قەتڵوعامی عەشائیری موکری

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 8 خولەک  733 بینین

لە دەوری سوڵتان مورادی سالیسدا (٩٩١ی هـ)، حاکمی موکری، ئەمیرە پاشا بوو. لە وەقتێکدا کە ئۆردووی عوسمانی لە دەوری تەورێز بوو، دەرحەق بە ئەهالیی شیعەی سوڵدز و میاندوئاب و مەراغە بەعزێ زوڵمی کرد، لە نەواحی قراچۆقیش کە مالکانەی شاهی بوو، تاڵانی کردبوو، هەر لە زەمانی ئەمیرە پاشادا شێخ حەیدەری کوڕی بووبووە ڕەئیسی بەشێکی موکری و لە تەڕەف حکوومەتی عوسمانییەوە کرابوو بە بەگلەربەگی. بەڵام لە دواییدا لەگەڵ جەعفەر پاشای حاکمی تەورێز تێکچوو و لە وەقتی چوونی شاە عەباس بۆ سەر ئازەربایجان، چووە لای و ئیتاعەتی کرد، وڵاتی مەراغەشی عەلاوە درایێ. لە دواییدا لە مەعییەتی شاهدا بوو و لە شەڕێکی «ڕەوان»دا کوژرابوو. شاە عەباس، کوڕی شێخ حەیدەری کە هێشتا منداڵ بوو، لە جێگەی باوکی دانا و لە تەڕەف دایکەکەیەوە ئیدارەی ئیمارەت کرا، بەڵام خزمانی ناڕەحەتیان کرد، لە دواییدا شاە لە قوباد خانی کوڕی شێخ حەیدەریش عاجز بوو، چونکە بە سەبەبی ئیختلافی مەزهەب لەگەڵ عەبدال خانی مامیشی عوسمانی کردبوو و چووبووە لای ئەمیر خانی برادۆستی. لە دواییدا قوباد خان هەر چۆنێ بوو خیلافی ئومەرای شاە ئیشتراکی سەفەری سەر قەڵای دمدمیشی نەکرد، لە بەر ئەمە و لە سەر ئیفساداتی تری ئومەرای شیعە، نیهایەت شاە عەباس قەراری بە مەحو کردنەوەی عەشائیری موکری دا و لە ساڵی ١٠١٩دا شاە بە نەفسی خۆی ڕووی کردە مەراغە، بە ئیزهاری تەوەججوهـ و لوتفیش قوباد خانی خافڵاند. قوباد خان بەو ئەسەری لوتفە تەفرەی خوارد و لەگەڵ بەعزێ ئومەرای موکریدا و سەد و پەنجا سوارێکدا چووە لای شاە، کە داخڵی دیوانی شاە بوون، خۆی و پیاوماقووڵەکانیان کوشت و بە فێڵ ئەوانی تریشیان ویست بکوژن، بەڵام تێگەیشتن و کەوتنە شەڕەوە و لە دواییدا هەموویان کوژران. شاە لەوێوە چووە سەر قەڵای «کاودول» و دەس کرا بە قەتڵ و عامی عەشائیری موکری و ئەسیرکردنی ئافرەت و منداڵیان و کوشتارێکی شەنیع کرا.

قۆڵێکیش ڕووی کردە گەرم‌ڕوود کە مەرکەزی ئەمیر خان بەگی شێخ حەیدەر بوو؛ لە پێش ئەوەدا کە پێ بزانن، ئەمیر خان و ئومەراکانیان هەموو کوشت و کەوتنە قەتڵ و عامەوە. ئەنواعی وەحشەت و شەناعەتیان کرد، هیچ کەسێ عەفو نەئەکرا؛ زاتەن شیعەکان لە دووی ڕۆژێکی وا ئەگەڕان کە ئینتیقام لە سوننی موکری بسێنن. لە فاجعەیەکدا حەتا بەعزێ عەشائیری غەیری ناو موکریانیش تووشی قەتڵ و عام بوون. لە دوای چەند ڕۆژێ قەتڵ و عام، غەزەبی سەفەوی تەسکین بوو.

