ئایینی زەردەشتی

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 9 خولەک  1544 بینین

بە گوێرەی کتێبی «ئاوێستا» و کیتابانی تری پەهلەوی، [دنیا] لە سەر ئەم ئەساسەیە: دنیا لە دوو شت پەیا بووە: ڕووناکی و تاریکی، ئەم دوو قووەتە دائیمەن لە شەڕان و جارجار بە سەر یەکا زاڵ ئەبن. لە سەر ئەم ئەساسە عالەم بووە بە دوو بەش: لەشکری ڕووناکی و لەشکری تاریکی. سەرداری لەشکری ئەووەڵ «هورمز = ئاهورەمەزد» و گەورەی لەشکری دووەم «ئەهریمەن = ئەنگرەمینوو» بوو.

هورمز شەش معاونی هەیە کە «ئەمشەسپنتان = جاویدانانی موقەدەس»ن و لە حزووری هورمزدا ڕاوەستاون، ئینتیزاری ئەمر ئەکەن. هورمز بە واسیتەی ئەمانەوە ئیدارەی دنیا ئەکا. هەر یەکێ لەمانە حیمایەی شتێک ئەکا، مەسەلەن بەهمەن: ئاگر، ئەسفەندارمەرز: ئەرز حیمایە ئەکا. لە دوای «جاویدانانی موقەدەس» وجوودی مەجوودی تر دێ کە (بەزث = یەزد = ئیزەد)ی پێ گوتراوە و زۆرن، بەڵام هەرە مەشهووریان سێیە و هەر یەکە بۆ ڕۆژێکی مانگ مەخسووسن، ئەم «یەزت»انە دوو بەشن، ئاسمانی و زەمینی. هورمز لە سەر سەری تەبەقەی ئاسمانی دانیشتووە، هەرە چاکتری «یەزت»ی زەمینی، زەردەشتە. ئەم «یەزت»انە هەر یەکێ حیمایەی شتێک ئەکەن. بێجگە لەمانە تەبەقەیەکی تری وجوودی موجەڕڕەد هەیە.

بەرامبەر بە لەشکری هورمز ، مەعبوودی تاریکی (ئەهریمەن)یش لەشکری هەیە و معاونەکانیشی ناویان «دەئۆ»یە. ئەهریمەن لە سەر سەری ئەمانە دانیشتووە. موقابیل بە جاویدانانی موقەدەس، شەش دێو وەیا عفریت هەیە. ئیشی ئەهریمەن و ئەم دێوانە مانعبوونی چاکەیە. تاریکی و خراپە و درۆ و عوسیان و تەکەبور لە تەرەف ئەهریمەنەوە ئیجاد کراوە. هورمز حەیات و ئەهریمەن مردنی خەڵق کردووە. خولاسە بەرامبەر بە هەموو تەشکیلات و ئەساسیاتی هورمز، ئەهریمەنیش تەشکیلات و عەناسری فەعالەی هەبووە.

ئاوێستا دەرحەق بە خیلقەتی عالەم ئەڵێ: هورمز ئەووەڵەن عالەمی ئەڕواحی خەڵق کرد و سێ‌هەزار ساڵ حوکمی بە سەرا کرد و لە دواییدا ئەهریمەن لە تاریکی هاتە دەرەوە و بە زۆر داخڵی عالەمی ڕووناکی بوو... هورمز لە پاشدا عالەمی ماددی لە شەش دەورەدا و لە سێ‌هەزار ساڵا خەڵق کرد. ئینسانی لە دەوری شەشەمدا خەڵق کرد، لە پاشدا ئەهریمەنیش دەسی کرد بە خەڵقکردنی خراپە و لەگەڵ هورمزدا کەوتە شەڕەوە و سێ‌هەزار ساڵ دەوامی کرد. کە زەردەشت هاتە دنیاوە، ئەهریمەن بێ‌هێز کەوت و غەلبەی هورمز ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بوو و تا ئەهریمەن ئەچێتەوە عالەمی تاریکی، ئەم غەلبەیە دەوام ئەکا.

