شەڕی گەورە (١٩١٤- ١٩١٨)

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 15 خولەک  560 بینین

پڕیشکی ئاگری ئەم شەڕە گەورەش وەکوو شەڕانی پێشووی بەینی حکوومەتی عوسمانی و ڕووسییە، زوو و لە هەموو شەڕەکانی پێشوو بەشیددەتتر پەڕییە سەر وڵاتانی کوردستان. شەڕ و زەرەری ئەم تاعوونی سیاسی و ئیجتیماعییە بۆ قەومی کورد چەند تەرحێک بوو:

١. زەرەری سەفەربەری: کورد وەکوو قەومەکانی تری عوسمانی، بەڵکوو زیاتر لەوان، لە دەوری سەفەربەریدا تووشی زەرەر بوو. ئەووەڵەن هەرچی ئەولادی جاهیل و بەکاری هەبوو، بە زۆر هێنرایە ژێر سیلاحەوە و زۆر ماڵی وا هەبوو کە بە غەیری ئافرەت و منداڵ، پیرەمێردەکەشی تیا نەمابوو، ئەوانەی کە تۆزێ حاڵ و وەقتیان باش بوو، بە ناوی بەدەلی نەقدی، تەکالیفی حەربییە، وەسائیتی نەقلییە، ئیعانە، بەرتیل ... و الخ‌ەوە ڕووت کرانەوە. ئەو ئەولادانەی کە هێنرابوونە ژێر سیلاحەوە، زۆری بۆ جیهەتی ئەرزڕۆم و بەشێکیشی بۆ تەڕەفی حەلەب و سوورییە و بەسرە نێررا و بەم تەرحە بەشی زۆری کاسبیکەری لە دەس چوو.

٢. زەرەری شەڕ: قەومی کورد لەم شەڕەدا دوو قۆڵ ئۆردوو (١١ی مەعموورەت ئەلعەزیز، ١٢ی مووسڵ) و ١٣٥ بلۆک سواری ئیحتیات (چوار فیرقە و لیوایەک)ی لەگەڵ بەعزێ تەشکیلاتی حدوود و ژاندارمەی بە تەواوی و بەشێکی موهیممی دوو قۆڵ ئۆردووی تریشی (٩ی ئەرزڕۆم، ١٠ی سیواس)ی هێنایە وجوود و بە تەبیعەت بەشێکی جلوبەرگ و خواردەمەنی و هەموو وڵاغ و ئیحتیاجاتی ئەمانەشی تەئمین کرد و بە سەبەبی توول‌کێشانی شەڕەوە چەند دەفعە بە ڕۆح و ماڵی خۆی نەواقسی ئیکمال کردن.

بێجگە لەمەش لە وەقتی تەنگانەدا لە سەر تەڵەبی قۆماندانی ئۆردووی عێراق، گەلێ فیداکارانی کورد لەگەڵ شێخ مەحموود و ڕوئەسای عەشائیر و مەبعووسەکان چوون بۆ شەڕی «شوعێبە» و بەرامبەر بە خدمەتیان گەلێ ئەزیەت و ڕەزالەتیان دی.

کورد لەو ئەولادانەی کە ناردبووی بۆ شەڕ، کەمی دەس کەوتەوە. بەشی زۆر زۆری لە شەڕدا، لە ئەسارەتدا، لە برسانا و لە سەرمانا و بە نەخۆشی لە دەس چوو. میقداری زایعاتەکەی کەس نایزانێ، بەڵام ئەگەر بە تەخمین جائیز بێ، ڕەنگە میقداری ئەمانە لە سێ‌سەد هەزار زیاتر بێ.

