وەقعەی دمدم قەڵا

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 8 خولەک  711 بینین

ئەم داستانی مەردایەتیی عەشائیری «برادۆست»ی موکری و مودافەعەی قەڵای دمدم بە گوێرەی مەقایسی نووسینی ئەم تاریخە ناتوانین توول و تەفسیلی بدەینێ و بەڕاستی زۆر پێویستە کە دەرحەق ئەم میسالی بڵندەی مەردایەتیی کوردە، کتێبێکی سەربەخۆ بنووسرێ و بۆ نەتەوەی کوردی ئیمڕۆ و سبەینێ بە یادگار بەجێ بهێڵرێ. خارقەی ئەم قەهرەمانییە ئەوەندە سەححار و بڵندە کە بە عەکسی تەعەسوبی مەزهەبی و تەڕەفگیری ڕەسمی، ئەسکەندەر مونشیی مەجبووری مەدح و سەنا کردووە و موستەشریق مسیۆ و. ئۆممانی هێناوەتە جۆش و خرۆش و ئەم مەنقەبەی جەلادەتەی بە زمانێکی تەقدیرکارانە پێ تەسویر کردووە.

قەهرەمانی ئەم داستانە ئەمیر خانی یەک‌دەستە. ئەم زاتە لە ئومەرای مەشهووری عەشیرەتی برادۆست بووە، لە شەڕێکدا کۆمەکی عومەر بەگی حاکمی سۆرانی کرد و دەسێکی بڕابوو. ئەمیر بەگ لە دوای ئەمە کە شاە عەبباس ئازەربایجانی سەندەوە، لە بێ‌موبالاتیی تورک عاجز بوو و چووە لای شاە و حورمەتێکی زۆری گیرا. دەستێکی ئاڵتوونی بۆ کرا و لە جێگەی دەسە بڕاوەکەی دانرا. عینوانی «خان»ی لەگەڵ حکوومەتی «تەرگەوەر» و «مەرگەوەر» و «ئورمێ» و «شنۆ» و ڕیاسەتی عەشیرەتی برادۆستی درایە و هاتەوە موڵکی خۆی. لەوێ لە جێگەی قەڵا کۆنی دمدم ، قەڵایەکی سەختی دروست کرد.

ئومەرای شیعە بە سەبەبی خیلافی مەزهەب و قەومییەت حەزیان لێ نەئەکرد و لە لای شاە بوختانیان پێ ئەکرد. باخسووس دروستکردنی قەڵاکەی، کە بە ئیزنی شاە بوو، بووە سەبەبی زیادبوونی بوختان. پیر بوداق بەگی حاکمی ئازەربایجان لێی کەوتە خۆ و شاهی لە ئیزندان بۆ قەڵاکەی پەشیمان کردەوە و ویستی ئەمیر خان مەنع بکا. ئەمیری برادۆست لەمە سەغڵەت بوو و گوێی نەدایە، قەڵاکەی تەواو کرد. لەو وەقتەدا بیست هەزار ئەشقیایەکی جەلالی لە ترسی قۆرچی مراد پاشا لە خاکی عوسمانییەوە هاتبوونە عەجەم شاە، ـ بە فکرێکی دوایی ـ ویستی هەشت هەزار کەسێک لەمانە لە ناو عەشیرەتی برادۆستدا دابنێ و ئەمانەی لەگەڵ حەسەن خان و لەشکرێدا نارد بۆ لای ئەمیر خان و خەبەریشی بۆ نارد کە خۆی یا کوڕێکی لەگەڵ بەعزێ ڕوئەسای برادۆست و دووسەد سوارێکیان بخاتە تەک و بچن ئەشقیای جەلالی جێگیر بکەن. ئەمیر خان لە ترسی دوایی و موخالەفەتی عەشیرەتەکەی ئەم ئەمرەی بەجێ نەهێنا و کورد و جەلالی و قزڵباش کەوتنە وردە شەڕەوە و لەشکری حەسەن خان هیچی پێ نەکرا. لە دواییدا لای قۆماندای وەزیر ئەعزەم موعتەمەدەددەولەدا لەشکرێکی زۆری تر هاتە سەر ئەمیر خان و لە دوای سەعیەکی بێ‌فائیدە بۆ ڕازیکردنی ئەمیر خان، قەڵاکەی موحاسەرە کرا (٢٦ی شەعبانی ١٠١٧ی هیجری).

