زمان (لیسان)

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 39 خولەک  997 بینین

دەرحەق بە زمانی مەنزوومەی زاغرۆس، لە فەسڵی دووەم و سێیەمدا چەند قسەیەکمان کرد. بە گوێرەی تەدقیقات و فکری دوقتۆر سپایزەر، عەناسری ئەربەعەی مەنزوومەی لۆللۆ، گۆتی، کاسای، سووباری یا هووری، هەر یەکە زمانێکیان بووە و بە قەرینەی بەعزێ ئەسمائی ئەم زمانانە نزیکی یەکتری بوون. بەعزێ لە موستەشریقین ئەڵێن کە زمانی ئەم چوار قەومە لە جوملەی لیسانی ئاری بووە. بەڵام بەعزێکی تریشیان ئەڵێن زۆر ڕەنگە کە زمانی قەومانی زاغرۆسی قەدیم ، مەنسووبی لۆغەتی «قۆقازی» بێ. خولاسە ئاساری دۆزراوەی تا ئێستا بۆ حەللی ئەم مەسئەلەیە کافی نییە و موحتاجی وەسائیقی تازەیە.

لە لایەکی تریشەوە کەس نایزانێ کە زمانی ئاریی قەدیم چ نەوعە زمانێک بووە، سەبەبیشی دەسنەکەوتنی ئەسەرێکە کە بە زمانی ئاریی زۆر قەدیم نووسرابێ و ڕەنگە لەمەو لایشەوە دەس نەکەوێ. چونکە تاریخی نووسین و خوێندنی ئاری، بە گوێرەی کتێبی موقەدەسی هیندییەکان لە ١٤٠٠ی پێش میلاد بەرەو ژوورتر ناچێ.

بێینە سەر تەبەقەی دووەمی ئەجدادی کورد، یەعنی «مەد» و تەوابعی. جێگەی ئەسەفە کە دەرحەق بە زمانی قەومی «مەد»یش مەعلووماتێکی کافی نییە، موستەشریق دارمیس تیستر ئیدیعای کردووە کە ئاوێستای زەردەشت بە زمانی مەد نووسراوە، بەڵام دائیر بە زمانی مەد ئەسەرێک نەدۆزراوەتەوە تا لەگەڵ ئاوێستادا موقایەسە بکرێ و حەقیقەت مەعلووم بێ. موئەرریخی قەدیم، سترابون ئەڵێ پارسی و مادی لە زمانی یەکتری تێئەگەیشتن. بە گوێرەی ئەمە، ئەبێ زمانی «مەد» جوێ و نزیک زمانی «پارسی» بووبێ (ئێرانی قەدیم).

پرۆفیسۆر سایس ئەڵێ: مەد عەشائیری کورد بوون، لە خسووسی زمانەوە هیند و ئەورووپین. لەگەڵ ئەمەشدا زۆر ڕەنگە کە قسەی دارمیس تیستر موافقی حەقیقەت بێ. بە گوێرەی فکری موتەخەسیسین ئەبێ زەردەشت خەڵکی میدیا بووبێ و نووسینی ئاوێستای بە زمانی خۆی، یەعنی مادی، لە عەقڵ زۆر نزیکە. «تاریخی ئێرانی قەدیم» ئەڵێ: لەو کیتابە نووسراوەی دەوری ئەخمەنی و زمانی پارسیی قەدیم وا دەرئەکەوێ کە پارسیی قەدیم بۆ کیتابە و فەرمان نووسین ئیستیعمال کراوە، لە قسەکردنا زمانی پەهلەوی و یا زمانێکی نزیک پەهلەوی ئیستیعمال کراوە. پارسیی قەدیم و سانسقریتی (زمانی کوتوبی موقەدەسەی هیندی) و زمانی ئاوێستایی (کوتوبی موقەدەسەی زەردەشتی) لە زمانی موشتەرەکی ئارییەوە پەیا بووە و ئەم زمانی موشتەرەکە مەعلووم نییە کە چ نەوعە زمانێک بووە.

هەر عەینی موئەریخ، دەرحەق بە زمان و خوتەبی پەهلەوی گەلێ مەعلووماتی باش ئەدا و ئەڵێ بە قەرینە وا دەرئەکەوێ کە زمانی پەهلەوی لە ئەواخیری دەوری ئەخمەنیدا قسەی پێ کراوە و لە دەوری پارت و ساسانیشدا زمانی تەکەلوم بووە. لە دوای ئینقڕازی سەلالەی ساسانی موددەتێکی تریش لە ئێراندا و باخسووس لە تەبەرستاندا ژیاوە. ئەسەرێکی هەرە قەدیمیی نووسراو، بەم زمانە لە «فەیوم» (لە ئەولکەی میسردایە) دزۆراوەتەوە، موتەخەسیسی ئەم زمانە کە «ویست»ە، ئەڵێ: ئەبێ ئەم ئەسەرە عائید بە قەڕنی دووەمی هیجری بێ. کیتابەی دەوری ساسانی بەم زمانە ئەنووسرا. عەینی موتەخەسیس ئەڵێ: بە غەیری ئاوێستا، ئەو کیتابانەی کە بە زمانی پەهلەوی نووسراون، هەموویان لە دوای دەوری ساسانییە و ئەم کیتابانەش سێ نەوعن: تەرجومە و تەفسیری ئاوێستا (٨٢ کتێب یا ڕیسالەیە)، کتێبی مەزهەبی، غەیرە مەزهەبی .

نووسینی زمانی پەهلەوی زۆر زەحمەت بوو، چونکە نزیکەی هەزار عەلامەتێکی بووە و لە خەتی ئارامییەوە وەرگیراوە (بۆ تەفسیلی ئەم بەحسە خوێندنەوەی «تاریخی ئێرانی قەدیم» موناسبە).

دەرحەق بەم باسە جوغرافییەکەی «ملتبورن» لە مەقالەی ٥٥ی، دەرحەق بە تەعریفاتی ئاسیادا ئەڵێ: زمانی هەرە قەدیمی ئاری، زەند و پەهلەوییە. زمانی زەند لە کتێبی دینییەی ئێرانی قەدیمدا، وەکوو ئاوێستا، ئیستیعمال کراوە و لە غەربی بوخاراوە تا ئازەربایجان هەموو وڵاتانی شیمالی ئێران بەم زمانە قسەیان کردووە و ئێستاکەش وەکوو زمانێکی دینی لە ناو مەجووسییەکانا ئیستیعمال ئەکرێ. لەمە وا دەرئەکەوێ کە لە بەینی ئەم دوو زمانەدا گەلێ قەواعیدی موشتەرەکە بووە.

بەڵام زمانی پەهلەوی (وەیا پاڵەوان) زاهیر وایە کە لە عێراقی عەجەمدا و لە میدیای گەورە و وڵاتی فارسدا قسەی پێ کراوە. بەعزێک گوتوویانە کە ئەم زمانە لە سەرا و دەوائیری ملووکی ئەحفادی قیروس (= کەیخسرەوی گەورە)دا زمانێکی ڕەسمی بووە. بەم زمانە بەعزێ ئەلواحی نووسراوەی دەوری ساسانی دۆزراوەتەوە. بەڵام لە ئیعتیباری ٢١١ تا ٦٣٢ی میلادی، وردەوردە زمانی پەهلەوی لە ئیعتیبار و ئیستیعمال کەوتووە و بە ئەمری پادشا، زمانی فارس یەعنی لەهجەی ئیقلیمی فارس قەبووڵ کراوە. لە دوای ئیستیلای عەرەب و ئینقیڕازی حکوومەتی ساسانی، ئەم زمانە بەرەبەرە لە بەر چاو کەوت و لە ساڵی ٩٧٧ی میلادیدا و لە زەمانی حکوومەتی دەیلەمیدا لەهجەی فارسی قەدیم ئیحیا کرایەوە، بەڵام بەعزێ کەلیماتی عەرەبی و غەیرەی داخڵ بوو، نیهایەت عولەما و ئودەبا بەعزێ کەلیماتی تریشیان لە زمانی زەند و پەهلەوی وەرگرت و داخڵیان کرد و بەم تەرحە زمانی فارسیی ئیمڕۆ هاتە وجوود.

