کورد تا دەوری نادر شاهـ

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 10 خولەک  658 بینین

کوردستان بە گوێرەی تەعریفی شەرەفنامە، لە وەقتی خۆیدا زۆر گەورە بووە و گەلێ حکوومات و ئیماراتی کوردی تیا بووە، بەڵام لە دواییدا سیاسەتی تورک بەرەبەرە پچووکی کردەوە. موعاهەدەی ساڵی ١٠٤٩ (١٦٣٩ی میلادی) بە کوللی، ئێرانی لە تەجاوزکردنی خەتی زاغرۆس مەنع نەکرد، بەڵام حکوومەتی عوسمانی لە دەوری شاهانی سەفەویدا بە تەدریجی هەموو وڵاتانی غەربی ئێرانی لەگەڵ قەتعەی قەفقاسیادا هێنایە ژێر حوکم و حاکمیەتی خۆی، (فۆن هاممەر). لە نەتیجەی تەبدیلی ئەم سنوورە سیاسییەدا بەشی زۆری کورد و کوردستان کەوتە ژێر ئیدارەی عوسمانییەوە، چونکە حکوومەتی عوسمانی ئیتر پەروای لە ئێران نەکرد، بەرەبەرە لە کوردستاندا سیاسەتی مەرکەزی تەعقیب و تەتبیق ئەکرد و بە تەبیعەت مەقسەدی لەم سیاسەتەش غەیری شکاندنی نفووزی ئیمارەتانی کورد و بەرەبەرە لەناوبردنیان و قایمکردنی حوکم و نفووزی مەرکەزیی تورک شتێکی تر نەبوو.

یەکێ لەوانە کە بۆ تەتبیقی ئەم سیاسەتە زۆر فەعالییەتی نواندووە، مەلیک ئەحمەدی پاشای زاوای سوڵتان مورادی ڕابیع بووە. ئەم زاتە لە دوای فەتحی بەغدا، بوو بە والیی دیاربەکر و بۆ شکاندنی نفووزی ئومەرای کورد و لەناوبردنیان دائیمەن لە شوێن بیانوودا ئەگەڕا و بە سەر هیچ فرسەتێکەوە نەئەچوو. لە ساڵی ١٠٤٨ی هیجریدا لە دیاربەکرەوە قووەتێکی لەگەڵ خۆی برد و چووە سەر ئەمیری مزووری و عیمادییە، یوسف خان و وڵاتەکەی زەوت کرد و خۆیشی هێنایە دیاربەکر و خستییە حەپسخانەوە. لە دوای وەفاتی سوڵتان موراد ١٠٠ کیسە جەریمەی لێ سەند و ئینجا بەرەڵای کرد (ئەولیا چەلەبی).

لە عەینی ساڵدا بیانوویەکی بە ئەمیری بتلیس گرت و لەشکری کردە سەری. لە دوایی تەوەسوتی بەعزێ ئومەرا و وەرگرتنی بەرتیلێکی قورس ، ئینجا وازی لێ هێنا. هەر بەو قووەتەوە چووە سەر سنجار و موحاسەرەی کرد و کوشتارێکی زۆر و تەخریباتێکی بێ‌غایەتی تیا کرد.

لە ساڵی ١٠٥٠ی هیجریدا والیی ئەرزڕۆمیش هەر بە عەینی فکر و مەقسەد و بە بەهانەی شکاتی عەجەمەکانەوە لەشکری کردە سەر ئەمری شووشیک کە مستەفا بەگ بوو. قەڵاکەی بە یارمەتیی کوردانی ئەو ناوە زەوت کرد و وڵاتەکەیشی ساف لە ساف تاڵان کرد (ئەولیا چەلەبی، جڵدی ٢)

مەلیک ئەحمەد پاشا لە ساڵی ١٠٦٦ی هیجریدا بوو بە والیی وان و بە سەر بتلیسدا چوو بۆ ئەوێ. ئەمیری بتلیس خدمەتێکی خاریقولعادەی کرد و هەدیە و بەهییەیەکی زۆری دایە. وەلحاڵ ئەوەندەی پێ نەچوو بەهانەیەکی لە سەر دۆزینەوە و لەشکری کردە سەر ئەمیری بتلیس، عەبداڵ خان. سەبەبی حەقیقیی ئەم تەعەڕوزە، گوایە لە دوای فەتحی بەغدا بۆ تەبریک نەچوونی عەبداڵ خان بوو و سوڵتان موراد لێی عاجز بوو. خولاسە نە ئیسترحامی ئەمیر عەبداڵ و نە تەوەسوت، پارەی کرد. مەلیک ئەحمەد بە ئۆردوویەکی زۆرەوە کە بەشی گەورەی دیسان ئومەرای کورد بوو، هاتە سەر بتلیس. لە دوای موحاسەرە و شەڕێکی قورس، شارەکەی گرت و تاڵانی کرد. ماڵ و دەوڵەتی ئەمیر عەبداڵ کە دەمێک بوو ئومەرای تورک دانیان لێ تیژ کردبوو، بە تەواوی کەوتە دەسیان و عەبداڵ خان، بە خۆی و ماڵ و منداڵیەوە بە هەزار حاڵ نەجاتی بوو، (ئەولیا چەلەبی، جڵدی ٤). زۆر غەریبە کە لەم هجووم و تەعەڕوزەدا ئەوەی زۆر زۆر بۆ مەحوی ئەمیری بتلیس سەعی کرد دیسان هەر کورد بوو و لە هەمووی زیاتر کوردانی مەحموودی بوو. ئەم مەلیک ئەحمەد پاشایە بەم سیاسەتی فەوتاندنەی، ئیشی گەیاندە ڕادەیەک کە کوردستانی گەورە بە تەواوی پچووک بووەوە و هاتە سەر وڵاتی وان (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام، جڵدی ٣).

