قیامی ١٩٢٥

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 6 خولەک  401 بینین

ئەم ئیختلالە بە ناوی مەڕحووم شێخ سەعیدی پیرانەوە شۆرەتی سەندووە. لە ئیدارەی ئەم زاتەدا و لە قۆماندای کۆنە زابتاندا پەنجا هەزار کەسێک تەسلیح و تەجهیز کرابوو و لە بەعزێ نوقتەی سەوقولجەیشیدا سیلاح و جبەخانە شارابووەوە و قەرار بوو کە لە ٢١ی مارتی ١٩٢٥دا حەرەکەت بکرێ و غایەش دەرکردنی تورک بوو لە کوردستان.

حکوومەتی تورک کەمێ زۆرێ خەبەردار بووبوو و لە فەعالییەتدا بوو. لە یەکی مارتی ١٩٢٥دا وەتەن‌پەروەرێکی کورد، خیلافی ئیحتیات و دوورئەندێشی، چووە لای شێخ سەعید و لە گەڕانەوەیا گیرا و برایە قەرارگاهی تورک، کە چەند میلێک دوور بوو. ئەم وەتەن‌پەروەرە ئیستنتاق کرا، بەڵام ئینکاری کرد. قۆماندانی تورک کاغەزێکی نازکانەی بۆ شێخ سەعید نووسی و بانگی کردە قەرارگاە. شێخ لە گیرانی وەتەن‌پەروەری کورد خەبەردار بووبوو و ئەمنییەتی بە قۆماندانی تورک نەکرد و لەگەڵ چەند سەد کەسێکی دەوری خۆی قیامی کرد. ئەم ئیختلالە بێوەقتەی کورد بەم تەرحە و خیلافی قەرار لە ٧ی مارتی ١٩٢٥دا بەرپا بوو. چونکە لە بەینی ئەقسامی ئەهلی قیامدا خەتی تەلغراف و تەلەفۆن نەبوو، زۆر درەنگ و بە سووڕەتێکی مشەوەش خەبەردار بوون و قووەتی تورک لەمە ئیستیفادەی کرد و قووەتی موعتەڕیزینی کوردی تەجرید و ئیحاتە کرد. حکوومەتی تورک، قول ئۆردووی نۆیەمی ئەرزڕۆم، هەشتەمی ئەرزنجان و حەوتەمی دیاربەکری سەوق کردە سەر قوای میللییە.

بەڵام ئەم قووەتە لەشکری تورکی شکاند و ڕووی کردە ئۆرفە و سیورک و دیاربەکر و زۆری پێ نەچوو بەشی جنووبی شاری دیاربەکری زەوت کرد و لە هەموو لایەکەوە لەشکری تورکیان تەنگەتاو کرد. بەڵام لە دوای بەینێک وەزعییەتی ئیختلال‌پەروەرەکان کەوتە تەهلوکەوە، چونکە قووەتێکی تازەی تورک بە شەمەندەفەری سووریەدا هات و گەیشتە مەیدانی شەڕ، ئەمە قووەتی کوردی شڵەژاند، چونکە ئومێد وا بوو کە ئێران و عێراق و سووریە بێ‌تەڕەف ئەوەستن، بەڵام ئەم ئومێدە سەری نەگرت و لە بەینی دوو ئاگردا مانەوە و کەوتنە شەڕێکی مەئیووسانەوە. لەو بەینەدا بەعزێ قووەتی تری تورک لە قارس و سیواسەوە هات، ئیتر دەوامکردن لە سەر شەڕێکی مونتەزەم بۆ کورد هەم زەحمەت و هەم بێ‌فائیدە بوو. لە بەر ئەمە خۆیان کێشایەوە شاخان و لە مقیاسێکی پچووکدا دەوامیان کرد.

مەقسەد لەم حەرەکەتە – هەر وەکوو لە زەبتنامەی مەحکەمەی ئیستقلالدا موقەییەدە – سەندنەوەی ئیستقلالی قەومی کورد و تەشکیلی حکوومەتێکی میللی بوو و بۆ ئەمە لە عەسەبییەتی قەومییە و دینییە ئیستیفادە کرا.