سێر جۆن مالقۆڵم لە ئەسەرە نایابەکەی خۆیدا (History of Parsika، جڵدی ٢، لاپەڕە ٦١) ئەڵێ: «ئەو عەشائیرەی کە لە مەنتیقەی کرمان و فارس و بەشێکی عێراق و هەموو کوردستاندان، دەلیلی هەرە بەقووەتی ئەسڵییان زمانەکەیانە، کە لەهجەیەکی توندی پەهلەوییە. لە بەینی زمانی ئەم عەشائیرەدا قووەتێکی زۆر هەیە، بەڵام ئەم فەرقە بە دەرەجەیەکی وا نییە کە لە زمانی یەکتری تێنەگەن».

لەم جیهەتەوە ساحێبی کتێبی «تاریخی ئاسوور»، سێر سیدنەی سمیت، ئەڵێ: «لەم عەسرەدا نەزەرییەی زمانی کوردی زۆر گۆڕاوە و بە گوێرەی ئەفکاری ئەو موتەخەسیسانە کە ئینسان ئەتوانێ بڕوایان پێ بکا، زمانی کوردی، لەهجەیەکی موشتەق وەیا موشەووەشی فارسی نییە، بەڵکوو زمانێکە کە تەتەورێکی حەقیقی و قەدیمی هەیە و لە زمانی فارسیی قەدیمی لەوحەکەی داریۆس قەدیمترە. ئەگەر ئەم فکرە سەحیح بێ، بە تەبیعەت عولەمای تاریخ حەقیانە بڵێن کە زمانی کوردی، لە عەسری شەشەمینی پێش میلاددا هەبووە و زمانێکی سەربەخۆ بووە».

مودەققیقی تاریخی کورد، مێجەر ئەدمۆندس لە مەقالەکەی کە لە مەجمووعەی جەمعییەتی ئاسیای مەرکەزیدا (نومرۆ ١١) نەشری کردووە ئەڵێ: «ئیتر بە تەواوی مەعلووم بووە کە زمانی کوردی، لەهجەیەکی فارسی نییە؛ بەڵکوو زمانێکی مەشهوور و سافی ئارییە و خسووسییەتێکی مومتازەی هەیە».

لە خسووس مەسئەلەی زمانی کوردییەوە لازمە تۆزێکیش گوێ لە مێجەرسۆن بگرین . ئەم زاتە کە بە قەد کوردێک کوردیی ئەزانی و لە عالمێکی کورد گەلێ زیاتر شارەزای زمانەکەمان بوو، خولاسە ئەڵێ: ئەو زمانەی کە کورد قسەی پێ ئەکا، وەکوو زۆری سەیاحینی ناو کوردستان ئیدیعایان کردووە شکڵێکی تێکەڵ و عەجائیب و بێقاعیدە و ناشیرینی لەهجەی ئێران نییە. بە عەکسی ئەم ئیدیعایە، زمانی کوردی، لیسانێکی مومتاز و سافی ئاریی لە ناوچووە و لەو زەمانەوە کە تاریخی ئێران پێچرایەوە و خەیاڵات و نەزەریات لە جێگەی ئەو قائیم بوو تا ئیمڕۆ، لە چیا سەختەکانی کورددا زۆر باش موحافەزە کرا.

لە ناو زمانەکانی شەرقی موتەوەسیتدا تەنیا ئەم زمانەیە کە بە غەیری قەبووڵکردنی بەعزێ تەعبیراتی دینییە، خۆی لە ئیختلاتی زمانی عەرەبی پاراستووە و کەلیماتی قەدیمەی ئاریمان نیشان ئەدا کە ئەم کەلیماتە ئەساسەن لە زمانی ئێرانیدا ئیستیعمال کراوە، بەڵام دەمێکە لە فکریان چوونەوە، بەڵام کورد ئێستاش قسەی پێ ئەکا. لەگەڵ ئەمەشدا، بە گوێرەی تەرتیب و نیزامی ئینقسامی لۆغەت، فرووعی ئەم زمانەش تەرەقی و ئینکشاف ئەکا و بۆ بوونی بە زمانێکی عموومیی ئیمڕۆ، ئەبێ بۆ لەهجە پێشکەوتووەکان دوو یا سێ تەلەفوزی ئەوەڵ حرووفی کەلیمات بگۆڕێ و لە دوای ئەمە شکڵی حرووف و نەحوەکەی تەعدیل و ئیکمال بکرێ بە دەرەجەیەکی وا کە کەسێک کە ئەسڵی زمانەکە یا یەکێ لە لەهجەکانی بزانێ، بتوانێ تێی بگا. چارەی ئیسلاحی فرووعی ئەساسیی زمانی ئاری کە فارسی و کوردی لێ پەیا بووە، ئەمەیە. مەعلووماتی عموومی وایە کە لە دەورێکدا زمانی کوردی و فارسی یەکێک بووە و بەرەبەرە هەر یەکێ لەمانە لە سەر خەتێکی موعەییەن تا ئیمڕۆ تەرەقی کردووە، بە گوێرەی ئەمە ناتوانین بڵێین کە کوردی لەهجەیەکی فارسییە، هەر وەکوو ناتوانین ئیدیعا بکەین کە زمانی ئیسقاندیناویا لەهجەیەکی ئینگلیزییە. بە گوێرەی ئەمە، لە زمانی ئێرانی جوێ بۆتەوە و لە هەر یەکێ لەمانە چەند لەهجەیەک پەیا بووە. ئەبینین کە بە گوێرەی لەهجەی وڵاتانی ئێران، فارسی چەند لەهجەیەکە و لە بەینی ئەمانەدا فەرقێکی زۆر هەیە، بەڵام هەموویان لە ئەساسدا فارسین، نە «لوڕی» نە «کوردی» و نە «بلووجی»ن.

زمانی کوردیش زۆر لەهجەی هەیە و چونکە بۆ تەسبیت کردنی زۆر کەم سەعی کراوە و بۆ نووسینێکی موشتەرەک هەیئەتێکی مەخسووس لەگەڵی خەریک نەبووە، بەرەبەرە بڵاو بۆتەوە و تەبدیلی کردووە و ئەم حاڵە بۆتە سەبەبی موشکیلاتێکی زۆر بۆ مودەققیقینی زمانی کوردی، چونکە نازانین کە لەم لەهجە زۆر بە فەرقانە کامیان لە ئەسڵ و حەقیقیی زمانی کوردییا بووە و ئەوانی تر لەهجەیەکی فەرعییەی ئەون.

بە گوێرەی ئەتنۆغرافی، جوغرافی و ڕیوایات و عەنعەنات و لیسانەوە عەشیرەتی «موکری»ی «سابڵاخ» ئەم هەموو شرووت و ئەوسافەی تیا هەیە و لایقە ئیمڕۆ ببێتە نموونە بۆ ناسینی عیرق و زمانی کورد. تەقریبەن قەناعەت حاسڵ کراوە کە زەردەشت بە زمانی دووایی «ماد» قسەی کردووە، لە حدوودی شیمالی وڵاتێکدا هاتۆتە دنیاوە کە ئیمڕۆ بە خاکی «موکری» ناسراوە و زمانیشی وەکوو لە زەندئاوێستادا ئەیبینین، هەرە نزیکی لەهجەی موکری وەیا وەکوو لە دواییدا تەعریفی ئەکەین، زمانی «موکری»یە.

