دووەم سەفەری میسر

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 3 خولەک  777 بینین

لە دوای سەفەری ئەوەڵ، بە سێ ساڵ، شێرکۆهـ بە خۆی و ئەمیر سەلاحەدین و لەشکرێکی دووهەزار کەسی هەڵبژاردەوە ڕووی کردە میسر و لە دوای زەحمەتێکی زۆر گەیشتە ئەتفەح کە چل میلێک لە قاهیرەوە دوور بوو و لەوێشەوە خۆی گەیاندە جیزە. لەشکری مەلیکی قودسیش لە بەرامبەر و لە قەراغی چەمی نیل بوو. مەلیک ئامووری موعاهەدەیەکی لەگەڵ خەلیفەی فاتیمی ئیمزا کرد و بە گوێرەی ئەم موعاهەدەیە میسر کەوتە ژێر حیمایەی مەلیکی قودسەوە. لە دوای ئیمزای ئەم موعاهەدەیە مەلیکی قودس بە خۆی و لەشکریەوە لە پڕێکا لە نیل پەڕیەوە، شێرکۆهـ کە ئەمەی چاو پێکەوت، چوو بۆ سەعید و لەشکری قودس تەعقیبی کرد. شێرکۆهـ لە بابین ڕاوەستا؛ کە لەشکری قودس نزیکی بووەوە، لەگەڵیانا کەوتە شەڕەوە و بە جەسارەت و ئیدارەی باشی ئەمیر سەلاحەدین لەشکری قودس زۆر خراپ شکا و لە دوای ئەم غەلبەیە لەشکری شام ئەسکەندەرییەی زەوت کرد و شێرکۆهـ ئەم قەڵا گەورە و بەئەهمیەتەی دایە دەست ئەمیر سەلاحەدین. ئەمە ئەووەڵ حاکمیەتی ئەمیر بوو. لە دوای ئەمە شێرکۆهـ نیوەی لەشکرەکەی بۆ ئەمیر سەلاحەدین بەجێ هێشت و لەگەڵ نیوەکەی تری چوو بۆ سەعید.

مەلیکی قودس لە دوای شکانی، گەڕایەوە قاهیرە و لەوێ لەگەڵ حکوومەتی میسردا قەراریان بە موحاسەرە کردنی ئەسکەندەرییە دا. لە تەڕەف بەحریشەوە «دوننما»یەکی قودس ڕەفاقەتی موحاسرینی ئەکرد. ئەمیر سەلاحەدین بەرامبەر بە دوننما و لەشکری میسر و قودس قەهرەمانانە مودافەعەی کرد. مەهارەت و جورئەتێکی زۆر بێ‌ئەمسالی نواند. حەفتا ڕۆژ بەم نەوعە بەرامبەر بە تەعەڕوزاتی بەحر و بەڕ، وەکوو شێر وەستا.

لەو لاشەوە شێرکۆهـ ڕووی کردە پایتەختی میسر و لە «برکة ئەلحەبەشە»وە دەستی کرد بە موحاسەرەی. ئەم دەستوبردەی شێرکۆهـ ترسی خستە بەینی دوشمنەوە و تەڵەبی سوڵحیان کرد بە شەرتێ کە لەشکری قودس و شام، میسر بەجێ بهێڵن و ئیتر دەخڵی ئیش و کاری میسر نەکەن.

لە دوای ئەم سوڵحە ئەمیر سەلاحەدین چەند ڕۆژێک لە ئۆردووگاهی قەڕاڵی قودسدا بوو، بە تەبیعەت تەدقیقی ئوسوولی عەسکەریی ئەو قەومەی کرد. بە گوێرەی ئەم سوڵحە هەر دوو لەشکر، لە میسر چوونە دەرەوە.

خیلافی سوڵح، ئەوەندەی پێ نەچوو کە قەڕاڵ «ئیملریک» تەمەعی زەوتی میسری کرد و بە لەشکرێکەوە ڕووی تێکرد، بلبیسی گرت و کوشتارێکی زۆری لە خەڵکی میسر کرد و منداڵ و ژنیش لە قەتڵوعام نەجاتی نەبوو.

ئەمجارە خەلیفەی فاتیمی، بە نەفسی خۆی، کەوتە هاوار و کاغەزێکی بۆ سوڵتان نوورەدین نووسی و ڕجای حیمایەی لێ کرد و پرچی ئافرەتی موسوڵمانی بۆ نارد و ئەمەش عەلامەتی پاڕانەوەیەکی فەوقەلعادە بوو.

شاوری وەزیری خەلیفە کە لە خائینی و درۆزنیدا ئەمسالی کەم بوو، بە ئومێدی پارە، مەلیکی قودسی تەفرە دا و لەگەڵی کەوتە موخابەرەوە، مەقسەدیشی وەقت ڕابواردن بوو، تا ئیمدادی سوڵتان نوورەدینی دی، خولاسە بەم ئومێدە مەلیکی قودس لە پێنج میلێکی قاهیرەدا ڕاوەستا.