٣. زەرەری قوای سەفەرییە: حکوومەتی عوسمانی لە ئیبتیدای شەڕی گەورەدا ئەسیری خەیاڵات بوو و وای ئەزانی کە ئەم دەعوایە فرسەتێکە بۆ فەتحی تووران و ئێران و حەتا هیندوستان. بەم خەیاڵە لە لایەکەوە بە ئۆردووی مونتەزەمی بەرامبەر بە ئۆردووی ڕووس لە حدوودی قەفقاسیادا کەوتە شەڕەوە، لە لایەکی تریشەوە لە قۆماندای بەعزێ زابتان و مەبعووساندا بەعزێ قوای سەفەرییەی کە عیبارەت بوو لە تەشکیلاتی حدوود وەیا تەڵەبەی حقووق و عەشائیر، ڕێک خست و ناردییە سەر ئێران (قووەی سەفەرییەی عومەر ناجی، ڕەئووف، ئیبراهیم و خالید بەگ). لەمانە قووەی سەفەرییەی ئەووەڵ و دووەم لە هەورامانەوە تا تەورێز هەر دوو لای حدوودیان و باخسووس وڵاتی موکری و بانەیان بەڕاستی تاڵان و وێران کرد و زۆر کەسیان کوشت. حسێن خانی سەرداری موکری، کە دوایی وارسی خانەدانی «بابامیری موکری» بوو، لەگەڵ حەمەخانی حاکمی بانە لە تەڕەف قوەی سەفەرییەی ئیبراهیم بەگەوە ئیعدام و تاڵان کران و باقی دوو قووەتەکەی تریش بەینی خانەقین و کرند و مەنتیقەی ڕەواندز و لاهیجانیان تووشی زەرەرێکی زۆر کرد، بەڵام وەحشەت و شیددەتی مەفرەزەی عومەر ناجی و ئیبراهیم بتلیسی بەڕاستی وەسف ناکرێ.

بێجگە لەمانە دوو قووەی سەفەرییەی تریش، لە وڵاتانی بتلیس و وانەوە ڕوویان کردە ئێران و لە دەوری حدوود و لە مەنتیقەی «دەیلەمان»دا بەعزێ حەرەکاتی بێ‌سوودیان کرد و لە دواییدا لە سەر تەزییقی ئۆردووی ڕووس، گەڕانەوە کوردستان و زەرەرێکی زۆریان بۆ کوردی ئەو ناوە بوو.

٤. زەرەری تەهجیر و تەقتیل: لە ئیبتیدای شەڕدا قۆمیتەی موسەللەحی ئەرمەنی لە پێش ئۆردووی ڕووسەوە لە جیهەتی بایەزید و ئەلشگەرد و وانەوە زەرەرێکی زۆری لە ماڵ و ڕۆحی کورد دا. بێجگە لەمانە ئۆردووی تورکیش بە ئەنواعی بیانووەوە لە کوشتنی کورد قسووری نەکرد و حەتا بەعزێ لە ئومەرای قووەی سەفەرییەی ئەووەڵ، (خەلیل بەگ)، لە مەقامی ئیفتیخاردا ئیقراری ئەم جینایەتان ئەکرد.

بە گوێرەی ڕیسالەی «مەسئەلەی کوردستان بەرامبەر بە تورک، لاپەڕە ٣٣»، لە ئیبتیدای شەڕی گەورەدا و بە نەزەر دەفتەری مودیرییەتی عموومیی موهاجرین، ٧٠٠٠٠ کورد لە وەتەنیان هەڵگیران و براونە وڵاتانی غەربی ئەناتۆل و زۆریان لە ڕێگە لە هیلاکی و برسیەتی و نەخۆشی مردووە.

بێجگە لەمە، ئۆردووی دووەم کە لە ساڵی سێیەمی حەربدا لە دیاربەکردا گرد بووەوە، لە پایزی ساڵی ١٩١٧دا بۆ خاتری ئەمە کە ئیعاشەی خۆی تەئمین بکا و خۆراک‌خۆری غەیرە عەسکەر لەو ناوە نەهێڵێ، هەموو خەڵکی ئەو وڵاتی دیاربەکر و مووش و بتلیسەی دەرکرد و بەعزێ لەو بەسەزمانانە ڕوویان کردە مووسڵ و بەعزێکیشیان سەوقی ئەتەنە و حەلەب کران. لە وەقتی زستاندا زۆری لە برسانا و سەرمانا مرد و عادەتەن هیچ منداڵی دەرنەچوو و حەتا کەوتبوونە حاڵێکی وا کە لە کۆڵانی مووسڵدا لاشەی مردوویان ئەخوارد. خولاسە ئەوەی کە لە ئەووەڵ و دووەم ساڵی حەربدا بە سەر ئەرمەنیدا هات، لە دوای ساڵێ دوو ساڵ، بە سەر کوردی مەزڵوومیشا هات.