ئەم نەزەرییەیە لە تەڕەف هوارت و دورمەستەتیر و بەعزێ موتەخەسیسی ترەوە زۆر پێش خراوە و نەتیجەی ئەمەیە کە زمانی ئاوێستایی زەردەشت زمانی کورد و مادییە و زمانی پارسیی ئەو دەورەش ئەو زمانە بوو کە لە ئاساری پێرسپۆلیس (ئیستەخر)دا نووسراوە. ئەو فەرقەی کە لە ئینکشافاتی دوایی حاسڵ بووە، ئەمەیە کە کوردی، بە عەکسی فارسی، عەدەدێکی زۆری لە کەلیماتی عەرەبی قەبووڵ نەکردووە و شکڵی ئەفعالی زیاتر تەرەقیکردووی خۆی موحافەزە کردووە.

دەرحەق بە زمانی ماد، حەیف کە مەعلووماتمان زۆر کەمە، بەڵام زەندئاوێستای زەردەشت کە موحتەمەلە لە دەوری سەڵتەنەتی خانەدانی ئەخمەنیدا نووسرابێ، زمانەکەی زۆر کەم لە زمانی میدیا فەرق ئەکا. بۆ ئیسباتی ئەمە کە زمانی کوردی موحافەزەی شکڵی ئەسڵی کردووە، میسال زۆرە و ئەم چەند کەلیمەیە دەلیلی ئەوە. دەلیلێکی تریش عەلاوەکردنی حەرفی «هـ»یە بە بەعزێ کەلیمات کە لە فارسیدا حەزف کراوە. وا دەرئەکەوێ کە فارسی «هـ»یەکەی خۆی فڕێ داوە نەک کوردی، بەڵکوو عەلاوەشی کردووە. ئاوێستا و پەهلەوی بەعزێ کەلیماتی وای تیایە وەکوو هەبخمن، هان، هین کە ئیمڕۆ لە کوردیدا مەوجوودە، بەڵام لە فارسیدا «ه»یەکەی لێ فڕێ دراوە.

کوردی سلێمانیکرمانجیی ئێستائاوێستافارسیی ئێستا
گەورەمازینمازسنگین، بزرگ
بەرزبەرزبەرەزابلند
ماسیماسیماسیاماهی
حوشترئوشترائوشتراشتر
پردپەرتپەرەتاپل
ڕۆژخۆرهورآفتاب
بەرازورازورزاگراز
مێشمیشمەخشیمگس
بەرخبەرخوراخابرە
قسەکسەخساحرف، سخن
ویستنویسوواسخواستن
زانینزاننزاندانستن
منئەزئەزممن
(مضاف‌الیە) منمنامینامن، مرا
 

لەم موتالەعە کورت و موختەسەرە تێئەگەین کە زمانی کوردی، لە دراوسێیە مەشهوورەکەی، فارسی، زیاتر ڕابیتەیەکی بەقووەتی لەگەڵ زمانی ئاریدا موحافەزە کردووە. ئەم ئیزاحاتە، بۆ ئەوانەی کە بە چاوی زمانی ئارییەکی هەرە ساف تەماشای فارسی ئەکەن، بە تەواوی کافییە و ئەوانەی کە لەم فکرەدان لە تەغییراتی زمانی فارسی لە دەوری ئیستیلای ئێراندا بێخەبەرن.

ئیزاحاتی «The case of Kurdistan against Turkey» لەم خسووسەوە زۆر عەجایبە و خیلافی ئەفکاری تازەیە. خولاسەی ئەم ئیزاحاتە وایە: «زمانی فارسیی قەدیم، لەگەڵ زمانی زەندی ئێرانی و سانسقریتی هیندوستان زۆر مناسەبەتی هەیە. زمانی فارسیی قەدیم، تەقریبەن لە عەسری چوارەمی پێش میلاددا تەرک کرا. بەڵام زمانانی فارسیی تازە و پەهلەوی یاخود پارتی و میدیایی و کوردیی ئیمڕۆی لێ پەیا بووە». بە گوێرەی ئەم نەزەرییەیە ئەبێ زمانی میدیایی، سێ چوار عەسر لە دوای لەناوچوونی حکوومەتی میدیا پەیا بووبێ، کە ئەمەش لە عەقڵ دوورە و خیلافی ڕەئی عولەمای لیسانە. لە لایەکی تریشەوە ئەگەر زمانی فارسیی ئێستا چوار عەسر لە پێش میلاددا ئیجاد کرابێ، ئەم کەلیماتی عەرەبییەی کە تێیدا ئەبینین لە کوێوە و کەی تێی کەوتووە. حەقیقەت ئەمەیە کە زمانی فارسیی ئیمڕۆ وەکوو لە لای سەرەوە باسمان کرد، لە دوای غەلبەی ئیسلامییەت بە سەریاندا پەیا بووە، وەکوو لە جوغرافییەکەی ماڵتبروندا باس کراوە، ئەبێ لە دەوری تەغەلوبی «ئالی بوویە»دا بووبێ. عەینی ئەسەر لە لاپەڕە ٢٣ی حاشیەدا ئەڵێ: «قەومی پارت، لە عەسری سێیەمی پێش میلاددا کە وڵاتانی کوردستانی زەوت کرد، کوردانی مەجبوور کرد کە زمانەکەی خۆی، کە پەهلەوی بوو و لە فارسییە پەیا بووبوو، قەبووڵ بکەن، بەڵام ئەو کوردانەی کە لەگەڵ قەومی مستەولیی پارسدا زۆر لە تەماسدا بوون، لەهجەیەکی نزیک بە سانسقریتیی هیندوستانیان موحافەزە کرد و ئەو بەشەی کە دوورتر و لە غەربەوە بوو، لەهجەیەکی نزیکی ئەرمەنییان قەبووڵ کرد. لەو تاریخەوە کە سێ لەهجەی کوردی یەعنی کرمانجی، بابانی و زازایی پەیا بووە». ئەم نەزەریەی دوایی عەتف ئەکاتە سەر موتالەعەی موستەشریق مادیسۆن غرانت . ئەم موتالەعەی دواییەش دیسان لەگەڵ نەزەرییەی ئینسقلۆپەدیای ئیسلام کە خولاسەی ئەفکاری عولەمای هەرە مەشهوورە، هیچ یەک ناگرێ و بە گوێرەی ئەوە کە هیچ ناوی ئەم موستەشریقە ناهێنێ، وا دەرئەکەوێ کە ئەفکار و نەزەریاتی، مەقبوول نییە و لە حەقیقەت دوورە.

خولاسە هەرچەندە زمانی کوردی، وەکوو فارسی، زمانێکی غەربی ئێرانییە، بەڵام چ ئەسڵی و چ ئەساسیاتی لوغەوییەی، لە فارسی بە تەواوی جوێیە؛ زمانی غەربی ئێرانی – بە گوێرەی تەدقیقاتی بەعزێ موستەشریقین – دوو بەشە: شیمالی (سەروو) و جنووبی (خواروو). زمانی کوردی، بە ڕەغمی ئەمە کە لە فارسی ئەکا و ئیختلاتێکی زۆری لەگەڵی هەیە، فەرقی لەگەڵدا بە ئاشکرا دیارە. واقیعەن ئەگەر ئەو وەسائیقی زمانی کوردییە کە بە دەستەوەیە، لەو دەورەی کە زمانی فارسی مەوجوودییەت و فائیقییەتی خۆی نواند، قەدیمتر بوایە فەرقی ئەساسی بەینی ئەم دوو زمانە باشتر دەرئەکەوت. فەرقی ئاشکرای بەینی کوردی و فارسی، تەقریبەن پێنجە: تەلەفوزی، ئەساسی، شکڵی، سەرف و نەحوی.

