کورد لە ئەواخیری عەسری هەژدەمین و عەسری نۆزدەمینی میلادیدا

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 11 خولەک  488 بینین

والیی بەغدا بۆ تەسکینی وقووعاتی مەنتەفیک و تەئدیبی شاویزادە لە قووەتی کورد گەلێ ئیستیفادەی کرد (١٧٨٧، ١٧٨٨، ١٧٩٢). لە ساڵی ١٨١٢دا بابان عەبدوڕەحمان پاشا لە نزیک کفری لەگەڵ ئۆردووی والیی بەغدا شەڕی کرد و شکا. لەم وقووعاتەدا کوردی شەهرەزوور زایعاتێکی زۆری دا.

بە سەبەبی ئیلتیجای عەبدوڕەحمان پاشا حکوومەتی ئێران بە ئۆردوویەکەوە تەهدیدی بەغدای کرد و وڵاتانی نزیک حدوودی تاڵان کرد. ئەم موداخەلە و تەعەڕوزاتی ئێرانە، بە سەبەبی ئومەرای بابانەوە دەوامی کرد. وقووعاتی «تەیموور پاشای میللی»ش تەسادوفی ئەم دەورەی کرد. حکوومەتی عوسمانی لە سەر بەعزێ ئەسبابی ئیدارییە، لیوای ماردینی خستبووە سەر بەغدا، ئەهالیی ئەم مەنتیقەیە سێ نەوع بوو: بەشی تورکان لە شارەکانا ساکن بوون، قسمی شاخوداخی تۆرعابدین و قەرەجەتاغ بە دەس عەشائیری بەقووەتی کوردەوە بوو، تەڕەفی سەحراش بە دەس قەبائیلی عەرەبەوە بوو؛ بەڵام نفووز و قووەتی کورد بە سەر هەر دوو بەشەکەدا غالب بوو، واقیعەن ئەمانە تەنیا عەشیرەتێک نەبوون، بەڵام چونکە ئەوەندە لەگەڵ عەرەبدا تێکەڵییان نەبوو، پاکییەتی خوێنی خۆیان موحافەزە کردبوو و هەموویان خۆیان بە عەشیرەتی «میللی» وەیا مەنسووبی ئەزانی و گردبوونەوەیان بە دەوری ڕەئیسێکدا زۆر ئاسان بوو. بە گوێرەی ئەم کۆمەڵی و یەک‌دڵییەیان چ لە ناو ئۆردوویەکدا چ لە وەقتی نائەمینیدا، دائیمەن مومکین بوو کە ببنە عوزوێکی فەععال و تەهدیدکار، بەڵام هەر ئیحتیاجیان بە ڕەئیسێکی موقتەدیر بوو کە سەوق و ئیدارەیان بکا و ئەم ڕەئیسەش لە ئەواخیری عەسری دوانزەمینی هیجریدا پەیا بوو و ناوی «تەیموور پاشا» بوو. ئەم پاشایە لە خانەدانێکی مەشهووری کورد بوو و موددەتێک لە ئەستامۆڵدا گەلێ مەئموورییەتی گەورەی کردبوو. لە دواییدا هەرچۆنێ بوو لە بەر چاو کەوت و فورسەتێکی دۆزییەوە لە ئەستامۆڵ دەرچوو و هاتە لای عەشیرەتی «میللی»یەوە و بوو بە ڕەئیسیان .

سێر بوکینغام ئەڵێ: «تەیموور پاشا هەرچەندە جەردە و پیاوخراپی ئەو ناوە هەبوو، هەمووی هێنایە لای خۆی و بەم تەرحە زوو قووەتێکی مناسبی پێکەوە نا و تەجهیزی کردن. چونکە خۆی ئەساسەن شارەزای حەیاتی عوسیان و شەقاوەت بوو، ئەوەندەی پێ نەچوو کە لەو ناوەدا ناوبانگی دا و والییانی حەلەب و دیاربەکری خستە ترس و لەرزەوە» (مەزۆپۆتامیا، لاپەڕە ٢٩٣) باخسووس ڕێگەی بەینی حەلەب و دیاربەکر و مووسڵ عادەتەن بڕابوو، ئەووەڵ تەشەبوسی لابردنی ئەم تەهلوکەیە، بێ‌نەتیجە ما و نیهایەت والیی بەغدا، سلێمان پاشای گەورە، لە تەڕەف ئەستامۆڵەوە بۆ لەناوبردنی تەهلوکەی تەیموور پاشا مەئموور کرا. لە ساڵی ١٢٠٦ی هیجریدا بە ئۆردوویەکەوە هاتە مووسڵ و لەوێش نزیکەی سێ‌هەزار سوارێکی گرد کردەوە و بەشی زۆری ئەم ئۆردووە کورد بوو. والیی حەلەب، والیی ڕەققە، موتەسەڕیفی مەڵاتییەش بە خۆیان و قووەتیانەوە لەم ئۆردووەدا بوون. سلێمان پاشا ڕووی کردە ماردین. تەیموور پاشا بەرامبەر بەم قووەتە گەورەیە موەفەق نەبوو. بە هەزار حاڵ لە قەڵای بووک دەرچوو و چوو بۆ تەڕەفی حەلەب. لە دوای ئەوە سلێمان پاشا عەشائیری میللی بە شیددەت تەئدیب کرد. بیلزات وەیودە بەگی ماردینیش کەوتە ژێر شوبهەوە و عەزل کرا، تەڕەفدارانی تەیموور پاشا ئیعدام کران و سەعدوون بەگی برای تەیموور پاشا و مەحموود بەگی ئامۆزاشی لە ناو ئەمانەدا بوون. سلێمان پاشا لە پاشدا ئیبراهیم بەگی برای تەیموور پاشای کرد بە ڕەئیسی میللی.

