دەوری سەڵتەنەتی مەلیک کامیل

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 7 خولەک  984 بینین

عینوانی «ناسرەددین» و کونیەی «ئەبو ئەلمەعالی محەمەد»ە و کوڕی مەلیک عادڵە. لە ڕەبیع‌ئەلئەوەلی ٥٧٦ هـ.دا هاتۆتە دنیاوە. لە دوای وەفاتی باوکی، بوو بە حوکمداری میسر و دەرکردنی ئەهلی سەلیب لە دەوری دەمیات و خاکی میسر کەوتە عۆدەی ئەو.

لەو بەینەدا ئەلمەلیک ئەلموعەززەم عیسا (شەرەفەددین) حوکمداری سوورییە بوو و مەلیک ئەلئەشرەف مووسا (موزەففەرەددین)یش ئیدارەی حەڵەبی گرتبووە دەس خۆی.

ئۆردووی ئەهلی سەلیب موددەتێکی زۆر دەمیاتی موحاسەرە و تەزییق کرد، چ موحاسرین و چ مەحسوورین، لە بەر نەخۆشی و برسیەتی، زایەعاتێکی زۆریان دا و لە دوای ساڵ و نیوێک موحاسەرە و تەزییق، ئینجا دەمیات کەوتە دەس ئەهلی سەلیب. لە ئیبتیدای موحاسەرەدا ئەهالی و مودافیعینی ئەم شارە ٧٠٠٠٠ کەسێک بوو، بەڵام لە وەقتی تەسلیمدا تەنیا سێ‌هەزار مابووەوە و ئەمانەش لە تەڕەف ئەهلی سەلیبی موتەعەسیب و خوێنخوارەوە قەتڵوعام کران.

ئۆردووی سەلیب لە دوای گرتنی دەمیات ڕووی کردە قاهیرە. ئۆردووی مەلیک کامیل، هەرچەندە لە تەڕەف لەشکری براکانیەوە تەقوییە کرابوو، بەڵام دیسانەوە بە نەزەر ئۆردووی دوشمنەوە زۆر کەم بوو و بەربەستی تەعەڕوزی پێ نەکرا، لە بەر ئەوە، مەلیک کامیل لەگەڵ قوماندانی ئۆردووی ئەهلی سەلیب کەوتە موخابەرە و بە شەرتی وازهێنان لە دەمیات، وەعدەی ڕەتکردنەوەی فەلەستینی دانێ، بەڵام ئەم تەکلیفی سوڵحە، لە تەڕەف ئەهلی سەلیبەوە قەبووڵ نەکرا.

سقووتی دەمیات و تەعەڕوزی ئەهلی سەلیب بۆ سەر قاهیرە، لە ئەورووپادا تەئسیرێکی زۆری بوو، ئەهلی سەلیب کەوتە تەمەعی میسر و مەلیک کامیلیش بۆ نەجاتدانی میسر حازر بوو واز لە قودس بهێنێ، لەم حاڵەدا بەتاشەتی ئۆردووی ئەهلی سەلیب و توغیانی نیل، فەرحەتێکی باشی دا بە مەلیک کامیل. ئەمری دا هەموو سەدەکانیان شکاند و ئەرازیی دیلتا غەرق کرا. خەتی ڕەجعەتی ئەهلی سەلیب بڕڕا، لە بەحرەوە خواردەمەنییان نەئەگەیشتێ و تووشی برسیەتییەکی خراپ بوون، لە لایەکی تریشەوە لەشکری ئیسلام بە کۆمەڵی بچووک‌بچووک لێیان کەوتبووە هجووم و تەعەڕوز و شڵەژاندبوویانن. لە سەر ئەم ئەحواڵە، ئەهلی سەلیب کەوتە تەڵەبی سوڵحەوە، بە شەرتی موساعەدەکردن بە گەڕانەوەیان و موساعەدەی زیارەتی حەجاجیان، سوڵحیان کرد و ڕۆیشتن.

لە دوای ئەمە کە هەرای ئەهلی سەلیبی شەشەم بڕایەوە، ئەوەندەی پێ نەچوو لە ناو کوڕانی مەلیک عادڵدا شەڕی خۆماڵی دەسی پێکرد. مەلیک ئەلموعەززەم عیسا، حاکمی سوورییە، لە کاکی وەرگەڕا و چاوی بڕیە تەختی میسر و خەریک بوو لەگەڵ جەلالەددین خوارەزمشاهدا ئیتیفاق بکا. مەلیک کامیل کە ئەمەی بیست، سەغڵەت بوو و لەو وەقتەشدا ئیمپراتۆری ئاڵمانیا، فرەدریقی دووەم، بە لەشکرێکی گەورەوە ڕووی کردبووە میسر. مەلیک کامیل، ناعیلاج ما و کەوتە موخابەرە لەگەڵ ئیمپراتۆر و ویستی سوڵحێکی لەگەڵ بکا.

بە تەقدیری خوا، لەو بەینەدا مەلیک ئەلموعەززەمی حوکمداری سوورییە، وەفاتی کرد (زی‌قەعدەی ٦٢٤ هـ) و مەملەکەتەکەی بۆ مەلیک ناسر داودی کوڕی بەجێ هێشت. مەلیک کامیل لەم وەزعییەتە ئیستیفادەی کرد و بە لەشکرەوە ڕووی کردە شام؛ مەلیک ئەشرەفی برای لە ئەوەڵا ویستی یارمەتیی مەلیک ناسر بدا، بەڵام لە دواییدا لەگەڵ مەلیک کامیل ڕێکەوت و بە یەکەوە شامیان گرت و مەلیک کامیل بەرامبەر بە بەعزێ وڵاتانی جەزیرە، شامی دا بە مەلیک ئەشرەف (٦٦ هـ) و کەرگ و ئەلشواک و بەعزێ قەڵای تر، لە باتی شام، درا بە مەلیک ناسر داود.