فەرقی تەلەفوزی: ئەغڵەب لە حرووفدایە، وەکوو «ڕ» و «ڵ»ی قەڵەو و لەڕ، «د»ی دانی و گەروویی و ئەمسالی.

فەرقی ئەساسی: لە گۆڕانی لەفزەکانایە، وەکوو آتَش = ئاگر، ماهی = ماسی، نَماز = نوێژ.

فەرقی شکڵی و تەسریفی و فەرقی نەحوی (گرامەر) لە شکڵ و تەسریف و تەرکیبی کەلیمات و ئەفعال و جومەلدایە، وەکوو: فرستاد = ناردی؛ آمد = هات؛ آورد = هانی (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام). بە نزد او رفتم = چوومە لای ئەو. (بۆ شارەزابوونی ئەم فەرقانە تەماشاکردنی «دەستووری زمانی کوردی» زۆر بەکەڵک دێ).

کوردی، لە زمانی فارسی و عەرەبی، و فارسیش لە عەرەبی بەعزێ کەلیمەی وەرگرتووە و ئیستیعمالی ئەکا. بێجگە لەمەش ئیختلاتی [ئەم] زمانە بە تەبیعەت نەتیجەی ئیختیلاتی سیاسی و ئیجتیماعی و ئیداریی چەند هەزار ساڵەیە، تەئسیر و زەرەرێکی وای بۆ ئەسڵی زمانەکە نەبووە و نابێ. زاتەن ئەگەر تەماشای زمانی ئەقوامی تریش بکەین، ئەبینین کە هەموو لە عەینی تەئسیردا موئەسیر بوون و کەم و زۆرێ، کەلیماتی زمانی غەیرەیان تێکەڵاو بووە،حەتا زمانی عەرەبیش لەم حاڵە نەجاتی نەبووە. مەسەلەن زمانی فرانسزەکان زۆر تەعبیراتی یۆنانی و بەعزێ کەلیماتی عەرەبیشی تیایە. زمانی ئینگلیزیش کە هەموومان بۆ ئیستیفادە لە عیلم و مەعریفەت هەوڵ بۆ فێربوونی ئەدەین، پڕە لە کەلیماتی لاتینی، جەرمەنی و یۆنانی. زمانی فارسیی ئیمڕۆ کەوتۆتە شکڵێکی واوە کە ئینسان ناتوانێ بڵێ کە ئەم زمانە لە فارسیی قەدیمەوە زاوە، چونکە وەکوو زمانی تورکیی پێشوو، تەنیا فێعل وەیا خەبەرەکەی لەگەڵ تاک تاک کەلیمەی فارسییە، باقی عەرەبییە و بەعزێ کەلیماتی تورکی و بلووجی و هیندی و ڕووسیشی تێکەڵاو بووە و ئەم حاڵەش، وەکوو لە سەرەوە عەرزمان کرد، نەتیجەی ئیختیلاتە و ئەمرێکی تەبیعییە، لە بەر ئەوە بۆ زمانەکە نابێتە عەیب.

لەگەڵ ئەمەشدا من لەو فکرەدام کە بە واسیتەی زۆربوونی خوێندن و خوێندەوارانەوە و بە یارمەتیی بەعزێ کتێبی باش باش وەکوو سەرف و نەحوێکی موناسیب و قامووسێکی عام و ئەمسالی، زمانی کوردی مومکینە شکڵێکی سووک و ئاسانتر پەیا بکا، نووسین و خوێندنەوەی تەوحید بکرێ، بەشی زۆری لوغاتی عەرەبی و فارسییەکەشی، بە واسیتەی دۆزینەوە و قەبووڵکردنی موقابیلەکەیان بە کوردی، ڕۆژ بە ڕۆژ کەم بێ و ئەو تەعبیرات و کەلیماتەی غەیرەیە کە گۆڕینی زەحمەتە وەیا گۆڕینی ئەبێتە سەبەبی شڵەژان و سەر لێ تێکچوون، ئەبێ وەکوو میللەتانی تر کردوویانە، کوردیش بیانکا بە ماڵ بۆ زمانەکەی و حەتا بە گوێرەی ئیحتیاجی عیلمی، زۆر موناسیبە کە بەعزێ تەعبیراتی تازەش لەم ناوەدا قەبووڵ بکرێ و بەم تەرحە زمانی کوردی زیاتر دەوڵەمەند ئەبێ.

بەعزێ کەس بە سەبەبی زۆریی لەهجەی کوردییەوە ئەڵێن لە سەر ئەساسێکی سابت و عموومی ڕۆیشتن موشکیلەیە، بەڵکوو غەیرە مومکینە؛ لام وایە کە ئەم فکرە لە دوو شتەوە حاسڵ بووە: نەزانینی تەتەوراتی لوغاتی زیندوو و نەشارەزایی لە زمانی کوردیدا.

ئـ. واقیعەن ئەگەر تەماشایەکی عیلمی ئەلیسنە بکەین، ئەبینین کە میللەتە هەرە گەورەکان کە لەم عەسرەدا شکڵێکی موتتەحید و بەهەیبەت نیشان ئەدەن، لە بەینی زمانی ئەقسام و شوعەبیا لەهجەی موهیم بووە، حەتا پێی ناوێ دوور بڕۆین، ئیمڕۆ لە بەینی عەرەبی میسر و حیجاز و سووریە و عێراقدا ئەوەندە فەرقی لەهجە زۆرە کە عێراقییەک زۆر بە زەحمەت لەگەڵ عەرەبێکی میسری یا سووریدا ئەتوانێ قسە بکا و لە ئەغڵەبی تەعبیراتیان حاڵی نابێ. فەرقی ئەنواعی لەهجەی کوردی هیچ وەقتێ لەمانە زیاتر نییە و تا مەعاریف زیاتر بڵاو بێتەوە، ئەم فەرق و فرووقە کەم ئەبێتەوە. دەلیلێکی ئاشکرای ئەم قەناعەتەش زمانی موەحەدی ئینگلیز و فرانسز و ئەڵمانی ئیمڕۆیە.

ب. ئەگەر ساحێبی ئەو نەوعە ئەفکارە دەرحەق بە ئەنواعی لەهجەی کوردی مەعلووماتێکی تەواویان ببوایە، شوبهە نییە کە ئەم فکرەیان تەسحیح ئەکرد. چونکە وەکوو ئەوان تێگەیشتوون فەرقی بەینی لەهجەکان بە دەرجەیەکی وا نییە، کوردێکی خەڵکی سلێمانی ئەتوانێ لەگەڵ کوردێکی لوڕ یا گۆران یا بادینان قسە بکا. باخسووس بەعزێ لە لەهجەکان زۆر نزیکی یەکترن. مەسەلەن ئێستاکە لەهجەی کوردی شیمالی غەربی و جنووبی غەربی ئێران بە تەواوی لە یەک فەرق ناکرێ. مەعلوومە کە لەهجەی کوردیش چەند نەوعێکە و بەشی زۆری «کرمانجی»یە. بە گوێرەی شەرەفنامە قەومی کورد عیبارەتە لە چوار قۆڵی گەورە: کرمانج، لوڕ، کەلهوڕ و گۆران.

