حازر کرد و بە پێنج هەزار کەسێکەوە لە شام هەڵسا و چوو بۆ نابلۆس. نەجمەددین ویستی بزانێ مەلیک ئیسماعیلی مامی، بەڕاستی یارمەتیی ئەدا یان نا، چونکە ئەم مامە زۆر تەفرەی دابوو و بە قسە هیچی نەهێشتبووەوە؛ وەلحاڵ ئەم مامە لەگەڵی خیانەتی ئەکرد و لە ژێرەوە لەگەڵ ئەمیری حومس قسەیان کردبوو بە یەک. لە لایەکی تریشەوە ئومەرای لەشکری مەلیک نەجمەددینی بە ئەنواعی وەعد و فێڵ تەفرە دا و لە پڕێکدا بڵاوەیان کرد و مەلیک نەجمەددینیان لە نابلۆسدا بە تەنیا بەجێ هێشت. ئەمیر داودی حاکمی کەرگ کە ئەمەی بیست، بە لەشکرەوە هاتە سەر نابلۆس و مەلیک نەجمەددینی ئەسیر کرد و ناردیە کەرگ. هەرچەند مەلیک عادڵ داوای کرد کە بۆی بنێرێ، قەبووڵی نەکرد.

لەو بەینەدا موعاهەدەی بەینی مەلیک کامیل و ئیمپراتۆر فرەدریق وەعدەی تەواو ببوو، بەڵام فەرەنگەکان نەیانئەویست بیدەنەوە. ئەمیر داود، بە خۆیا ڕاپەرموو و بە لەشکرەوە چووە سەر قودس و لە دوای موحاسەرەیەکی بیست و یەک ڕۆژی، زەوتی کرد (جەمائی ئەلئەوەلی ٦٣٧ هـ) و ئەو تەحکیمانەی کە لە شارەکە لە تەڕەف فەرەنگەوە کرابوو، هەمووی تێکدا.

لە حوسنی تالعی مەلیک نەجمەددین، موزاکەرەی بەینی ئەمیر داود ئیسماعیل و مەلیک عادڵ، سەری نەگرت و بە تەوەسوتی ئەمیری حەمما، مەلیک نەجمەددین ئەیووب و ئەمیر داود ڕێک کەوتن و هەردووکیان لە قودسدا موعاهەدەیەکیان لە بەینی خۆیانا کرد. بە گوێرەی ئەم موعاهەدەیە میسر بۆ مەلیک نەجمەددین و سوورییە و وڵاتانی شەرقیش بۆ ئەمیر داود ئەبوو.

ئیتیفاقی بەینی ئەمیر داود و مەلیک نەجمەددین، مەلیک عادڵی ترساند و دەسبەجێ ئەمری دا بە مەلیک ئیسماعیلی مامی کە بچێتە سەر ئەو دوو موتتەفیقە و خۆشی بە فیکری چوونە سەر فەلەستین، بە لەشکری میسرەوە لە «بلبایس»دا ئۆردووگای دامەزراند. بەشێکی لەشکری مەملووک کە بە ناوی مەلیک ئەشرەفی برای مەلیک کامیلەوە ئەشرەفییەیان پێ ئەگوتن، لە مەلیک عادڵ ڕازی نەبوون، لە ئۆردووگادا چوونە سەری و گرتیان و لە سوڵتانیی خەلعیان کرد و ناردیان لە قەڵای قاهیرە حەپسیان کرد و لە دوای چەند ڕۆژێک موڵکی میسریان تەکلیفی مەلیک نەجمەددین کرد.