کورد تا ئەواسیتی عەسری سیانزەمینی هیجری
نادر شاهـ
لە ئەواخیری حکوومەتی سوڵتان ئەحمەدی سالیسدا وەزعییەتی داخڵییە و سیاسییەی ئێران بە کوللی گۆڕا و سەبەبی ئەساسیی ئەم تەبدیلانە موهیممەش، شەخسی تەهماسب قولی خان یەعنی «نادر» بوو . تەهماسب قولی خان لە دوای زەبتی ئەسفەهان، ئەشرەف خانی لە شیرازدا تەنگەتاو کرد و گرتی و کوشتی و بەم تەرحە حکوومەتی سەفەوی بە قووەتی خۆی ئیحیا کردەوە و لە دوای ئەمە حکوومەتی شاە تەهماسبی دووەم داوای ئەو وڵاتانەی غەربی ئێرانی کرد کە لە تەڕەف ئەشرەف خانەوە درابوو بە حکوومەتی عوسمانی.
تەهماسب قولی لە ١١٤٣ی هیجریدا کوتوپڕ هەڵیکوتایە سەر ئۆردووی عوسمانی کە لە ژێر قۆماندای عوسمان پاشادا لە ژوور هەمەدانەوە لە ئۆردووگاهدا بوو. لە دوای ئەمە کە ئەم ئۆردووەی شکاند و قووەتی تۆپچی لەگەڵ هەموو مەلازیمە و ئەشیای حەربی لێ زەوت کردن، بە ئاسانی هەمەدانیشی گرت و ڕووی کردە کرماشان و موحافزی ئەم شارەشی فڕێدایە دواوە و هەموو بارگرانی لێ زەوت کردن. ئۆردووی تورک زایعاتێکی زۆری بوو و بە پەرێشانی تا پشتی حدوود یەعنی تا زەهاب و خانەقین گەڕایەوە دواوە.
ئەم دەستوبردەی نادر قولی، بە تەبیعەت لە بەینی دوو دەوڵەتدا بووە سەبەبی ئیعلانی حەرب. ئەحمەد پاشای والیی بەغدا دیسان بوو بە سەرعەسکەر و لەگەڵ ئۆردوودا حەرەکەتی کرد. زەهاو (= زەهاب)ی کرد بە ئوسسەلحەرەکە و لە دوای چەند ڕۆژێ کرماشانی گرت. ئەم موەفەقییەتە حاکمی ئەردەڵان (= ئەردیلان)ی دیسان کرد بە تەڕەفداری تورک. ئەحمەد پاشا نیهایەت بە خۆی و ئۆردوویەوە هاتە نزیکی هەمەدان. لە ١٦ی ئەیلوولی ساڵی ١٧٣١ی میلادیدا لە «قوریجان»دا کە قۆناغێک لەم لای هەمەدانەوە بوو، لەگەڵ ئۆردووی شاە تەهماسبدا شەڕێکی قورسی بوو. نیوەی ئۆردووی ئێران مەحو بووەوە و هەموو تۆپچی و بارگرانی دەس ئۆردووی عوسمانی کەوت و بە عەکسی ئەم غەلبە عەزیمە، هەرچەندە بەعزێ ئەحواڵ، ئەحمەد پاشای مەجبووری سوڵح کرد، بەڵام تەهماسب قولی بەم سوڵحە ڕازی نەبوو. وەلحاڵ بە گوێرەی ئەم سوڵحە تەبرێز، ئەردەڵان، هەمەدان، کرمانشاە، حەوێزە و هەموو لوڕستان بۆ ئێران ڕەت کرایەوە.