مەلیک کامیل لە دوای جێبەجێکردنی ئیش و کاری سوورییە، ڕووی کردە جەزیرە (مەزۆپۆتامیا) و بۆ بەربەستکردنی لافاوی خوارەزمی و موغول، ئەم وڵاتەی تەنزیم کرد و بەعزێ جێگەشی کە بە دەس ئەم و ئەوەوە بوو، زەوت کرد و «حیسن‌کورد»ی بە ناوی موڵکی خاسەوە دا بە مەلیک نەجمەددین ئەیووبی کوڕە گەورەی و بە سەر جەزیرەوە داینا. لە دوای بەینێ، موساعەدەی کرد کە نەجمەددین ئەیووب لەشکری بێ‌ساحێبی خوارەزمی بگرێتە ژێر دەسی خۆی تا بتوانێ بەربەستی لافاوی موغول بێت.

لە ٦٢٩ هـ.دا (١٢٢٩ م) ئیمپراتۆری ئاڵمانیا، فرەدریق، کە گەیشتە سوورییە، موزاکەراتی سوڵحی بەینی ئیمپراتۆر و مەلیک کامیل لەم ڕۆژانەدا دوایی هات. بە گوێرەی ئەم موعاهەدەیە قودسی شەریف لەگەڵ ناسرە و ئەترافی و لە عەککاوە تا یافا، پارچەیەکی ساحیلیش، بە موەققەتی کەوتە دەس فرەدریق و بەرامبەر بەمە تا موددەی دە ساڵ و شەش مانگ و دە ڕۆژ واز لە شەڕ هێنرا، لە لایەکی تریشەوە بەرامبەر بە هەموو دوژمنێک ئیمپراتۆر ئەبوایە یارییەی مەلیک کامیلی بدایە. خوالاسە، ئەم موعاهەدەیە نە موسوڵمان و نە گاوری مەمنوون نەکرد و ئیمپراتۆریش زۆری پێ نەچوو فەلەستینی بەجێ هێشت و چووەوە بۆ ئاڵمانیا.

لە دوای ئەم سوڵحە، زۆری پێ نەچوو کە بەینی مەلیک کامیل و مەلیک ئەشرەفی برای، لەگەڵ سوڵتانی ڕۆم تێکچوو و سوڵتان کەیقوبادی سەلجووقی، لەشکری کردە سەر شیمالی جەزیرە (٦٣١ هـ) و لەگەڵ لەشکری ئەیووبیدا کەوتە شەڕەوە. لە ئەوەڵا، تالعی شەڕ بۆ لەشکری سەلجووقی موساعید بوو و بەعزێ جێگەیان لە موڵکی ئەیووبی داگیر کرد، بەڵام پێیان موحافەزە نەکرا و نیهایەت ئەم دەعوایە بە وەفاتی سوڵتان کەیقوباد بڕایەوە و لەشکری سەلجووقی لە خاکی ئەیووبی دەرکرا (٦٣٣ هـ).

ڕێکیی بەینی مەلیک کامیل و مەلیک ئەشرەف ئەوەندە دەوامی نەکرد و مەلیک ئەشرەف لە عەلەیهی کاکی، لەگەڵ باقی ئومەرای ئەیووبیدا ئیتیفاقی کرد. مەلیک کامیل ئەمەی بیست و دەسپێشکەری کرد، بە لەشکری میسرەوە ڕووی کردە شام، بەڵام لە پێش ئەوەدا کە لەگەڵ لەشکری مەلیک ئەشرەف و موتتەفیقەکانی بکەوێتە شەڕەوە، مەلیک ئەشرەفی برای لە شام ئەمری خوای بەجێ هێنا (٤ی محەڕەمی ٦٣٥ هـ) و شاری شام بێ موحارەبە کەوتە دەس مەلیک کامیل. بەڵام بەرامبەر بە تەسیلمکردنی ئەم شارە، بەعلەبەک و بەسری دا بە مەلیک ساڵح ئیسماعیلی برای.

مەلیک کامیل لە دوای ئەم غەلەبەیە بە چەند مانگێک لە دیمەشق وەفاتی کرد (٢١ی ڕەجەبی ٦٣٥ هـ/ ٨ی مارتی ١٢٣٨ م).

ئەوساف و مەزییاتی

مەلیک کامیل بێ شوبهە حوکمدارێکی زۆر باش و موقتەدیر بوو. ئەوسافی بڵندی خۆی، چ لە مەیدانی شەڕدا و چ لە ئومووری سیاسیدا زۆر چاک نواندووە. وەفاتی، مەبدەئی نوشوستیی حکوومەتی ئەیووبییە. لە تەڕەف ڕیشاری شێردڵەوە بە شوالیە قەبووڵ کرابوو. لە خسووس عیرفان و عیمرانەوە لە سەر شوێنی باوک و مامی ڕۆیشت. بەعزێ ئاساری باشی هەیە و لەگەڵ ڕێکخستنی ئومووری ئیسقا و ئیروای میسر گەلێ خەریک بوو. تەحکیماتی قەڵای قاهیرەش لە زەمانی ئەودا تەواو کرا.

واقیعەن بە سەبەبی تەسلیمکردنی قودسی شەریف و بەعزێ جێگەی تر بە ئیمپراتۆری ئاڵمانیا، بە زاهیر لایقی عیتابە؛ بەڵام لە پێش ئەمەدا کە ئینسان لەم خسووسەوە حوکمێکی قەتعی بدا، لازمە مولاحەزەی وەزعییەتی سیاسییەی ئەو زەمانە بکا و ئەحواڵ و حەسادەتی براکانیش بێنێتە بەر چاو.