٥. زەرەری برسێتی و نەخۆشی: ئەتوانم بڵێم کە موسیبەتی برسێتی، تەئسیری هەرە مودهیشی لە کوردستاندا بوو و لە بەحری ڕەشەوە تا عێراق هەموو وڵاتانی شەرقی عوسمانی لە ژێر باری ئەم بەڵایەدا مایەوە.

ئۆردووی عوسمانی چونکە وەسائیتی نەقلییەی زۆر کەم و تەشکیلاتی ئیعاشە و مەنزڵی زۆر خراپ بوو، ئەیویست کە وەسائیتی ئیعاشە لە جێگەی خۆیدا بە قیمەتێکی زۆر کەم، یا بەرامبەر بە سەنەد وەیا پارەی کاغەز وەیا بە ئوسوولی زەوتکردن پەیا بکا و بە تەبیعەت ئەم ئوسوولە بێ‌مەعنایە غەدرێکی زۆر لە ئەهالی کرا و خەڵکی دوور ئەخستەوە لە قەسەبە و شاران، کەس زەخیرەی نەئەهێنا، لە بەر ئەمە ئۆردووش وەکوو خەڵکی شار و قەسەبە تووشی برسێتی بوو، بە دەرەجەیەکی وا کە بەعزێ جار یەکتریان ئەکوشت (ڕاپۆری قول ئۆردووی هەژدەمین بە تاریخی ٢٥ی مارتی ١٣٣٤). لە ڕووی برسێتییەوە فیرار و زایعاتی دوو مانگی ئەم قول ئۆردووە گەیشتە ٩٠٠٠ کەسێ (عەینی ڕاپۆر)، قووەی حەربییەی ئۆردووی شەشەمیش لە مارتی ١٣٣٤دا هاتەسەر ٦٣٠٤ تفەنگ (حەربی جەریدەی ئۆردووی شەشەم).

حاڵی ئۆردووی دووەم (دیاربەکر) و ئۆردووی سێیەم گەلێ خراپتر بوو. بە تەبیعەت ئەم حاڵە بووە سەبەبی زۆربوونی نەخۆشی و سەفالەت. تیفووس ئۆردووی سێیەمی بە تەواوی شپرزە کرد، لە ئۆردووی دووەم و شەشەمیشدا هەبوو و زایعاتێکی زۆری لێدان. برسێتی و شپرزەیی خەڵق بە تەبیعەت لە ئۆردوو زیاتر بوو. ئەوانەی کە زستانی بەینی ١٣٣٣ و ١٣٣٤یان لە مووسڵدا ڕابواردبێ، ئەڵبەتە دیویانە وەیا بیستوویانە کە موهاجرینی کورد لە کۆڵانەکانا لە سەرمانا و لە برسانا چۆن مردوون. ئەم فاجیعەیە هەر مەخسووس بە مووسڵ نەبوو، لە وڵاتی ئەتەنە و حەلەبیشدا جاری بوو. لە شاری سلێمانیدا و لە عەینی ساڵدا برسێتی گەیشتە دەرەجەی نیهایەت و هۆقەی ئارد گەیشتە لیرەیەکی زەرد. مەئموورینی مەنزڵ زوڵمێکی فەوقەلعادەیان کرد.

ئۆردوو بە بێ‌تەدبیری و سووئی ئیستیعمالاتی خۆی، ڕێگەی هاتنی زەخیرەی لە دێهاتانەوە بڕی و لە دواییدا زەخیرەی ماڵانی زەوت کرد و خەڵکە مەزڵوومەکە هیچیان بە دەستەوە نەما و نیهایەت لە سەدا حەفتای لە برسانا مرد.

