عەقیدەی عەلیوڵڵاهی

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 3 خولەک  511 بینین

خەڵکی کوردستانی شەرقی (لە غەربی هەراتە)، لە پێش زهووری ئیسلامەتیدا بەعزێ عەقیدەی عەجائیب عەجائیبیان بووە و لە دوای ئەمەش کە ئیسلامیان قەبووڵ کرد، دیسانەوە وازیان لەو عەقائیدە نەهێنا و بە کەموکووڕی تەبدیل هێشتیانەوە.

خەڵکی «ئەرنیل» وەیا «ڕەمماڵ» کە لە کوردستانی شەرقیدا بوون، عەقیدەی تەناسوخیان بوو و ڕۆژیان ئەپەرست. لە دوای ئەمە کە بوون بە موسوڵمان، بە بڕواکردن بە ئالووهییەتی حەزرەتی عەلی، ویستیان عەقیدەی پێشوو ئیحیا بکەنەوە؛ ئەم پەرستشکارانی حەزرەتی عەلییە ئەڵێن: «بە گوێرەی ئەمە کە حەزرەتی جوبرائیل لە سووڕەتی «دوحیەی کەلبی»دا بینراوە، زهووری ڕوحانی لە شکڵی جسمانیدا مومکینە، کە وا بوو خوای عەزیمەششەئن (حاشا!) مومکینە حلوول بکاتە سووڕەتێکی جسمانی؛ بەم نەزەرییەیە خوای تەبارەک و تەعالا بۆ ئەمەش کە لوتفێکی گەورە لەگەڵ بەنی بەشەردا بکا، حلوولی کردۆتە جسمی موبارەکی حەزرەتی عەلییەوە».

ئەمانە لەو عەقیدەیەدان کە حەزرەتی پێغەمبەر (صلعم)یش لە تەڕەف حەزرەتی عەلییەوە مەئموور کراوە، لەم تائیفەیە ئەحمەد ناوێکیان کوتوویەتی کە ئەم قورئانەی کە بە دەستەوەیە، ئیعتیباری پێ ناکرێ، چونکە ئەو قورئانە نییە کە حەزرەتی عەلی بۆ پێغەمبەر (صلعم)ی ناردووە؛ ئەو قورئانە سووتاوە و لە تەڕەف حەزرەتی ئەبووبەکر و عومەر و عوسمان (ر.ع)ەوە ئەم قورئانی ئێستاکە ڕێک خراوە.

خولاسە، لە بابەت قورئانی عەزیمەششەئنەوە ئەنواعی درۆ و دەلەسەیان ڕێک خستووە و بەم تەرحە خەڵکیان تەفرە داوە و هەر قورئانێکیان دەس کەوتووە، سووتاندوویانە.

ئەم عەقیدەیە ئەووەڵەن لە مەحەبەتی ئەهلی بەیتەوە دەسی پێکردووە و بەرەبەرە هاتۆتە سەر ئولووهییەتی حەزرەتی عەلی و لەمەشا نەماوە و هاتۆتە سەر عەقیدەی قەدیمی ڕۆژپەرستی.

واقیعەن ئەم مەزهەبە چەوتانە، لەو عەقیدەیەدان کە حەزرەتی عەلی بەرز بۆتەوە و چۆتە ناو ڕۆژەوە و لە دوای ئەمە کە مەقسەدی تەفرەدەرەکان حاسڵ بووە و نەتیجە هاتە سەر ڕۆژپەرستی، ئایینی ئەم ئیعتیقادە قەدیمەیان ژیاندەوە و ناوەکانیان گۆڕی و داخڵی ئیسلامەتییان کرد و بە بوختانێک خەڵکیان لە خواردنی گۆشت مەنع کرد و بۆ خواردنی گۆشتی موحیببانی حەزرەتی ئەبووبەکر و عومەر و عوسمان (ر.ع) تەشویقیان کردن و ئەیکەن. ئەم عەقیدە باتڵەش (حاشا!) بە قورئان تەئیید ئەکەن.