وەزارەتی ئەمیر سەلاحەدین

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ٢)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 10 خولەک  608 بینین

ئەمیر لە دوای سێ ڕۆژ تەعزیەی مامی، فەرمانی خەلیفە بۆ وەزارەتی سادر بوو. بەعزێ لە ئومەرای شام لەمە مەمنوون نەبوون و گەڕانەوە شام و ئەمەش ئەسەری حەسوودی بوو. بە تەبیعەت بۆ ئەو مەقامە هیچیان بە قەد ئەمیر سەلاحەدین لایق نەبوون، خەلیفە لەقەبی «مەلیک ئەلناسر ئەبو ئەلموزەفەر سەلاح ئەلدونیا وەلدین یوسف ئیبنی ئەیووب»ی دایە.

مەلیک ناسر لە عومری بیست و دوو ساڵیدا و لە دوای تەکامولێکی سیاسی و عەسکەری، گەیشتە ئەم مەقامە بڵندە. بەڵام کە تەماشای ئەتڕافی خۆی کرد، کەسی وای لە ئومەرا نەدی کە بە گیان و دڵ یارییەی بدا و وای موناسب زانی کە باوک و براکانی و خزمانی لە خۆی کۆ بکاتەوە. کاغەزی بۆ نووسین و هاتن. کە باوکی هات، خەڵاتی وەزارەتی لە سەر شانی هەڵگرت و تەقدیمی باوکی کرد، بەڵام باوکی قەبووڵی نەکرد و گوتی: ئەگەر تۆ لایق نەبوویتایە، خوا ئەمەی نەئەدایتێ.

مەلیک ناسر ویستی خەڵکی میسر لە خۆی مەمنوون بکا و زۆر ئیحسانی دانێ و چاکەی لەگەڵ کردن و هەرچەندە خۆی سوننی و خەڵکی میسر شیعە بوون، هیچ دەخڵی ئیش و کاری مەزهەبی نەکردن و تەنیا لە خوتبەدا لە دوای ناوی خەلیفە، ناوی نوورەدینیش ئەبرا.

لە وەقتی وەزارەتدا، ئەهلی سەلیب «دەمیات»یان داگیر کرد. مەلیک ناسر لەشکری لێ کردن و شارەکەی سەندەوە و لە میسر دەریکردن و بێجگە لەمەش، قەسەبەی «عەقەبە»شی کە لە سەر ڕێگەی حەجاجی میسر بوو، زەوت کرد و ئەم دوو زەفەرەی، تەئسیری گەورەی بە سەر خەڵکی میسردا بوو و موحیبەتێکی زۆریان لە حەقی پەیا کرد و مەوقیعی مەلیک ڕۆژ بە ڕۆژ لە دڵی خەڵکی میسر و ئومەرایدا لە بڵندیدا بوو.

بەینێک «موئتەمین ئەلخیلافە» کەوتە خیانەتەوە لەگەڵی و حەتا فەرەنگی لێ هان دا کە بێتە سەر میسر، تا مەلیک ناسر بکەوێتە بەینی دوژمنی خاریجی و داخڵییەوە. موئتەمین ئەلخیلافە بە لەشکری سۆدان کە پەنجا هەزار کەسێک بوو، پشت‌ئەستوور بوو. مەلیک لە فرسەتێکدا ئەم خائینەی لە ناو برد و لە سەر ئەمە لەشکری سۆدانی عوسیانی کرد. مەلیک ناسر، شەمس‌ئەلدەولە توورانشاهی برای، بۆ کوژاندنەوەی ئەم ئاگرە مەئموور کرد و حەقیقەتەن ئەم برا ئازا و دڵسۆزە باش لە عۆدەیان هات و لە زەرفی دوو سێ ساڵدا ڕەچەڵەکی بڕینەوە و لە خاکی میسردا سۆدانیی نەهێشت و زۆری لێ کوشتن، باقیش ڕایکرد بۆ سۆدان. لەوێش لە تەرەف «عادڵ»ی برایەوە تەفروتوونا کران.

لە دوای کوشتنی موئتەمین ئەلخیلافە (جەوهەر)، مەلیک ناسر، مەشهوور بەهائەددین قەرەقووشی کرد بە موئتەمین ئەلخیلافە.

