موعتەقەدات و دیانەت

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 3 خولەک  495 بینین

ساحێبی «تاریخی ئێرانی قەدیم» لە خسووس ئیعیتقاد و مەزهەبی ئاریی ئێران و دراوسێیەکانیان تەدقیقاتێکی باشی کردووە. بە قسەی ئەو، مەزهەبی زۆر قەدیمیی ئەقوامی ئارییە، وەکوو زمانەکەی، لەگەڵ هیندیدا یەک بووە و لە دواییدا و لە بەینی قەڕنی چواردە و نۆهەمی پێش میلاددا جوێ بووەوە. ئەم تاریخەی ئەو، لە تەقریبی تاریخی نووسرانی «وەداس» یەعنی کتێبی موقەدەسی هیندێکانە، کە بە زمانی سانسقریتی نووسراوە.

لێرەدا خیلافی ئەم تەدقیقاتە، لازمە بزانین کە موعتەقەداتی بەعزێ لە ئەقوامی ئارییە، وەکوو گۆتی، لۆللۆ، کاسای و عیلامی (کۆمەڵی زاغرۆس)، چونکە لە مەبدەئی تاریخەوە لەگەڵ سۆممەری و ئاکادی زۆر تێکەڵ بوون، لە هەموو خسووسێکەوە تابعی تەئسیراتی ئەوان بووە و موعتەقەداتیشیان لەم تەئسیرە ڕزگاری نەبووە. مەسەلەن ئەبینین لە ناو ئەمانەدا کاسای، تەبەقەی وەکوو خەڵکی بابل بوو، هەموو نەوعە مەوجوودات و موئەسسیراتی تەبیعییە نموونەیەکی ئالووهییەتیان هەبووە (فەسڵی ٣).

زەندئاوێستا (کتێبی موقەدەسی زەردەشتی)، لە خسووس موعتەقەداتی پێشووی ئەقوامی ئارییە (ماد، پارس و تەوابعی)، ئەڵێ: ئەم ئەقوامە ئیعتیقادیان بە دوو ئەساس هەبووە: خێر و چاکە و شەڕ و تاریکی. ئەوەی کە بە کەڵکی ئینسان ئەهات و فائیدەی بۆی هەبوو، وەکوو ڕزق، ڕووناکی، باران، ئەمانە لە مەعبوودی خێر و چاکە ئەزانرا و ئەوەی کە زەرەری پێ ئەگەیاندن، وەکوو نەخۆشی، مردن، وشکی، زیقەت، گرانی و ئەنواعی بەڵا لە مەعبوودی شەڕ و تاریکی ئەزانرا. مەعبوودی ئەوەڵیان ئەپەرەست و عیبادەتیان بۆ ئەکرد، لە مەعبوودی دووەم ئەترسان و بۆ ئەمەی کە زەرەریان پێ نەگەیەنێ، بەعزی دوعایان ئەخوێند کە ئەم دوعایانە لە دواییدا بوو بە سیحر و جادووگەری. بێجگە لەمەش «میثیرە» (میهر)، یەکێ لە مەعبووداتی هەرە قەدیمی قەومی ئاری بووە و حەتا ئاوێستا ئەم مەعبوودەی لە بەینی هورمز و ئەهریمەندا داناوە و بە عەقیدەی زەردەشتی، «ڕۆژ» لە تەڕەف خواوە بۆ هەڵگرتنی شەڕ و خراپە مەئموور بووە. حەتا لە زەمانی ئەردەشیری دووەمی ئەخمەندا، «ڕۆژ» حامیی خانەدانی سەڵتەنەت بووە و لە دوای ئەسکەندەری گەورە ئایینی ڕۆژپەرستی سیرایەتی کردۆتە ئەناتۆلی و یۆنان. (تاریخی ئێرانی قەدیم، لاپەڕە ٢٦)

بەعزێ لە موئەریخین ئەڵێن پەرستنی مەعبووداتی وەکوو هەورەتریشقە (وەرەثەرەغنا) و ڕۆژ (میثیرە) لەو زەمانەدا لە ناو ئاریی ئێرانیدا هەبووە. وایان زانیوە کە ڕۆژ چاوی ئاسمانە و هەورەتریشقەش کوڕی ئەوە. خولاسە ئەمانەش وەکوو ئاریی هیندی، بەعزێ عەناسریان ئەپەرەستی و لە پێش ئەوان و بە دەلالەتی زەردەشت گەیشتۆتە عەقیدەی تەوحید.