ئەساسی ئەم هەموو شەڕ و دەعوایە زوعفییەتی ئیدارە بوو. جێگەیەکی وەکوو ماردین کە لە بن‌دەستی دیاربەکردا بوو، ڕەبتی بەغدا کرابوو، سووئی ئیدارە و ئیرتیکابی زوڵم لە حەد بەدەر بوو، لە نەفسی شاری ماردیندا پاشاگەردانی (ئەنارشی) بوو. چەندە دەفعە بەرامبەر بە موتەسەللیم، بە تفەنگچی‌باشی، بە وەیودە عوسیان و ئیختلال کرا. تەئسیراتی موزیڕڕەی لە مووسڵ و بەغدادا دوشمنایەتیی بەینی تورک و کۆلەمن و میللی ... الخ، ئومووری ئیدارە و ئیسترحامی ئەهالیی تێکومەکان دابوو.

سلێمان پاشا گەڕایەوە بەغدا و تەیموور پاشای بەردەس نەکەوت، لە پاش سێ ساڵ هاتە بەغدا و دەخالەتی بە سلێمان پاشا کرد و عەفو کرا و لە پاش بەینێک کرا بە والیی ڕەققە. بەڵام لەوێ چونکە لەگەڵ دوشمنە قەدیمەکانیدا کەوتە هەراوە، ئیشی ئیدارە زەحمەت بوو، نەقڵی سیواس کرا. لە دوای ئیبراهیم بەگ، ڕیاسەتی عەشائیری میللی کەوتە دەس ئەیووب بەگ و موددەتێکی زۆر بە دەستیەوە ما و بە سەربەخۆیی حەرەکەتی کرد و حکوومەتی عوسمانی نەئەناسی. لە دواییدا لەشکری هاتە سەر و لە پاش شەڕێکی زۆر گیرا و برایە دیاربەکر و لەوێ لە حەپسخانەدا وەفاتی کرد. لە دواییدا ڕیاسەت ئینتیقالی کردە تیماوی بەگ، کە کوڕەزای تەیموور پاشابوو. ئەم ڕەئیسە لە شەڕ و دەعوای بەینی حکووماتی عوسمانی و میسردا فرسەتی دی و یارییەی ئیبراهیم پاشای دا و حەتا ماردینیشی زەوت کرد، بەڵام لە موسادەمەیەکدا کوژرا. لە دوای ئەم زاتە و لە پاش ڕەجعەتی لەشکری میسر، حکوومەتی عوسمانی ئەو ناوەی دیسانەوە داگیر کرد و بە سەبەبی بێ‌ساحێبی، عەشیرەتی میللی تووشی بێ‌هێزی و فەقیری بوو، عەشائیری تەی و شەممەر تەنگیان پێ هەڵچنی و دێهاتی وڵاتیانی زەوت کرد. لە پاش بەینێک مەحموود بەگی کوڕی تیماوی بەگ، ویستی عەشیرەتەکەی کۆ کاتەوە و والیی شام میقدارێ عەسکەری دایە و وردەوردە عەشائیری عەرەبی لە ئەرازیی میللی دەرکرد و عەشیرەتەکەی کۆ کردەوە و لە وێرانشەهردا قەڵایەکی دروست کرد. لە پاشدا تووشی تەعەڕوزی عومەر پاشای دیاربەکر بوو و گیرا و برایە حەپسخانەی دیاربەکر. ئیبراهیم بەگی کوڕی، ئیلتیجای کردە میسر، بەڵام هیچی بۆ نەکرا؛ لە دواییدا چووە ئەستامۆڵ و بە واسیتەی خەدیو ئیسماعیل پاشاوە عەفوی باوکی لە سوڵتان عەبدولعەزیز ئیستیحسال کرد و گەڕایەوە، باوکی لە دیاربەکر نەجات دا. لە پاش بەینێک مەحموود بەگ مرد و لە مەبادیی سەڵتەنەتی سوڵتان عەبدولحەمیددا ئیمارەتێکی بەقووەتی بۆ ئیبراهیم پاشا بەجێ هێشت.

