مەزهەبی زەردەشتی

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 3 خولەک  585 بینین

زەردەشت کە حەقیقەت یا پێغەمبەر وەیا مورشیدێکی فەوقولعادەی قەومی ئاریی قەدیم بووە بە تەواوی مەعلووم نییە کە چ وەقتێ هاتۆتە دنیاوە و ژیاوە و خەڵکی کوێ و لە چ قەومێک بووە، کتێبی زەندئاوێستای چ وەقتێ و بە چ زمانێک نووسیوە. لەم خسووسەوە عولەما و موئەریخین ئیتیفاقیان نەکردووە. لە ناو ئەمانەدا میستر جاکسن کە لە تەدقیقاتی مەزهەبی زەردەشتیدا حەقیقەت موتەخەسیسە، لەم فکرەدایە کە زەردەشت لە نیوەی دووەمی قەڕنی حەوتەمی پێش میلاددا هاتۆتە دنیاوە و لە نیوەی ئەووەڵی قەڕنی شەشەمدا وەفاتی کردووە؛ ئەمەش قەتعی نییە؛ بەڵام بە گوێرەی ڕیوایاتی زەردەشتی، ئەبێ ئەم نەبی و مورشیدە لە قەڕنی حەوتەمدا هاتبێتە دنیاوە و لە قەراغ بەحری ورمێ دەسی کردبێ بە ئیرشاد و لە ئەواسیتی نیوەی ئەووەڵی قەڕنی شەشەمدا وەفاتی کردبێ. مستر هۆل (تاریخی قەدیمی شەرقی قەریب، لاپەڕە ٥٥٥) ئەڵێ: بە گوێرەی ڕیوایاتی قەدیمە، زەردەشت بە تەخمین لە ساڵی ٥٩٩ی پێش میلاددا هاتۆتە دنیاوە. دیسان بە گوێرەی ڕیوایاتی زەردەشتی، کوڕی «پواورشەسب» بووە. لە منداڵیدا بەعزێ شتی عەجائیبی لێ ڕووداوە و لە سەر ئەوە سیحربازەکان ویستوویانە بیکوژن، بەڵام بۆیان نەلواوە. لە بیست ساڵیدا خۆی کێشاوەتە جێگەیەکی تەنیاوە و کەوتۆتە ڕیازەتەوە. لە سی ساڵیدا و لە قەراغ ئاوی «دائیتی‌یا» کە بەعزێ گوتوویانە «ئاوی ئاراس»ە، خەڵکی بۆ ناسینی خوا دەعوەت کردووە. «جاودان موقەدەس»، زەردەشتی بردۆتە حزووری «ئاهورمەزد» ، لە دوای ئەمە، زەردەشت لە ناو خەڵکی تووران و سەکستاندا بە ئیرشاد مەشغووڵ بووە بەڵام فائیدەی نەبووە، چونکە موغانی ئەو دەورە مانیعی بوون. لە پاشدا بە ئەمری ئاهورمەزد چوو بۆ لای «ویشتاسب»ی خەڵکی حاکمی «باختەر» و لە دوای سەعی و تەقەلایەکی دوو ساڵە ئەو پادشایەی هێنایە سەر دینی خۆی ، حیمایە و یارمەتیی «جاماسب»ی وەزیر زۆر بە کەڵکی هات. لە پاشدا ئەم جاماسبە کچەکەی زەردەشتی خواست. دینی زەردەشت لە دوای قەبووڵکردنی ویشتاسب زۆر بڵاو بۆوە لە ناو تووران و ئێران و هیند و ئاسیای سوغرادا. زەردەشت لە حاڵی پیریدا و لە شەڕێکدا کە بۆ نەشری دینەکەی لەگەڵ قەومی «هیۆن»دا دەسی پێکردبوو، کوژرا. سەرداری لەشکری هیۆن، «ئەرجاسب» بوو. (ئێرانی قەدیم، لاپەڕە ٢٥٤- ٢٥٥)