لە ئومەرای موکری، تەنیا شێر بەگ ناوێک مابوو کە بە سەبەبی مەنسووبییەتی قەدیمەوە و بە واسیتەی مەقسوود بەگی برای کە لە مەعییەتی شاهیدا «ئیشک‌ئاغاسی» بوو، مەزهەری عەفوی شاهی بوو و موساعەدە کرا ئەوی لە دەوری ئەو کۆ ئەبێتەوە نەکوژرێ و ئەم فەجیعەی تاریخییەش بەم تەرحە دوایی هات.

لە ساڵی ١٠١٩دا قویۆچی مراد پاشا ئیش و کاری ئیسلاحاتی داخڵی تەواو کرد و بە ئۆردوویەکەوە ڕووی کردە تەورێز و تا دەوری ئەم شارە هات و بە ئوسوولی ئەو زەمانە ئەو وڵاتەی تاڵان و وێران کرد و گەڕایەوە. شاە عەباس سوڵحی کرد (٢٥ی جەمادی ئەووەڵی ١٠٢٠). زاتەن لەو بەینەدا مراد پاشاش مرد و نەسووح پاشا بوو بە سەدرولئەعزەم و سەردار. ساڵی دوایی سوڵح کرا و حودوودی قەدیمی سوڵتان سەلیم بە ئەساس قەبووڵ کرا. ئەو شەرتەشی تیا بوو کە حکوومەتی ئێران یارمەتیی هەڵۆ خانی حاکمی شارەزوور و ئەردەڵان نەکا.

ئەم سوڵحە ئەوەندە توولی نەکێشا، لە ٢٣ی ڕەبیعول ئەووەڵی ١٠٢٤دا دیسان ئیعلانی حەرب لە بەینی دوو دەوڵەتدا کرا. ئەمیری کورد، سەید بەگ بە لەشکرێکەوە ڕووی کردە نەخچەوان و ئەم شارە و ڕەوانی موحاسەرە کرد. بەڵام زۆری پێ نەچوو زایعاتێکی زۆری دا و گەڕایەوە. خولاسە شەڕی ئەم جارە زۆر توولی نەکێشا.

لە ساڵی ١٠٢٥ی هیجریدا کوڕی غازی بەگی کوردی ملیلان، قەڵای قارنیارقی کردبوو بە مەرکەز و قەزای سەڵماسی ناڕەحەت کردبوو. پیر بوداق خانی حاکمی تەورێز بە لەشکری خۆیەوە ڕووی کردە کوردانی ملیلان، کوڕی غازی بەگیش تەڵەبی ئیمدادی لە محەمەد پاشای بەگلەربەگی وان و ئومەڕای کوردی ئەو ناوە کرد؛ محەمەد پاشا بە لەشکری خۆیەوە و زەینەڵ خانی مەحموودی، حاکمی خۆشاب، و باقی ئومەرای کورد بە شەش حەوت هەزار کەسێکەوە چوون بە ئیمدادیەوە. کە تووشی یەک بوون، لە دوای شەڕێکی کورت، لەشکری تەورێز شکا و پیر بوداق خانیش بە دەس زەینەڵ بەگ بریندار بوو و زۆری پێ نەچوو مرد. وڵاتی ئازەربایجان کەوتە ترس و لەرزەوە، بەڵام ئومەڕای کورد لە دوای شەڕەکە گەڕانەوە.

لە ساڵی ١٠٢٦ی هیجریدا شاە عەباس لە ئیدارەی قەرەچقای خاندا لەشکری ناردە سەر ئەرزەڕۆم و ئەو ناوەی تاڵان و وێران کرد. محەمەد پاشای بەگلەربەگی وان، بۆ سەندنی ئەم حەقە ڕوئەسای کوردی کۆ کردەوە و لەگەڵ لەشکری خۆی و قووەتێکی زۆری کوردا ویستی بچێتە سەر ئازەربایجان؛ بەڵام خەبەری چوونی قەرەچقای خان بۆ سەر وان و ئەو ناوە، ڕوئەسای کوردی خستە ئەندێشەی موحافەزەکردنی مڵک و عەشیرەتیان. زیائەددینی کوڕی شەرەفخانی بتلیسی لەگەڵ دەستەودائیرەی خۆیدا بێ پرسی محەمەد پاشا گەڕایەوە بۆ بتلیس و یەحیا خانی کوڕی زەکەریا خانی ڕەئیسی عەشایری حەکاریش ویستی بگەڕێتەوە؛ محەمەد پاشا مەنعی کرد و بانگی کردە لای خۆی، قەسدی کوشتنی کرد و بووە شەڕ و هەردووکیان بریندار بوون و لە ناو چوون و بەم مناسەبەتەوە لە بەینی کورد و تورکا خوێنێکی زۆر ڕژا.