لەمانە بەشی لوڕ زۆر موحتەمەلە کە لە کۆمەڵی جنووبی غەربی (ئۆ. مان) و کۆمەڵێکی جوێ بن.

گۆرانی زەهاو، وەک هەورامیی سنەی قەومیان و زازا ... و الخ، بە لەهجەی شیمالی غەربی قسە ئەکەن و ئەم لەهجەیەش لەگەڵ کوردی فەرقێکی گەورەی هەیە، مەسەلەن گۆران ئەڵێ: هەری؛ زازا ئەڵێ: هیرەی؛ بەڵام کورد ئەڵێ: سیە. بە گوێرەی تەدقیقاتی موستەشریق ئەدریس، زمانی زازا لە زمانی قەدیمی دەیلەمییە و ئەم فەڕزییەش بە نەزەر ڕیوایاتی هەورامییەکان ئەبێ ڕاست بێ (مێجەرسۆن).

دیسان شەرەفنامە ئەڵێ کە عەشائیری کەلهوڕ لە بەینی سنە و لە کرماشان و زەهاودان و تەعبیری کەلهوڕ بە گوێرەی شەرەفنامە ئەبێ تەوافوقی کۆمەڵی کوردی غەیری کرمانجی وڵاتانی سنە و کرماشان بکا. ئەم لەهجەیە لە تەڕەف موستەشریق ئۆ. مانەوە تەدقیق کراوە بەڵام هێشتا نەشر نەکراوە. بە گوێرەی ئەو ئیزاحاتەی کە ئەم موستەشریقە لە کتێبەکەیدا داویەتی، ئەبێ ئەووەڵ جڵدی کتێبەکە دەرحەق بە لەهجەی مەنتیقەی جنووبی کرماشان بێ، کە کرماشانی، کەلهوڕی، لەکی، باهراوەندی، نانەکەلی و گوڵەیی داخڵی ئەم قیسمەیە.

جڵدێکی تری دائیر بە لەهجەی سنە و کرند و گەڕووس (بیجاڕ و شەرقی سنە)یە. ئەو خەڵکەی بەم زمانە قسە ئەکەن بە خۆیان ئەڵێن کورد، وەیا بە ناوی عەشیرەتاکانیانەوە یاد ئەکرێن. لە نزیکی لوڕستان (لە لەکستاندا) لەهجەی جنووبی کوردی بە لەکی مەشهوورە. لە سەڵماس و فارسیشدا عەشایری لەک هەیە، بەڵام زمانی کوردی عەشیرەتی «کەلون ـ عەبدۆ»ی فارس ـ بە گوێرەی تەدقیقاتی ئۆ. مان لەکییە.

لەهجەی جنووبی کوردی غەربی ئێران، عادەتەن لە شکڵی زمانی کوردی چۆتە دەرەوە. مەوجوودییەتی ئەم لەهجەیە غەیری کرمانجییە، ڕەنگە تەسبیتکردنی مەسئەلەی «کاردۆ = کارتیوی»ی قەدیمە کەمێ ئەهمیەتی بێ.

ئێمە ئەسڵی کەلیمەی کرمانجی نازانین، ئایا ئەمە لە تەرکیبی کەلیمەی «کورد» و ناوی عەشیرەتێکی میدیایە یان نا؟ لە وڵاتانی کرمانجدا ڕەنگە لە یەک جێ دوو کۆمەڵە زمان بێ: کرمانجی شەرقی (یاخود جنووبی شەرقی) و کرمانجی غەربی. سەرحەد و سنووری ئەم دوو بەشە هێشتا بە تەواوی مەعلووم نییە. کرمانجی شەرقی لە وڵاتی موکری و بەینی عەشائیری دیجلەدا یەعنی لە مەنتیقەی زێی کۆیە، شەتی ئەدهەم و دەوری سیرواندا قسەی پێ ئەکرێ و لەهجەیەکی ساف و بەلیغە و لە خسووس ئەشکالی و عەدەدی کەلیماتیشەوە زۆر دەوڵەمەندە. کرمانجی غەربی، عیبارەتە لە ئەسڵی زمانی کرمانجی و بەعزێ تەغییراتی مەحەللی. کوردی وڵاتانی دیاربەکر، ماردین، بۆتان، بادینان، حەکاری، ورمێ، ئەرزڕۆم، ئەریوان، ئەناتۆلی و کوردی وڵاتی خۆراسان بەم زمانە قسە ئەکەن. وا دیارە کە کوردانی شیمالی سووریە بە ئەنواعی لەهجە قسە ئەکەن و لە ناو زمانەکەیانا بەعزێ کەلیمەی تورکیش هەیە. ئەولیا چەلەبی ئەڵێ: زمانی کوردی پانزە نەوعی هەیە: زازا، لۆلۆ، حەکاری، عوەینەکی، مەحموودی، شێروانی، جەزیرەوی، پسانی، سنجاری، حەریری، ئەردەڵانی، سۆرانی، خالەتی، چکوانی، عیمادی، ڕۆزیەکی (جڵدی ٤، لاپەڕە ٧٥).

کتێبی غراماتیکای پرۆفیسۆر غارزۆنی، لەهجەی عیمادییە لە زمانی بتلیس و لەهجەی جووڵەمێرگ لە لەهجەی بۆتان و سلێمانی جوێ ئەکاتەوە. مێجەرسۆنیش لە غرامەری کوردیدا دەرحەق بەم سونفانە تەدقیقاتێکی باشی کردووە.

ئەم تەقسیماتەی خوارەوە خولاسەی تەدقیقاتی زمانی کوردییە:

١. بەشی ئێران:

أ. لەهجەی سنە، کرماشان: موستەشریق لەرچ لە کتێبەکەیدا باسی نوسخەیەکی گوڵستان ئەکەن کە بە لەهجەی سنە نووسراوە، بێجگە لەمەش گەلێ موستەشریق لەم خسووسەوە تەدقیقیان کردووە.

ب. لەهجەی شاخی و بڵاوە: لەهجەی گەڕووسەکانی خواجەوەندی مازەندەران، کالۆن عەبدۆی فارس، کوردی خۆراسان و تەهرانە، لەهجەی ئەم بەشی دواییە نزیک لەهجەی ئەرزڕۆمە.

٢. کرمانجی شەرقی: لەهجەی سلێمانی و موکرییە.

٣. کرمانجی شیمالی و غەربی: لەهجەی کوردی ئەریوان، زمانی کوردانی باروکلی دەوری ئارارات و وڵاتی ئەرزڕۆم و بایەزید، ئورمییە، حەکاری، شەمدینان، بادینان، بۆتان، تۆرعابدین، ماردین، دیاربەکر، شیمالی سووریە.

موتەخەسیسی زمانی کوردی، مێجەرسۆن، لە خسووسی زۆریی لەهجەی کوردی و فەرقیان لەگەڵ یەکدا ئەڵێ : بێجگە لە زمانی موکری و قۆڵەکانی، گەلێ زمانی تر لە کوردستاندا هەیە و ئەوانەی کە قسەی پێ ئەکەن بە خۆیان ئەڵێن کورد. لەمانە هەرە موهیمیان زازایە کە کوردێکی زۆر لە شیمالی دیاربەکردا و لە دەوری ئەرزنجان و لە بەعزێ جێگەی تری ئەناتۆلیدا قسەی پێ ئەکەن. ئەمانە قەومێکی دڕی کێوین، کوردێکی کەڵەگەت و ئێسقان‌ئەستوورن، بە زمانێکی وا قسە ئەکەن کە سافی ئارییە و کۆزمانی موکری و ئەمسالی، لە عەینی شوعبە نییە، نەوعە لەهجەیەکە لە زمانێکی زۆر قەدیمدا کە لە فارسیی قەدیم جوێ بۆتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا ئەبێ بە چاوی زمانێکی ئاریی ساف تەماشای بکرێ و لە فارسی زیاتر، نزیکی کوردییە و بە کوردیزانێک زۆر غەریب ئەبینرێ و زازاکان ئەساسەن ساحێبی زمانێکی موزاعەفن.