تەهماسب قولی لە عەینی ساڵدا بە ئۆردوویەکی سەدهەزار کەسییەوە دیسان ڕووی کردە حدوودی عوسمانی. بیلزات خۆی لەگەڵ ئۆردووی ئەسڵیدا بەغدای تەهدید کرد و قووەتێکیشی لە قۆماندای نێرگس خاندا بۆ تەڕەفی کەرکووک نارد. ئەم قۆڵە بە سەر توزخورماتوودا ڕۆیی و هەر وڵاتێکی هاتە پێش، وێران و تاڵانی کرد و زوڵم و شەناعەتی ئەم نێرگس خانە لە حەد بەدەر بوو، ژن و منداڵیشی لە دەس نەجات نەبوو. ئەتڕافی کەرکووکیشی بەم دەردە برد و لە دواییدا ڕووی کردە مووسڵ و لە دوای موحاسەرە و تەزییقاتێکی کەم، هیچی پێ نەکرا و گەڕایەوە. ئۆردووی ئەسڵی کە لە ژێر ئیدارەی نادر قولیدا بوو، لە ١٧٣٣ [ی میلادی]دا لە «بوهرز» لە سیروان پەڕیەوە و دەوری بەغدای گرت.
ئەحمەد پاشا، ئەمیری کۆیسنجەق و حەریری بەرامبەر بە قۆڵی کەرکووکی عەجەم سەوق کردبوو، بەڵام قووەتی کۆیە زۆر کەم بوو، شکا و ئەمیرەکەشیان کوژرا. تۆپاڵ عوسمان پاشا، کە لەگەڵ ئۆردوویەک بۆ معاوەنەتی بەغدا نێررابوو، لە ١٩ی تەمووزی ١٧٣٣ی میلادیدا لە نزیک مەسەبی شەتی ئەدهەم لەگەڵ نادر قولیدا کەوتە شەڕ و مەغلووبی کرد. زایعاتی ئۆردووی ئێران لەم شەڕەدا نزیک ٣٠٠٠٠ مەقتوول و ٣٠٠٠ ئەسیر بوو. لە دوای ئەم موەفەقیەتە ئەحمەد پاشای والی، لە قەڵای بەغدا هاتە دەرەوە و تەعەڕوزی کردە سەر قووەتی موحاسەرەی عەجەم و تەفروتوونای کردن.
نادر قولی لە دوای ئەم مەغلووبیەتە زوو خۆی کۆ کردەوە و لە موددەیەکی کەمدا ئۆردوویەکی بەقووەتی پێکەوەنا و دیسان ڕووی کردە عێراق. لەو وەقتەدا سەرعەسکەر، تۆپاڵ عوسمان پاشا، لە دەوری کەرکووک بوو. نیهایەت دوو ئۆردوو لە نزیک لەیلان بەرەنگاری یەک بوون (٢٦ی تشرینی ئەووەڵی ١٧٣٣)، شەڕێکی قورسیان کرد. ئۆردووی نادر قولی، هەم تازە و هەم بەقووەت بوو، وەلحاڵ ئۆردووی عوسمان پاشا هیلاک و کەم بوو. لە گەرمەی شەڕدا عوسمان پاشا لە ئەسپ کەوتە خوارەوە و وەفاتی کرد و ئیتر ئیدارە و قووەتی مەعنەوییەی ئۆردووەکەشی تێکچوو و زۆر خراپ شکا. هەموو قووەتی تۆپچی و بارگرانی ئۆردووی تورک دەس عەجەم کەوت. بەڵام نادر قولی، لەم زەفەرە گەورەیە ئیستیفادەی نەکرد و بۆ تەسکینی بەعزێ عوسیان لە وڵاتی فارس ویستی بگەڕێتەوە ئێران، لە بەر ئەمە لەگەڵ والیی بەغدا، ئەحمەد پاشادا بە گوێرەی حدوودی سوڵتان مورادی ڕابیع سوڵحی کرد و گەڕایەوە بۆ ئێران (١٧٣٣ی میلادی).
لە ساڵی ١٧٣٤ی میلادیدا نادر قولی تەعەڕوزی کردە وڵاتی قەفقاس و تەفلیسی زەوت کرد، لە بەینی موحافزەکانی قەڵای تەفلیسدا ٦٠٠٠ کورد هەبوو (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام). لە عەینی ساڵدا دیسانەوە بەعزێ قووەتی ناردە سەر عێراق، بەڵام ئەم ئۆردووەی، بە یارمەتیی قووەتی کورد و عەرەب تا «سنە» فڕێدرایە دواوە و لەوێ پەرێشان کرا. شاە تەهماسبی دووەم لە ساڵی ١٧٣٨ی میلادیدا وەفاتی کرد. نادر قولی منداڵەکەی شاە تەهماسبی بە عینوانی شاە عەباسی سێیەم هێنایە جێگەی و خۆشی بوو بە وەکیلی .
