سێیەم سەفەری میسر

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 3 خولەک  559 بینین

سوڵتان نوورەدین لە سەر پاڕانەوەی خەلیفە قەراری خۆی دا. بە زاهیری بۆ یارمەتیی خەلیفە و لە حەقیقەتدا بۆ زەوتکردنی میسر لەشکرێکی بەقووەتی کۆ کردەوە و لە قوماندای شێرکۆهدا ناردی بۆ میسر. ئەم لەشکرە هەشت هەزار کەسێک بوو و گەلێ ئومەرای مەشهووری تیا بوو. ئەمیر سەلاحەدین ئارەزووی چوونی نەبوو، بەڵام بەرامبەر بە ئەمری سوڵتان و مامی نەیتوانی ڕاوەستێ و لەگەڵ مامی چوو.

ئیملریک کە خەبەری هاتنی شێرکۆهی بیست، شڵەژا و ئەووەڵەن ویستی نەهێڵێ لەگەڵ لەشکری میسردا یەکدگیر بێ، بەڵام پێی نەکرا و نیهایەت لە ڕەبیعولسانی ٥٦٤دا (کانوونی سانی ١١٦٩ م) بە نائومێدی گەڕایەوە قودس.

لەولاوە شێرکۆهـ گەیشتە بەردەمی قاهیرە و خەلیفە و خەڵکی میسر هاتن بە پیریەوە و بەیانی شوکر و بەخێر هاتنیان کرد. لە دواییدا لە بەردەمی قاهیرەدا خێوەتی هەڵدا. لە پاشدا خەلیفەش هاتە ئۆردووگا و شێرکۆهی زیارەت کرد و بەیانی شوکر و مەمنوونییەتی کرد. شاوریش هاتە لای شێرکۆهـ و زۆر ئەسەری مەمنوونییەت و موحیبەتێکی درۆی نواند. عادەتەن هەموو ڕۆژێک بە سواری ئەهاتە لای شێرکۆهـ و وەکوو دۆستێکی چەند ساڵە و موخلیس، بێ تەکلیف ئاموشۆی ئەکرد. فیکری وا بوو کە زیافەتێک بۆ شێرکۆهـ و ئومەرای شام بکا و لە فرسەتێکدا هەموویان لە ناو بەرێ، بەڵام «کامل»ی کوڕی پێی زانی و هەڕەشەی لێ کرد و گوتی: بە خوا شتێکی وا بکەی، خەبەر بە شێرکۆهـ ئەدەم! لەگەڵ ئەمەشدا بۆ خیانەتکردن لە فرسەت ئەگەڕا. ئومەرای لەشکری شێرکۆهـ هەموو حیسی خیانەت و درۆزنیی شاوریان کردبوو.

ڕۆژێکی جومعە بە عادەتی خۆی شاور هاتە ئۆردووگا، شێرکۆهـ لەوێ نەبوو، ئەمیر سەلاحەدین لەگەڵ بەعزێ ئومەرای تر لەگەڵیا سوار بوون و لە سوارەکانی دووریان خستەوە و لە پاشدا خستیانە خوارەوە و قۆڵیان بەست و ناردیان بۆ خەلیفە و خەلیفە ناردیەوە دواوە تا سەری ببڕن و ئەم ئەمرەیان بەجێ هێنا و سەرەکەیان نارد بۆ خەلیفە. بەم تەرحە وجوودی ئەم وەزیرە خائینە کە ئەوەندەی نەمابوو میسر بخاتە دەست فەرەنگ، هەڵگیرا.

لە دوای ئەمە، خەلیفە عازد، ئەسەدەدین شێرکۆهی بانگ کرد و خەڵاتی وەزیری و لەقەبی «مەلیک ئەلمەنسوور ئەمیر ئەلجیووش»ی دایە. ئەسەدەدین شێرکۆهـ بە سیفەتی وەزیری خەلیفە، دەستی کرد بە ڕێکخستنی ئیش و کاری میسر، بەڵام وەزارەتی ئەوەندە دەوامی نەکرد و لە ڕۆژی شەممۆ ٢٢ی جەمادی ئاخری ٥٦٤دا ئەمری خوای بەجێ هێنا. لە موددەتی وەزارەتی شێرکۆهدا ئەغڵەبی ئیشی موهیم، حەواڵەی ئەمیر سەلاحەدین کرابوو.