مەلیک ناسر هێشتا تازە هەرای سۆدانی بڕیبووەوە کە ئەهلی سەلیب هاتە سەر دەمیات. مەلیکی قودس لەگەڵ حکوومەتی ڕۆمدا قسەی کرد بە یەک و ویستی میسر داگیر بکا و لە پێش هاتنی لەشکر و دوننمای ڕۆمدا خۆی هاتە سەر دەمیات. ئەم قەڵایە لە تەڕەف مەلیک ناسرەوە زۆر باش بۆ مودافەعە حازر کرابوو. لە بەر ئەوە، دوننما و لەشکری قودس لە دوای پەنجا ڕۆژ شەڕ و موحاسەرە، بە حاڵێکی خراپ گەڕانەوە و هیچیان پێ نەکرا. بێجگە لەمەش، بە تەقدیری خوا فەرتەنەیەکیش لە بەحردا پەیا بوو و بەقایای دوننمای ڕۆمی غەرق کرد.

لە دوای ئەم غەلەبەیە، مەلیک ناسر حاڵی مودافەعەی تەرک کرد و بە لەشکرێکەوە ڕووی کردە فەلەستین و دەستی کرد بە تەزییق و تاڵانیان. گۆڕانی وەزیفەتی عەسکەرییە و سیاسییەی میسر، بەم تەرحە و تەعەڕوزی ئۆردووەکەی بە فەلەستین، بۆ خەڵکی میسر حادیسەیەکی فەوقەلعادە بوو. دەمێک بوو لە ژێر نفووز و وەحشەتی فەرەنگدا دامابوون و ئەیانناڵاند، بەڵام بە سایەی حوسنی ئیدارە و دەهای مەلیک ناسرەوە کەوتنە حاڵێکی ترەوە؛ ئەمجا فەرەنگ لە تەعەڕوزی ئەوان ئەترسا. تەبەددولی وەزعییەت بەم نەوعە، موحیبەتی مەلیک ناسری لە دڵی میسرییەکاندا زیاتر جێگیر کرد و مەوقیعی مەعنەوی و مادیی مەلیک، ڕۆژ بە ڕۆژ لە بڵندیدا بوو.

مەلیک ناسر لەگەڵ ئەمەدا کە وەزیری خەلیفە عازد بوو، لە تەڕەف سوڵتان نوورەدینیشەوە مەنسەبی «سپەهسالار»ی بوو و زۆر موخلیسی سوڵتان بوو. مەشهوور قازی ئەلفەزڵ و عیمادەدینی ئیسفەهانی، هەردووکیان لە مەعییەتی مەلیک ناسردا مەئمووری موخابەراتی ڕەسمییە و موشاوری خاس بوون. قازی ئیبنی شەدادیش لە دواییدا (٥٨٤ هـ) بوو بە کاتبی خسووسیی سوڵتان سەلاحەدین.

مەلیک ناسر لە دوای کوژاندنەوەی ئیختیلالی داخڵی و غەلەبە بە سەر فەرەنگدا ویستی بۆ تەئمینی سەربەخۆیی، وردەوردە مەزهەبی سوننی لە بەینی میسرییەکاندا بڵاو بکاتەوە. بەم فیکرە باشە، دوو مەدرەسەی گەورەی کردەوە، یەکێکیان ناسرییە و ئەوی تریشیان کامیلییەی ناو نرا.

ئیبنی ئەسیر ئەڵێ حەبسخانەی «دار ئەلمەعوونە»ی ڕووخاند و مەدرەسەیەکی بۆ مەزهەبی شافیعی لە جێگەی دروست کرد. «دار ئەلعەدل»یشی کرد بە مەدرەسەی شافیعی. قازییانی شیعەی میسری عەزل کرد و لە جێگەی ئەوان قازیی شافیعی دانا.

سوڵتان نوورەدین بۆ خوتبە خوێندنەوە بە ناوی خەلیفەی عەباسییەوە زۆر ئیلحاحی نەکرد و ئەفکاری عموومییەش ئەمەی ئەویست. بەڵام مەلیک ناسر هەڵەشەیی نەکرد و ویستی ئەووەڵەن مەوقیعی خۆی باش قایم بکا و لە دواییدا دەست بداتە ئەم ئیشە. لە دوای بەینێک بە عادەتی خۆی، مەجلیسێکی ئیستیشارەی کۆ کردەوە و موزاکەرەی لەگەڵ کردن و لە پاشدا لە سەر قەراری مەجلیس، خوتبە بە ناوی خەلیفەی عەباسییەوە خوێنرایەوە. خەلیفەی فاتیمی، ئەلعازد، لەو وەقتەدا نەخۆش بوو، بە ئەمری مەلیک ئەم خەبەرەیان لێ شاردەوە، واقیعەن لە دوای چەند ڕۆژێک ئەلعازد وەفاتی کرد (٥٦٧ هـ). مەلیک لە وەفاتی زۆر عاجز بوو، چونکە بۆ سیاسەتی بەرامبەر سوڵتان نوورەدین، مەسڵەحەت نەبوو.

