عەقیدەی یەزیدی

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 7 خولەک  1107 بینین

ساحێبی تاریخی مووسڵ ئەڵێ: ئەبێ سەبەبی ناوی ئەم عەقیدەیە ئالیهەیەکی ئەم قەومی یەزیدییە بێ کە ناوی «یەزد» وەیا «یەزدان» بووە و مناسەبەتی ناوی یەزیدی، وەکوو بەعزێ موئەللیفین ئیدیعایان کردووە لەگەڵ «یەزید ئیبنی سەلما» و «یەزید»ی خەلیفەی ئەمەوییە لە عەقڵ و سەواب دوورە. لە لایەکی تریشەوە موئەرریخی یۆنانی، تیوفاینس، کە لە عەسری حەوتەمی میلادیدا ژیاوە ئەڵێ: ئیمبراتۆر هراقلیۆس لە نزیک شاری «یەزدم» ئۆردووگاهی دامەزراند. بە گوێرەی فیکری مێجەر ڕولینسۆن ئەم شاری «یەزدم»ە ڕەنگە لە نزیک «حدیاب = مووسڵ» بووبێ و ڕەنگە تائیفەی یەزیدی لەم شارەوە بڵاو بوونەوە.

ئەو بەشی کوردەی کە لەم عەقیدەدان لە تەڕەف حەلەب، وان و ئەرزڕۆمن، بەشی زۆریان لە وڵاتی مووسڵدا و لە سنجار و قەزای شێخاندان، نفووسیان نزیکی ٣٠٠٠٠٠ە (تاریخی مووسڵ) . بەعزێکیش ئەڵێن لە شاخی قەفقاسیادا و لە قەراخ بەحری قەزوین و لە شاخی ئەڵتای و لە قامچانقا و چینیشدا یەزیدی هەیە، بەڵام ئیسمیان نەوعێکی ترە.

ئەساسی دیانەتی یەزیدی، مەزهەبی «مانی»یە. بەعزێک گوتوویانە ئەچێتەوە سەر مەزهەبی زەردەشت کە ئیعتیقادی بە وجوودی دوو «ئیلاهـ» کردووە. بە گوێرەی ئیعتیقادی ئەمانە، ئەبێ عیبادەت بۆ ڕۆژ و بۆ شەیتان بکرێ، وەکوو چۆن لە مەزهەبی زەردەشتیدا ئیعتیقاد بە ئیلاهەی خێر (هورمز) و بە ئیلاهەی شەڕ (ئەهریمەن) کراوە. ئەم تائیفەیەش ئیعتیقادیان بە ئیلاهەی خێر هەیە، کە مونتەهای ڕەحمەتی نییە و بڵندترینی هەمووە، ئیعتیقادیشیان بە شەیتان هەیە کە عامیلی شەڕ و زەرەرە و لە ترسی شەڕی، نەک بۆ ئیحتیرامی، عیبادەتی بۆ ئەکەن و عوزریشیان ئەمەیە کە خوای تەعالا لوتف و مەرحەمەتێکی بێ‌نیهایەی لەگەڵ مەخلووقات هەیە، چونکە ساڵحە، زەرەر و شەڕ بە ئینسان ناگەیێنێ، بەڵام شەیتان تەبعەن شەریر و موزیڕڕە، لە بەر ئەوە ئەگەر ئینسان بیەوێ بە ڕاحەتی و دڵخۆشی بژی، ئەبێ عیبادەتی خوای ساڵح تەرک بکا، چونکە تەبعەن شەڕ و زەرەری لێ سادر نابێ و ئەبێ موحیببەتی شەیتان جەلب بکا تا تووشی ئەزیەتی نەبێ، چونکە هەر ئەوە کە ئینسان تووشی شەڕ ئەکا وەیا ئەیپارێزێ، بە ناوی مەلیکێکی گەورە؛ وەیا بە قووەت و مەقهوور لە مەبدەئی خێر، عیبادەت بۆ شەیتان ئەکەن. ئەم مەبدەئی خێرە هەزار ساڵ حکوومەت ئەکا و ئەمە ئەجەلێکی غەیرە مەحدوودە؛ لە نیهایەتی ئەم موددەتەدا ئیلاهی خێر و ئیلاهی شەڕ ئەکەونە شەڕەوە و ئیلاهی شەڕ یا غەلبە ئەکا و یا لەگەڵ ئیلاهی خێردا سوڵح ئەکا. لەم هەر دوو حاڵەدا ئەتباعی، نەفعێکی گەورە ئەبینن.