لە دوای ئەمانە خەڵکی قەزای سعرد دێ کە زمانێکی عەجایبیان هەیە و لە ناویان زۆر کەلیمەی ئارامی مەوجوودە. بەم لەهجە بەعزەن «گاڤرانای» وەیا زمانی گەوەری پێ ئەڵێن کە ئەم گەوەرە لە وڵاتی حەکاریدا قەزایەکی نزیک حدوودە. ئەم لەهجەیە خەلیتەیەکی کوردی کلدانیە، ڕەنگە زمانی قەدیمی گاورانی ئەو ناوە بێ کە لە دواییدا بوون بە ئیسلام. لە نزیک ساسۆن عەشیرەتێکی پچووک هەیە باڵکی پێ ئەڵێن کە نە ئیسلام و نە گاورە و بە لەهجەیەکی عەجائیب قسە ئەکا کە خەلیتەیەکی کوردی و عەرەبی و ئەرمەنییە و لە گەلێ جێگەی تری کوردستاندا بەعزێ عەشائیر و ئەهالیی غەریبە هەیە کە نەتەوەی ئەسڵی خۆیانەوە بەعزێ کەلیمەیان داخڵی لەهجە تازەکەیان کوردی کردووە.

خولاسە زمانی ئەسڵی، ئەو زمانەیە کە کورد قسەی پێ ئەکات و عیبارەتە لە بڕێ کوردی و کرمانجی و لەم دوو زمانە هەرە مەقەبووڵ و باشیان، زمانی «سابڵاغ» (= ساوجبڵاق)ە. لە پێشدا لە بایەزید بەعزێ عەشائیری حەکاری هەبوو و ئێستاش لەوێدا بەعزێ کاتب و ئەدیبی کورد هەیە کە لە موخابەرات و لە شێعر و ئەدەبیاتدا زمانی ئەسڵیی خۆیان ئیستیعمال ئەکەن.

ئەم بەشی لای ژووری کوردستانە، کە عیبارەتە لە بڕێ شیمالی وان و ئورمییە، بە گوێرەی زمانیانەوە ئەسقۆچیای کوردن. قسەکانیان ڕەق و توند و لە لەهجەی جنووب دوورە، چونکە لە لای ئەمانە «ب»یەکی ئاری هەیە کە لە تەڕەف کوردی جنووبەوە کراوە «و»یەکی نەرم. لە لەهجەی شیمالیدا «پ» بە شیددەت تەلەفوز ئەکرێ و لە بەعزێ جێگەی تریشدا شیددەتی تەلەفوزی هەیە. لەگەڵ ئەم فەرقی تەلەفوزە بەعزێ ئیختلافی نەحویش هەیە و بیلخاسە لە ئەفعالدایە و ئەم فەرقە گەیشتۆتە دەرەجەیەکی وا کە هەر قیسمێکی موحتاجی تەدقیقاتێکی جوێیە. خولاسە ئەم فەرقانە وای لێ کردووە خەڵکی سلێمانی زەحمەت لە زمانی خەڵکی ئەرزڕۆم تێئەگەن، وەلحاڵ هەردووکیان لە ئەساسدا بە زمانی کرمانجی قسە ئەکەن.

بەم فەرق و فرووقە، بە واسیتەی ئیستعمالکردنی بەعزێ کەلیمەی فڕێدراو، لە لەهجەکانی تر زیاتر بووە. لەهجەی قیسمی شیمالی، بەعزێ کەلیمەی موحافەزە کردووە کە ئەم کەلیماتە لەو لوغاتانەی کە «موکری» لە وەسەتی ئێرانەوە وەریگرتووە کۆنترە. لە عەینی وەقتدا ئەبینین کە کرمانجی شیمالی بەعزێ کەلیمەی ون کردووە و لە جێگەی ئەوانە بەعزێ کەلیماتی تری لە تورکی و کلدانی وەرگرتووە. مەسەلەن:

کرمانجی شیمالی بە «گوم» ئەڵێ «دکز» (تورکییە)، موکریانی و ئەوانی تر ئەڵێن «کوڵاوە».

کرمانجی شیمالی بە «پاپۆڕ» ئەڵێ «گومی» (گەمی تورکییە)، موکریانی و ئەوانی تر ئەڵێن «کەشتی» (فارسییە).

کرمانجی شیمالی بە «زەوی» ئەڵێ ئەرز (عەرەبی و تورکی)، موکریانی و ئەوانی تر ئەڵێن «زەوی».

کرمانجی شیمالی بە «قوڕقوڕاگە» ئەڵێ «کرتیک» (تاتاری)، موکریانی و ئەوانی تر ئەڵێن «گەلۆ، گەروو».

خولاسە لە باتی بڵێ «ئەنووسم»، ئەڵێ: «یارمش ئەکەم»، سەبەبیشی ئەوەیە کە خەڵکی دێهاتی، فیعلی «نووسین» ئەزانن و ئیستیعمالیشی ئەکەن.

ئەم خسووسیاتە و ئیستیعمالی کەلیماتی غەریبە و تەلەفوز، فەرقی بەینی لەهجەکانی زۆر کردووە. ئەم کەلیماتی خوارەوە میسالێکی ئەو فەرقانەیە:

«ئاو»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «ئاب»، بە کوردیی سلێمانی «ئاو»

«وەفر»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «بەرف»، بە کوردیی سلێمانی «بەفر»

«خوری»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «هوری»، بە کوردیی سلێمانی «خوری»

«کاکەز»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «کاکەت»، بە کوردیی سلێمانی «قاقەز»

«دان»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «ددان»، بە کوردیی سلێمانی «دان»

«خوشک»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «خوالیک»، بە کوردیی سلێمانی «خوشک»

«کچ»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «خز» (قزی تورکی)، بە کوردیی سلێمانی «کچ»

«تاو»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «تاف»، بە کوردیی سلێمانی «ڕۆژ»

«ئووی»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «ئەویش»، بە کوردیی سلێمانی «ئەوێ»

«پیاو»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «مێر»، بە کوردیی سلێمانی «پیاو»

«میل»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «ئەستۆ»، بە کوردیی سلێمانی «مل، ئەستۆ»

«نویستوو»ی کوردی لە شیمالدا بۆتە «راکوا»، بە کوردیی سلێمانی «نوستوو»

لەم نەوعە کەلیماتە زۆر هەیە.

لەمەو پێش لە ئەردەڵاندا بە نەوعە زمانێک قسە ئەکرا کە لە زمانی هەورامی ئەچوو. بەڵام لە دوای ئەوە کە عەشائیر لە گەڕۆکی وازیان هێنا و میقدارێکی زۆر لە کوردی شیمالی بە ئەمنیەت و ڕەفاهی ئەردەڵان موجاب بوون و هاتنە ئەوێ و دانیشتن، لەهجەش گۆڕا و زمانی ئەردەڵانیی ئیمڕۆی لێ پەیا بووە کە تا دەرەجەیەک لەهجەیەکی موکرییە و زۆر فەرقی نییە؛ لە بەشی لای ژووری ئەردەڵانیشدا خەڵکێکی زۆر هەبوو کە هیچ بە لەهجەی فەرعی ئەردەڵانی قسەی نەئەکرد و زمانی قەدیمیی خۆی موحافەزە کردبوو. لەهجەی سنە و ئەتڕافی بە ناوی کوردستانی شۆرەتی سەندووە و زمانێکی شیرینە، بە واسیتەی قەبووڵکردنی بەعزێ کەلیماتی فارسییەوە گەلێ پێش کەوتووە و بڵاو بۆتەوە.