لە ساڵی ١١٥٤ی هیجری (١٧٤١ی میلادی)دا دوو قۆڵی ئۆردووی عەجەم تەعەڕوزی کردە تەڕەفی مەندەلی و شەهرەزوور. لە ساڵی ١١٥٦ی هیجریدا نادر شاە دیسان ڕووی کردە عێراق، بەڵام والیی بەغدا تەفرەی دا و لە سەر قەولی ئەو ، بە ئۆردووە زۆرەکەیەوە بە سەر شارەزووردا ڕووی کردە مووسڵ. لافاوی خوێنڕێژیی نادر شاە، ئەوەندە بەقووەت بوو نە عەسکەر و نە قووەتی ئومەرا و عەشائیر خۆیان لە بەریا ڕانەگرت و بڵاوەیان لێ کرد. ئۆردووی ئێران لە دوای تاڵانکردنی شارەزوور، گەیشتە کەرکووک و موحاسەرەی کرد و لە دوای حەفتەیەک تەزییق، زەوتی کرد و نە شار و نە ئەتڕافی لە تاڵان و تەخریب نەجاتی نەبوو و لە ئەهالی و مودافعینی گەلێ کوژرا. نادر شاە لە دوای ئەمە لە زێی کۆیە (= زاب الصغیر) پەڕیەوە و هەولێریشی زەوت کرد و گەیشتە مووسڵ و ئەوەی لە ڕێگەیدا بوو، وێرانی کرد و قەرارگای خۆی لە «یارمچە» دامەزراند. لە مانگی ئەیلوولی ١٧٤٣ی میلادیدا شاری موحاسەرە کرد. لەم سرەیەدا قۆڵێکی تری ٤٠٠٠٠ کەسی عەجەم لە دەوری بەغدا بوو ئەو ناوەی تاڵان و وێران ئەکرد.
والیی مووسڵ، جەلیلی حاجی حەسەن پاشا، مودافەعەتێکی زۆر مەردانە و ئازایانەی کرد و نادر شاش بە هەموو قووەت و شیددەتی خۆیەوە تەزییقی مووسڵی کرد، بەڵام بێفائیدە بوو. لە دواییدا بە قەسدی هەڵخەڵەتاندنی والیی مووسڵ وازی لە موحاسەرە هێنا و ڕووی کردە جەزیرەی ئیبنی عومەر و ئەهالی قەتڵ و عام کرد حەتا ژن و منداڵیش لەم موسیبەتە نەجاتیان نەبوو. لە دوای ئەم شەناعەت و وەحشەتە، نادر شاە گەڕایەوە مووسڵ و سەرلەنوێ چەند جارێک هجوومی کردە سەری، بەڵام نەیتوانی زەوتی بکا و ویستی بە بەعزێ شەرائیتی باش والیی تەفرە دا، فەقەت ئەمەش سەری نەگرت و مەجبوور بوو بە خۆی و لەشکریەوە گەڕایەوە تەڕەفی بەغدا. لە وەقتی شەڕی عێراق و شارەزووردا ئۆردوویەکی تریش لە جیهەت ئازەربایجانەوە شەڕی ئەکرد. خولاسە ئەم دەعوا بەتوولە ئەم جارەش بە تەشەبوساتی سوڵح ڕاوەستا. نادر شاە لە دوای ناردنی هەیئەتێکی موزاکەرە بۆ بەغدا، گەڕایەوە ئێران و موزاکەراتی سوڵح توولی کێشا.
موعامەلەی نادر شاە دەرحەق بە کورد زۆر خراپ بوو و کوردەکان ئەیانبوغزاند. حەتا دائیر بە شەڕی لەگەڵ تۆپاڵ عوسمان پاشادا بە لەهجەی گۆران، هەجونامەیەکیان بۆ هەڵبەستبوو. سەبەبی ئەم نەفرەتەش زوڵم و خراپەی نادر شاە بوو. لە جوملەی غەدری، عەزلکردنی سوبحان وێردی خانی حاکمی ئەردەڵان و لە جێگەی ئەو دانانی براکەی خۆی بوو، کە بووە سەبەبی عوسیانی کوردی ئەو ناوە.