لە جوملەی عەجایباتی ئەم دەورە، زهووری مەهدییەکی کورد بوو لە مەنتیقەی مووسڵدا (١٦٦٦ی میلادی)، ئەم شەخسە شێخزادەیەک بوو و نیهایەت حاکمی مووسڵ و عیمادییە تەعقیبیان کرد و گرتیان. سوڵتان محەمەدی چوارەم ئەم ئیشەی بە عەفو و شەفەقەت بڕیەوە و مەهدی گیراوی هێنایە ئەستامۆڵ و خستیە مەعییەتی خۆیەوە (هاممەر).

ئیمارەتی بەبە، لە مەبادیی عەسری هەژدەمینی میلادیدا لە شارباژێر لە تەڕەفی سلێمان بەگ، وەیا بابا سلێمانی کوڕەزای فەقێ ئەحمەدەوە تەشکیل کرا. تەفسیلاتی وەقائیعی ئەم ئیمارەتە لە «تاریخی وڵاتی سلێمانی» و جڵدی دووەمی ئەم تاریخەدا باس کراوە.

کوردی عێراق لە زەمانی شاە حسێنی بێ‌هێزدا و لە تاریخی ١١٣٢ی هیجریدا هەمەدانیان موحاسەرە کرد و نەفسی پایتەختی ئێرانیشیان تەهدید کرد. لە زمانی شاە تەهماسبی دووەمدا و لە ١١٣٥ی هیجری (١٧٢٢ی میلادی)دا ئەو ئۆردووەی کە بۆ سەندنەوەی ئەسفەهان لە مەحموود خانی ئەفغانی نێررابوو، لە ژێر قۆماندای ئەمیر فەرەیدوونی کورددا بوو. ئەم زاتە بە سەبەبی جورئەت و جەسارەتی خۆی لە وەقتی هجوومدا کەوتە دەس ئەفغانییەکان، بەڵام لە دواییدا بە عەهد و پەیمان بەریان دا و گەڕایەوە جێگەی خۆی و لە پاشدا چووە لای حکوومەتی عوسمانی (فۆن هاممەر). والیی بەغدا، حەسەن پاشا، لە ١١٢٧ی هیجریدا قووەتێکی ناردە سەر عەشائیری بڵباس و تەئدیبی کردن و بەکر بەگی بابان کە خەریک بوو کەرکووک زەوت بکا، لە دوای شەڕێک گیرا و کوژرا و وڵاتی بابان بە کوللی کەوتە ژێر ئیدارەی حکوومەت. وڵاتی «سۆران»یش لە تەڕەف ئەم والییەوە کە سیاسەتی ئیمحای تەعقیب ئەکرد، تاڵان و وێران کرا. عەسکەریش نێررایە سەر سنجار و ئەم دەفعەیەش کوشتارێکی زۆری تیا کرا.

لە ساڵی ١١٢٩ی هیجریدا کوردی ئێرانی، لیوای باجەلانیان زەوت کرد. لە ساڵی ١١٣٦ی هیجری (١٧٢٣ی میلادی)دا لە بەینی عوسمانی و ئێراندا حەرب ئیعلان کرا. ئۆردووی حەسەن پاشا ڕووی کردە کرماشان. قووەتی ئومەرای کوردی، هەموو لەگەڵ بوو. عەبدولباقی خانی والیی کرماشان بێ شەڕ شارەکەی بەجێ هێشت. والیی ئەردەڵان کە عەلیقولی خان بوو، بە سەبەبی عەزلیەوە لە تەڕەف ئێران، موراجەعەتی بە بەغدا کرد و تەڵەبی موساعەدەی کرد، وەلحاڵ لە تەڕەف قۆماندانی ئۆردووەوە، خانە پاشای بابان بۆ زەوتکردنی ئەردەڵان مەئموور کرا. عەلیقولی خان لەگەڵ دەستە و دائیرەی خۆیا ئیتاعەتی کرد و بەم تەرحە ئەردەڵان کەوتە دەس حکوومەتی عوسمانی. قووەتێکی تریش نێرابووە سەر لوڕستان. والیی ئێرە کە عەلیمەردان خان بوو، پشتی بە شاە تەهماسب ئەستوور بوو، لە بەر ئەمە گوێی نەدایە حکوومەتی عوسمانی. قۆماندانی عوسمانی، عەبدوڕەحمان پاشا، وڵاتی لوڕستانی داگیر کرد و عەلیمەردان خانیشی شکاند. عەلیمەردان خان ئەوەڵەن ڕایکرد، بەڵام لە دواییدا ئەویش مەجبووری ئیتاعەت بوو.