مەلیک ناسر لە دوای دفن و تەعزیەی ئەلعازد، نەتەوە و خانەدانی فاتیمیی لە قەسری خەلیفە هێنایە دەرەوە و لە خانوویەکی تریشدا ئافرەتەکانی دانا و زۆر باش تەماشای کردن. لەم جوێکردنەوەیەش مەعنا زاوزێیان بوو. خەزێنەی قەسری خەلافەتی بە سەر ئومەرا و پیاوماقووڵان و موحتاجینا دابەش کرد.

لە دوای وەفاتی ئەلعازد، مەلیک ناسر بوو بە حوکمداری سەربەخۆی میسر. ئەووەڵ ئیشی، دروستکردنی قەڵای قاهیرە بوو. لەو وەقتە ئەم پایتەختە عیبارەت بوو لە چەند پارچەیەک: فەستات، گەڕەکەکانی کە ئەحمەدی تۆڵۆن دروستی کردبوو، قاهیرە ئەلعەزیمە. مەلیک ناسر بە دەوری ئەمانەدا دیوارێکی مەحکەمی دروست کرد و قەڵایەکیشی بە ناوی خۆیەوە بۆ حیمایە و موحافەزەی شارەکە بینا کرد و لە ناو ئەم قەڵایەشدا سەرا و دەوائیر و بەعزێ خانووی موناسیبی بۆ خۆی و دەستوپێوەندی دروست کرد.

مەلیک ناسر سەلاحەددین نەیئەویست کە سوڵتان نوورەدین لێی بکەوێتە شوبهەوە، لە بەر ئەمە، لە خوتبە و لە دوای ناوی خەلیفە، ناوی سوڵتان نوورەدین زیکر ئەکرا و سککەی بە ناوی ئەوەوە لێدا و لە خەزێنەی قەسری خولەفای فاتیمی، دیارییەکی زۆر بەقیمەتی بۆ هەڵبژارد و ناردی.

بەینێک مەلیک ناسر بۆ فەتحی قەڵای «شوبک» کە لە فەلەستیندا و لە سەر ڕێگەی توجاری میسر و شامدا بوو، چوو. بەڵام کە بیستی سوڵتان نوورەدین ڕووی کردۆتە ئەو ناوە، نەیویست تووشی بێ و وازی لە قەڵاکە هێنا و گەڕایەوە.

بەعزێ ئومەرای سوڵتان نوورەدین کە لە فەتحی میسردا لەگەڵ شێرکۆهـ و مەلیک ناسردا نەمابوونەوە، چووبوونەوە لای سوڵتان نوورەدین. ئەمانە دایمە سەعیان ئەکرد کە دڵی سوڵتان نوورەدین لەگەڵ مەلیک ناسر بگۆڕن، حەتا ئەڵێن کە لە دوای گەڕانەوەی مەلیک لە قەڵای شوبک، سوڵتان نوورەدین ڕووی کردە میسر و ویستی بیگرێ. کە مەلیک ناسر ئەم خەبەرەی بیست، مەجلیسی شۆڕای کۆ کردەوە و موزاکەرەی لەگەڵ کردن و یەکێ لە ئەعزای مەجلیس گوتی: لازمە شەڕ لەگەڵ سوڵتان بکەی. نەجمەدین ئەیووبی باوکی کە ئەمەی بیست، تووڕە بوو و گوتی: وڵاتەکە وڵاتی سوڵتانە و هەموومان عەبد و تەبەعەی ئەوین و لە سەر ئەمە مەجلیس بڵاوەی کرد و لە پاشدا نەجمەدین ئەیووب گەلێ لۆمە و نەسیحەتی مەلیک ناسری کوڕی کرد.