٦. زەرەری تەخریبات: حەد و حیسابی وێرانی، هەر خوا ئەیزانێ. ئەم زەرەرە دوو نەوعە: یەکێکی لە تەڕەف دوشمنەوە کراوە و ئەمەش هەر شموولی بۆ ئەو وڵاتانە هەیە کە تووشی ئیستیلا بوون. وەکوو وڵاتی ئەرزڕۆم، ئەرزنجان، وان، بتلیس و بەشێکی وڵاتی مووسڵ (ڕەواندز). دوشمن لەم وڵاتانەدا بە تەبیعەت تەخریباتێکی زۆری کرد و باخسووس چەتەی ئەرمەن و غەیرە گەلێ جێگەیان بە فکری ئینتیقام وێران کرد و سووتاندیان. دووەم نەوعی تەخریبات لە تەڕەف ئۆردووی عوسمانییەوە کراوە و بەشێکی ئەمەش لە سەر زەروورەت و ئیحتیاج بوو، بەڵام بەشێکیشی کەیفی بوو. خولاسە ئەوانەی کە لە وەقتی حەربدا مەناتیقی حەربییە گەڕابن دەرەجەی ئەم تەخریباتە باشتر تەقدیر ئەکەن و لام وایە تا بیست ساڵی تریش ناچێتەوە دۆخی جاران.

خولاسە قەومی کورد لە شەڕی گەورەدا تووشی زەرەری ماڵی و ڕۆحییەکی بێ‌غایەت بوو کە بەشی مادی عیبارەتە لە بری ئەو چەند مادەیە کە لە سەرەوە عەرز کرا و زۆر مومکینە کە زەرەری ڕۆحی، نزیکەی نیو ملیۆن بێ.

لە دوای موتارەکە لە گۆشەیەکی کوردستانی جنووبی یەعنی لە سلێمانیدا بە معاوەنەتی حکووەمتی ئینگلیز ئیدارەیەکی محەللی دامەزرا، بەڵام باش ئیدارە نەکرا. دوو دەفعە لەگەڵ حکوومەتی ئینگلیز تێکچوو و کەوتە شەڕەوە، نیهایەت لە ساڵی ١٩٢٦دا بە تەواوی ئەم ئیدارەیە لە ناو هەڵگیرا و سلێمانی بە شکڵی لیوایەک ڕەبتی عێراق کرا. (بۆ تەفسیلاتی ئەم مەسئەلەیە تەماشای تاریخی وڵاتی سلێمانی بکە).

لە ساڵی ١٩٢٢ی میلادیدا حەرەکاتی ئیسماعیل ئاغای سمکۆ، ڕەئیسی عەشیرەتی شکاک، دەسی پێکرد. ئەووەڵەن تەنگی بە نەستوورییەکان هەڵچنی و لە دواییدا وڵاتی ورمێی داگیر کرد، لە پاشدا ئێران لەشکرێکی زۆری کردە سەری و دەریپەڕاند، بە نەتیجە سمکۆ هاتە عێراق و لە شیمالی ڕەواندزدا دانیشت.

یەکێ لە حەرەکاتی تری دوای شەڕی گەورەش، قیامی کوردانی دەرسیمە کە لە قۆماندای نوورەددین پاشادا لەشکریان کرایە سەر و سەرکوت کران، زایەعاتیان زۆر بوو. لە ئەواخیری شەڕی گەورەدا و لە دوای ئەمە کە عەلامەتی بێ‌هێزی تەڕەفی ئەڵمانیا دەرکەوت و وەزعییەتی سیاسییە گۆڕا، کۆمەڵی سیاسیی کوردان لە هەموو لایەکەوە کەوتنە فەعالییەتەوە. شەریف پاشا لە پاریس مومەسیلیەتی کوردی گرتە عۆهدەی خۆیەوە و لە ٢٢ی مارتی ١٩١٩ و ١ی مارتی ١٩٢٠دا دائیر بە حقووق و موتاڵەباتی کورد دوو مەختەرە و دوو خەریتەی کوردستانی دا بە قۆنفرانسی سوڵح و لە ٢٠ی کانوونی ئەووەڵی ١٩١٩دا لە بەینی شەریف پاشا و مومەسیلی ئەرمەنیدا ئیئتلافنامەیەک کرا و هەردوو تەڕەف بە یەکەوە بەرامبەر بۆ قۆنفرانسی سوڵح، بەیاننامەیەکیان ئیعلان کرد.

