قیامی ١٩٣٠

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 7 خولەک  405 بینین

ئەم حەرەکەتە بە گوێرەی نەشریاتی میللەت‌پەروەرانی کورد، قیامێکی مونفەرید نەبوو، بەڵکوو دەوامی ئیختلالێکی میللی بوو کە لە ١٩٢٥دا دەسی پێکرد و قەت نەکوژایەوە. گاه سکوونەتێکی موەقەتی نواندووە و گاە کەسبی شیددەتی کردووە. دەرحەق بەم حادیسەیەی ساڵی ١٩٣٠ هێشتا مەعلووماتێکی حەقیقی و مەوسووقمان نییە. نەشریاتی مەنابعی تورک و میللەت‌پەروەرانی کورد ڕەنگە لە تەحریف و موبالەغە خاڵی نەبێ، لە بەر ئەوە لە نەشریاتی هەر دوو لا، فکرێکی ڕاست و ڕەوان پەیاکردن زۆر زەحمەتە.

خولاسەی نەشریاتی ڕۆزنامەکان وا ئەنوێنێ کە ئەساسی حەرەکەتی ١٩٣٠ لە جیهەت شاخی ئارارات کە مەرکەزی قوای میللییەی کورد بوو، دەسی پێکردووە و مودیری حەرەکات ئیحسان نووری پاشا بووە. لە ١٣ی حوزەیرانی ١٩٣٠دا شیددەتی سەند و بە گەرمی، مانگێک دەوامی کرد و بەعزێ قۆڵی تا حدوودی سووریەش تەئسیری نواند. حکوومەتی جمهوورییەتی تورکیا لەشکرێکی زۆر، (قول ئۆردووی نۆیەم)ی ناردە سەریان و لە دەوری شاخی ئارارات و ئەو مەنتیقەیەدا گەلێ شەڕ بوو. تەفسیلاتی حەقیقیی ئەم شەڕانە مەعلووم نییە. نیهایەت ڕووسیە لە لایەکەوە حدوودی خۆی لێ قایم کردن و حکوومەتی ئێرانیش لە سەر تەشەبوساتی حکوومەتی تورک بەعزێ قووەتی سەوق کردە ئەو ناوە و بەم تەرحە قوای میللییەی کورد لە سێ لاوە تەزییق کران و لە دوای هیممەت و فیداکارییەکی زۆر سەرکردەی حەرەکات بە خۆی و بەعزێ ڕەفیقانی و بە مەجبووری، تەسلیمی قوەتی ئێران بوو و لەوێوە سەوق کرانە تەهران.

وەکوو لە سەرەوە گوتمان تەفسیلاتی ئەم حەرەکەتەش مەجهوول وەیا موشەوەشە، ئیفشائاتی مەنابعی تورک و میللەت‌پەروەرانی کورد یەک ناگرێ. بە گوێرەی ڕیسالەکەی دوقتۆر بلەچ شێرکۆ (القضیة الکردیة) و بەیاناتی بەعزێ ئەرکانی ئیختلال میقداری لەشکری تورک لە ئەووەڵدا پانزە هەزار بووە و لە دواییدا گەیشتۆتە پەنجا هەزار، قووەتی میللیی کوردیش پەنجا هەزار کەسێک بووە و موەفەقاتی کورد زۆر بووە. لە لایەکی تریشەوە تەبلیغاتی ڕەسمیی تورک، ئەم حەرەکەتە بە نەوعێکی تر و تەئسیرات و نەتائیجی زۆر بێ‌ئەهمیەت ئەنوێنێ . لام وایە ئیفشائاتی هەر دوو لا لە موبالەغە و تەحریف خاڵی نییە، لەگەڵ ئەمەشدا ئینکار ناکرێ کە ئەم حەرەکاتە حکوومەتی شپرزە کرد و زەرەرێکی زۆری پارە و عەسکەری لێدا ، بەڵام زەرەری کورد بە تەبیعەت گەلێ زیاتر بووە. ئیجرائاتی بەشیددەتی حکوومەت، ماڵوێرانییەکی نەبیستراوی خستە کوردستانەوە، خەڵکی بەعزێ مەنتیقە بە عەزاب و زایعاتێکی زۆر بە ناو ئاناتۆلی غەربییەدا بڵاو کراەوە و ماڵ و موڵکیان لە کیس چوو و تووشی غوربەت و فەلاکەت بوون.

