عوسیانی موکری

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 5 خولەک  708 بینین

لە دوای ئیختلالی قوباد خان و قەتڵ و عامی ١٠١٩، شێر بەگ کرابوو بە ڕەئیسی عەشائیری موکری. ئەم شێر بەگە بە سەبەبی تەحەکومی قزڵباش و نەفرەتی بەینی شیعە و سوننی، لە ساڵی ١٠٣٤دا عوسیانی کرد و وڵاتی مەراغەی تاڵان کرد و کوشتارێکی زۆری لە شیعە کرد. شاە عەباس لە قۆماندای زەمان بەگدا لەشکرێکی ناردە سەری. شێر بەگ بە خۆی و عەشائیریەوە خۆی کێشایە چیاکان و لەشکری قزڵباش بە غەیری بەعزێ تاڵان و گوند سووتاندن، شتێکی تری پێ نەکرا و گەڕایەوە. لە دوای وەفاتی شاە عەباس، سەدرولئەعزەم خەسرەو پاشا، بە لەشکرێکەوە ڕووی کردە عێراق. زستانی ساڵی ١٠٣٩ی لە مووسڵدا ڕابوارد. ئەمیری عیمادییە، سەید خان و میرەبەگی سۆران، لەگەڵ لەشکری خۆیانا بۆ کۆمەک هاتنە لای سەردار. ڕەئیسی عەشیرەتی باجەلانیش بە خۆی و چل‌هەزار کەسێکەوە هاتە لای خەسرەو پاشا و سێ‌هەزار سەر مەڕێکیشی بە دیاری بۆ ئۆردوو هێنابوو.

خەسرەو پاشا لە دوای موشاوەرە لەگەڵ ئومەرای کورد، وای بە موناسب زانی کە ئەووەڵەن حاکمی ئەردەڵان بشکێنێ و ئەو وڵاتە زەوت بکا و لە دواییدا بچێتە سەر بەغدا. لە سەر ئەم قەرارە بە سەر شارەزووردا ڕووی کردە ئەردەڵان. ئۆردوو گەیشتە شارەزوور و خەسرەو پاشا قەڵای خورماڵی تەعمیر کردەوە. ئەم قەڵایە لە تەڕەف سوڵتان سلێمانەوە بینا کرابوو. لە دواییدا شێخ عەبدوڵڵا کە بە شێخۆ مەشهوور بوو و قەڵایەکی لە سەرچاوەی زەڵم بە ناوی «زاڵم عەلی»یەوە هەبوو، عەرزی ئیتاعەتی کرد، دوو سێ کەسێک لە ڕوئەسای کوردی تر هاتن ئیتاعەتیان کرد.

خەسرەو پاشا ڕووی کردە مەرکەزی ئەردەڵان کە حەسەن‌ئاباد بوو و لە ڕێگە قەڵای میهرەبانی زەوت کرد و لە بەردەمی ئەم قەڵایەدا ئۆردووی زەینەڵ خانیشی شکاند و تا هەمەدان چوو.لە ساڵی ١٠٤٠ی هیجریدا لە ئێران گەڕایەوە و ڕووی کردە بەغدا. لە چەمچەماڵ و دەرەتەنگدا دیسان ئۆردووی عەجەمی شکاند. لە پاشدا هاتە سەر بەغدا و چل ڕۆژێک موحاسەرەی کرد، بەڵام بۆی زەوت نەکرا و گەڕایەوە. خان ئەحمەد خانی ئەردەڵانی بە قووەتێکەوە شوێن ئۆردووی عوسمانی کەوت و شارەزووری داگیر کرد (نعیما؛ فۆن هاممەر).