بە گوێرەی ئەسکەندەر مونشی، کە خۆی لەم هەرایەدا حازر بووە، ئەم قەڵای دمدمە زۆر سەخت بووە و تەنیا لە خسووسی ئاوەوە زەعیف بووە. لە ناویا حەوزێکی باران‌ئاو و چاڵە بەفرێکی بووە، لە دووریشی کانییەکی بووە و بە ژێر ئەرزدا لە قەڵاکەوە تا کانییەکە ڕێگەیەکی بووە.

لەشکری قزڵباش کە بە تەخمینی بیست سی میسلی مودافعین بوون، لە دوای چوار مانگ بۆمباران و هەموو شەو و ڕۆژێک شەڕ و کوشتار، ئینجا توانیویەتی ڕێگەی کانییەکە بگرێ و تا ئەو وەقتەش بە موقابیل تەعەڕوزی کورد و شەبیخوونیان زایعاتێکی زۆری دابوو و زۆر شەڕکەری بەناوبانگی لە کیس چوو. ئەشقیای جەلالی کە سەبەبی ئەم شەڕ و هەرایە بوون، تا ئەم تاریخە وردەوردە بڵاوەی کردبوو و چووبوونەوە بۆ خاکی عوسمانی و حەتا لەم گەڕانەوەیانا لە تاڵانکردن و کوشتنی قزڵباشیش قسووریان نەکردبوو!

لە دوای ئەوە کە کانییەکە دەس لەشکری قزڵباش کەوت، مەحسوورین نزیک بیست ڕۆژێک بە ئاوی بۆگەنی باران‌ئاو و ئاوی چاڵە بەفرەکە ڕایانبوارد و شەڕنەکەریان لە قەڵاکە کردە دەرەوە. لەگەڵ ئەمەشدا لە خسووس ئاوەوە زۆر بەیدەس بوون.

بە قودرەتی خودا لەو ڕۆژەدا کە ئەووەڵی زستان بوو، بارانێکی زۆر باری و نزیک مانگێک دەوامی کرد، حەوزی قەڵاکە پڕ بوو و ئیحتیاجی ئاوی شەش مانگ تەئمین کرا. سەرداری لەشکری قزڵباش کە وای زانی، بە ناعیلاجی قەراری زەوتکردنی قەڵاکەی دا و بە ئوسوولێکی مونتەزەم بۆ نزیکبوونەوە بە قەڵاکە هەوڵیان دا. لە دوای چەند مانگێک ئەزیەت و زایعاتێکی زۆر، بورجێکی تەنیا کە لە ئیدارەی قەرا بەگدا بوو ڕووخێنرا و مودافیعەکانی کوژرا و دەس قزڵباش کەوت. ئەم غەلبەیە ئیشی قزڵباشی سووک کرد و مودافیعینی خستە مەراقەوە. تەسادوف لە دوای ئەم وەقعەیە وەزیری ئەعزەم کوتوپڕ مرد و شاە لە جێگەی ئەو، محەمەد بیگدلی کرد بە سەردار و ناردی. لە دوای بەینێک بە تەئسیری بۆمباران برووجێکی تریشی زەرەردار کرا و لە دوای شەڕێکی مەئیووسانە مودافیعەکانی هەموو کوژران و بورجەکان کەوتە دەس قزڵباش. زۆری پێ نەچوو بورجێکی تر کە لە ئیدارەی کوڕی ئەمیر خاندا بوو ئەویش لە تەڕەف پیر بوداق خانی حاکمی تەورێزەوە زەوت کرا و بەم تەرحە قودرەتی مودافەعە زۆر کەم بوو و لە هەموو لایەکەوە لە ژێر بارانی گوللە و تۆپ و تفەنگدا و لە جێگەیەکی تەنگەبەردا جووڵانەوە زەحمەت بووبوو. دیواری قەڵاکە لە هەموو لایەکەوە ڕووخێنرا و لەشکری عەجەم چووە ناویەوە، بە غەیری مەنزڵی ئەمیر خان کە بە قەڵای نارین شۆرەتی بوو، جێگەیەکی تر بە دەس مودافیعینەوە نەما. ئەمیر خان بەرامبەر بەم وەزعیەتە سەرفی نەزەری لە مودافەعە کرد و خەبەری بۆ سەرداری عەجەم نارد و تەسلیم بوو، بەڵام لە دوای تەسلیمبوون ویستیان بیانکوژن لە بەر ئەوە تیکرار دەسیان دایە سیلاح و دەستەویەخە لەگەڵ ئومەرا و لەشکری قزڵباشدا کەوتنە شەڕەوە و زۆریان کوشت، بەڵام [لەشکری قزڵباش] لە دوایی نەئەهات و بە نەتیجە هەموویان مەردانە کوژران و زیکر و جێگەیان نەما. قزڵباشەکان نەک هەر شەڕکەر، بەڵکوو شەڕنەکەریشیان نەهێشت و هەموویان کوشتن.