بەشی خوێندەواری خەڵکی سنە و سلێمانی، لە لەهجەی کۆنی ئەردەڵان تێئەگەن و لە بەر جوانیی شێوەکەی و ڕێکوپێکی، بۆتە زمانی شێعر و ئەدەبیاتی کوردستانی جنووبی. لە حەقیقەتدا لەهجەیەکی کوردی نییە، بەڵکوو نەزیرێکی گۆرانی و هەورامییە و لە تەکامولی فارسیی قەدیم پەیا بووە.

زمانی هەورامی ڕەنگە زمانی تاجیک بێ کە بەینێک لە ئێرانی مەرکەزیدا و ئیحتیمالەن لە کوردستانی جنووبیدا لە تەڕەف قەومێکی موهاجری ئێرانەوە یا لە تەڕەف قەومێکی مەحەللی غەیری کوردەوە قسەی پێ ئەکرا.

هەورامان وەکوو گۆرانی دێهاتی، زمانەکەی خۆی موحافەزە کردووە و ئیمڕۆ بۆتە زمانێکی موئەسیر و شیرین و نەغمەدار و لە هەورامان و پاوە و پاڵنگان و ئەتڕافی قسەی پێ ئەکرێ و کورد تێی نەگا.

زمانی کرمانشاه لەگەڵ زمانی کەڵهوڕ لەهجەیەکی تەواوی کوردی نییە و زۆر زۆر لە زمانی لەک ئەکا کە ئەبێ فەرعێکی زمانی ئێرانی بێ. لە لایەکی تریشەوە زۆر فەرقی لەگەڵ فارسی هەیە و لە کوردی نزیکترە و مومکینە کە پێی بڵێین زمانی «کورد-لەک». شکڵی ئەفعالی نە لە تەسریفی لەک و نە لە تەسریفی کوردی ئەکا، لە ئیسمدا دائیمەن شکڵی جەمع ئیستیعمال ئەکا و نیوەی لەکییە. لە تەرتیبی جوملەدا ئەغڵەب قاعیدەی زمانی لەک تەعقیب ئەکا و بەعزێ جاریش قاعیدەی کوردی.

١. زۆر پێویستە کە لەم باسی زمانەدا تۆزێکیش قسە لە زمانی لوڕ بکەین. چونکە ئەغڵەبی موستەشرقین لەبەر شوبهانی زمانەکەی بە فارسی، قەومی لوڕ بە ئەقوامی ئێرانییە دائەنێن و لە بەر ئەوە ئینسقلۆپەدیای ئیسلام ـ وەکوو لە سەرەوە دیمان ـ باسی زمانی لوڕ ناکا. واقیعەن لە فەسڵی ئەووەڵی ئەم قیسمەدا و لە سرەی کوردی ئێراندا بە چەند دێڕێک زەعفییەتی ئەم نەزەرییەیەمان نیشان دا.

قەومی لوڕ، ئەساسەن چوار بەشە: لوڕی ئەسڵی (لوڕی بچووک = فەیلی)، مامەسەنی، کۆهگیلۆیی، بەختیاری). زمانی بەشی ئەووەڵ، یەعنی فەیلی، بێشوبهە کە لە فارسی زیاتر، نزیکی کرمانجی شەرقییە و خۆشیان ئەمە ئەزانن و لە کوردیی خۆیان شوبهە ناکەن.

لە ساڵی ١٩١٦دا بە وەزیفەیەکی ڕەسمی چووبوومە لوڕستان و لە لای والیی پشتکۆهـ موددەتێک مامەوە و بەعزێ تەدقیقاتی قەومی و ئیجتیماعیم کرد. ئەغڵەب بە کوردی قسەم لەگەڵ والی و مەعییەتیدا ئەکرد و بە ئاسانی تێم ئەگەیاندن و تێیان ئەگەیشتم و لام مەعلووم بوو کە فەرقی زمانی کرمانجیی شەرقی لەگەڵ زمانی فەیلیدا لە فەرقی زمانی کرمانجیی غەربی زۆرتر نییە (تەماشای جەدوەلەکەی خوارەوە بکە).

بێینەوە سەر زمانی سێ بەشەی تر. ئینسقلۆپەدیای ئیسلام ئەڵێ لە زمانی ئەم لوڕانەدا بەعزێ کەلیمە هەیە دەشوبهێتە فارسیی ئیمڕۆ، لە لایەکی تریشەوە لە تەلەفوزدا بەعزێ تەرکیب و حرووفی هەیە کە لە فارسی ناکا.

«می‌کنم» فارسی لە زمانی لوڕدا بووە بە «ایکنم»

«می‌خرم» فارسی لە زمانی لوڕدا بووە بە «ایخرم»

«ادم» فارسی لە زمانی لوڕدا بووە بە «ادوم»

«پل» فارسی لە زمانی لوڕدا بووە بە «پیل»

«می‌دهم» فارسی لە زمانی لوڕدا بووە بە «ایدهم»

«خانە» فارسی لە زمانی لوڕدا بووە بە «خونا»

«جامە» فارسی لە زمانی لوڕدا بووە بە «جوا»

«ایشان» فارسی لە زمانی لوڕدا بووە بە «ایسا»

«آنها» فارسی لە زمانی لوڕدا بووە بە «ایگال»

«این را گرفت» فارسی لە زمانی لوڕدا بووە بە «یوناگرت»

ئەگەر بەعزێ لەم کەلیمانە لەگەڵ زمانی سلێمانیدا موازەنە بکەین، ئەبینین فەرقی کەمترە.

کوردی سلێمانی «ایکنم»ی لوڕی، ئەڵێ: «ئەیکەم»

کوردی سلێمانی «ایدهم»ی لوڕی، ئەڵێ: «ئەیدەم»

کوردی سلێمانی «یوناگرت»ی لوڕی، ئەڵێ: «ئەمەی گرت»

کوردی سلێمانی «ایخرم»ی لوڕی، ئەڵێ: «ئەیکڕم»

تەلەفوزی «خانە» بە «خونا» لام وایە نەتیجەی ئیختلاتی دائیمانە لەگەڵ ئێرانییەکانایە، واقیعەن عەجەم لە قسەکردنا بەعزێ دەفعە حەرفی «ئەلف» ئەکا بە «و»: نان = نون، آنها = اونها، جان = جون ... الخ.

