عوسیانی کوڕی جان پۆڵا

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 2 خولەک  1003 بینین

خانەدانی جان پۆڵای کورد حاکمی ئیرسیی «کلس» بوو. لە زەمانی جغالە پاشادا گەورەی ئەم خانەدانە «میر حسێن» بوو و لە تەڕەفی سەدرولئەعزەمەوە کرابوو بە بەگلەربەگی حەلەب، بەڵام هەر چۆنێ بوو بۆ شەڕی ئێران نەچوو و لە سەر ئەمە سەدرولئەعزەم ڕقی لێ هەڵگرتبوو. لە دوای شکانی تەورێزی، کە گەڕایەوە بانگی کردە لای خۆی و کوشتی، میرعەلی برای کە ئەم خەبەرەی بیست، چووە حەلەب و لە حکوومەت ڕووی وەرگێڕا. لە دوای بەینێک تەرابلۆسی شامیشی گرت و دەوری شامیشی تاڵان کرد و بە سەربەخۆیی دەسی کرد بە ئیدارەی حکوومەت. ئۆردوویەکی باشی پێکەوە نا و خوتبەی بە ناوی خۆیەوە خوێند و سککەشی لێدا. لەگەڵ قڕاڵی «توسقانا» کە ئەرشیدۆق فردیناڵد بوو، لە ١٠ی جەمادی ئاخری ١٠١٦دا موعاهەدەیەکی کرد و خەریک بوو لەگەڵ حکوومەتەکانی تریشدا مناسەبەت پەیا بکا.

مەشهوور سەدرولئەعزەم قۆیۆچی مراد پاشا، بۆ تەسکینی عوسیانی ئەناتۆلی مەئموور کرابوو. لە پێش ئەناتۆلیدا ڕووی کردە جان پۆڵا و ویستی لەولا لەگەڵ ئەودا حیساب ببینێ. کوڕی جان پۆڵا زاتەن بۆ ئەمە خۆی حازر کردبوو و بە لەشکرێکی قورسەوە (٢٠٠٠٠سوار و ئەوەندەش پیادە)، دەربەندی «باغرس»ی گرتبوو و ئینتیزاری لەشکری عوسمانی ئەکرد. قۆرچی مراد پاشا بە لەشکرێکی زۆرەوە ڕووی کردە لەشکری جان پۆڵا. لە ناو ئۆردووی عوسمانیدا و لە ژێر ئیدارەی زولفەقار پاشادا ٤٠٠٠٠ کوردی زولقەدرییە هەبوو. مراد پاشا جێگەی لەشکری جان پۆڵای بۆ خۆی بە موساعید نەدی و لە دەربەندی «ئەرسەلان بلی» تێپەڕی و لای جان پۆڵای گرت. دوو لەشکر لە دەشتی «ئوروچ»دا بەرەنگاری یەک بوون (٣ی ڕەجەبی ١٠١٦). شەڕێکی قورس لە بەینیانا قەوما و نیوەی لەشکری جان پۆڵا لە ناو چوو و شکا و خۆشی بە ناعیلاجی گەڕایەوە حەلەب. بەڵام لەم شارەدا گونجانیشی نەبوو و هەڵسا چووە ئەستامۆڵ. سوڵتان ئەحمەد عەفوی کرد و بەگلەربەگێتیی «تەمشوار»ی دایە و برا پچووکەکانیشی لە ئەندەروونی هومایووندا قەبووڵ کرد. بەڵام عەفوی سوڵتان ڕقی مراد پاشای خوێنخۆری تەسکین نەکرد و ئەمری نارد کە لە «بولغراد» کوشتیان.