لە ساڵی ١٢٢٣ی هیجریدا سەدرولئەعزەم کورجی محەمەد ڕەشید پاشا، بە ئۆردوویەکەوە بۆ تەئمینی ئاسایش تا دەوری مووسڵ هات و لە وڵاتی بادیناندا بەعزێ حەرەکاتی کرد، عیمادییە و قەڵاکانی تری زەوت کرد و زۆری لە ئومەرای کورد قەتڵ و نەفی کرد. هەر ئەمیری ئەرزن، دەروێش بەگ، بە واسیتەی ئیتاعەتەوە لەم شەڕە نەجاتی بوو (تاریخی مووسڵ).

لەم دەورەدا ئیدارەی کوردستان زۆر پەرێشان بوو. ئەهالی بە خۆیان و ماڵ و ڕۆحیانەوە دائیمەن لە ژێر تەهلوکەدا بوون، ئومەرا و مەئموورین دائیمەن ماڵی ئەهالییان وێران ئەکرد. موحافزی وان، محەمەد دەروێش پاشا، نەفسانییەتی لەگەڵ موتەسەڕیفی مووش، سەلیم پاشا بوو، لە ساڵی ١٢٣٣ی هیجریدا عەشیرەتی «سەبکی»ی لێ هان دا و بەعزێ عەشیرەتی تریشی لەگەڵ ڕێک خست و بەعزێ نەواحیی مووشی پێ تاڵان کردن. سەلیم پاشاش بەرامبەر بەمە، چپلاق شێخ ناوێکی لەگەڵ بەعزێ قودرەتی کورد ناردە سەر عادڵجواز و ئەو ئەتڕافەی ساف لە ساف تاڵان کرد و بەم تەرحە ئەم پاشا ناموبارەکانە بۆ وێرانکردنی وڵاتەکەیان کەوتبوونە موسابەقەوە (تاریخی جەودەت، جڵدی ١١، لاپەڕە ٢٠)

ئەم دەروێش پاشایە عادەتەن حکوومەتی نەئەناسی؛ جارجار بۆ مەنفەعەتی خۆی، تەعەڕوزی ئەکردە وڵاتانی ئێران و حکوومەتی تووشی موشکیلاتی سیاسی ئەکرد. لە واندا سککەی لێ ئەدا. لە سەر ئەم ئەحواڵەی، بۆ قیرشەهر تەحویل کرا و نەچوو و عوسیانی کرد و بووە سەبەبی مەحوی خەلەفی یومنی پاشا. لە دواییدا سەرعەسکەر حافز عەلی پاشا، بە قووەتێکی زۆرەوە هاتە سەر وان و گرتی، دەروێش پاشای عاسیی گرت و ئیعدامی کرد.

عوسیانی ئەهالیی دیاربەکریش لە بەهرام پاشا هەر لەم دەورەدا بوو. بەهرام پاشای والی مەجبوور بوو تەڵەبی معاوەنەتی لە ڕەئیسی عەشیرەتی میللی، ئەیووب بەگ کرد و لە ئەتەنە و سیواسیشەوە بەعزێ معاوەنەتی بۆ هات و عوساتی تەئدیب کرد.

لە ساڵی ١٢٣٦دا حدوودی شەرقی عوسمانی بە سەبەبی تەجاوزاتی عەشائیر و ئەشقیای ئێرانەوە کەوتبووە تەهلوکەوە. ڕێگەی بایەزید (= ئەرزڕۆم) بڕابوو. لە لایەکی ترەوە ٥٠٠ ماڵێکی عەشیرەتی حەیدەرانلی لە ئێرانەوە هاتبوونە دەوری مووش. حکوومەتی ئێران ئەمانەی بە شیددەت تەڵەب ئەکرد. ئەم ئەحواڵە بووە سەبەبی نزاعێکی سیاسی لە بەینی دوو حکوومەتدا، زاتەن لەم دەورەدا ئەحواڵی ئێرانیش زۆر عەجائیب بوو. محەمەدعەلی میرزای حاکمی کرمانشاە و عەباس میرزای حاکمی ئازەربایجان هەر سەربەخۆ حەرەکەتیان ئەکرد و بۆ تەعەڕوز لە وڵاتانی حدوودی عوسمانی دائیمەن بیانوویان ئەگرت و ئەوزاع و حەرەکاتی ئومەرای بابان، بۆ محەمەدعەلی میرزا دائیمەن وەسیلەی موداخەلە بوو. وەزعییەتی وەلیعەهد عەباس میرزا دەرحەق بە تورکیا خراپتر بوو، هیچ گوێی نەئەدایە موعاهەدە و موسالەحە. مەسەلەن ئەبینین کە قووەتێکی عەجەم لە پڕێکا لە حدوودی وان تێئەپەڕێ و قەڵایەکی وەکوو «جاری»ی عوسمانی موحاسەرە ئەکا، لە لایەکی تریشەوە قۆڵێک لە ئەشقیای ئێران تا مووش دێ و لەگەڵ سەلیم پاشای موتەسەڕیفدا شەڕێکی دوور و درێژ ئەکا! (تاریخی جەودەت، جڵدی ١١)