بەڕاستی وقووعی ئەم حاڵە زۆر جێگەی ئەسەفە، ئارەزوو ئەکرا کە هەر دوو لا بە شێنەیی و ئاشتی چارەیەکی حەل بۆ ئەم ئیختلاف و نیزاعە بدۆزنەوە و خۆیان لە زەرەر و ماڵوێرانی بپارێزن. لام وایە ئەم وەزیفەیە لە کورد زیاتر، عائید بە حکوومەت بوو، ئەبوایە موقابیل بە خزمەتی چەند عەسری و باخسووس فیداکاری و سەربازی بۆ تەئسیسی حکوومەتی جمهوورییە، چ لە دەوری ئیبتیدائیدا و چ لە حەربی ئیستقلالدا، بە چاوێکی عادڵ و بەئینساف تەماشای بکرایە و مەیدانی بەم زوڵم و خوێن‌ڕشتنە نەدایە و ئەو حقووقی تەبیعییە کە بۆ تەرەقی و ئینکشافی عیرفان و عیمرانی پێویست بوو، لێی دریغ نەکردایە و حاکمییەتی مادییەی خۆی بە حاکمییەت بە سەر دەماغ و دڵی کورددا تەقویە بکردایە، لام وایە ناسین و دانی ئەم حقووقی تەبیعییەیە زەرەری بۆ قووەتی حاکمە نەئەبوو، بەڵکوو فائیدەیەکی مادی و ئەدەبی ئەبوو، دڵی کورد لە جێی بوغز و نەفرەت بەرامبەر بە حکوومەت، پڕ لە شوکران و مەمنوونییەت ئەبوو و ئەم عونسورە فیداکار و بەقیمەتە لە وەقتی سوڵح و سکووندا خادمی ڕەفاە و سەروەتی حکوومەت و لە حاڵی شەڕدا بۆ دەفع و شکاندنی دوژمنی، سیلاحێکی بەقووەت ئەبوو.

کەس ناتوانێ ئینکاری بکا کە لە هەموو میللەتکێدا کەمێ زۆر، مەیلی سەربەخۆیی هەیە و ئەمەش لە حقووقی ئەساسییە و تەبیعییەی ئەفراد و ئەقوامە، لەم خسووسەوە تەعقیبی هیچ کەسێ و هیچ قەومێ نابێ بکرێ، ئەوەندە هەیە ئەو قەومە، باخسووس تێگەیشتووانی ئەو قەومە، ئەبێ لە پێش هەموو شتێکدا بۆ ئەم سەربەخۆییە چی پێویستە، ئەوە بکەنە هەدەف و غایە و ڕێگەیەکی ماقووڵ و ئەمین بگرنە پێش، لە عیلم و مەنتیق قەت لانەدەن و ڕۆح و ماڵی خۆیان بەبێ وەقت و بە هەڵەشە و بە خۆڕایی سەرف نەکەن، هێمن و وریا بن، بە برایەتی و دڵسۆزی دەس بدەنە دەسی یەک و بەبێ شەڕ و هەرا سەعی بکەن ڕوشدی ئیجتیماعی و سیاسیی خۆیان بە مەکارمی ئەخلاق و عیلم و سەروەتیان ئیسبات بکەن. چونکە پێویستی سەربەخۆیی ئەمانەیە و لازمە بزانرێ کە لەم عەسرەدا سەربەخۆیی لەگەڵ جەهل و فەقردا ناژی و لە باتی ڕەفاە و سەعادەت بۆ قەومەکە، ئیستیبداد و فەلاکەت ئەهێنێ و بە دەس غەریبە و موتەغەلیبەوە گیرۆدە و زەلیلی ئەکا.

وەزعیەتی قووەی حاکمەش بەرامبەر بەم نەوعە ئەقوامە ئەبێ وەکوو باوکێکی بەڕەحم وەیا وەسییەکی زۆر بەویجدان و لەخواترس بێ، چون وەسییەکی زۆر بەویجدان و لەخواترس و بەئینساف و حەقخواز لە حوزوور شەرع و قانووندا مەسئوولە. قووەتێکی حاکمەش ئەگەر ڕیعایەتی حقووقی ئەقوامی مەودووعەی نەکا و لە پێگەیاندن و تەرفیهیان قسوور بکا، لە حوزوور خوا و ئینسانییەتدا لایقی عیتاب و عیقاب ئەبێ و ئەگەر تەنیا چاوی لە تەمدیدی حوکم و حاکمییەتی خۆی بێ، ئەمەی تا نیهایەت بۆ ناچێتە سەر و لە وەقتی تەنگانەدا لە باتی یارمەتی و فیداکاری، لە ئەقوامی مەزڵوومەی بە غەیری نەفرەت و دوژمنایەتی شتێکی تر نابینێ.