لە وەقتی ئەم هەرایەدا لەشکری قزڵباشیش گەیشتە وڵاتی وان و ئاوەدانی و دەغڵی تیا نەهێشت و کوشتارێکی زۆر و تاڵانێکی بێ‌حیسابی کرد.

لە عەینی ساڵدا سەدری ئەعزەم و لەشکری تاتار زستانیان لە دیاربەکردا ڕابوارد و ئەو وڵاتەیان وێران کرد، نیهایەت ساڵی دوایی، لە ٦ی شەووالی ١٠٢٧دا دیسان سوڵح کرا.

لە وەقتی موزاکەرەی ئەم سوڵحەدا بوو کە شاە عەباس بۆ بەربەستکردنی تەعەڕوزی تورکمان، نزیک پانزە هەزار ماڵێکی کوردی نەقڵی خۆراسان کرد و لەوێ جێگیری کردن.

نەک هەر بۆ موحافەزەکردنی سەرحەد و سنوور، بەڵکوو لە شەڕ و دەعوای دائیمیشدا حکوومەتی ئێران دائیمەن زۆر ئیستیفادەی لە قەومی کورد کردووە.

شاە عەباس و ئەخلافی، لە هەموو شەڕێکدا یارمەتیی کوردیان داوا کردووە؛ عەشایری موکری، بناغەی هەرە بەقووەتی ئۆردووی عەجەم بوو. شاە عەباس بە قووەتی موکری زۆر پشت‌ئەستوور بوو و هەموو وەقتێک لە ئۆردووی دائیمیدا بەشێکی گەورەی بۆ کورد جوێ کردبووەوە. لەمانە زۆر زابت و قوماندان پێگەشتوون: عەلی جان سوڵتانی شقاقی، کەدائی سوڵتان کۆلانی، قەڵەندەر سوڵتانی کەللەگیر، مام قولی سوڵتانی چکنی ... و الخ لە جوملەی پێگەیشتووانی دەوری شاە عەباسی ئەوەڵن. (تەماشای کتێبی «کوردی بەناوبانگ» بکە).

شاە عەباس لە ١٦٢٤ی میلادیدا کە لەشکری ئێرانی سەرلەنوێ ڕێک خست، گەلێ جوزئی لە عەشایری موکری تەشکیل کرد و بەم ئۆردووەوە زۆر دەفعە حکوومەتی عوسمانیی شکاندووە (ئەنسقلۆپێدیای ئیسلام).

ئۆردووی حافز ئەحمەد پاشا کە بۆ سەندنەوەی بەغدا لە بەکر سۆباش، ڕووی کردە «داروسسەلام»، بەشی زۆری کورد بوو.

شاە عەباس کە هاتە سەر بەغدا و ئەم شارەی بە فێڵ لە دەس بەکر سۆباش سەند، لەشکرێکی لە قۆماندای سەرلەشکر قەرەچقای خاندا ناردە سەر مووسڵ و ئەم قووەتە لە دوای موحاسەرەی ئەم شارە ڕووی کردە دیاربەکر و ماردین و ئەو وڵاتەی وێران و تاڵان کرد و لە دواییدا گەڕایەوە و موسڵیشی زەوت کرد. خان ئەحمەد خانی ئەردەڵانیش بە لەشکرێکەوە چووە سەر شارەزوور و کەرکوویە (= کەرکووک) و قەڵای کەرکووکی زەوت کرد.