بەغدا، ئینجا لە ساڵی ١٠٤٨ی هیجریدا (١٦٣٨ی میلادی) لە تەڕەف سوڵتان مورادی ڕابیعەوە سەندرایەوە و ئەمیری عیمادییە، قوباد بەگ لەگەڵ ئۆردووی بادینان و ڕوئەسای عەشائیری مووسڵ و هەولێر و کەرکووک و شارەزوور لەگەڵ قووەتێکی مناسبدا لە مەعییەتی سوڵتان موراددا لە فەتحی بەغداد حازر بوون و ساڵی دواییش لە بەینی دوو حکوومەتدا سوڵح کرا و ئەو خەتی حودوودەی کە بە گوێرەی ئەمە تەعیین کرا تا عەسری نۆزدەمینی میلادی دەوامی کرد و حوکم و نفووزی ئێرانیش بە تەواوی کەوتە شەرقی زاغرۆس. بە گوێرەی ئەم سوڵحە و حودوودی تازەوە عەشیرەتی جاف بەشێکی لە ئێراندا مایەوە.

لەم تاریخەدا بتلیس و عیمادییە و حەکاری موستەقیل و لە ژێر ئیدارەی ئومەرای کورددا بوون. ئینجا لە تاریخی ١٦٦٠ی میلادیدا ئەم حکوومەتانە تابعیەتی عوسمانییان قەبووڵ کرد (ڕاپۆری لیوای سلێمانی، مێجەرسۆن)

خولاسەی کەلام، ئەم شەڕە گەورە و بەتوولەی بەینی سەلاتینی عوسمانی و شاهانی سەفەوی، ئەهمیەتی سیاسییەی کوردی بە تەواوی بە کورد سەلماند (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام)، بەڵام کورد لەم دەرسە باشانەی تاریخ نەیتوانی و نەیزانی عیبرەت وەربگرێ و لە مەوقیعە موستەسناکەی خۆی ئیستیفادە بکا و کۆمەڵێکی یەک‌دڵ دامەزرێنێ و بەرامبەر بە لافاوانی ئیستیلای یەک لە دوا یەک بە کۆمەڵییەکی بەقووەت ڕاوەستێ. ئەو بەڵایانەی کە کوردی لەم خۆ گردکردنەوەیە مەنع کرد، هەموو ئەیزانین کە جەهل و فەقر و نیفاق بوو و کورد لە ژێر ئەم بارە گرانەدا پشتی کۆما بووە و جەریانی سیاسەت و تەفرەی کاربەدەستانی، تووشی موسیبەتی خۆخۆری کردبوو و لە باتی پشت بدەنە پشتی یەک و بە دڵسۆزی هەوڵ بۆ ڕزگاریی خۆیان و ڕزگاریی وڵاتەکانیان بدەن، دائیمەن بە گژ یەکا ئەچوون و شیریان لە یەک ئەسوو. واقیعەن وەکوو لە جڵدی دووەمی ئەم کتێبەدا بەیان ئەکرێ، گەلێ حکوومەتی بەقووەتیان دامەزراندووە، گەلێ ئیمارەتیان پێکەوە ناوە، بەڵام ئەمانە هەموویان بە سەبەبی دوژمنایەتیی بەینی خۆیانەوە و زۆریشیان بە دەسی خۆیان، لە ناو براون.

شەرەف خانی بتلیسی (ڕەحمەتی خوای لێ بێ) لەم خسووسەوە گەلێ سکاڵای کردووە و بە گوێرەی حاڵی ئەو زەمانە ڕێگەی باشی نیشانی کورد داوە و تەکلیفی ئیتحادێکی سیاسی لە بەینی حکوومات و ئیمارەتەکانی کورددا کردووە، بە نەوعێک «فدراسیۆن» (= حکووماتی موتتەحید)ی لێ حاسڵ ئەبوو و مەرکەزی ئەم حکووماتی موتتەحیدەیەش جەزیرەی ئیبنی عومەر ئەبوو، بەڵام بەڕاستی جێگەی ئەسەفە کە بە تەئسیری ئیفساداتی قووەی حاکمە کە بۆ زیادکردنی دوژمنایەتی و تەفرەقەی بەینی کورد سەرف ئەکرا و غایەکەشی قاعیدەی «فَرِّقْ تَسُدْ» (= جوێیان کەوە و ئیستیفادە بکە) بوو؛ ئەم نەسیحەتە باشە تەئسیری لە ئومەرای کورد نەکردووە و لە سەر شوێنی قەدیمەیان ڕۆیشتوون و بەرەبەرە وەکوو ئەیبینین هەموو لە ناو چوون.