بە گوێرەی مەزهەبی زەردەشت، ڕوح فانی نییە، لە دوای مردن سێ ڕۆژ دیسانەوە زەوق و ئەلەمی حەیات ئەچێژێ، لە دواییدا با ئەیبا و ئەگاتە پردی «جینوەت» و لەوێ لە حزووری سێ قازیدا محاکەمە ئەکرێ، یەعنی ئەم محاکەمەیە ئەعمالی چاکە و خراپی ئەو ئینسانە بە تەرازوو ئەکێشن و بە گوێرەی ئەوە حوکم ئەدەن. لە دوای ئەمە، ئەبێ لە پردێک کە لە قوللەی «ئەلبورز»ە تا ئاوی «دائیتیا» درێژە، تێپەڕ بێ. ئەگەر ئەو ڕۆحە ئەعمالی باش بێ، پردەکە بۆیان [پان] ئەبێ و ئەگەر گوناهکار بێ، تەنگ ئەبێ، بە دەرەجەیەکی وا کە ئەو ڕۆحە ئەکەوێتە ناو تاریکییەوە. ڕۆح ئەگەر ئەعمالی باش بێ، یەعنی سێ سیفەتی ببێ، دەگاتە عالەمێکی هەرە باش. ئەم سێ سیفەتە: نیەتی چاک، قسە و کردەوەی چاکە. ئەو عالەمەش کە داخڵی ئەبێ، «بەهەشت» (= ئەنوەهیشت)ە. ڕۆحێ کە گوناهکار بێ، داخڵی عالەمی دەرد و مەشەقەت ئەبێ. لە بەینی بەهەشت و جەهەننەمدا جێگەیەکی ناوەنجی هەیە کە ناوی «هەمەستەکان»ە و جێگەی ئەو ڕۆحانەیە کە عەمەلی چاک و خراپەیان مساوییە و لەوێ ئەبێ ئینتیزاری قیامەت بکەن. نزیکی قیامەت باسی زاتێک ئەکا کە ناوی «سائەوشیان»ە، نەجاتدەری عالەمە. هەموو ئەڕواحێ زیندوو ئەکاتەوە و دەس ئەکا بە محاکەمەی ئاخرەت. لە دوای ئەمە لافاوێکی قورقوشمی تواوە دێ و ڕووی ئەرز داگیر ئەکا و لەو وەقتەدایە کە شەڕ لە بەینی هورمز و ئەهریمەندا دەس پێئەکا و هورمز بە تەواوی غالب ئەبێ. بۆ نەجاتبوون لە دوای مردن و بۆ ئەمەی کە هەر کەسە بە قەدەر حاڵی خۆی یارییەی هورمز بدا، ئەبێ لە سێ شت لانەدا: نیەتی چاک، قسەی چاک و کردەوەی چاک ، (ئێرانی قەدیم، لاپەڕە ٢٥٢-٢٥٨)

یەکێ لە مەبادیی دینی زەردەشتیش ئەمەیە کە ئیشی هەرە باش بۆ ئینسان زەراعەت و ماڵیات پێگەیاندنە. حەتا زەردەشت ڕۆژووگرتنی لە زورراع [جووتیارەکان] مەنع کردبوو، بۆ ئەوەی کە بێ‌هێز نەبن.

لە دینی زەردەشتدا ئاو، هەوا، ئاگر و خاک چوار عونسوری موقەدەس و پاک بوو، نەئەبوو پیس بکرایە، لە بەر ئەمە ئاگر ڕەمزی زەردەشتی بوو. پیسکردنی ئاوی جاری و ناشتنی مردوو لە ئاو و خاکدا حەرام بوو. بە ئیعتیقادی ئەسحابی ئەم دینە، زەردەشت نەبی بوو، خوا قسەی لەگەڵ ئەکرد و وەحی بۆ ئەنارد (فجر الاسلام).

مەئموورینی ڕوحانی لە پێش زهووری زەردەشت، حوکم و نفووزێکی زۆر گەورەیان هەبوو، هیچ فەردێکی ئاری، حەتا لە پێش جوێبوونەوەی هیندی و ئێرانیشدا نەیئەتوانی بەبێ حزووری موغێک (وەیا هندی برەهمەنێک؟) بۆ مەعبوود قوربانی سەر بڕێ. موغ بە نموونەی عەقڵ و کەماڵ و بە تەرجومانی یەکانەی مەعبوود حیساب ئەکرا. زاهیر وایە کە لە زەمانی «داریۆس»ی گەورەدا عەقیدە و ئایینی پێش زەردەشت بە تەواوی لە ناو چووە و دینی زەردەشتی بۆتە دینی ڕەسمیی ئێران (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب، لاپەڕە ٥٧٧).

دەرحەق بە عەقیدەی قەومی ماد، مەعلووماتێکی قەتعی نییە. بەعزێ لە مودەققیقین ئەڵێن ڕەنگە مەزهەبی هورمزپەرستییان بووبێ و موغەکان سیحر و خورافاتێکی زۆریان تێکەڵ کردبێ و زەردەشت کە خەڵکی «مەد» بوو، ویستی ئیسلاحی بکا، بەڵام موغەکان نەیانهێشت و لە سەر ئەوە تەرکی وەتەنی کرد و چووە وڵاتی باختەر. بەڵام لە دوای ئەمە کە زەردەشت موەفەق بوو، مەزهەبەکەی لە دەوری حکوومەتی ئەخمەندا بە تەواوی بڵاو بووەوە و بووە مەزهەبی عموومی، بە تەبیعەت قەومی مەد و ئەقوامی خزمی و دراوسێی کوردستانیش لەم تەئسیرە قوتار نەبوون و داخڵی ئەم مەزهەبە بوون.