ئەم تائیفە، گەورەیەکیان هەیە «ئەمیری شێخان»ی پێ ئەڵێن و لە شێخان دائەنیشێ و نفووزێکی زۆر گەورەی بە سەر هەموو تائیفەکەدا هەیە و لە مەعییەتیدا بۆ تەبلیغی ئەمر و نەهی، ئومەرای پچووک هەیە. ڕەئیسی دینی هەرە گەورەیان «باباشێخ»ی پێ ئەڵێن و بەعزێ شێخی لە مەعییەتدا هەیە و بۆ تەبلیغی ئەمر و نەهیی دینی، باباشێخە کە ئەتوانێ فتوا بدا، ڕۆژ و نوێژ تەحدید و حەرام و حەڵاڵ تەعیین بکا. ئەم دوو مەنسەبە گەورەیە ئیرسییە.

تەقریبەن ئیعتیقادیان بە هەموو دینێک هەیە. ئیدیعای ڕاستیی مەزهەبی مانی ئەکەن. بۆ ڕۆژ، گا ئەکەن بە قوربانی. کوشتنی تەیر و حەیواناتی تر و بڕینی داری دۆڵی موبارەک، لە لایان گوناهە. لە وەقتی هەڵاتن و ئاوابوونی ڕۆژ سوجدە ئەکەن.

ژندان و ژن‌هێنان لە ساحێبی مەزهەبەکانی تر لە لایان گوناهێکی گەورەیە و بە غەیری هاومەزهەبی خۆیان بە کەس ناڵێن «برا». بە غەریب ئەڵێن «ساحێب» (موتالەعەی میس ڕۆزیتافوریس).

بەعزێ عاداتی عەجائیبیان هەیە. ڕقیان لە ڕەنگی شینە و زۆر ڕقیان لە کاهووە. حەرفی «ط» و «ش» تەلەفوز ناکەن، لە لای ئەوان ماین و ئەسپ بارکردن جائیز نییە و هەر کەسێ ڕیعایەتی ئەم ئوسوولە نەکا، تووشی جەزا ئەبێ.

ڕۆژی جەژن و زیارەتیان زۆرە، مەسەلەن هەموو ئەووەڵی چوارشەممۆی مانگی نیسانی ڕۆمی، بە دەف و زوڕنا ئەچنە سەر قەبران و لەوێ ئەخۆن و ئەخۆنەوە، نان بە فەقیر ئەدەن. ڕۆژی دووەمی پێنجشەممۆ لە «بەعشیقە»دا و لە سەر زیارەتی «شێخ محەمەد» کۆ ئەبنەوە. ڕۆژی جومعە بۆ سەماکردن لە بەعشیقەدا گرد ئەبنەوە. جومعەی دوایی دیسان بۆ سەماکردن لە دێی دەراوێشدا و لە لای قەبری حەسەن فردۆش کۆ ئەبنەوە. جومعەی سێیەم بە دەهۆڵ و زوڕنا قەبری شێخ ئەبووبەکر زیارەت ئەکەن. ساڵی سێ ڕۆژ بەڕۆژوو ئەبن.

یەزیدی سوجدە ئەباتە بەر بوتێک کە لە شکڵی تەیردایە «مەلیک تاووس»ی پێ ئەڵێن و لە لایان وایە کە ئەم ئالیهەیە لە پێش هەموو مەخلووقاتدا هەبووە و لە هەموو جێگایەکا حازرە و خدمەتکارانی بە هەموو لایەکا ئەنێرێ تا زەلالەت و ئیمان لێک جوێ بکاتەوە. ئیعتیقادیان بە تەناسوخی ئەرواح هەیە و لە بەر ئەمە لەو ئیعتیقادەدان کە ڕوئەسایان لە هەموو عەسرێکا بوون. «شێخ عودەی» لەگەڵ مەلیک تاووسدا بە یەک دائەنێن. بڕوا بە بوونی جەهەننەم و شەیاتین ناکەن و لە لایان وایە کە ئەرواحی شەریرە، وەکوو نەخۆشی، تاعوون، گرانی، مردن و ئافات تەبیعییە.

کتێبی دینییان «کتاب الجلوە» هەیە کە ئەسەری شێخ عودەیە و باسی ئوسوولی قەدیمەی یەزیدی ئەکا . لە دوای ئەمە «الکتاب الاسود» دێ کە لە ساڵی ١٣٤٢ی میلادیدا نووسراوە و باسی عەوائیدی تائیفەی یەزیدیی ئەو عەسرە ئەکا.