نیهایەت لە ١٠ی ئۆغستۆسی ١٩٢٠ موعاهەدەی سیوەر ئیمزا [کرا] و بە گوێرەی ئەم موعاهەدەیە ئەبوایە لە وڵاتانی تەرابزۆن، ئەرزڕۆم، وان و بتلیس، ئەرمەنستانێک تەشکیل بکرایە (مادەی ٨٨- ٩٣) و لە عەینی وەقتا بۆ قەومی بێ‌کەسی کوردیش لە موختارییەتێکی ئیدارە باس کرا کە ئەبوو لە شەرقی فورات و لە جنووبی ئەرمەنستانی تەسەورکراو و لە بەینی حدوودی تورکیا و سووریە و عێراقدا بێ. ئەم خەڵاتی قۆنفرانسی سوڵحەش تابعی بەعزێ شرووت و قیوود بوو و ئەبوایە لە کوردانی ئەم مەنتیقە پچووکە پرسیارێ بکرایە ئایا ئەیانەوێ لە تورک جوێ بن یان نا؟ ئەمە عەرزی عوسبەتولئومەم بکرێ و ئەویش لێکی بداتەوە ئایا ئەم کوردانە لایەقی ئیستقلالن یا نا؟ لە دوای ئەمە کە مەجلیسی عوسبە قانیع بوو، تەکلیفی تورکیا ئەکا و ئەم حکوومەتەش ئەبێ قەبووڵی بکا و بە گوێرەی ئەم نەتیجەیە، حکوومەتانی موتتەفیقە ئیعتیڕاز لە ئیلتحاقی کوردانی مووسڵ بەم ئیدارە موختارەی کوردە ناکەن (مادەی ٦٢ و ٦٤).

خولاسە مەسئەلەی کورد لە حەواڵە و گەواڵە زیاتر شتێکی تر نەبوو. قۆنفرانسی سوڵح کە کەلیمەی عەداڵەت و ئینساف و قوتارکردنی میللەتانی مەزڵوومەی لە زمان نەئەکەوتە خوارەوە، ئەمجارەش بەرامبەر بە کۆمەڵی بەشەرییەت ئیسباتی کرد کە کەلیمەی عەدڵ و ئینساف بێ‌مەعنایە و قەڵغانێکە بۆ تەفرەدانی بەشەرییەت، هاواری زەعیف و مەزڵووم، حەق و حقووقی بێ‌کەسان تەئسیر ناکاتە ویجدانی سیاسەت. بە دەرەجەیەکی وا کە ئەوانەی کە چوار وڵاتی گەورەیان پێشکەش یەک دوو ملیۆنی ئەرمەنی کرد، حەتا وڵاتێکیشیان بە ڕاستە ڕاست بە چەند ملیۆن کورد ڕانەبینی. ئەم زەللەی حەقارەتە کە لە تەڕەف قۆنفرانسی سوڵحەوە لە ڕووی عەداڵەت و ئینساف درا، بەڕاستی وەکوو ئەمسالی تاریخییەی، دەرسێکی تری عیبرەت بوو بۆ سواڵکەرانی عەداڵەت و ئینساف.

