کورد تا دەوری سەفەوی

لە کتێبی:
خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان (جڵدی ١)
بەرهەمی:
محەمەدئەمین زەکی بەگ (1880-1948)
 6 خولەک  868 بینین

حکووماتی تورکمانی ئاسیای غەربی، کە ڕەقیب و دوشمنی مەغۆلەکان بوون، لە دوای لەناوچوونی ئیلخانییەکان بەرەبەرە کوردستانیان خستە ژێر حوکمی خۆیان، حکوومەتی قەرەقۆیونلوو تا ناوەڕاستی کوردستان هات و عەشائیری کوردی تووشی شەڕ و دەعوایەکی سیاسی و مەزهەبی کرد و ئەم حاڵەش بووە سەبەبی جێ‌گۆڕینێکی زۆر بۆ ئەهالی. فیلحەقیقە لەم دەورەدا بوو کە کوردانی موکری، جنووبی بەحری ورمێ یەعنی وڵاتی سابڵاخیان داگیر کرد.

لە دوای لافاوی موسیبەتی مەغۆل و لە پێش ئەمەدا کە وڵاتانی ئیسلام بتوانن زایەعاتی ماڵ و ڕۆحی خۆیان کەمێ زۆر تەلافی بکەن، بەڵای تەیمووری لەنگ ڕووی تێکردن. ئەم سەردارە زاڵمە لە دوای ئەمە کە لە ئەسفەهاندا لە حەفتاهەزار سەربڕوای مەزڵوومین ئەهرامێکی وەحشەتی دروست کرد و لە دوای ئەمە کە لە گوزەرگاهی خۆیدا لافاوی خوێنی هەڵساند و سوڵتان ئەحمەدی جەلایریی لە بەغدا دەرپەڕاند، بۆ فەتحی قەفقاسیا بە سەر کوردستاندا ڕابورد، دیاربەکر و جەزیرەی ئیبنی عومەری زەوت و تەخریب کرد و دەهشەتێکی بێ‌مانەندی خستە ئەو ناوە و وڵاتی کوردستانی زۆر تەنگەتاو کرد. ئەهالی لە ترسانا خۆیان کێشابووە کەژ و کێو. ئەووەڵەن ئەمیری حەکاری لە قەڵای واندا موحاسەرە کرد و قەڵا و ڕێگەکانی تریشی تەزییق کرد و هەمووی زەوت کردن.

لە سەفەری ٧٩٦ی هیجریدا لە دوای زەبت و تەخریبی بەغدا و تکریت، بە سەر مووسڵدا ڕووی کردە کوردستان و ئومەرای کورد، وەکوو حاکمی هەولێر «عەلی» و حاکمی جەزیرە «ئەمیر عیززەدین کوردی» و حاکمی حەسەنکێف «ئەمیر سولەیمان» و حاکمی ماردین «تاهیرەددین» لەگەڵ حاکمی مووسڵ و ئەرزندا بە ئومێدی موحافەزەکردنی وڵاتەکەیان چوون بە پیریەوە و عەرزی ئیتاعەتیان کرد و بەم تەرحە خۆیان لە شەڕ پاراست و تەیموور لەوێوە ڕووی کردە حەلەب و جەلالەددینی میر ئینشاهی کوڕی بە سەر کوردستانەوە بەجێ هێشت. ئەم شازادەیە لە سەر شوێنی باوکی ڕۆیشت و زوڵم و کوشتارێکی زۆری کرد، باخسووس لە حەسەنکێف و دیاربەکر و تۆرعابدیندا قەتڵ و عامێکی زۆر وەحشیانەی کرد. ئەم زوڵم و خوێن‌ڕشتنە ئەهالی لە ڕۆحی خۆی بێزار کرد و ناچار عوسیانیان کرد. ئەمیر عیززەدینی جەزیرە یەکێ لە ئومەرای عاسییەکان بوو. وەلحاڵ لە سەفەری ئەووەڵی تەیمووردا گەلێ ئەلتافی لە تەیموور دیبوو، بەڵام لە زوڵمی توورانشاە بێزار بوو و لە ئیتاعەت چووە دەرەوە. تەیموور کە ئەمەی بیست، زۆر ڕقی هەڵسا و لە سەفەری دووەمیدا (١٤٠١ی میلادی) بۆ ئینتیقام ڕووی کردە کوردستان و هەرچی ئاوەدانییەک کەوتە بەر دەسی، وێرانی کرد و کوشتارێکی خوێنخۆرانەی تیا کرد، لە هەولێر و مووسڵ و جەزیرەدا عادەتەن زیڕۆحی نەهێشت. ساحێبی تاریخی مووسڵ ئەڵێ: هەر تەنیا دێیەک کە ناوی «ئەربو» بوو و لە تەوابعی جەزیرە بوو، بە واسیتەی قەشەکەیانەوە خەلاس بوون (تاریخی مووسڵ، لاپەڕە ٢٥٣).