خولاسە بورج و بارووی دمدم کە نزیک ساڵێک ئاساری جەلالەت و مەردایەتی و قەهرەمانیی موکری سەیر کردبوو، لە نیهایەتدا مەیتی موبارەکی ئەو شەهیدانەشی گرتە باوەشی و لە ژێر خاکەکەیدا هەر بەو جلی خۆیانەوە شاردیەوە.

قەڵای دمدم لە دوای شەش ساڵ دەفعەیەکی تریش کەوتە دەس کوردی برادۆست، بەڵام لە پێش ئەوەی کە باش خۆیان بۆ مودافەعە کۆ بکەنەوە، گەورەکانیان تووشی قەزایەک بوون و مودافەعەیان پێ نەکرا. قەهرەمانی ئەمجارە «ئۆلغ بەگ» بوو. شاە عەباس قەڵای دمدمی بە محەمەد بەگی بیگدلی دابوو و ئەویش قوباد خانی برای لە سەر دانابوو. ئۆلغ بەگ بە واسیتەی بەعزێ کوردی ناو قەڵاکەوە شەوێک کە قوباد خان کە لە ناوی نەبوو، بە خۆی و چل کەسەوە لە کونێکەوە چوونە ناو قەڵا و موحافیزانی قزڵباشیان هەموو کوشت و قەڵاکەیان زەوت کرد. لە دوای ئەمە «ئاقا سوڵتان»ی حاکمی مەراغە بە لەشکرێکی سووک‌بارەوە خۆی گەیاندە دمدم و لە ڕێگە تووشی ١٥٠ کەسی کوردی ئیمدادی ئۆلغ بەگ هات و شکاندنی و لەگەڵ قوباد خان یەکدگیر بوو. پیر بوداق خانی حاکمی تەورێز و شێر سوڵتانی موکریش هاتن بە ئیمدادەوە، قەڵایان موحاسەرە کرد، لە وەقتێکدا کە ئۆلغ بەگ بارووتی بە سەر پیاوەکانی خۆیدا دابەش ئەکرد، بە تەقدیری خوا بە ئاگر دەموچاوی سووتا و بەعزێ لە ڕەفیقانیشی بریندار بوون. ئیتر کەسێکی وا نەما کە ئیدارەی مودافەعەی قەڵا بکا، بە مەجبووری لە تاریکیی شەودا ئۆلغ بەگیان بە سەر وڵاغێکدا بەست و قەڵاکەیان بەجێ هێشت و دەرچوون. تەنیا نۆ ڕۆژ دمدمیان بە دەستەوە بوو.