عەباس میرزا نیهایەت لە مەشغووڵیەتی حکوومەتی عوسمانی لەگەڵ یۆناندا ئیستیفادەی کرد و لە پڕێکا لە ١٢ی زیلحەججەی ١٢٣٧ی هیجریدا تەجاوزی حدوودی کرد، تۆپراق قەلعە و بایەزیدی زەوت کرد. قۆڵێکی تری ئۆردووی ئێران بە دوای عەشیرەتی حەیدەرانلیدا ڕووی کردە دیاربەکر، بتلیسی زەوت کرد و وڵاتەکەی وێران کرد و زۆری لە ئەهالی بە دیلی برد. موتەسەڕیفی مووش، سەلیم پاشا، ئیتاعەتی کردن. قۆڵێکی تریشی ڕووی کردبووە ئەرجیش و زەوتی کرد.

لە تەڕەف عێراقەوە شاهزادە محەمەدعەلی میرزاش ڕووی کردە بەغدا و تا شەهرەبان هات، بەڵام دواد پاشا والی، بە حوسنی تەدبیری خۆی مەنعی زەرەری کردن. نیهایەتی زستان هات بە سەردا و ئۆردووی عەجەم گەڕایەوە ئێران. ساڵی دواییش عەباس میرزا دیسان تەعەڕوزی کرد و ئۆردووی جەلال پاشای کە بۆ سەندنەوەی تۆپراق قەلعە هاتبوو شکاند. لە دواییدا نەخۆشیی ڕشانەوە ئۆردووی ئێرانی گێڕایەوە دواوە (تاریخی جەودەت).

خولاسە ساڵی دوایی لە ئەرزڕۆمدا دیسان سوڵح کرا و لە سەر حدوودی سوڵتان موراد قەرار درا. بەڵام حکوومەتی ئێران مەنتیقەی زەهاوی چۆڵ نەکرد و مەسئەلەی موداخەلەی ئیشی «سلێمانی»ش هەر وا مایەوە.

لە ساڵی ١٢٤٦ی هیجری (١٨٤٧ی میلادی)دا بە مەعریفەتی مومەسیلی چوار حکوومەتەوە حدوود تەحدید کرا، بەڵام بە سەبەبی عینادی مومەسیلی تورک، دەروێش پاشاوە قەرارێکی قەتعی نەدرا، چونکە دەروێش پاشا نەک هەر قەزای «قوتوور»، بەڵکوو داوای هەموو وڵاتی جنووبی بەحری ورمێی ئەکرد. لە بەینی حادیساتی عەسری نۆزدەمدا ـ هەر وەکوو مێجەرسۆن ئەڵێ (بە تەبدیل لە مەزۆپۆتامیا و کوردستاندا، لاپەڕە ٣٧) ـ و فۆن مینۆرسکی تەسدیقی ئەکا، بەعزێ لە ئیمارەتەکانی کورد چەند دەفعە بە حیسسێکی میللی و بە ئومێدێکی ئیستقلال قیامیان کردووە و خولاسەی ئەم قیامانە وەکوو لە خوارەوە باس ئەکرێ وایە:

زۆری ئەم حەرەکاتە لە تەڕەف ئومەرای بەبەوە کراوە:

ـ بەکربەگی کوڕی سلێمان بەبە، لە ١٧١٦ی میلادیدا بەرامبەر بە حکوومەتی بەغدا هەڵسا، بەڵام بۆی نەچووە سەر و کوژرا.

ـ سلێمان پاشای خالید پاشاش لە دوای وەفاتی ئەبولەیلەی والیی بەغدا، بە لەشکرێکی مناسبەوە ڕووی کردە بەغدا و لە نزیک کفری شەڕێکی قورسی کرد، بەڵام بۆی نەهات و تا دوایی عومری، عادەتەن حکوومەتێکی سەربەخۆی کرد.