٤. کورد لە عەسری بیستەمینا

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 3 خولەک  439 بینین

میللی ئیبراهیم پاشا: لە ئیبتیدای عەسری بیستەمینا (١٩٠٨ی میلادی) و لە پێش شەڕی گەورەدا یەکێ لە وەقائیعی کوردستان، قیامی ڕەئیسی عەشیرەتی میللی، ئیبراهیم پاشای کوڕی مەحموود بەگی تیماوییە.

ئیبراهیم پاشا لە دوای ئەمە کە بوو بە ڕەئیسی میللی، ڕاحەت دانەنیشت و دەسی کرد بە خراپەکردن و کاروان ڕووتکردن، لە هەموو لایەکەوە خراپەکەری لێ کۆ بووەوە و ڕێگەی دیاربەکر و ماردینی خستە تەهلوکەوە. بە تەبیعەت حکوومەت لەشکری ناردە سەری و گرتی و نەفی کردە سیواس. بەڵام لە پاش بەینێک لەوێ ڕایکرد و بە زەحمەتێکی زۆر خۆی گەیاندە وێران‌شەهر؛ ئەوەندەی پێ نەچوو تەشکیلاتی حەمیدییە لە بەینی عەشائیری کورددا کرا و ئیبراهیم پاشاش داخڵی ئەم تەشکیلاتە بوو و ڕوتبەی میری میرانی درایە و بەرەبەرە نفووزی زیادی کرد و بە سەر هەموو عەشائیری عەرەبی ئەو ناوەدا زاڵ بوو و لە ١٩٠٤دا عەشیرەتی «قرەکچیلی»شی شکاند و تابعی ئەمری خۆی کرد و نفووزێکی فەوقولعادەی پەیا کرد. مەرکەزی ئەسڵیی، وێران‌شەهر بوو و هەموو مەنتیقەی بەینی ماردین و ئۆرفە و قەرەچەتاغ تابعی ئەمر و نەهیی بوو. لە دوای ئیعلانی مەشرووتییەت لە حکوومەت عوسیانی کرد و لەشکرێکی زۆری کرایە سەر و نیهایەت لە جەبەل عەبدولعەزیزدا تەنگی پێ هەڵچنرا و گیرا و مەحو کرایەوە.

واقیعەی دووەم ئیشغاڵی وڵاتی موکرییە لە تەڕەف حکوومەتی عوسمانییەوە. ئەم قیسمی حدوودە لە بەینی دوو دەوڵەتدا ساغ نەکرابووەوە. حکوومەتی عوسمانی لە دوای شەڕی «ڕووس ـ ژاپۆن» لە هیلاکی و بێ‌هێزیی حکوومەتی ڕووسیە ئیستیفادەی کرد و لە قۆماندای محەمەد پاشای تاغستانیدا بەعزێ قووەتی نیزامییەی نارد و بە یارییەی عەشائیری کوردی ئەو ناوە وڵاتی ئورمێ، ئۆشنۆ و سابڵاخی داگیر کرد و ئەم حەرەکەتە بووە سەبەبی بەعزێ تەشویشاتی سیاسییە و ئەم حاڵە تا دوایی شەڕی بەڵقان دەوامی کرد. حکوومەتی ڕووسییە بە قەسدی تەهدید بەعزێ قووەتی نارد و مەنتیقەی خۆی و ورمێی ئیشغاڵ کرد و حکوومەتی عوسمانی مەجبوور کرد کە وڵاتی موکری چۆڵ بکا. نیهایەت لە دوای موناقەشات و موخابەراتی سیاسییەکی زۆر، هەیئەتێکی موختەلیت (ئینگلیز، ڕووس، تورک، ئێران) تەرتیب کرا و بە واسیتەی ئەم هەیئەتەوە لە ساڵی ١٩١٣دا دەس کرا بە تەحدیدی حدوودی عوسمانی و ئێرانی، باخسووس تەهدیدی ئەو بەشانەی کە وا لە بەیندا سەبەبی دەعوا بوو و لە پێش تەواوبوونی ئەم ئیشەدا شەڕی گەورە دەسی پێکرد. لە پێش ئەم شەڕەدا بەشێکی عەسکەری کورد (قول ئۆردووی دەهەم) هێنرا بۆ ئەستامۆڵ و ئیشتراکی شەڕی بەڵقانی کرد.