زاهیر وایە کە مەزهەبی مانی و مەزدەک تەئسیری نەکردۆتە کوردستان و خەڵکی ئەم وڵاتانە تا زهووری ئیسلامییەت لە سەر ئایینی زەردەشتی بوون، لەگەڵ ئەمەشدا تەدقیقاتی بەعزێ مودەققیقین وا نیشان ئەدا کە بەعزێ موعتەقەداتی زۆر قەدیم وەکوو بت‌پەرستی و ڕۆژپەرستی و درەخت‌پەرستیش موددەتێکی زۆر لە کوردستاندا ماوە.

وا دیارە کە دینی عیسەوی لە کوردستاندا ئەوەندە موەفەقیەتی نەبووە؛ مسیۆ هۆفمان لە ئەسەرەکەی خۆیدا ئەڵێ: ««مارماری»یەکانی ئۆرفە لە شاهگرددا لە بەینی هەولێر و کۆکادوە بووە و لە عەسری سێیەمی میلاددا بوون بە گاور، لە پێشدا خەڵکی ئەم وڵاتە بە خۆیان و قڕاڵەکەیانەوە هەموو داریان ئەپەرست و قوربانییان بۆ بتە لە مس دروستکراوەکانیان ئەکرد».

ئیشوویاب ناو قەشەیەک، لە نزیک «سمانین» لە نزیکی جەزیرەی ئیبنی عومەر بووە و لەو جێگەیەدا کە کوردەکان بۆ ئەجیننە قوربانییان سەر بڕیوە، موناسب ترێکی دروست کردووە.

بە گوێرەی موستەشریق هۆفمان، ئەو کوردانەی کە «مارسابا» کردوونی بە گاور، ڕۆژپەرست بوون.

بە گوێرەی ڕیوایەتی ئەم قەشانە، ئەو کوردانەی کە بوون بە گاور، زۆر کەم بوون. بەڵام مەسعوودی ئەڵێ: هەموو یەعقووبییەکان و گاورانی «جورگان» (لە بەینی مووسڵ و شاخی جوودیدا) کوردن. وەلحاڵ سێر مارک سایکس ئەڵێ: کورد دینی عیسەوی قەبووڵ نەکردووە (دوایی واریسانی خولەفا، ل ٤٨). لە لایەکی تریشەوە لە جەدوەلەکەیدا و لە ناو عەشائیری کورددا بەعزێ عەشیرەتی نیوە ئیسلام نیوە نەستووری وەیا نیوە ئیسلام و نیوە نەستووری و نیوە یەزیدی و نیوە گاور نیشان ئەدا. (عەینی ئەسەر، جەدوەلی عەشائیری کورد، سنفی A).

قەومی کورد لە دوای ئەمە کە بوو بە موسوڵمان، تا بەینێک بە تەواوی لەگەڵی ڕانەهات و بە تەشویق و تەئسیری بەعزێ موتەعەسیبی مەزهەبی پێشووی، جارجار بەرامبەر بە ئیسلام عوسیانی کردووە و داخڵی هەرا و دەعوای تائیفەی خارجی بووە، بەڵام لە دواییدا کە باش تێی گەیشت و زانی کە دینێکی زۆر موبارەک و تەبیعییە، بە هەموو مەعنەوییاتیەوە گرتی و لە هەموو قەومانی تر زیاتر بە سیدق و ئیخلاس دەوامی لە سەر کرد و بە هەموو قووەتی خۆی مودافەعە و خدمەتی کرد؛ هەرچەندە ساحێبی شەرەفنامە ئەڵێ کە قەومی کورد هەموو شافعی مەزهەبن، ئەولیا چەلەبیش تەئییدی ئەکا؛ بەڵام ئینکار ناکرێ کە بەشێکی موناسبیشی چ لە داخڵی تورکیا و چ لە ئێراندا مەزهەبی جەعفەری قەبووڵ کردووە و حەتا بەعزێ فیرقەی موفریتیشیان (ئەهلی حەق = عەلیوڵڵاهی) تیا پەیا بووە و حەتا بەعزێکیشی (لە وڵاتی مووسڵ و ڕووسیەدا) کەوتۆتە ئیعتیقادێکی ترەوە و «یەزیدی»یان پێ ئەڵێن. بەم موناسەبەتەوە تۆزێک باسی عەقیدەی عەلیوڵڵاهی و یەزیدی کردن لە فائیدە خاڵی نییە.