تاریخ لەم نەوعە حەرەکاتە بەعزێ میسالمان نیشان ئەدا، مەسەلەن حەرەکەتی ئیسماعیلی سەفەوی، کە پۆستی مەشیخەتی کرد بە تەختی سەڵتەنەت و چەند عەسرێک ژیا و قیامی شێخ عوبەیدوڵڵا شەمزینانی کە لە ئیبتیدادا موەفەق بوو، بەڵام دوایی نەهات، عەینی وەکوو ئەم حەرەکەتی مەڕحووم شێخ سەعیدە دەسی پێکردبوو. ڕوئەسا و مودیرانی ئەم قیامە، بەڕاستی بە فکرێکی عاقڵانە شێخ سەعیدیان کرد بە سەرکردەی ئەم حەرەکەتە و ویستیان لە نفووزی عەزیمی ئەم زاتە ئیستیفادە بکەن، چونکە – وەکوو باسی ئەکەن – عەدەدی مورید و مونتەسەبی چل پەنجا هەزارێک بوو، بەڵام خیلافی قەول و قەرار لە بێوەقتا دەسی پێکرد و ئیمکانی تەوحیدی حەرەکەت نەما.

خولاسە لە دوای شەڕ و کوشتارێکی زۆر، شێخ سەعید و بەعزێ لە سەرکردەکانی ئەم ئیختلالە گیرا و لە چەند جێگەیەکا مەحکەمەی ئیستقلال دانرا و لە دوای موحاکەمەیەکی سەتحی، هەموویان هەڵواسران و ئەوی کەم و زۆرێ شوبهەی لێ ئەکرا، وەیا لەوەو دوا مومکین بوو شتێ بکا، ئەوانەش لە ناو بران. دەعوا بەمەش نەبڕایەوە، لە نەشریاتی ڕۆزنامەکان و بەعزێ ڕەسائیلی تردا وا دەرکەوت کە تەهجیر و تەقتیلێکی زۆر فەجیع لە هەموو کوردستانی تورکییەدا و باخسووس لە مەناتیقی ئیختیلالدا کرا و دیسان بە بەعزێ بەهانەی کۆن و تازە شێخ عەبدولقادر ئەفەندی کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵا لەگەڵ کوڕەکەی لە ئەستامۆڵ گیرا و لە دوای موحاکەمە هەڵواسرا.

بە گوێرەی عەینی ڕیسالە ، حەرەکاتی میللەت‌پەروەرانی کورد لە ساڵانی دواییشدا دەوامی کردەوە و لە ساڵی ١٩٢٦دا و لە ١٥ی کانوونی ئەووەڵی ١٩٢٧ و لە دەربەندی بتلیسدا لە بەینی قووەتی تورک و قوای میللییەی کورددا شەڕ قەوماوە و تورک مەغلووب بووە و گەلێ ئەسیر و غەنیمەت دەس کورد کەوتووە. لە ٤ی شوباتی ١٩٢٨دا ئیسقادریلێکی تورک تەعەڕوزی کردۆتە مەرکەزی قوای میللییە، ئاغری داغ و دوو تەییارەی کەوتووە. لە ٢٩ی مارتی ١٩٢٨دا لە بەینی قوای میللییە و ئاڵای ٢٩یەمینی تورکا لە مەنتیقەی بایەزیددا شەڕ بووە و تورک ڕەجعەتی کردووە. لە ٣ی ئەیلوولی ١٩٢٨دا قوای میللییە مەفرەزەیەکی جاندارمەی تورکیان لە مەنتیقەی جووڵەمێرگدا تەفروتوونا کردووە و والیی بایەزیدیش لەگەڵ میقدارێ جاندارمە ئەسیر کراوە. ئەم ڕیسالەیە دەرحەق بە زایعاتی قوای میللییە مەعلووماتێک نادا.

واقیعەن مەتبووعاتی تورک، دەرحەق بەم وەقایعە هیچیان نەکوتووە، بیلعەکس، باسی سکوونەتێکی نسبییان کردووە، بەڵام نەشریاتی جەمعیەتی میللییەی کورد خیلافی ئەوانەوە وەکوو لە سەرەوە گوتمان باسی دەوامی حەرەکات ئەکا و زۆر موحتەمەلە کە قەولی دوایی ڕاستترە، بەڵام مومکینە بەعزێ موبالەغەی تیا بێ.