لە ساڵی ١٧٢٧ی میلادیدا ویستی کە کوردی خۆراسان، عەشیرەتی چەمشکەزەک و قەرەچۆرلوو، بکا بە گژ تورکمانەکانا، کوردەکان بە گوێیان نەکرد و لە سەر ئەمە، نادر شاە بۆ جەزا، نەقڵی مەشهەدی کردن و لە ساڵی ١٧٤٧دا و لە چوونی بۆ سەر کوردانی خۆراسان لە ڕێگە لە ٢٣ی حوزەیران (بە ڕیوایەتێکی تر، ١٩)دا کوژرا (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام)
لە دوای قەتڵی نادر شاە، ئێران شێوا و لەم بەینەدا فەعالییەتی کوردی ئێران زیادی کرد و حکوومەتی کوردیی زەند لەم سرەیەدا تەشکیلی کرد و لە ١٧٥٣ی میلادییەوە تا ساڵی ١٧٩٤ یەعنی ٤١ ساڵ دەوامی کرد. ئەم حکوومەتی زەندە، بە سەبەبی ئیلتیجا و مەقسەدی حیمایەی ئومەرای بابانەوە گەلێ جار لەگەڵ حکوومەتی عوسمانیدا تێکچووە و گەلێ حەرەکاتی عەسکەرییەی لە مەنتیقەی عێراق و شەهرەزووردا کرد. ئەم حەرەکاتانە بە تەفسیل لە تاریخی وڵاتی سێلمانیدا باس ئەکرێ. یەکێ لە ئەسبابی لەناوچوونی حکوومەتی زەند، بێهێزی و کەمیی عەشیرەتی زەند بوو. نەیانتوانی بە تەواوی یارمەتیی ئەحفادی کەریم خان بدەن. بۆ تەلافیی ئەم نوقسانە کەریم خان بەعزێ عەشائیری کوردی نەقڵی شیراز کردبوو، ئەحمەدوەند، گورونی لەو عەشائیرانەن.
لە دوای ئینقڕازی حکوومەتی زەند، ئاغا محەمەد خانی قاجار دەرحەق بە عەشائیری کورد و باخسووس زەند، زوڵمێکی بێئەندازەی کرد و گەلێ ڕوئەسای کوشتن. لە خانەدانی کەریم خان، بە غەیری یەکێک (عەبدوڵڵا خان)، کەس لە دەسی ڕزگار نەبوو و زۆریشی لەم عەشائیرە بۆ جێگاکانی دووری ئێران تەهجیر کرد و عەشائیری تورکمانی هێنایە جێ (تاریخی ئێران. مالقۆڵم)
لە ساڵی ١١٩٣ی هیجریدا عەبدولباقی پاشای والیی مووسڵ کە یەکێ لە کۆڵەمنەکانی بەغدا بوو و بە زاڵمی مەشهوور بوو، سیرف بە قەسدی تاڵان، لەشکری کردە سەر عیمادییە و هەرچی ماڵیاتیان هەبوو دایە پێش خۆی و هێنای بۆ تەڕەفی مووسڵ. بەڵام خەڵکی عیمادییە کەوتنە شوێنی و تەنگیان پێ هەڵچنی و کوشتیان و تاڵانەکەیان گێڕایەوە. حکوومەتی قاجار کە لە دوای زەند لە ئێراندا تەشکیلی کرد، بەینابەین لەگەڵ حکوومەتی عوسمانیدا شەڕ و جیدالی بووە و تەعەڕوزی کردۆتە وڵاتی کورد. عەشیرەتی شکاک لە ژێر ئیدارەی سادق خانی ڕەئیسیدا گەلێ یارمەتیی دامەزراندنی حکوومەتی قاجاری کرد. لە ئیبتیدای دەوری فەتحعەلی خاندا سادق خان عوسیانی کرد بەڵام مەغلووب بوو (١٢١١ هـ).