ئەم موعاهەدەیە بە نەتیجە سەری نەگرت و زیندووبوونەوەی تورکی مردووو و مەحوبوونەوەی ئۆردووی یۆنان لە ئەناتۆلدا و دەرچوونی ئۆردووی فرانسز لە ئەتەنە و ڕێکەوتنی ئەم حکوومەتە لەگەڵ ئەنقەرە، موعاهەدەی سیڤەری لە ناو برد و بە گوێرەی موعاهەدەی لۆزان (١٩٢٣)، ئەرمەنستانی گەورە و موختارییەتە پچووکەکەی کورد وەکوو بڵقی سەر ئاو کوژایەوە و مەسئەلەی کورد تەنیا هاتە سەر وڵاتی مووسڵ، کە جیهەتی عائیدیەتی لە تەڕەف عوسبەتولئومەمەوە ئەبوایە تەعیین بکرایە. نیهایەت عوسبەتولئومەم بۆ تەحقیقی مەتالیبی ئینگلیز و تورک و پرسیاری ئارەزووی ئەهالی، قەراری بە تەشکیل و ناردنی لیجنەیەکی تەحقیق دا (٣٠ی ئەیلوولی ١٩٢٤). مەجلیسی عوسبە لە ١٣ی تشرینی سانی ١٩٢٤دا ئەم لیجنەیەی تەشکیل کرد. ئەم هەیئەتە عیبارەت بوو لە یەکێ لە پیاوە گەورەکانی مەجارستان، قۆنت تیلیکی، ئەسووج (موسیو. ف. ویرسن) و بەلجیکا، کولونەل بولیس. ئەمانە لە دوای چاوپێکەوتنی حکوومەتی ئینگلیز و تورک لە ١٦ی کانوونی سانی ١٩٢٥دا گەیشتنە بەغدا. مومەسیلی تورکیش لەگەڵیانا بوو و لە بەغدا مومەسیلێکی حکوومەتی عێراقیش خرایە تەکیان و چوون بۆ تەحقیقات لە وڵاتی مووسڵدا و هەموو جێیەک گەڕان و لە دوای تەواوکردنی وەزیفەی خۆیان، گەڕانەوە و لە ١٦ی تەمووزی ١٩٢٥دا ڕاپۆرێکی موفەسەلیان دا بە مەجلیسی عوسبەتولئومەم و لەم ڕاپۆرەدا دەرحەق بە کوردی وڵاتی مووسڵ گوتیان: «ئەبێ لە خسووس تەعیینی مەئموورینی کورد بۆ ئیدارەی وڵاتەکەیان و خوێندن لە مەکتەبدا و موحاکەمە و مورافەعە بە زمانی خۆیان ڕیعایەتی ئارەزووی کوردەکان بکرێ و زمانی کورد بە زمانێکی ڕەسمی قەبووڵ بکرێ و لیجنە لەو فکرەدایە کە ئەگەر لە دوای چوار ساڵ لە پاش قەبووڵکردنی موعاهەدەی ئینگلیز و عێراق و هەڵسانی موراقەبەی عوسبەتولئومەم بۆ تەئسیسی ئیدارەیەکی مەحەللی، تەعەهودات بە کوردەکان نەدرێ، بەشی زۆریان ئیدارەی تورک بە سەر حوکمی عەرەبدا تەرجیح ئەکەن (لاپەڕە ١١١، مادەی ٧، فەقەرەی ٢، تەرجومەی ڕاپۆری لیجنە).

مەجلیسی عوسبە لە سەر ئەم ڕاپۆرە لە ١٦ی کانوونی سانی ١٩٢٥دا بە بەعزێ شرووتی ئیحتیاتییە، قەراری بە دانی وڵاتی مووسڵ بە حکوومەتی عێراق دا و تەرجومەی مادەی سێیەمی ئەم قەرارەش ئەمەیە: «حکوومەتی ئینگلیز بە سیفەتی ئەمە کە حکوومەتی مونتەدەبە، ئەبێ ئەو تەدبیرەی کە بۆ تەئمینی تەعەهوداتێ کە دەرحەق بە ئیدارەی مەحەللییە بۆ کوردەکانی عێراقە و لە تەڕەف لیجنەی تەحقیقەوە لە ئیستنتاجاتی قەراری نیهائیدا تەوسیە کراوە عەرزی مەجلیسی عوسبە بکا.»

بینا لە سەر تەڵەبی مەجلیسی عوسبە، وەزیری موستەعمەرات لە ٣ی ئەیلوولی ١٩٢٦دا بە خیتابێکی بەتوول ئیجرائات و حوسنی نییەتی حکوومەتی عێراق دەرحەق بە کوردی عێراقی عەرزی عوسبە کرد و تەئمیناتی دانێ. لەم بەینەدا کە مەجلیسی عوسبەتولئومەم لەگەڵ مەسئەلەی وڵاتی مووسڵ خەریک بوو، لە مەنتیقەی خەرپووت و دیاربەکردا قیامێکی گەورەی تر ڕووی دا و ڕەئیسەکەشی شێخ سەعیدی مەڕحووم بوو.