ئەم فەرقە و ئەم موشابەهەتە کافی نییە، چونکە ئەووەڵەن: زۆر مومکینە کە ئەم موستەشریقانە لە وەقتی سوئال و جەوابیانا لەگەڵ خەڵقی لوڕستان تووشی بەعزێ سەهو و غەڵەت بووبن، باش حاڵی نەبووبن و شکڵێکی ناڕاستی کەلیمەکەیان زەبت و قەید کردبێ. سانیەن: بە تەواوی شارەزای ئەقسامی زمانی کوردی نەبوون و بە عیلمێکی ناقس حوکمیان دابێ. واقیعەن ئەگەر بەعزێ کەلیماتی فارسی و لوڕی تەماشا کەین و لەگەڵ فرووعی زمانی کوردیدا موقایەسە بکەین، ئەبینین کە موشابەهەتی ئەم فرووعانە بە فارسی لە لوڕی زیاترە:

فارسیلوڕی (فەیلی)لوڕی (لەکی)هەورامیکرمانجیی شەرقی (سلێمانی)کرمانجیی غەربی (بادینان)
بروبچووبچۆلووەبڕۆهەرە
بنشینبنیشبنیشبنیشەرەدانیشەڕوونی
بالائەوبانبانسەرسەرووزوور = سەر
انگبینعسلعسلهەنگوینهەنگوینرەهەنگەوی =هەنگوین
خربزەشامیخروزەشووتیشووتیزیش = شمتی = زەیەش
انجیرانجیرانجیرهەنجیرهەنجیرهەژیر
ارمودئەرمودئەمرودهەرمێهەرمێاسگرک = هەرمێ
سیبسێوسیڤسیڤسێوسەو
اسبئەسپئەسپئەسپئەسپحەسپ
جوجەوەجەویەوجۆجە
می‌آیمئەیتمنەنیممنمەویەمدەیم
برخیزئەلسفیریهورزەهەڵسەڕابە = هولو
انگورئەنگورئەنوورهەنگورترێترا = تەری
گوسفندمیمیمەڕمەڕپەز
مویزمەوێژمەویژمێوژمێوژمێوژ
می‌فروشمئەفروشممەفروشمورەتائەفرۆشمفرۆشم
امروزئەمرۆژئیمڕۆئاروئیمڕۆئیرۆ = ئەڤرۆ
امشبئیمشەوئیمشەوئیمشەوئیمشەوئیشەو = ئیشەڤە
نمی‌دانمنازانمنازانممزانونازانمنزانم = نوزانم
 

وەکوو لەم جەدوەلەدا نیشانمان دا، لە بەینی دوو بەشی کرمانجی (لەهجەی سلێمانی و بادینانی)دا فەرقی ئەوەندە نییە، تەنیا لە بەعزێ کەلیمە و تەسریفی بەعزێ ئەفعالدایە، مەسەلەن کرمانجی شەرقی فیعلی «هەڵسان» وا سەرف ئەکا: هەڵسا (مازی)، هەڵئەسێ (موزارع)، هەڵسە (ئەمر). وەلحاڵ بادینانی لەباتی «هەڵسان» ئەڵێ «ڕابین» و وای سەرف ئەکا: ڕابوو (مازی)، دەڕابیت (موزارع)، ڕابە = هەڕو (ئەمر). کرمانجی شەرقی ئەڵێ: دانیشتن، دانیشت، دائەنیشێ، دانیشە؛ بادینانی ئەڵێ: ڕونیشتن، دیرونیت، ڕوونە.

ئەگەر ئەم جەدوەلە ـ کە نموونەیەکی پچکۆلەیە ـ باش سەرنجی لێ بدرێ، ئەبینرێ موشابەهەتی زمانی فەیلی و لەک لەگەڵ ئەقسامی کوردیدا لە فارسی زیاترە و لە بەر ئەمە تەنیا لە بەر موشابەهەتی کەمی زمانەکەی، نابێ لوڕ بە ئێرانی حیساب بکرێ. زاتەن وەکوو لە فەسڵی ئەووەڵدا گوتمان بەشێکی موستەشریقین، لوڕ لە قەومی کورد جوێ ناکەنەوە.

دەرحەق بە زمانی سنە و هەورامی، ئینسقلۆپەدیای ئیسلام ئەڵێ: زمانی موکری (کرمانج) تا بانە و سەقز دێ، لەوێ تەجاوز ناکا. لە جنووبی ئاوی «جەغاتوو»ەوە (خوڕخوڕە و تیلەکۆ)، لەهجەی کوردستانی دەس پێئەکا و تا جنووبی وڵاتی سنە ئەچێ و بەڕاستی ئەبێ ئەم زمانە بە ئوسوولێکی عیلمی زۆر باش تەدقیق بکرێ.

زمانی مەریوان، وەکوو زمانی جافەکان بە تەواوی کرمانجییە. لەهجەیەکی غەیری کوردی لە هەر دوو هەوراماندا هەیە و قسەی پێ ئەکرێ و «هەورامی»ی پێ ئەڵێن و لە لای خەلق بە «ماچۆ» مەشهوورە. لە بەعزێ دێهاتی پاوەشدا هەر بەم زمانە قسە ئەکرێ. لە دێهاتی عەشایری گەورەی گۆران (لە شیمالی زەهاو)دا و لە دێی «کاندوڵا» لە بەینی دینەوەر و کرماشاندا و بەعزێ دێی تر و لە «دەرسیم»دا زمانی زازا هەیە کە ئەویش لە لەهجەی هەورامییەوە وەرگیراوە. بە گوێرەی تەدقیقاتی ئۆ. مان ئەم هەموو زمانانە (لەهجەی ئێرانی مەرکەزی) لە سرەی سامانی، کوهرودی، ماهەلەلاتی ... و الخدا ئەبێ دابنرێ.

دائیر بە لەهجەی سنە، وەسیقەیەکمان بە دەستەوە نییە، بەڵام زمانی هەورامی (= گۆرانی)، بە گوێرەی غەزەلیاتی و داستانە موهیج و پڕ مەعناکانی شوبهە ناکرێ کە ئەدەبیاتێکی واسیع و شیرینی هەیە. والیی ئەردەڵان لە سەرای خۆیدا بە سووڕەتی خسووسی تەشویق و تەشجیعی شێعر و ئەدەبیاتی ئەم زمانە ئەکا و بێ‌شک ئەم لەهجەی شێعرە، لە زمانی خەڵق جوێیە.

مێجەرسۆن لەم خسووسەوە ئەڵێ: لە دەوری ئەو خەتەی کە لوڕستان لە کوردستان جوێ ئەاتەوە، بەعزێ عەشیرەت هەیە کە گاە کوردن و بە زمانێک قسە ئەکەن کە لە تاجیکیی قەدیمی ئێران ئەکا و زاهیر وایە کە ئەم وڵاتی گۆرانە، ئەهالییەکی دامەزراوی بووە و زمانەکەشیان وەکوو لە سەرەوە گوتمان جوێ‌جوێ بووە و عەشایری «هەورامی» و «کاندولاو ریزو»ش بە فەرقێکی کەم و زۆر، بە عەینی زمان قسەیان کردووە.

مەشهوورە زمانی ئەردەڵان زۆر زۆر لە شێعر و ئەدەبیاتدا ئیستعمال کراوە و لە سنە بەم زمانە ئەخوێنن و ئەنووسن و بەم زمانەش هەورامی وەیا شەهرەزووری ئەڵێن. بە گوێرەی بەعزێ نەزەرییات کە باسی ئەکەن، بەشی زۆری دامەزراوی عەشیرەتی گۆران، بەم زمانە و بەشی گەڕۆک (سیّار)ی بە تەواوی بە کوردی قسە ئەکەن. (بە تەبدیل لە کوردستان و مەزۆپۆتامیادا، لاپەڕە ٣٨١).

عەشایری کوردی «براخۆی» کە بەشی زۆری لە بلووجستاندا و بەشێکیشی لە وڵاتی سندی هیندوستاندایە، بە زمانی کوردییەک قسە ئەکەن کە بە زمانی براخۆی مەشهوورە. ئەم زمانە لە غەربی «دراویدی»ی مەرکەزی و جنووبی هیندوستانە و بەعزێ کەلیماتی بلووجی و فارسیشی تێکەڵاو بووە. تا ئەم دەوری دواییە هەر بۆ قسەکردن ئیستعمال کراوە، بەڵام ئێستاکە ئەنووسرێ و ئەخوێنرێتەوە، بەعزێ حیکایات و ئەشعاری نووسراو بەم زمانە بینراوە (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام، جڵدی ١، لاپەڕە ٦٣٠).