ئەمیر شەرەفەددینی بتلیسی بۆ ئەمەی کە وڵاتەکە و هاووڵاتەکانی لە شەڕی تەیمووری لەنگ ڕزگار بکا، چووبووە لای و لە بەینی دیاربەکر و مووشدا تووشی بوو، تەیموور زۆر حورمەت و عیززەتی گرت و لە بەر خاتری چاکی ئەخلاق و شۆرەتی عەداڵەتی کە لە بەینی کوردایەتیدا هەیبوو، لە جێگەی خۆیا هێشتیەوە.

ئۆردووی تەیموور لەم گەڕانەوەیا لە بەغداوە بۆ تەورێز (ساڵی ٨٠٣ی هیجری) لە ڕێگە تووشی تەعەڕوزی کوردەکان بوو. لە دوای مردنی تەیموور (١٤٠٥ی میلادی)، قەرەیوسف ئەمیری قەرەقۆیونلوو کە لە ترسی تەیموور فیراری کردبو، گەڕایەوە کوردستان و ئیلتیجای کردە ئەمیر شەمسەددینی بتلیسی و کچەکەی خۆی لێ مارە کرد و بە یارمەتیی ئەو سەرلەنوێ حکوومەتێکی دامەزراند و لە ساڵی ٨٢٠ی هیجریدا ئیمارەتی بتلیسی ڕەسمەن قەبووڵ و تەسدیق کرد.

لە ساڵی ٨٢٤ی هیجریدا کە شاهڕوخ میرزای کوڕی تەیمووری لەنگ گەیشتە ئەرمینییە، ئەمیر شەمسەددینی بتلیسی و مەلیک محەمەدی حاکمی حەکاری و مەلیک خەلیلی حاکمی حەسەنکێف، لەگەڵ ئەمیری خێزان و بەعزێ ئومەرای کوردی تر، چوونە لای و ئاشتی و ئیخلاسی خۆیان عەرز کرد. کوردانی وڵاتی «خۆی»یش بەم تەرحە حەرەکەتیان کرد و خۆیان لە شەڕ و زەرەری تەیموورزادە پاراست.

حکوومەتی بایندۆری کە «ئاق قۆیۆنلوو»شیان پێ ئەگوت، لە دوای ئەمە کە حکوومەتی قەرەقۆیونلووی لە ناو برد، لە دیاربەکردا بە تەواوی دامەزرا و لەگەڵ ملووک و ئومەرای کورددا دەسی کرد بە شەڕ و هەرا، فیکری ئەم حکوومەتە بەرەبەرە لەناوبردنی حکوومات و ئیماراتی کورد بوو (شەرەفنامە؛ استیلای خانزادهای کوردستان)، بۆ تەتبیقی ئەم سیاسەتەی، تەرەفداریی ئومەرای کوردی بۆ خانەدانی قەرەقۆیونلووی کردبوو بە بەهانە. وەلحاڵ ئەمە خیلافی واقیع بوو و بە سەبەبی ئیختیلافی مەزهەبەوە بەینی کورد و قەرەقۆیونلوو زۆر خراپ بوو و دائیمەن لە شەڕ و دەعوادا بوون. «حەسەنە درێژ»یش بۆ بەجێ‌هێنانی ئەم فیکرە خراپەی، وەکوو مستەولییە غەریبەکانی تر حەرەکەتی کرد، یەعنی ئیستیفادەی لە نیفاق و تەفرەقەی بەینی کورد کرد، لای بەعزێکی گرت و کردنی بە گژ ئەوانی تردا، یەعنی بە قووەتی کورد دەسی کرد بە لەناوبردنی حکووماتی کورد؛ بەڕاستی جێگەی ئەسەفە کە ئەم قووەتە بڵاوەی کورد، بە سەبەبی جەهل و نیفاقی، تەمێ‌خواردوو نەبووبوو و نەیزانی کە لە بەڵا و موسیبەتی ڕابوردووی عیبرەت وەربگرێ و بەرامبەر بەم قووەتە زەعیف و غەریبە ئیتحادێ بکا، بەڵکوو بە تەواوی عەکسی ئەمە، بوو بە ئالەتێکی وشک و موتیع بە دەس حەسەنە درێژەوە. واقیعەن ئەبینین کە عەشائیری «چەمشکەزەک» بە ئیشارەتی مەلیکی ئاق قۆیونلوو چوو بە گژ دراوسێکانیا کە هاوقەومی بوون. قۆماندانی حەسەنە درێژ کە سۆفی خەلیل و عەرەبشاه ناوێک بوون، بە یارمەتیی ئەم عەشائیری کوردەوە چوون بە گژ عەشائیری «دوملی»ی «بۆتان»دا و حەکارییان زەوت کرد و هەر بەم تەرحە وڵاتی جەزیرەش لە ٨٧٥ی هیجری (١٤٧٠ی میلادی)دا دەس ئاق قۆیونلوو کەوت و بە گوێرەی شەرەفنامە، «سولەیمان بیژەن» ناوێک کە قۆماندانی حەسەنە درێژ بوو، بتلیسی لە ئەمیر ئیبراهیم خان وەرگرت و نەفسی ئەم ئەمیرە بەدبەختەش لە دواییدا لە تەڕەف کوڕی حەسەنە درێژ، یەعقووبەوە کوژرا (ئینسقلۆپەدیای ئیسلام، جڵدی ٢).