ئۆردووی عوسمانی، زستانی لە کرماشاندا ڕابوارد و ساڵی دوای ڕووی کردە هەمەدان و لە دوای موحاسەرە بە زۆر زەوتی کرد و گەلێ کوشتاری تیا کرد. ئۆردووی عەجەم بۆ سەندنەوەی ئەم شارە گەلێ هەوڵی دا بەڵام هیچی پێ نەکرا و حەتا ئەو ئۆردووەی کە لە تەڕەف شاهزادە لوتف میرزاوە نێررابوو، لە تەڕەف خانە پاشا و ئیبراهیم پاشاوە بە تەواوی شکێنرا و لوتف میرزاش ئەسیر کرا. ئەم غەلبەیە عەشائیری زاغرۆسی هەموو خستە ژێر تاعەتی خەلیفەوە. بۆ تەواوکردنی ئەم زەفەرە، والیی مووسڵ لەگەڵ قووەتێکی مناسبدا نێررایە سەر عەشائیری بەختیاری.

لە تاریخی ١١٣٩ی هیجری (١٧٢٦ی میلادی)دا فاسیلەیەک بە شەڕ درا. ئەحمەد پاشای والیی بەغدا کرا بە سەرعەسکەر و ئۆردوو تەقویەت کرا، مەوجوودی گەیشتە سەدهەزار و بەم قووەتەوە ڕوو کرایە پایتەختی ئێران. لەم سرەیەدا بە دەس ئومەرای ئەفغانەوە بوو. ئەشرەف خانی ئەفغانی، کە ساحێبی ئەمر و نەهی بوو، بیلزات خۆی بە ئۆردوویەکەوە چوو بە پیر ئۆردووی عوسمانییەوە و لە ناو ئۆردووی عوسمانیدا و لە بەینی کوردان و ئومەرای کوردانا گەلێ پڕۆپاغەندەی کرد.

بە ناموناسیبی شەڕی سوننی لەگەڵ سوننیدا تەفرەی دان و بە ئومێدی ڕوتبە و مەسنەدیش ئومەرای هەڵخەڵەتاند و بەم تەرحە لە ناو ئۆردووی عوسمانیدا گەلێ تەڕەفداری بۆ خۆی پەیا کرد. واقیعەن کە بەرەنگاری یەک بوون، بەشێکی کوردەکان چوونە سەفی ئەفغانەکانەوە. لای ڕاستی ئۆردووی عوسمانی، کە ئیدارەکەی لە ئومەرای بەبەدا بوو ، بەرامبەر بە ئۆردووی ئەفغان هیچ شەڕی نەکرد و بە هەموو قووەتی خۆیەوە گەڕایەوە دواوە. نیهایەت ئەم حاڵە بوو بە سەبەبی ڕەجعەتی عموومی. نزیکەی دوانزەهەزار کەسێک لە تورک کوژرا و بەشێکیشی ڕایکرد و ئەو قووەتی کوردە کە تا ئەو وەقتە هێشتا موتەرەدید بوو، ئەوانیش ئیلتحاقی ئۆردووی ئەفغانیان کرد. ئەحمەد پاشای بێ‌تاڵع هەموو بارگرانی خۆی بەجێ هێشت و خۆی گەیاندە کرماشان، ئەشرەف خان، تا قاپیی ئەو شارە لە شوێنی نەبووەوە.

ئەحمەد پاشا بۆ ساڵی دوایی ئۆردوویەکی ٦٠٠٠٠کەسیی پێکەوە نا، بەڵام سوڵحی بەینی ئەشرەف خان و حکوومەتی عوسمانی بووە مانعی شەڕێکی تر. لە نەتیجەی ئەم سوڵحەدا هەمەدان، کرمانشاە، ئەردەڵان و لوڕستان درا بە حکوومەتی عوسمانی و موقابیل بەمە، بابی عالیش شاهیەتی ئەشرەف خانی تەسدیق کرد . ئومەرای کورد لەم ئیشەدا بە غەیری شەڕ، مەساری شتێکیان دەس نەکەوت و ئەشرەف خان بۆ تەئمینی مەوقعی خۆی هەموویانی دیسان تەسلیمی حکوومەتی عوسمانی کردەوە.