واقیعەن سوڵتان نوورەدین لە بەر بەعزێ ئیش و کاری موهیمی جەزیرە، نەیتوانی بێ بۆ میسر. مەلیک ناسر لە دوای چەندێک توورانشاهی برای بۆ تەئمینی سۆدان و تەدقیقی ئەحواڵی نارد.

سوڵتان نوورەدین لە دوای ئەمە کە کاغەزی ئیتاعەت و تابعیەتی لە مەلیک ناسر وەرگرت و ئیش و کاری جەزیرەشی تەواو کرد، خەبەری نارد بۆ مەلیک ناسر کە بە لەشکریەوە بێ و لە فەلەستین یەکدگیر بن و شەڕ لەگەڵ مەلیکی قودس بکەن. واقیعەن مەلیک ناسر ئیتاعەتی کرد و چوو، بەڵام لە پێش چاوپێکەوتنی سوڵتان، بە سەبەبی نەخۆشیی باوکیەوە گەڕایەوە میسر. واقیعەن ئەمیر نەجمەدین ئەیووب لە نزیک باب ئەلنەسر لە وڵاخ گلابوو و لە دوای چەند ڕۆژێ وەفاتی کرد.

سوڵتان نوورەدین لە گەڕانەوەی مەلیک ناسر عاجز بوو و قەراری دا کە بە لەشکرێکەوە بچێتە سەر میسر و داگیری کا و مەلیک ناسر عەزل بکا، بەڵام ئەجەل مەیدانی نەدایە و لەو ڕۆژانەدا وەفاتی کرد (ڕۆژی چوارشەمۆ ٢١ شەوواڵی ٥٦٩ هـ).

لە پێش وەفاتی سوڵتان نوورەدین، مەلیک ناسر زۆر فەعالیەتی نواند، لە لایەکەوە لە ژێر نەزارەت و ئەمری باوکیا لەشکری میسری تەنزیم و تەربیە کرد و لە قەراغ بەحری سپیشەوە تا شاری «قابس» هەموو «تەڕابلوسی غەرب» و «توونس»ی داگیر کرد. لە لایەکی تریشەوە بۆ فەتحی یەمەن، توورانشاهی برای نارد (ڕەجەبی ٥٦٩ هـ) و ئەو وڵاتە و عەدەن کەوتنە ژێر ئیدارەی میسرەوە.

لەو بەینەدا لە تەڕەف شاعیر «عەمارە ئەلیەمەن» و بەعزێ کەسی تر، ئیختلالێک تەرتیب کرابوو و ئەمانە لەگەڵ مەلیکی فەرەنگیشدا قسەیان کردبوو بە یەک، بەڵام لە پێش وقووعیدا مەلیک خەبەری زانی و سەبەبکارەکانی هەڵواسی. لەو بەینەدا دوننمای «سجلیا» هاتبووە سەر ئەسکەندەرییە، مەلیک ناسر زوو دەفعی کرد و لەو بەینەدا قەڕاڵی قودسیش مرد کە دوژمنێکی بەقووەتی مەلیک ناسر بوو.

لە دوای وەفاتی سوڵتان نوورەدین، بۆ سەربەخۆیی بۆ مەلیک ناسر، ئیتر مانیعێک نەما و بە تەبیعەت حاکمیەتی موتڵەقەی شەرق و سەرداریی ئیسلام کەوتە عۆدەی مەلیک ناسر سەلاحەددینەوە و ڕەقیبێکی وای بۆ نەما کە بتوانێ بەرامبەری بوەستێ. کوڕە منداڵەکەی سوڵتان نوورەدین و سەیفەدین حاکمی مووسڵ و سوڵتانی سەلجووقی ڕۆم لە ناودا هەبوو، بەڵام ئەمانە هیچیان حەدی ئەوەیان نەبوو کە بتوانن ڕەقابەتی لەگەڵ بکەن. مەلیک ناسر چونکە شەڕی فەرەنگ و دەرکردنیانی لە وڵاتانی ئیسلامی بە وەزیفەیەکی دینی ئەزانی، ویستی کە لەگەڵ ئەم حاکمانی موسوڵمانانەدا ئیتیفاق بکا و هەموو قووەتی ئیسلام بەرامبەر بە دوژمنی دین کۆ بکاتەوە. ئەم فیکرە باشە ئەساسی سیاسەتی موستەقبەلی مەلیک ناسر سەلاح بوو، واقیعەن لە سەریشی ڕۆیشت.